ڕنگە ئاسان نەبێت مێژوویەکی ورد و بێ گرێوگۆڵ بۆ دیاسپۆرای کوردی دیاری بکەین، بە تایبەت کە وتارەكەی من بەر لەوەی ڕەهەندێکی مێژوویی هەبێت، لەنگەرگرتنێکە لەسەر پێویستیی ستراتیجیی دیاسپۆرا و ڕەوەندی کوردی و ڕۆڵیان لە ئێستەی دۆخی کورددا لە جیهان. ئەوەندەی بیرمان بێت، کورد لە دەرەوە بە زۆری بێ هەڵوێست نەبووە لە هەمبەر دۆزی نەتەوەکەی خۆی، ئەمە لە کاتە هەستیارەکاندا هەر لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە تا گرتن و تیرۆری ڕێبەرانی کورد، یان چالاکییەكانی سەركۆنەكردنی داگیرکەران و یان تەنانەت پێشوازیی لە سەرکردە و فەرماندە سیاسی و سەربازییەکانیان لە دەرەوەی وڵات، خۆی پێشان داوە. خۆشبەختانە زۆرینەی کورد کەڵکەڵە و داڵغەی مافی خۆی هەرگیز لە بیر نەکردووە، بەڵکوو هەموو کاتێک و سەردەمێک هەوڵی بۆ داوە.
گرنگیی جووڵەی کوردانی دیاسپۆرا لەوەدایە، ئەوان لە جیۆگرفیایەکی زۆر بەرین کە چەندان کیشوەر لەخۆ دەگرێت، دەژین و دەتوانن وەک نوێنەر و دەمڕاستی ڕاستەوخۆ و سیمبولیی کورد و دۆزەکەی لە وشیارکردنەوەی ئەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن، ڕۆڵی گەورە بگێڕن و کاریگەریی باشیان هەبێت. ڕووداوەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم تا ئێستە، دەریانخست دیاسپۆرای کوردی دەتوانن ڕۆڵی گەورەیان هەبێت لەوەدا کە سەرنجی دنیا بەرەو دۆخی کورد ڕابكێشن، یان تەنانەت ببنە پاڵنەرێک بۆ دروستکردنی لۆبی و هەژموونی کورد لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین.
بەڵام ئەمە هەموو بابەتەکە نییە، کورد لە دەرەوە ئەگەرچی لەناو سیستم و ستراکتورێکی نوێ و سەردەمیدا پەروەردە بووە و ڕاهێنراوە، ئەگەرچی فێری زمان و کاری پیشەیی و دیسیپلینی بەڕێوەبردنی پرۆژە و ئیش و تەنانەت پێناسەیەکی نوێ لە ژیان بوون، بەڵام لە بیرمان نەچێت، ئەوانیش هەر لەم کولتوورەوە چوونەتە دەرەوە، نەوەیەك کە لەوێ لە دایک بوون، مژاری مەبەستەکەی من نین، بەڵکوو باسم لەو نەوەیەیە کە بەشێک لە ژیانیان لە کوردستان بردووەتە سەر و هەم کوردستان و جوانییەکانی دەناسن و هەروەتر ئازار و دەربەدەرییەکانیان تاقی کردووەتەوە. ئەمانە دەتوانن ئەو نەستە کوردییەیان لەگەڵ خۆیان بردبێت و هاوکات گوزارشت لە کوردبوون و خەونی کوردستانی و مافخوازانەیان دەکەن، دروستکەری ئەو پرسانەیش بن کە مرۆڤی کورد لە کوردستان لەگەڵی ژیاوە و ئێستەیش دەژی. واتە ناکۆکی و نەبوونی یەکانگیری کە بە درێژایی دەیان ساڵە بووە بە ئۆباڵی سەر ملی دۆزە ڕەواکەی.
ئەمە چاندنی بێهیوایی نییە، بەڵکوو بەرچاوڕوونییە بۆ هەموومان، بۆ ئەوەی بتوانین لەو فەزا کراوە و ئازادەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە دوورە لە دیکتاتۆرییەتی داگیرکەرانی كوردستان، هەموو کوردانی دەرەوە لە دەوری یەک کۆ ببنەوە لە بوارگەلی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ستراتیجی نەتەوەیی، ئاسایشی نیشتمانی و پلانی میدیای و تەنانەت پەروەردە و هەموو ئەو سێکتەرانەی دۆخی کورد بەرەو باشی دەبەن، یەک بگرن و چالاکانە کورد وەک نەتەوەیەکی پێشینەدار و سەرەمی و گەورە بە جیهان بناسێنن.
