ڕەنگە هیچ کوردێک نەبێت لە گرینگیی کەرکووک و ڕۆڵی چارەنووسسازی لە یەکلاکردنەوەی دۆخی کورد لە عێراقدا نەبێت. وەک هەمیشە باسی لێ کراوە، کەرکووک بە درێژایی سەدەی 20 خاڵی ناکۆکی نێوان بزووتنەوەی کورد و دەوڵەتەکانی عێراق بووە. تا شوێنێک کە ئەو پێشنیارەی ئۆتۆنۆمی کە درایە مەلا مستەفا بارزانی، بەهۆی ئەوەی کەرکووکی لە ناوچە کوردستانییەکان دادەبڕی، ڕەت کرایەوە و شەڕ دەستی پێ کردەوە. ئەوەی کەرکووک دواتر و هەنووکە جێی مشتومڕ و مایەی ناکۆکیی کورد لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بووە، سەلمێنەری ئەو ڕۆڵە چارەنووسسازەیەتی بۆ کورد، کە عەرەب و عەقڵی سیاسییان بە باشی درکیان پێ کردووە.
ڕەنگە ڕۆژێک، ساتێک، سەردەمێک بێت کە عەرەب لە دواجاردا و بە ناچاری و تۆپزی مل بدات، کوردستان لە عێراق جیا بێتەوە، بەڵام ئەم ڕۆژ و ساتەیش بەهۆی کەرکووکەوە هەڵگری شەڕ و گێرمەوکێشەیەکی مێژووییە. بابەتەکە تەنیا ئەو ڕەهەندە مێژووییە نییە، ئەوەیش نییە کە بەپێی مادەی 140 دەبوو دۆخی ئەو شارە ئاسایی بکرێتەوە، ئەمانە لە جێی خۆیانن، بەڵام بابەتی زۆر گرینگتر ئەوەیە، بەهۆی ململانێ و کێشە ناوخۆییەکانی کوردەوە، ئەو شارە بە ڕادەیەکی زۆر لەبیر کراوە، ئێستە ئیتر باسی گۆڕینی دیموگرافی و دەستێوەردان لە موڵکداری و دانیشتوان و جیۆگرافیای کەرکووک و گوندەکانی نییە، بەڵکوو ئەم پرۆژەیە پەلی کێشاوە بۆ شارەکانی تری کوردستان، بە تایبەت سلێمانی و هەولێر.
نامەوێت ئەو دۆخەی ئێستە لە کەرکووک هەیە تەنیا ببەستمەوە بە 16ی شوومی ئۆکتۆبەرەوە، بەڵام هیچ مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و بێلایەنیش ناتوانێت نکۆڵی لە ڕۆڵی ئەو ڕووداوە بکات کە بوو بە سەرچاوەی ستەمی زیاتر لە کەرکووک و کەرکووکییەکان و هەژموونی کوردیشی تووشی لاوازی كرد. نابێت خۆمان لەو ڕاستییە بدزینەوە کە ئەو ڕووداوە بەرهەمی یەکنەبوونی ماڵی کورد و قووڵبوونەوەی ئەو ناکۆکییانە بوو کە چەندان ساڵ بوو لەناو کایەی سیاسیی کوردستاندا هەبوو.
من ناڵێم ئێستە هیچمان پێ ناکرێت و کوردوتەنی "لە پاش باران کەڕەکە". دەڵێم پاش بارانیش کەڕەک دەتوانێت فریادڕەس بێت، چونکە بارانی دیکە دادەکات و تا ئەوکاتیش دەتوانین بە لەخۆپێچانی کەڕەک تۆزێک گەرما بە لەشماندا بگەڕێت.
تەنیا با لەسەر ئەوە هەڵوێستە بکەین کە دۆخی کەرکووک ئێستە چۆنە؟ ڕووخساری کوردستانیی ئەو پارێزگایە چەندە شێوێنراوە و چەند وەک خۆی ماوە؟ هەستی نەتەوایەتیی گەرموگوڕی جارانی جارانی ماوە و بەر نائومێدی و ناکامی نەکەوتووە؟ ئایا حەقیان نادەینێ لەو دۆخە تووڕە بن و چاوەڕوانییان لەوەی کە گوتاری کوردستانی زیاتر و زۆرتر بە دەمیانەوە بێت، بە ڕەوا نازانین؟
بە ڕای من وەرامی ئەم پرسیارانە لای هەر کوردێکی خاوەن ویژدان، ڕوونە و بەر لەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژ بکەین، با بە کردار بیر لە بەرنامەیەک بکەینەوە بۆ ئەو شارە، بێگومان دەبێ بپرسین کێ بیر بکاتەوە؟ ئێمە وەک هاووڵاتی یان حکوومەت و حزبەکان؟ یان ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی؟ من دەڵێم هەموویان و هەموو ئەو لایەن و کەسانەی دیکەیش کە تەنانەت لەژێر ئەم ناوانەدا کۆ نابنەوە.
