1
عێراقی دوای ساڵی 2003، هەمیشە وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ کێشمەکێشی توندی وڵاتانی ناوچەکە و دنیا سەیر کراوە، کە لاوازیی دامەزراوە فەرمییەکان ڕێگەی خۆش کردووە بۆ تێکچوونی بەردەوامی سەقامگیری. بەڵام لەم قۆناغە نوێیەدا، وڵاتەکە لەبەردەم وەرچەرخانێکی یەکجار گەورەی سەربازی و تەناهی و ئابووریدایە کە پێشتر وێنەی نەبووە. گەشتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، هەوڵێکی چارەنووسسازە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان. زەیدی لە کاتێکدا لە ئەمەریکایە، لە ناوخۆدا بارگرانیی سێ کێشەی گەورە و ستراتیجیی لەسەر شانە کە تەنیا بە بڕیارێکی تاکەکەسی یان بە خواستی ئەو چارەسەر نابن، چونکە ئەم کێشانە بە قووڵی لەناو ڕەگ و ڕیشە و پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی عێراقدا ڕیشەیان داکوتاوە. ئەم سێ تەوەرە سەرەکییە کە بریتین لە: گەندەڵیی بەرنامەبۆداڕێژراو، هەژموونی دەوڵەتی قووڵ، هێزی سەربازیی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا، وەک زنجیرەیەکی بەیەکەوەبەستراو کار دەکەن. بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئایا عێراق بەرەو سەقامگیری دەڕوات یان بەرەو داڕمانی نوێ، پێویستە ئەم سێ دۆسیەیە پێکەوە بخوێندرێنەوە، چونکە تێکچوونی هەر یەکێکیان ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر شکست پێ هێنانی دۆسیەکانی تریش.
2
کێشەی یەکەم کە بەربەستی سەرەکیی بەردەم هەڵسانەوەی وڵاتەکەیە، پێوەندیی بە گەندەڵییەکی سیستماتیک و ڕێکخراوەوە هەیە کە جومگەکانی دەوڵەتی تەنیوە. هەڵمەتە توندەکانی ئەم دواییەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی بۆ گرتنی بەرپرسە گەندەڵەکان لە ژێر ناوی (هەڵمەتی بەرەبەیان)، لە سەرەتادا ئومێدێکی زۆری لای خەڵک دروست کرد و وەک هەنگاوێکی بوێرانە بۆ بنبڕکردنی سەرچاوەکانی دزینی سامانی گشتی بینرا، بەڵام کاتێک کەیسی ئەم بەرپرسە گەورانە گەیشتنە دادگا، ڕاستییەکی تاڵ بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بوو کە نائومێدییەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. دەسەڵاتی دادوەری بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی لایەنە سیاسییە باڵاکان، شێوازێکی نوێی مامەڵەکردنی خستە ڕوو کە بە (ڕێکەوتنی دارایی) ناسراوە. ئەم شێوازە کە یەکەمجار لە دۆسیەی (نوور زوهێر) ناسراو بە (دزی سەدە)دا تاقی کرایەوە و دواتر پەلکێشی دۆسیەکانی تری وەک کەیسی (عەدنان جومەیلی) کرا، کە ڕێگە بە تاوانباران دەدات لە بەرانبەر گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارە دزراوەکاندا لێبووردنیان بۆ دەربچێت و لە سزای زیندانی ئازاد بکرێن، تەنانەت ڕێگەیان پێدەدرێت حزب دابمەزرێنن و بگەڕێنەوە ناو کایەی سیاسی و میدیایی، بەو مەرجەی پۆستی جێبەجێکردن لە حکوومەتدا وەرنەگرنەوە. حکوومەت دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم سازشە داراییەوە نزیکەی 200 ملیار دۆلاری دزراو بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت کە بەهۆی قەیرانی نەختینەییەوە لەسەر لێواری ئیفلاس بوونە، بەڵام خەڵک و چاودێران ئەمە وەک گەورەترین پێشێلکردنی یاسا دەبینن.
