له ساڵی ١٩٩١دا و پاش كۆڕه‌وه مێژووییه‌كه‌ی كورد و ده‌نگدانه‌وه‌ی له ئاستی دنیا، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به بڕیاری ژماره 688 ناوچه‌ی دژه‌فڕین، له به‌شێك له عێراق یان ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان كه پاش جه‌نگی دووهه‌می جیهانی پێوه‌ست كرا به عێراقه‌وه ڕاگه‌یاند.
ڕاستی ئه‌م بڕیاره‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان زیاتر بڕیارێك بوو له‌ژێر گوشاری ڕای گشتی دنیا و كاردانه‌وه له هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌موو وێنه سامناك و سووریالییه‌ی كۆچ و ئاواره‌یی و مه‌رگی ژن و منداڵ و پیر و گه‌نجی كوردستان بوو، نه‌ك ئه‌وه‌ی ڕێچاره‌یه‌كی سیاسی بێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد، زیاتر زه‌وینه بۆ له‌باركردنی جۆره كه‌مپنشینی و ئۆردوگاسازییه‌ك وه‌ك داڵده‌دان له هێزه‌كانی عێراق بوو، پاش شه‌ڕی ئێران و عێراق و له دواجاردا شه‌ڕی كه‌نداو، چون له‌م بڕیاره‌دا ئه‌و ناوچه و پارێزگا ستراتیج و گرنگانه‌ی كه خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی نه‌وتیی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، له خشته و هێڵی ناوچه‌ی دژه‌فڕین جێیان بۆ نه‌ده‌كرایه‌وه، هه‌ر له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی به‌عس مانه‌وه كه تا ئێسته‌ش به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌م هێڵكاری و دابڕان و له‌تكردنه‌ی كوردستان، وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه و له ژێر ناونیشانی كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان له یاسای عێراقدا هاتووه‌ته ئاراوه.
ئه‌وه‌ی كه جێی سه‌رنج و هه‌ڵوه‌سته‌یه، ڕۆڵی وزه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وڵات یان هه‌نگاونان بۆ سه‌ربه‌خۆیی یان به گشتی هاتنه‌ناو كایه و هاوكێشه‌ی وزه‌یه له ئاستی جیهانیدا، بۆیه له‌و بڕیاره‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ڕه‌چاوی ئه‌و خاڵه هه‌ستیاره كرا تا به‌و شێوه‌یه حه‌ساسییه‌ت و سووربوونه‌وه‌ی ئێران و توركیا كۆنترۆڵ بكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌م كۆنترۆڵكردنه‌ش ته‌نیا جه‌برێكی یاسایی نێوده‌وڵه‌تی و جیۆپۆله‌تیك سه‌پاندی، ئه‌گه‌رنا نه گوتاری ناسیونالیزمی توركی و نه‌ك ئێرانی، هه‌رگیز ددان به گوندێكی سه‌ربه‌خۆی كوردیشدا نانێن مه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وان تاپۆ كرا بێت! ئه‌م ڕووداوه به ئاسانی ڕۆڵی وزه و ئابووری سیاسیی له ڕووداوه‌كان و پێوه‌ندی و هاوكێشه‌كاندا دیاری ده‌كات.
دوای ٢٠٠٣ و ئازادبوونی كوردستان، به‌شێوه‌ی كاتی هێزی پێشمه‌رگه و ده‌سه‌ڵاتی كوردی له ناوچه ستراتیجه‌كانی وه‌ك كه‌ركووك و دیاله و مووسڵ، ده‌ستیان به‌سه‌ر خاكی پڕ وزه و نه‌وت و غازی باوباپیرانیان ڕاگه‌یشته‌وه، تا قۆناغی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ستیاری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی كورد له‌و ناوچانه زۆر نه‌بوو، ئه‌گه‌ریش هه‌بوو به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و دیار نه‌بوو، له پاش ڕیفراندۆم و پیلانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كه خاوه‌نی ئه‌و پێگه ستراتیجه‌ی وزه بوون، له ده‌ست كورد وه‌رگیرانه‌وه و سنووره‌كانی كوردستان به‌رته‌سك كرایه‌وه.
