وه‌ختێك هێزێكی چه‌كدار هه‌ڕه‌مه‌كییانه و دوور له هه‌موو بنه‌مایه‌كی سه‌ربازی و مۆڕاڵی دروست ده‌كرێت، بێگومان ده‌بێ چاوه‌ڕێی هه‌موو جۆره ڕه‌فتار و كرده‌وه‌یه‌كی نائاكارییانه‌شی له‌لایه‌ن به‌شێك و بگره زۆر له چه‌كداره‌كانیه‌وه لێ بكرێت، چونكه ئه‌و جۆره هێزانه، پتر میلیشیایین، له‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی دیسپلینكراو و ڕاهێنراوی بنه‌ما سه‌ربازییه‌كان بن و ڕه‌چاوی ئه‌و به‌ها و پره‌نسیپانه بكه‌ن، كه پێویسته هه‌ر هێزێكی چه‌كدار له میانه‌ی شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دا پێڕه‌ویان بكات.
له شه‌ڕیشدا هێشتا بوارێك بۆ ڕێزگرتن له مرۆڤ ده‌بێ بهێڵرێته‌وه، وه‌ك نه‌كوشتنی دیل و به ئامانجنه‌گرتنی خه‌ڵكی سڤیل و پارێزگاریكردن له شكۆ و كه‌رامه‌تی مرۆییانه و تایبه‌تمه‌ندییه كه‌سی و كولتووریه‌كانیان.
به‌ڵام كاتێك هێزێك وه‌ك میلیشیا دروست كرابێت و ڕه‌فتار بكات، ده‌بێ چاوه‌ڕێی چیی لێ بكرێت؟ ئه‌و كرداره نامرۆییه‌ی سێ چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی به‌رانبه‌ر به كوردێكی كاكه‌یی و پێشمه‌رگه كردیان، له تاشینی سه‌روسمێڵی، گوزارشت له‌وپه‌ڕی بێ مۆڕاڵی ئه‌و چه‌كدارانه و هه‌ستنه‌كردن و ڕێزنه‌گرتن له كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان ده‌كات. هاوكات ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوونی هیچ په‌روه‌رده‌یه‌كی سه‌ربازی و شۆڕشگێڕییه لای ئه‌و هێزه.
بیرمان نه‌چێت سه‌رباز، له پاڵ په‌روه‌رده‌ی خێزانی و كه‌سیدا، ده‌بێ فێری په‌روه‌رده‌ی سه‌ربازییانه‌یش بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت له هه‌ر بارودۆخێكدا بێت، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیل و ده‌ستبه‌سه‌ر، خه‌ڵكی سڤیل، شار و شوێنی نیشته‌جێبوونی خه‌ڵك و كه‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌كات.
هیچ جوامێرییه‌ك له‌وه‌دا نییه ڕه‌فتاری نامرۆییانه له‌گه‌ڵ دیل و ده‌ستبه‌سه‌رێكدا بكرێت، چونكه له‌و كاتانه‌دا هیچ بوارێكی به‌رگری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه بۆ كه‌سی به‌رانبه‌ر نەماوە، بۆیه ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به كرده‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه خۆیان بكه‌نه پاڵه‌وان، ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌و كه‌سانه له سه‌نگه‌ری شه‌ڕ و چه‌كدا، ترسنۆكترین و بووده‌ڵه‌ترین كه‌سن.
سمێڵ لای كاكه‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی و پیاوی كوردیش به گشتی، جۆرێك له پیرۆزی و شكۆمه‌ندی هه‌یه، هێمایه بۆ ناسنامه‌ی پیاوەتی و به گرنگییه‌وه سه‌یری ده‌كرێت، بۆیه ئه‌و چه‌كدارانه كه كارێكی له‌و شێوه‌یه ده‌كه‌ن، ده‌زانن چی ده‌كه‌ن و مه‌به‌ستیان چییه، به‌ڵام ئایا ئه‌وان هێنده جوامێر و ئازان بتوانن بێن پێشمه‌رگه‌یه‌ك، یان كوردێكی كاكه‌یی له سه‌نگه‌ری به‌رگریدا وا لێ بكه‌ن؟
ئه‌م جۆره كارانه، ڕه‌فتاری كه‌سانی ترسنۆك و به‌داخه‌وه نیشانه‌ی نه‌بوونی هیچ په‌روه‌رده‌یه‌كی سیاسی و سه‌ربازیشه لای ئه‌و هێزه، وه‌ك گوتمان له میلیشیا ده‌چێت وەك له‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی سه‌ربازی بێت.
به‌عس به‌وپه‌ڕی دڕنده‌ییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ مرۆڤی كورد و گیراودا ده‌كرد، هه‌موو جۆره ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی ده‌دان و ڕه‌فتاری ئه‌وپه‌ڕی فاشییانه‌ی به‌ڕێوه ده‌برد، كه‌چی نه‌مبیست بۆ تاكه جارێكیش، سمێل و ڕیشی كوردێكی سڤیل بتاشێت و وێنه‌ی بگرێت و له شاشه‌وه پێیه‌وه بنازێت، زۆرباشیش ده‌یتوانی بیكات. ئه‌و به لایه‌نی كه‌مه‌وه، سنوورێكی بچووكی له‌وه‌دا ده‌هێشته‌وه، كه هه‌موو نائاكاریبوون و نائینسانیبوونی خۆی له ڕێی چه‌كه‌وه دەربخات. كه‌چی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی حه‌شد ڕووی به‌عسیان سپی كرده‌وه و ئه‌و سنووره سووره‌شیان به‌زاند كه نابێ له‌ژێر هیچ پاساوێكدا ببه‌زێنرێت، ئه‌ویش شكۆ و كه‌رامه‌تی مرۆڤ و خێزانە.
له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا كه‌سیه‌تی هه‌ر ته‌نیا هی مرۆڤه‌كه نییه، به‌ڵكو هی خێزان و بنه‌ماڵه و ئاینزا و خێڵیشه، بۆیه ئه‌و ڕه‌فتاره هه‌ر ته‌نیا ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی بریندار نه‌كرد، به‌ڵكو هه‌موو كاكه‌یی و كوردیشی بریندار كرد و به كرده‌وه‌یه‌كی قێزه‌ون و نامرۆییانه‌یان له قه‌ڵه‌م دا.
ئه‌م كارانه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه، نه ڕێكه‌وته و نه له بێ ئاگاییه‌وه دێ، به‌ڵكو مه‌به‌ستیانه له رۆح و شكۆی مرۆڤی كورد بده‌ن، به‌تایبه‌تیش كاكه‌ییه‌كان كه پێڕه‌و له ئاینێكی تری جیاواز ده‌كه‌ن. بۆیه ده‌بێ چاوه‌ڕوانی هه‌موو شتێكیان لێ بكرێت، ئه‌گه‌ر بواری ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییان هه‌بوو.
ئه‌وانه‌یشی له هه‌رێمی كوردستان ستایشی حه‌شد ده‌كه‌ن، هیوادارم وانه‌یه‌كیان له‌و ڕه‌فتاره نامرۆییە وه‌رگرتبێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن لای حه‌شدی شه‌عبی به گشتی، كاكه‌یی و مسوڵمانێك، كریستیان و ئێزیدییه‌ك، هیچ جیاوازیه‌كیان نییه، مادام كوردن و به كوردی ده‌دوێن، گرنگ ئه‌وه‌یه كوردێك بریندار بكه‌ن.