3
ڕێگەگرتن لە چوونە دەرەوەی ئەم پارە دزراوانە بەهۆی توندکردنی چاودێرییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە، وایکردووە کە سەرمایەیەکی زەبەلاح لە ناوخۆدا بمێنێتەوە و ڕاستەوخۆ بکەوێتە خزمەت دۆسیەی دووەمەوە کە کێشەی (دەوڵەتی قووڵە). عێراق وەک زۆرێک لە وڵاتانی تر تەنها بەدەست یەک ناوەندی دەسەڵاتی شاراوەوە ناناڵێنێت، بەڵکو مێژووی دوای ساڵی 2003 فۆرمێکی لە دەوڵەتی شاراوەی فرەجەمسەر دروست کردووە کە پارتە گەورەکان و میلیشیاکان خاوەنی ئیمپراتۆریەتی دارایی و سەربازی و مەزەویی تایبەت بە خۆیانن و لە پشت پەردەی پەرلەمان و حکوومەتەوە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەڕێوە دەبەن. لێرەدا ناتەبایی و جیاوازییەکی گەورە لە نێوان تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن و واقیعی کارکردنی عەلی زەیدی لە بەغدا بەدی دەکرێت. ئەمەریکییەکان بەو چاوەوە سەیری زەیدی دەکەن کە پیاوێکی کارامە و بازرگان و ڕاستڕەوە و دەتوانێت هاوشێوەی بیرکردنەوەی سەرمایەداری، عێراق لە ڕێگەی گرێبەستی گەورەی وەبەرهێنانەوە تێکەڵی سیستمی بازاڕی ئازادی جیهانی بکات و بەمەش پێگەی دارایی و سیاسیی ئەو دەوڵەتە قووڵە کلاسیکییە لەناو ببات. بەڵام سەرکردەکانی (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) کە نوێنەرایەتی ئەقڵیەتی دەوڵەتی قووڵ دەکەن، بە گومان و ڕەخنەیەکی توندەوە سەیری ئەم جووڵانەی سەرۆک وەزیران دەکەن و پێیان وایە دەیەوێت هاوکێشەی هێز بگۆڕێت بێ ئەوەی ڕێز لە ڕێککەوتنە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکوومەت بگرێت. بۆیە، ئەم دەوڵەتە قووڵە بە هەموو شێوەیەک کار بۆ ئاستەنگدانان لەبەردەم یاساکان و هێشتنەوەی سێکتەرەکانی نەوت و دارایی لە ژێر دەستی کۆمپانیا سێبەرەکانی خۆیاندا دەکات، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن سەرچاوە داراییەکانیان لاواز بێت.
4
سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەتی قووڵ بەبێ بوونی قەڵغانێکی بەهێزی سەربازی ناپارێزرێن، ئەمەش لێرەوە ڕاستەوخۆ دەمانباتە سەر مەلەفی سێیەم کە پرسی گروپە میلیشیا چەکدارەکانی دەرەوەی یاسایە. ئەم گروپانە کە لە بنەڕەتدا باڵە چەکدارەکەی دەوڵەتی قووڵ پێکدەهێنن، گەورەترین ڕێگرن لەبەردەم هەر چاکسازییەکی ڕاستەقینەدا. لە ئێستادا، حەوت بۆ 10 گرووپی چەکداری سەرەکی هەن کە بە تەواوی لە دەرەوەی بازنەی بڕیاردانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدان و خاوەنی کارگەی درۆن و سیستمی مووشەکی و ناوچەی داخراوی سەربازیی وەک جەرف سەخەرن. زەیدی لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکان و لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندە ئەمەریکییەکاندا هەمیشە بەڵێنی ئەوە دەدات کە حکوومەتەکەی لە چەککردنی ئەم لایەنانەدا هەنگاو دەنێت، و لە سەردانەکەشیدا بۆ واشنتن بە ڕوونی ڕای گەیاند کە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان، چیتر هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نامێنێت. بەڵام واقیعی سەر زەوی زۆر جیاوازە، سەرکردەکانی بەرەی مقاومە و کەتائیبی حزبوڵا بە توندی وەڵامی ئەم لێدوانانەیان دایەوە و ڕایان گەیاند کە هەرگیز چەکەکانیان دانانێن و سەردانەکەی زەیدیشیان بۆ واشنتن وەک تەسلیمبوون بە پڕۆژەی دەرەکی ناوبرد. ئەم دۆخە پڕ لە ململانێیە نیشانی دەدات کە بڕیاری مانەوە یان نەهێشتنی چەکی میلیشیاکان لە بەغداوە نادرێت، بەڵکو بەستراوەتەوە بە هاوکێشە و گرژییە گەورەکانی ناوچەکەوە کە عێراقیان گەمارۆ داوە.