بێگومان ئەمەی من باسی دەکەم تەنیا شتە گشتییەکانن، ئێمە دەتوانین ئاماژەی بە دەیان وردە فایل و پرۆژەی گچکە بکەین کە بێگومان دیاسپۆرای کوردی خۆی بەرنامەی بۆی هەیە. لەوانە: ناساندنی ئەدەب و مێژووی کورد بە جیهان، لە ڕێگەی دامەزراندنی خانەی وەرگێڕان یان نووسینگەیەکی کولتووریی هاوبەش بۆ کوردانی دەرەوە و هەتا دواتر.
نایشارامەوە یەکێک لە دڵخۆشییەکانم ئەوەیە گوتارێکی کوردستانی کە پارتی دیموکراتیی كوردستان نوێنەرایەتیی دەکات، هەمیشە خەونی بۆ ئەم پرۆژانە و دواڕۆژی کورد هەبووە و هیوای ئەوە بووگە کوردان بە هەر زاراوە و ئاین و ئاینزایەکەوە، لە دەوری یەک خڕ بکاتەوە و هاوکاریان بێت لە ئاراستەکردنی دۆزە نەتەوەییەكە و گەیاندنی پەیامە فەرهەنگی و شارستانییەکەی بە گوێی جیهاندا.
لە قۆناغێکدا کە هەموو داگیرکەران مرخیان لە داگیرکاریی کولتووری و جیۆگرافی و تەنانەت کۆمەڵایەتی و بە گشتی ناسنامەی کورد خۆش کردووە، دیاسپۆرا دەتوانێت کەڵە ڕێکخراو و بەرزەدامەزراوەیەک بێت، دژی هەموو ئەمانە بوەستێتەوە و چاو و گوێی وشیار و ژیری کورد بێت، لە چەندان کیشوەردا.
یەکەمین کۆنگرەی فەرمیی فیدراسیۆنی نووسەرانی کورد لە دیاسپۆرا، لەژێر ناوی "هەژار موکریانی" و بە دروشمی "بەرەو وێژەیەکی کوردستانیی ڕەسەن و هاوچەرخ لە تاراوگە" بەڕێوە دەچێت، چاودێریی سەرۆک بارزانی و بۆ ئەم کۆنگرەیە کە لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت، مزگێنیدەری دەسکەوت و ئەنجامی زۆر ئەرێنی و باش دەبن لە داهاتوودا، بێگومان دوای کۆنگرەیش ئێمە دەتوانین نیشانەکانی ببینین و قسەی لەسەر بکەین.
شیفا بارزانی وەک سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، هەنگاوێکی مەزنی هەڵهێناوە کە ئەم بەرپرسیارێتییەی گرتووەتە ئەستۆ و وەک مەبەستەکەی ڕوون کردووەتەوە، ئامانجی ئەوەیە "نووسەرانی کورد لە دەرەوە کۆ بکرێنەوە و پاڵپشتییان بکرێت و خزمەتی زمان و کولتووری کوردی بە شێوەی باشتر بکەن". ئەم دەربڕینە کوردانی هەموو پارچەکان و تەنانەت سۆڤیەت و وڵاتانی عەرەبیش دەگرێتەوە.
من وەکوو هاووڵاتییەکی کوردستانی کە بیرێکی نەتەوەییم هەیە، یەکێک لە هیواکانم ئەوەیە، ئەم کۆنگرەیە ببێت بە سەرەتایەک بۆ دامەزراندنی ڕەوتێکی ڕۆشنگەریی و بەرچاوڕوون بۆ جیهان و بە تایبەت بۆ وڵاتانی عەرەبی، بۆ ئەوەی زیاتر و دوور لەو جەهلەی لە ناویدا پەروەردە کراون و دەژین، چاو لە کورد و دۆزەكەی و پاکتاوکردنەکانی بکەن و هەروەها توانایی و کولتوورە دەوڵەمەند و مێژووە دیرینەکەی و جوانیی كوردستان، وەك خۆی بناسن نەك بە ڕقەوە.
ئەم هەنگاوە دەتوانێت سەرەتایەکی پتەو بێت تا بەشێوەیەکی لۆجیکی و عاقڵانە و سەردەمیانە، ئەو پڕوپاگەندە نادروست و فاشیانەی لەلایەن داگیرکەران و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبییەوە بەرانبەر کورد دەکرێت، پووچەڵ بکرێنەوە و کولتووری نامرۆیی و فاشیی داگیرکەرانی کوردستان زیاتر و ڕوونتر بە جیهان بناسێنن. سوپاسی زۆر بۆ ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانی ئەو پرۆژە و هەر پلانێک کە هەردەم هیوا دەزێنێتە دڵ و هەناوی کوردەوە.