بێگومان لە کەرکووک و لە کاتی زۆر مشتومڕیان لەگەڵ عەرەبی هاوردە و دەسدرێژی و دەستوەردانی سوپای عێراق، زۆر کوردی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بەردەوام هاتنە سەر هێڵ و بە تەنگ داواکارییەکانیانەوە چوون، بەڵام بەداخەوە ئەمە لە درێژماوەدا ڕەنگە هیچی لێ شین نەبووبێت، چونکە هێشتا قەیرانی موڵکداری و کێشەی جووتیارانی کورد بەهۆی عەرەبی هاوردە و دەستوەردانی سوپا و حەشد بۆ لێدان لە مافە یاسایی و ڕەواکانی کورد لەسەر خاک و زەوی، بەردەوامە.
ئێستە ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بە ئاسانی هەڵ ناکرێت و کێشەیە، ئەمە بۆ زمانی کوریش هەروایە و دەترسم سبەی و دووەی جلوبەرگ و خوێن و جیناتیش لەخۆ بگرێت، زۆر سەیر و خەماوییە، چەند ڕۆژ پێش ئێستە ڕۆژنامەنووسێکی هەولێر بۆ کارێک چووەتە کەرکووک و لەوێ وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێرانی بە قەبارەیەکی گەورە بە دیوارەوە دیوە و ئەو پرسیارەی لا دروست بووە، چۆن و بۆچی ئاڵای کوردستان کە بە حساب بەشێکە لە یاسا و چوارچ{وەی جیۆگرافیی عێراق، یاساغە؟ کەچی وێنەی ڕێبەری وڵاتێکی تر، ئاساییە.
بە ڕاستی ئەمانە هەمووی ئاماژەی ترسناکن، نەک تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئایدۆلۆجی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیشەوە، دۆخەکە ئاوا بڕوا، ئەوجار ئێمە ڕەنگە لە ڕووی دەروونییەوە وامان لێ بێت ئاڵایەکی کوردستان بخەینە گریفانمان و لە فەلەکەیەکی دیاری کەرکووکدا پیاسە بکەین، وا بزانین بوێرییمان نواندووە! یانی پلانە فرەڕەهەندەکەی عەرەب بەرەو ئەم ئاراستەیە دەمانبات.
هەزار جاری دیکە لێکی بدەینەوە و ئەمدیودیوی بکەین، ئەم دۆخەی لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی کوردستان، بەبێ یەکگرتنێکی بەهێزی ناوخۆیی، هەرگیز بەرەو باشی ناڕوات، جا چۆن بەرەو باشی بڕوات؟ کاتێک د. نەجمەدین کەریم کوردستانی بیری دەکردەوە لە کاتی خۆیدا و ئینتیمای بۆ گوتاری کوردستانی هەبوو، پارێزگارەکانی دواتری بە ئینتیمای عێراقیبوون و دەست شلکردن بۆ عەرەب، هیچ شوێنەوارێكی کوردییان بە دەر و دیواری ئەو شارەوە نەهێشت.
لە کۆتاییدا دوو شت دەڵێم، یەکەم دۆخی کەرکووک و کەرکووکییەکان و ئەو ناوچانە بەبێ گوتارێکی یەکانگیر و بەرەیەکی سیاسیی یەکگرتوو کە لە ستراتیج و نەخشەی كرداریدا یەک و هاودەنگ بن، هەرگیز گۆڕانیان بەسەردا نایەت.
دووەم، مسۆگەربوونی ئەم ئامانجە بە دەست شلکردن بۆ عەرەب و گوتاری من عێراقییەکی خوێنپاکم، هەرگیز بەدی نایەت.
کولتووری عەرەب ئێمەی تێگەیاندووە کە دیموکراسی و برایەتیی فام ناکات، ئەو تەنیا یان لە زۆر تێدەگات یان زەبری یاسایی و هێزی ڕەتێنەری یەکگرتووی نیشتمانیی لە کوردستان.