5
سەرەڕای کۆی ئەم کێشە ناوخۆییە ئاڵۆزانە، لە کۆشکی سپی پێشوازییەکی بێوێنە لە عەلی زەیدی کرا. دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا ستایشی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و بە پاڵەوان و پیاوێکی بەهێز ناوی برد، تەنانەت نیوەڕۆخوانێکی تایبەتی بۆ ڕێکخست کە لە بەرنامەی فەرمیی سەردانەکەدا نەبوو، ئەم پێشوازییە گەرمە پەیامێکی سیاسیی زۆر قورسی لەگەڵ خۆیدا هێنا؛ واشنتن دەیەوێت نیشانی بدات کە ئامادەیە پاڵپشتی لە سەرکردەیەک بکات کە توانای بڕیاردانی یەکلاکەرەوەی هەبێت، بتوانێت کۆتایی بە دیارەی چەکداری و میلیشیاگەری بهێنێت، و ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و دەرگاکانی وڵاتەکەی بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ڕۆژئاوایی واڵا بکات. ترەمپ پێی وایە ئەم حکوومەتە نوێیە ئەگەر هاوکاریی بکرێت، دەتوانێت ڕۆڵێکی هاوسەنگ لە سەقامگیرکردنی ناوچەکەدا بگێڕێت، بەڵام ئەم پاڵپشتییە گەورەیەی ئەمەریکا بۆ زەیدی، وەک تاقیکردنەوەیەکی یەکجار سەخت و مەترسیدار وایە؛ لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا سەرۆک وەزیران دەتوانێت ئەم پێگەیەی دەرەوە بەکاربهێنێت بۆ ڕێکخستنەوەی ناوخۆی عێراق و بێدەنگکردنی تفەنگی یاخیبووەکان، بەبێ ئەوەی عێراق بکاتە قوربانی و هاوکێشەی جەنگی نێوان زلهێزەکان؟
6
بۆ بەدیهێنانی مۆدێلێکی سەقامگیر لە حوکمڕانی، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی نێوان زەیدی و ترەمپ، هەوڵدان بوو بۆ گۆڕینی شێوازی پێوەندییەکانی هەردوو وڵات لە چوارچێوەیەکی تەناهی و سەربازیی تەسکەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی هاوچەرخ و فرەلایەن. ڕێککەوتنی لایەنەکان لەسەر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان بەپێی خشتەیەکی کاتی، زەمینەی ڕەخساند بۆ ئەوەی بوارەکانی وزە، نەوت، تەکنەلۆجیا، گواستنەوە و ژیریی دەستکرد جێگەی دۆسیە تەناهییە پڕ لە گومانەکان بگرنەوە. کۆبوونەوە گرنگەکانی عەلی زەیدی لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سکۆت بێسێنت، بە ئامانجی وەرگرتنی پاڵپشتیی واشنتن بوو بۆ چاکسازیکردنی ڕیشەیی لە سیستمی بانکی و دارایی عێراق و ڕێگریکردن لە بردنی نایاسایی سامان و نەختینەی وڵات بۆ دەرەوە. لێرەوە، زەیدی دەیەوێت بە دنیا بڵێت کە هاوبەشیی ڕاستەقینە و درێژخایەن لە ڕێگەی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و ڕاکێشانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە بەدی دێت، کە ئەمەش تاکە گەرەنتییە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز کە تێیدا چیتر لایەنە گەندەڵ و چەکدارەکان نەتوانن جڵەوی بڕیاری نیشتمانی بکەن.
7
لە کۆتاییدا، کاتێک کۆی ئەم سێ مەلەفە قورسە (گەندەڵی، دەوڵەتی قووڵ و میلیشیا چەکدارەکان) پێکەوە گرێ دەدەینەوە، دەبینین کە عێراق لەبەردەم دەرفەتێکی مێژوویی بێوێنە و هاوکات مەترسییەکی گەورەی داڕماندایە. واژووکردنی دەیان گرێبەستی ئابووری و نەوتی لە واشنتن و وەرگرتنی پشتگیریی سیاسیی بێوێنە لە کۆشکی سپی، ناتوانێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە بژێوی و ژیانی هاووڵاتییاندا دروست بکات، ئەگەر حکوومەت نەتوانێت لە ناوخۆدا ژینگەیەکی ئارام بۆ کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە دابین بکات، سەرکەوتنی ئەم قۆناغە نوێیە تەنها بەوە دەپێورێت کە دەوڵەت تا چەند دەتوانێت کۆتایی بە مۆدێلی "ئاشتەوایی لەگەڵ گەندەڵکاران" بهێنێت کە تێیدا کەرامەتی سیستمی دادوەری شکێنراوە، و تا چەند توانای دەبێت ملیشیاکان لەژێر چەتری دامەزراوە فەرمییەکاندا کۆبکاتەوە. بەبێ ئەم هەنگاوە ناوخۆییە بوێرانە و سەپاندنی سەروەریی یاسا بەسەر هەموواندا بێ جیاوازی، هەموو بەڵێنەکانی دەرەوە تەنها وەک قسە و دروشمی میدیایی بێ ناوەڕۆک دەمێننەوە، و وڵاتەکە هەر بە دیلی دەستی ئەو سێ کێشە گەورەیە دەبێت و لە بازنە داخراوەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە.