گەندەڵی، دووکەڵ و دیموکراسی

PM:01:34:08/07/2026 ‌
دیموکراسی وەک دیاردەیەکی گەردوونی ناسێنراوە، دیسیپلین و بەهاکانی بە هەموو جیهاندا لە ئاستی جیاجیادا بڵاو بوونەتەوە. ئەوەی دەڵێم لە ئاستی جیاجیادا ئاماژەیە بەوەی کە دیموکراسی وەک فەلسەفەیەک بۆ ژیان و حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەرکەوتەی زۆری هەبووە و زۆریشیان دەتوانن بەناوی دیموکراسییەوە بێنە گۆ، بەڵام لە ئاستێکی زمانی و دروشمئامێزدا بن و هیچ توخمێکی دیموکراسیانەیشیان تێدا نەبێت. گشتگیربوونی دیموکراسی لە ئاستی مێدیایی و زمانی ڕۆژانەدا، بە ڕادەیەکە کەم کەسی ئاسایی و سەرشەقامیش هەن، بە ئەرێنی یان نەرێنی هەڵوێستێکی لە هەمبەردا نەبێت. 

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو هێزانەی بەناوی دیموکراسی و ئازادییەوە دێنە گۆ، ئەگەر نەڵێین بە ڕادەی ئەو هێزانەی ڕقیان لە دیموکراسییە، زیانن بۆ دیموکراسی ڕاستەقینە، ئەوا دەتوانین بڵێین پشکی شێریان بەردەکەوێت لەوەی دیموکراسی بەناوی خەون و خەیاڵ دەفرۆشنەوە، بەڵام لە هەمبەریدا بەختەوەری و سەرمایەی مایەكی و مەعنەویی وڵاتێک تاڵان دەکەن. 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو هێزانەی دژایەتیی دیموکراسی دەکەن، ڕەوتە ئیسلامییەکانن بە هەموو باڵەکانیانەوە، لە سۆنگەیەکی ئایدۆلۆجیەوە هەر جۆرە خواست و خەونێک بۆ دیموکراسی لەژێر تیشکی دەستەواژە شەرعییەکانی "ئیلحاد، تاغووت، ئەمەریکا و ئیسرائیل" و ... پێناسە دەکەن و لە دژی دەوەستنەوە. تەنانەت کەسێکی وەک مەلا کرێکار بەو هەموو ئازادییەی لە ڕۆژئاوا پێی درا تا لەگەڵ هەموو دۆسییەکانیدا ڕا و ئاینی خۆی پەرە پێ بدات، هێشتایش دیموکراسی بە ئیلحاد و بەرەڵایی دەزانێت. لایەنە ئیسلامییەکانی تریش بەرزتر و باشتر لە مەلا کرێکار ناڕۆن.

ئەمانە وەک ئایدۆلۆجیا دژی دیموکراسین و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەمەیان نەشاردووەتەوە، بەڵام ئەی ئەو هێزانەی دیکەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دەرەوەی مەشروع و خەونی دینیدا دەژین، چەندە قازانج و زیانیان بۆ دیموکراسی هەبووە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی سەرپێیی ناکرێت و ئامار و خشتەی کارامەیی بەها و دیسیپلینە دیموکراسییەکان و ئاستی جێبەجێکردن، دەسکەوتەکان (لایەنی کەم و لایەنی زۆر) و... دەوێت، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم ئاسۆیەی ئێستە دەیبینین و لەژێر ناوی دیموکراسیی خۆجێییەوە خۆی نەخشاندووە، ئاسۆیەکی ڕەشی خەمبارە کە ئەگەر نەڵێین هیواکوژمان دەکات، بێگومان هیواکانمان دەڕوشێنیت و لە هاوسەنگییەکی سیاسی-کۆمەڵایەتیشدا ڕێگە بۆ قوتبوونەوە و سینگ وەپێشڕانانی ئەو هێزە ئایدۆلۆجیە ئاینییانە دەکەنەوە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ دان. 

ئەوان لە دەلاقەی ئەخلاقەوە دێنە ژوورەوە، دیموکراسیش لەم وڵاتانە لە گرێژەنەی دەرگای ئەخلاقەوە لێی دەقەومێت. واتە ڕاستە ململانێکە بەناوی دیموکراسییە، بەڵام نۆرمێکی ئەخلاقیی زاڵ حەکەم و پێوەری یارییەکەیە. بێگومان ناکرێت ئازادیی بەها ئەخلاقییەکان لەناو سیستمێکی دیموکراسیدا بخەینە قاڵبێکی ئایدۆلۆجییەوە، بەڵام ئەگەر جەمسەری تاقانە و دالی سەرەکیی هەر ئەخلاق بێت، ئەوەیش ئەخلاقێک بە سنوور و پانتاییەکی بەرتەسکەوە، بێگومان ئێمە لە بەردەم شەڕێکداین کە لە مێژە کراوە و هێشتا چارەنووسی یەکلا نەبووەتەوە! 

شەڕی نێوان ڕابردوو و داهاتوو، جەنگی نێوان ئەخلاقێکی ئاسمانیی ئایدۆلۆجی و خواستێکی مرۆیی زەوینی. ڕووداوی ئەو کچەی ماوەیەک پێش ئێستە لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆدا خۆی و جەستەی وەک مافی خۆی بە جلی مۆدێرن ڕازاندبووەوە،  دەرخەری ئەم ململانێیەن کە هێشتا ڕووبەرەکەی لە ئاستە زەق و جەستەمەندانەدا گیری خواردووە و لە پارادیمی کولتووری و میدیایی ئێستەیشماندا ناوەندی ئەم ململانێ جەستەمەندانەیە، لەشی مێینەیە. 

ئەمە نموونەیەکە لەو دژوازییەی هێزە نادیموکراسیی ئاینی و نائاینییەکان لە ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکن تاقی دەکەنەوە. لە عێراقێکدا کە بڕیاربوو پاش نەمانی دیکتاتۆر جۆرێک لە دیموکراسی و هاوسەنگیی نێوان کەمینە و زۆرینە بێتە ئاراوە و فیدراڵیزم بچەسپێت، سیستمێک سەقامگیر بووە کە هەر خولێک لە حوکمڕانیی دەوڵەت دنیایەک گەندەڵی و بێئەخلاقیمان بۆ دەردەکەوێت، لە سەردەمی سوودانیدا گەندەڵکارانی سەردەمی مالیکی ئاشكرا دەبن و لە سەردەمی زەیدیدا گەندەڵکارانی قۆناغی سوودانی دەگیرێن، ئەم زنجیرەیە لە هەردوو لاوە دەکشێت، واتە هەتا بڕۆینە پاشەوە هەر گەندەڵکار دەدۆزینەوە و هەتا بڕۆینە پێشیشەوە مەرج نییە لە کابینەی دواتری عێراقدا عەلی زەیدی یان ئامۆزا و براکەی یاخۆ یار و دۆستەکەی بە ملیۆنان دۆلار قووتی خەڵکی ڕەش و ڕووت و برسیی ئەو وڵاتەیان حەپەلووش نەکردبێت و دواتر بە دەنکە ترێ حیسابی مووچەی خەڵکی کوردستانیشمان بۆ دەکەن. 

ئەمە لە حاڵێکدایە کە کەسانی ناو چەقی دەستەی دەستپاکیش لە زۆنگاوی گەندەڵیدا چەقیون! تراجیدیایەکی سامناکە و پێکەنینێکی تاڵی دەوێت و قاقایەکی شەیتانیی لە پشتێتی! کۆی ئەم دۆخە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە دیموکراسی نە بە دووکەڵ و لە ڕێگەی بۆمب و فڕٶکەوە هەناردەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەکرێت و نە لە ڕێگەی ئەو هێزە نەخۆشانەی ناو ئەم کۆمەڵگەیانەوە کە دیموکراسیی خۆجێییان تەنیا بۆ خۆیان و گیرفان و خەون و حەزەکانیان دەوێت. دەبێت مێژووی دیموکراسی لەم وڵاتانە سەرلەنوێ بخوێنرێتەوە و لە قەوارەی کتێبێکی ڕەش و سووری قەبەدا بێتە گێڕانەوە و ناوی لێ بنرێت، دیموکراسییە درۆزنە جوانە ڕزیوە گەندەڵەکان! 

ئەو ڕسواییەی گەندەڵی لە عێراق تەنیا نموونەیەکی بچووکە لەو شتەی لە وڵاتانی دواکەوتوو و بێ ژێرخاندا تێدەپەڕێن، گەندەڵی بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ، حەزی هیستریایی مرۆڤە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک کە ئیتر ئاسوودەیی هەموو تەمەنی دابین بکرێت، لە هەموو جیهانیشدا ئەمە هەیە، بەڵام چونکە لەم وڵاتانە لە پاڵ ئەم خواستەدا سیستمێکی فەرمی و یاسایی پیرۆزکراوی گوتاردەر و بانگخواز هەیە و دیموکراسیی بە ئارەزووی خۆی دەجەڕێنێت و بە هەموو بارێکدا دەیگوشێت و چێژی لێ دەبینێت، لێرەدا دەبێت بە مەهزەلەیەکی تاڵ و لەوێ دەبێت بە ئەزموونێکی وجودیی مرۆیی.