دۆستێك لە بەرگی دوژمندا

PM:01:18:21/07/2026 ‌
كورد سەتان ساڵ لە مەوبەر گوتوویەتی، "ئەگەر جارێك لە دوژمنەكەت بترسی، دووجار لە دۆستەكەت بترسە"، یان تەنیا دراوسێ دەتوانێ پەرژینی دراوسێ ببڕێت، چونكە دۆست لە پەنای دۆستایەتیدا دەتوانێت زەفەرت پێ ببات. دروست ئەم ئیدیۆمە بۆ ئێران دەبێت، ئەویش لە بەرگی دۆستایەتیدا، وەك دوژمن ڕەفتار دەكات و بەداخەوە بەردەوامە لە هێرشكردنە سەر كوردستان.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر سەرۆكی هەرێم، بە نوێنەرایەتبی كوردستان، بەشداریی ڕێوڕەسمی ناشتنی خامنەیی و پرسەنامەی گەل و كوردستانی پێ گەیاندن. زۆرتر لە جارێك، سەرۆكی حكوومەت دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە هەرێم بێلایەنە لەو شەڕە و ئێمە لە بەرەی كەس نین، كەچی ئێران گوێ بە هیچ لەو لێدوانە فەرمی و هاوسۆزیی و پەرۆشییەی كوردستان نادات و وەڵامی ئەو، مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانە. 

دەستدرێژییەكانی ئێران، نائاكاریی و نادۆستانە و نامرۆیین، هیچ پاساوێكی سیاسییان نییە، دوژمنكارییەكی زەق و ئاشكران بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان. ئێران ئێستە لە ناوچەكەدا سەرچاوەی ئاشووب و تێكچوونی بارودۆخی ئابووری ناوچەكە و دنیایشە. شەڕی ئەو وڵاتە و ئەمەریكا، كێشەی خۆیانە، ئەگەر پاساوی ئێران ئەوە بێت، ئێمە دۆستایەتیمان لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، ئەوا بەهەمانشێوە لەگەڵ ئێرانیش هەمانە، هیچ كاتێك حكوومەتی هەرێم، بە فەرمی و نافەرمی نەبووەتە لاگیری ئەمەریكا و فاكتەری ناجێگیریی ناوچەكە و زیانگەیاندن بە ئێران، كەچی ئەم وڵاتە ڕۆژ دوای ڕۆژ توندتر و نابەرپرسیاریانەتر، هێرش دەكاتە سەر خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان و ئارامی ناوچە سڤیلەكان بە ئامانج دەگرێت.

ئێران بە زۆر دەیەوێت شەڕی خۆیان بكات بە هی ئێمە، هێزەكانی ئەمەریكا وا لە گەرووی هورمزن، لە ئازەربایجان و پاكستانن كە دراوسێی ئێرانن، لە توركیان، دەیان كەشتی جەنگی لە ئاوەكانی نزیكیدان، بۆچی بوێریی ئەوەی نییە پەلاماری ئەوان بدات و دێت تۆڵەی شكستە یەك لە دوای یەكەكانی لە ئێمە دەكاتەوە؟. 

ئەركی حكوومەتی عێراقە سەروەری هەرێم بپارێزێت، چونكە ئێمە بەداخەوە دەوڵەت نین و بەشێكین لە حكوومەتی ناوەندی، بۆیە ئەركی ئەوانە سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن. هاوكات سوپاسگوزاری ئەمەریكاین كە لەوپەڕی دنیاوە هاتووە ئاسمانی ئێمە دەپارێزێت لە هێرشەكانی دراوسێ مێژووییەكەمان، لە كاتێكدا دڵنیاییە كورد نەچووەتە شەڕەوە و نەبووەتە مەترسی بۆ ئێران.