هەرچەندە کات تێپەڕێت و بەرەوپێش بچێت، تاوانەکانی حزبی بەعس زیاتر پەرە دەسێنن و ڕەهەندەکانی ئاشکرا دەبن، ئەوانە لە پێناسەی یاساییدا بە "تاوانی بەردەوام" دادەنرێن و کاریگەرییان بۆ چەندان دەیە درێژە دەکێشێت، لە مێژووی حوکمڕانییەکەیەوە تا دوای ڕووخانیشی، تاوانەكانی تۆقێنەرن و قەبارەی ئەو دڕندەیییە دەخەنە ڕوو کە لە عەقیدەی ئەو ڕژێمە تاوانكارەدا بەرانبەر بە گەلی عێراق بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی، هەبووە.
لێرەدا نامانەوێت درێژە بە قسەکردن بدەین لەسەر مێژووی شوێنی ئەم ڕووداوە کە "گرتووخانەی نوگرەسەلمان"ـە؛ چونکە قسەی زۆری لەسەر کراوە، بەهۆی ئەو ڕەمزییەتە گەورەیەی هەیەتی و تاوانەکانی بەعس و قەبارەی پێشێلکارییە دڕندانە و ناوازەکانی پشت دیوارەکانییەوە، بەستراونەتەوە. بەڵکوو لەم وتارەدا تەنیا تیشک دەخەینە سەر شایەتحاڵێکی زیندوو کە لە زاری قوربانییەکی کوردی ڕزگاربووی ئەو تراجیدیاوە، گێڕدراوەتەوە.
وەک زانراوە و بە گوێرەی ئەوەی لە بەڵگەنامە و مێژووی ئەو قۆناغەدا بڵاوکراوەتەوە، کۆی ئەو کوردانەی لە چوارچێوەی پرۆسەکانی "ئەنفالی نوگرەسەلمان"ـدا دەستبەسەر كران و گوازرانەوە، لە پیاو، ژن، منداڵ و خێزان، لە قۆناغە جیاجیاکاندا گەیشتە دەیان هەزار قوربانی. لەم شایەتحاڵییەدا هاتووە کە ئەو دەستبەسەرکراوانە، لە ناوچە جیاوازەکانی کوردەوە گوازراونەتەوە، بە شێوازی زۆر دڕندانە بە مەبەستی تۆقاندن و قڕکردنیان بە ڕێگایەکدا کە لە سەرووی خەیاڵی مرۆڤەوە بووە، براون. وەک گوزارشتێک لە ئارەزوویەکی تینوو بە تۆڵەسەندنەوەی قورس و بەردەوام کە ئەم ژمارەیەش زۆر لە گێڕانەوە فەرمییەکانەوە نزیکە.
ئەم ژمارە زۆرە بەسەر هۆڵە بچووكەكانی گرتووخانەكەدا دابەش کرابوون، بە شێوەیەک هەر هۆڵێک نزیکەی هەزار کەسی تێدا بووە، ئەمەیش بووە هۆی قەرەباڵغییەکی خنکێنەر و سەرەنجام بووە هۆی تووشبوون بە حاڵەتی خنکان، لەبارچوونی کۆرپە، ژەهراویبوون، سەرەڕای ناڵاندن بە دەست برسیێتی و تینوێتییەکی توندەوە لەو گرتووخانە بیابانییەدا.
لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە سەختەدا، نزیکەی دوو هەزار و 700 کەس لەناویاندا گیانیان لەدەست دا، ڕێکاری دەسەڵاتی بەعسیش بەرانبەر بە تەرمەکانیان، تەنیا ئەوە بوو کە هەڵبگیرێن و فڕێ بدرێنە بەردەم سەگە بەرەڵاکانی ناو چۆڵەوانی بیابان، بێ ئەوەی وەڵامی داواکاریی کەسوکاریان و دەستبەسەرکراوانی دیکە بدەنەوە کە داوایان دەکرد بە شێوازێکی شەرعی و شایستە بە کەرامەتەوە بخرێنە گۆڕەوە.\
قوربانییەکان بە یەکجار گیانیان لەدەست نەداوە تا ئەم ژمارە ترسناکە تۆمار بکرێت، بەڵکو مردنیان بە تاک و کۆمەڵ بووە، بەپێی گۆڕانی کەشوهەوا و باری تەندروستی، و لەژێر کاریگەریی ئەو ئەشکەنجە ڕێکخراوەی کە دەیانچەشت، ئەمە جگە لە کەمبوونەوەی خۆراک، دەرمان و چاودێریی تەندروستی.
ئەم ژمارەیەی قوربانییەکان لەلایەن شایەتحاڵ و ڕزگاربوو "محەمەد تۆفیق" (سەرۆکی عەشیرەتی ڕۆژبەیانی)ـیەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، خۆی شایەتی چارەنووسیان بووە و لەگەڵیاندا لەناو مۆدێلی ئەو مۆتەکەی مردنەدا ژیاوە کە لەلاەیەن بەعس و سەرۆکەکەیەوە بەسەریان هاتبوو، بە سەرپەرشتی کەسێک بە ناوی "حەجاج/عەجاج" کە بەڕێوەبەری گرتووخانەی نوگرەسەلمان بوو. ئەو کەسەی بە ئەوپەڕی دڕندەییەوە کە لە مرۆڤێکدا وێنا بکرێت، ڕۆچووبوو لە ئازاردانی قوربانییەكاندا.
ئەو، جۆرەها هونەری کوشتن، ستەم و قڕکردنی پێ چەشتبوون کە لە شێوەی "مردنی ڕەش"ـدا لە بەردەم چاوی ژن و منداڵان و شۆکی پیاواندا خۆی دەنواند. كاك محەمەد تۆفیق ئاماژەی بەوەیش کردووە کە ئەو شتی زۆر سەیروسەمەرەی بینیوە کە بە دەستی تاقمەكەی بەعس بەسەریان هاتووە، بێ ڕەچاوکردنی هیچ بەهایەکی ژیانی مرۆڤانە کە چاوەڕوان بکرێ ڕێگرییان لێ بکات و ویژدانیان ڕێگە نەدات ئەوە بكەن، یان هەناسەیەك هەبێت قوربانییەکان لەو دۆخەی تێیدا بوون، ڕزگار بکات.
دیمەنەکانی ئەم تاوان و ئەم پێشێلکارییە لە سەرووی توانای خەیاڵی مرۆڤ و وێناکردنەوەن، کاتێک سکی ئاژەڵە دڕندەکان و سەگە بەرەڵاکان، گۆڕاون بۆ گۆڕی بە کۆمەڵی هەزاران قوربانی.
ڕەنگە ئەم وتارە بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد سەخت و بە ئازار بێت، بەڵام ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە و دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە، نەک بۆ لە بیرکردنی برینەکان، بەڵکوو بۆ قەرەبووکردنەوەی کات و بنیاتنانی یەکێتییەکی نیشتمانیی ڕاستەقینە کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە، وەک چارەسەرێکی کۆتایی بۆ برایەتی نێوان پێکهاتەكانی عێراق و دڵنەوایی و جێگیرکردنی ئارەزووی قوربانییەکان بوەستێت، چونکە ئێمە لە ئەوكات و ئێستەیش هێشتاش باجی تاوانە بەردەوامەکانی بەعس دەدەین، ڕەنگە دڕندەییەکەی لەو ژمارانە زۆر زیاتر بێت کە لە ناونیشانی ئەم وتارەدا هاتوون.
*سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی کووفە، پسپۆڕی گۆڕە بە کۆمەڵەکان