ڕەنگە بتوانین بڵێین یەکێک لەو وێستگانەی پرۆسە و گەڵاڵەی تەعریبی کوردستانی لە گوتاری کوردیدا زەق کردەوە، وێستگەی ڕاگواستنی گوندەکان و ئەنفال بوو. گوتاری کوردی بە ڕۆح و نیازی مانەوەوە باسی تەعریبی دەکرد، تەعریب لەم وێستگەیەدا زیاتر ڕوویەکی بەرهەست و کۆنکرێتیی هەبوو، ئەگەرچی پشتقایم بوو بە پلان و گەڵاڵەی دەوڵەت و یاسای بەعس. پێناسەکردنی چەمکی تەعریب وایکرد، کورد لە 91ەوە بەشێویەک ئەو وشیارییە پەیدا بکات کە "ئەویتر"ێک بۆ خۆی پێناسە بکات، ئەویترێک کە ئیتر ناکرێت لە سۆنگەی کولتووری پێکەوەژیان و میواندۆستی کوردییەوە وەک حەبیبی خوا و فریشتەی ڕزقی سەر خوان ببینرێت.
کورد ئەو وشیارییەی پەیدا کرد کە ئەم ئەویترە، دەستی لە پاکتاوکردنیدا هەبووە، گوندەکانی خاپوور کردووە، هێمای حورمەت و شەرەفی لاقە کردووە و وەک فرمانەکان دژی ئێزیدییەکان لە مێژوودا کە بە دەیان جار دووپاتە بووەتەوە، کچ و ژنی مسوڵمانی ئەم وڵاتەی هەرزانفرۆش کردووە، وەک لەش و کاڵایەکی سێکسی خستوونیەتییە بەردەم زەوق و نیگای کڕیارانەی پڕئاڵۆشی عەرەبی میسری و ئیماراتی و سعوودی و... ئەم ئەویترە وەها سەربووردەیەکی هەیە و دەبێت بیرەوەریی گشتیی لای ئێمە دروست بکات.
ئایا ئێستە کە فۆرم و جۆری پێوەندیی کورد هەم لە ئاستی دەسەڵات و هەم لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، دەتوانین بەو بیرەوەرییە تاڵانەوە عەرەب و کولتوورە شێوێنراوەکەی و ڕۆحە فاشییەکەی بێبەری و بەتاڵ بزانین لە خواستی تەعریب و داگیرکاری؟ ئایا پرۆسەی تەعریب دوای 91 بە گشتی و دوای ئەم ئۆفەرانەی نیشتەجێكردن بە تایبەتی، ڕاگیراوە و کورد دەتوانێت بێخەم و بێباک لە گوێچەمە ساردەکانی کوێستانەکاندا دانیشێت و بۆی بحەسێتەوە و عەرەبی گەشتیار و بازرگان بێن و بیبینن و حەسرەتی پێ بخۆن؟
ئەوەی مێژووی 50 ساڵی ڕابردووی کوردستان (تەنیا باشوور نەک پارچەکانی دیکە)ی خوێندبێتەوە یان لانیکەم لە سەردێڕە گشتییەکانی ئاگادار بێت، دەزانێ تەعریب پێشینەیەکی زیاتری لە بەعسیزم هەیە، وێستگە لە دوای وێستگە جلوبەرگ و سیپاڵی گۆڕیوە و ئێستەیش دەتوانێت پێناسەی نوێ هەڵبگرێت و تەنیا وەک تارماییەک لە لمی عەگاڵبەسەری زەرد نەیبینین؟ تەعریب خەونی زیاتر و سەرووتری لە گۆڕینی دیمۆگرافی و شێواندنی ڕیتم و ڕێژەی دانیشتووانی وڵاتان بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی هەیە، گۆڕینی دیموگرافی خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ دۆخێکی کۆنکرێتی کە ئەگەری ڕوودانی هەیە یان نییە، بەڵام تەعریب ئەو نیازەی خۆبەخاوەنزانی و خۆبەخانەخوێزانییە کە لەگەڵ ئەمەوی و عەباسییەکان و بگرە پێشتریش هاتووەتە عێراق و ناوچەکە و بە گشتی لە دەرەوەی نیوەدوورگەی عەرەبییەوە پراکتیزە کراوە.
ئەگەر ئێمە ئەم مێژووە قووڵ و دوورودرێژە لە خوێندنەوەمان بۆ هاتنی بەلێشاوی سەرمایەدار و گەشتیار و کڕیارانی عەرەب بۆ کوردستان، نەخوێنینەوە، گێڕانەوە و شیکاریمان لەسەر ئەو دۆخەی لەگەڵ هاتنیان لە کورتماوە یان درێژماوەدا دروستی دەکەن، وەك پێویست عەقڵانی و چروپڕە؟ ئایا کراوەیی و بەڵێ بۆ گەشەی ئابووری و بووژانەوەی بازاڕ و مامەڵەی خانووبەرە و شووقە و بەگشتی وەبەرهێنان، جۆرێک بێباکی و کەمتەرخەمی و هاوکات نەپێکانی عەقڵانیی لە خوێندنەوەی مەترسییەکانی گۆڕینی دیموگرافی لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگرتووە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە لای من ڕوونن، ئەمە تەنیا ڕوویەکی هاوکێشەکەیە. واتە ڕووی دەرەکیی پرۆسەکەیە کە ئەویتر هەڵیدەگرێت و پراکتیزەی دەکات. ڕوویەکی تری هاوکێشەکە ناوەکییە و بۆ هەڵوێست و دۆخی هەنووکەیی کورد دەگەڕێتەوە. با لە بیرمان نەچێت کورد وەک کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگ و دەنگ و کوردستان وەک پانتاییەکی گوتاری فرەڕەنگی دینی و سیکیولار و ... ماتەوزەی پیرۆزکردنی تەعریبی لە سایکۆلۆجیای ئاینی خۆیدا هەڵگرتووە. بێگومان ئەم تایبەتمەندییە هەموو تێگەیشتن و گوتارە ئاینییەکان ناگرێتەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە گوتارە ئیسلامییەکان بە ئیخوان و سەلەفییەوە... لەخۆنامۆبوونیان لە هەمبەر کولتووری عەرەب، بەهۆی ئەو پیرۆزی و مەعنەوییەتەیە کە بەپێی گوتاری خۆیان خوێندنەوەی بۆ دەکەن.
ئەوان تەعریببوون بە شانازی دەزانن، وەک بە ئیسلامیبوون دەیخوێننەوە و پەخشی دەكەن، وەک بڵێی کورد هەزار و ئەوەندە ساڵە هێشتا هەر کافرە و ئیسلام نەبووە و بۆ گەیشتن بەو پلەیە دەبێت خۆی بە عەرەبی بكات. هەر لەم ڕۆژانەدا لە کۆڕەکەی کاک ئەبووبەکر هەڵەدنی، بە بێ ئەوەی توخمی ڕاسیزممان لە لێدوانەکەیدا بینیبێت، کادرێکی کۆمەڵی ئیسلامی هەڵسایەوە و بە ڕاسیزم تۆمەتباری كرد، نەک هەر لێدوانەکەی ئەو، بەڵکوو کۆی ئەو گوتارەی لە هۆڵەکەدا مشتومڕی لەسەر دەکرێت، هیچ توخمێکی ڕاسیستی و نەتەوەپەرستی سەرپەڕانەی تێدا نییە، کەچی لەلایەن "خود"ێکی کوردیپۆش و کوردیزمانەوە، حوکمی وای بەسەردا دەدرێت.
ئەم لەخۆنامۆبوونەی کەسی داگیرکراو و لەخۆنامۆکراو، نەک هەر هەست بەخۆی ناکات، بەڵکوو بە تێگەیشتنێکی باڵا و لەپێشەوەبوونێکی ئاینی و عەقڵیشی دەبینێت. وەهمێک کە ڕۆژ دوای ڕۆژ لایەنە جاهیلییەکانی ئاشکراتر دەبن. نموونەیەکی دیاری ئەم لەخۆنامۆبوون و دۆڕانە لە گوتاری مەلا مەزهەردا دەردەکەوێت، ئەم هەستی داگیرکراوییە لە گوتارەکانیدا ئەوەندە بەرزە، جگە لە گاڵتەکردن و نوکتە لەسەر کورد و تەنانەت خەڵکی مسوڵمانی کوردستان، ناتوانێت لەسەر هیچ پرس و مژارێکی کوردی و کوردستانی بێتە دەنگ. سەلماندنی ئەمانە بەڵگەی ناوێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێندە کراوەیە، دەتوانین ئەم ڕاستییانە بە گەڕانێکی سادە ببینینەوە و ددانی پێدا بنێین.
ئەم ڕووە ناوەکییەی تەعریب خۆی لە دیالیکتیکێکی بەردەوامدایە لەگەڵ ڕووە دەرەکییەکەی تەعریب و بگرە زیاتریش خۆی وەک ملکەچ و ئەشهەدوبێژی گێڕانەوەی عرووبە، بە پیرۆز دەزانێت. سەرباری ئەمە، خاڵی دیکە لە ڕووی ناوەکیی کۆمەڵگەی کوردییەوە، ئەو ناکۆکی و یەکانگیرنەبوونەی ماڵی کوردە، وایکردووە نەک پرۆژەیەکی سیاسی، بەڵکوو پاکێجێکی هاوبەشی کولتووری، زمانی، هونەری، و... بە گشتی نەخشەڕێیەکی گشتگیری ستراتیجی بۆ دۆخی کورد وەک نەتەوەیەکی دانسقە و لە حاڵەتی ئاوارتەدا نەبێت کە ڕازیمان بکات بۆ بەگژداچوونەوەی ئەم مەترسییە.
بۆ نموونە، لە لایەنە کولتووری و زمانییەکەوە، دەبینین ئەکادیمیای کوردی لە بواری هاوتادانان و ڕێنووس و زماندا هەر بڕیارێک دەردەکات، لە سلێمانی هەر قەوانە کۆنەكە لێ دەدرێتەوە و هەر مێدیا، ماڵپەڕ، دەزگا و... ڕێنووسی تایبەتی خۆی هەیە. هەرچەند ناکرێت بڵێین دۆخی هەولێر و شارەکانی تریش لەم پێڕەوکارییەدا لە ئاستێکی باشدان. ئەمە بۆشاییەکی گەورەیە کە گوتاری مەلا مەزهەر و لەخۆنامۆبووەکان، وەک ڕوویەکی ناوەکیی تەعریب بەهێزتر دەکەن و دەبنە هۆی ئەوەی زیاتر لە هەمبەر نیازی عرووبە و فاکتەرە دەرەکییەکەیدا لە بەردەم خەسار و مەترسیدا بین.
لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، بابەتی یاسای مەدەنی و کۆمەڵایەتی و مافی یاسایی... هەمووی لە جێی خۆیدایە، بەڵام نەک لە عێراق و کوردستانی پاش 2003، بەڵکوو لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاسا لە لایەن هێز و کوتلەی دەسەڵاتدارەوە دادەڕێژرێ و دەخوێنرێتەوە و ئاراستە دەکرێت. ئەگەر یاسایەکی پێویست جێبەجێ بکرێت، ئەوا دەیانی تر پەک دەخرێن و هاوسەنگیی لە بەرژەوەندیی ئەو لایەنەیە کە زمان و کولتوورەکەی بەهۆی هەژموون و حەشیمەت و دەسەڵاتەوە زاڵە. هەروەک چۆن لە مادە دەستوورییەکانی تایبەت بە کەرکووک و خانەقین و شنگالدا هێشتا هیچ شتێک بۆ کورد نەكراوە، بەڵام بۆ ململانێی دوو عەرەب و کورد لە گوندی سەرگەڕان هامەر و هێزی سوپا جووڵەی پێ دەکرێت و جووتیاری كورد بە جەمەدانی ملی خۆیەوە پەلكێش دەکەن!
بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو مێژووە و ئەو سایکۆلۆجییەتەی عێراق و ناوچەکە و دۆخی کورد لەناو ئەم هاوکێشەیەدا، قسەکردن لەسەر ئەگەری گۆڕانی باری دیموگرافیی کوردستان و دڵنیابوون لەوەی هیچ شتێک ڕوو نادات، جگە لە بووژانەوەی بازرگانی و وەگەڕکەوتنی گەرموگوڕی بازاڕ، ڕەواییەکی عەقڵانیی نییە و ئەم خوێندنەوەیە درز و قەڵشتی زۆر تێدایە.
با لە خۆمان بپرسین. لە ماوەی سەدەیەک زیاتر لە بە زۆرلکاندنی کوردستان بە عێراقەوە، چەند عەرەبمان بینیوە زمانی کوردی فێربووبن و ستایشی ڕۆحی پێکەوەژیان و لێبووردەیی کوردیان کردبێت؟ یان هاوسۆزیی و هاوخەمییان بۆ ئازارەکانی کورد دەربڕیبێت؟ یا نا هەروەک ئەم ڕۆژانە و لە بۆردمانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە، دەبینن عەرەبی گەشتیار ڤیدیۆ دەگرن و خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕن و شاگەشکە دەبن؟
ئەم ڕاسیزمەی کادرانی کۆمەڵ و لەخۆنامۆکانی وەک مەلا مەزهەر ناتوانن بیبینن، ڕیشەكەی لە پەرستش و پیرۆزکردنی مێژووی عرووبەدایە و ئەوان جێبەجێکاری بە وەکالەتین، بەڵام ئەی بۆچی کاک ڕێبین هەردی و جیهان-نیشتمانییەکانی تری کورد ناتوانن بیبینن؟ ئایا کراوەیی و باوەڕی زۆر بە لێبووردەیی و تێکەڵکاریی، نابێتە پەردەیەک لە هەمبەر تێگەیشتنی ئێمە لە واقیعە مەیدانییەكە و بێباکیی ترسناک لە شوێنپیگرتنی خەونەکانی خۆمان؟ یا ئەمە دابڕان نییە لە واقیع و هۆنینەوەی خەونگەلێك نییە لە وڵاتێکدا کە سەتان ساڵە داگیرکەر خوێنی داگیکراو دەخوات؟
خاتوو عەدالەت عومەر نووسەر و توێژەری بواری ئەنفال و کارەساتە نەتەوەییەکان، دەڵێت "دوای 22 جار پاکتاوکردن، قڕکردنی و ... کورد بەپێی بەڵگە یەکلاکەرەوە، کەچی عەرەب یەک جار داوای لێبوردنی نەکرد لەوەی کە کوردیان قڕ کرد و تابۆکانیان لاقە کرد و وڵاتەکەیان کاول کرد!".
ئایا یاسای پەڕلەمانی و کولتووری پێکەوەژیانی ڕەها بە بێ هیچ پلان و ستراتیجێک و بە کرانەوەی تەواو و چڕ، لەناو هێزی میلیشیا و هەژموونی وڵاتانی دەرودراوسێ بۆ سەر یەکدی و بە تایبەتی عێراق کە گۆڕەپانی زۆرانبازیی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانییە و ئەو هەموو کوتلە و خێڵبازییەی ناو دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا و ئەو هەموو گەندەڵی کە جاڕی ڕیسواییان لێ درا و دنیای تەنی، هێندە پێگەی هەیە كە کوردستان تەنانەت وەک ناوچەیەکی گەشتیاری ببینن و هیچ ئەجێندایەکی نەبێت بۆ ئاراستەکردنی شارەکانی کوردستان؟
ئەگەر ئەمانەی من دەیپرسم گومانی نەخۆشانەی کوردێکی بریندارن، ئەوا قبووڵی دەکەم، بەڵام ناتوانم ئەو ڕیسکە بکەم، تاقەشوێن کە دەتوانم هەناسەی مێژووی کوردی تێدا هەست پێ بکەم، ببێت بە تابلۆی زمانی بیابان و عەگاڵ و عابای ئەو دەشتانەی خوار بەغا!
ئەگەر ئەم بەرگرییە لە جیۆگرافیا و کولتوور و زمانی نەتەوەیەک کە کۆڕەو و قوربانیدان و کیمیاباران، بوونی بۆ گەڕاندەوە، ڕاسیزم بێت، ئەوا بزانن دنیای دەستەواژە و وشەکانیشمان بە ڕادەیەک ئاوەژوو و داگیر کراوە کە ڕاست و چەپ و سەر و خوار، بە دەوری یەکدا دەسووڕێنەوە و هیچ ڕووگە و ئاراستەیەکمان بەم ڕووگەپێوە بۆ دیاری ناکرێت.