ئێسته له قۆناغێكی تری هاوكێشه‌ی وزه‌دا هێزه سێبه‌ر و میلیشیا ده‌مامكدار و بێده‌مامكه‌كانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، له هه‌ر جۆره جووڵه و توانستێكی كورد بۆ هاتنه‌ناو كێشه‌ی جیهانیی وزه و لێكه‌وته‌كانی تۆقیون و سڵیان له هه‌ر جۆره ده‌ستدرێژی و پێشێلكارییه‌ك نه‌كردووه‌ته‌وه. هاوكێشه‌ی نوێی وزه له هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا، گرنگی و ڕۆڵی چاره‌نووسسازانه‌ی زیاتر ده‌ركه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی كه ڕووسیا به بیانووی هه‌ستانه‌وه‌ی نازیزم و له‌ناوبردنیان په‌لاماری ئۆكراینای دا، دواتر و ورده‌ورده خه‌ون و پیلانه‌كانی مۆسكۆ ده‌ركه‌وتن و ڕۆژئاوا هه‌ستی به مه‌ترسیی گه‌وره كرد، گه‌مارۆیه‌كی قورسی ئابووری به ئابڵۆقه‌ی نه‌كڕینی وزه و سیستمی بانكی و ماڵی خسته سه‌ر ڕووسیا، له‌ولاشه‌وه به هه‌موو ڕۆژئاواوه یارمه‌تیی ئۆكرایانایان له ڕووی چه‌ك و هه‌واڵگرییه‌وه داوه و به‌گوته‌ی خۆیشیان، ئه‌م یارمه‌تی و پاڵپشتییه تا هه‌ر كاتێك شه‌ڕه‌كه درێژ بخایه‌نێت به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌ملاشه‌وه ڕووسیا ده‌قی خۆی نه‌شێواندووه و له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه ده‌توانێت گه‌مارۆ بخاته سه‌ر ئه‌وروپا و بۆ بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و ململانێكه و جێبه‌جێكردنی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی كه مۆسكۆ پێی ده‌ڵێت سه‌ركێشی و په‌ره‌سه‌ندنی ناتۆ له هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌كردن و لێدان له ئه‌ده‌بیات و ئاخاڤتنی دیپلۆماسی، تا باسكردنی هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕی ئه‌تۆمی و لێدان له وڵاته ئه‌وروپییه‌كان درێخی نه‌كردووه.
له‌ولاشه‌وه وڵاتانی ئه‌وروپی به‌دوای كه‌مكردنه‌وه‌ی پێوه‌ستبوونی و وابه‌سته‌بوونیان به ڕووسیا وه‌ك یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی غاز له دنیادان، تا شوێنێك ئه‌ڵمانیا خه‌ریكه خه‌ڵووز وه‌ك جێگره‌وه‌ی غاز داده‌نێت، پێده‌چێت ئه‌م ده‌ستدرێژییانه‌ی مۆسكۆ، هه‌ندێ وڵاتی نیوه‌هاوپه‌یمانی مۆسكۆی وه‌ك توركیاشی وا لێ كردبێت، له پێوه‌ندی و دیاریكردنی نه‌خشه‌ڕێی وزه‌ی داهاتووی وڵاته‌كه‌یدا، به وریاییه‌كی زیاتره‌وه بجووڵێته‌وه و سه‌ركێشی و لۆیاتانیزمه‌كانی پوتین به مه‌ترسییه‌كی هێزه‌كی و ڕاساو ببینێت، بۆیه توركیا به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كێشه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی وڵاتێكی فرۆشیاری گازی وه‌ك جێگره‌وه‌ی ڕووسیا نییه، له‌م هاوكێشه‌یه‌دا گرنگیی ڕۆڵی كێڵگه غازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان قات زه‌ق ده‌بنه‌وه.
له‌ولاشه‌وه ئێران به سه‌رچاوه‌گه‌لێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی غازییه‌وه و وه‌ك دووه‌مین وڵاتی ده‌وڵه‌مه‌ند له ڕووی سه‌رچاوی غازه‌وه، له ناو كایه‌ی ڕووسیادایه و بێگومان هه‌ردوولا به گه‌شه و دۆزینه‌وه و هه‌نارده‌كردنی غازی كوردستان ڕازی نابن، چون له‌لایه‌ك ڕووسیا و ئێران هاوپه‌یمانی ستراتیجین، ده‌توانین بڵێین ئێسته ئێران له ناو كایه‌یه‌كدا یاری ده‌كات كه یاساكانی له مۆسكۆوه دیاری ده‌كرێن، هه‌ڵبه‌ت به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندیی تاران كه هه‌ندێك جار ڕووسیا له شێوه‌ی ناسك و نارین و هه‌ستیارانه‌دا، كایه‌ی له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌كات و قوماری پێوه ده‌كات، نموونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته، وتووێژ و دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران بوو كه لایه‌نه ڕۆژئاواییه‌كان و دواتر ئێرانییه‌كان ددانیان به له‌مپه‌رسازی و گێره‌شێوێنی ڕووسه‌كان له ئاست و قۆناغه هه‌ستیاره‌كانی دانوستانه‌كاندا نا، كه ئێرانییه‌كان ده‌ڵێن ڕووسیا و چین له قۆناغه كۆتایی و چاره‌نووسسازه‌كانی دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كاندا، داوای گره‌نتییه‌ك به‌شێوه‌ی نووسینیان كردووه كه ئه‌نجامی ئه‌م دانوستانانه به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی ئه‌وان نه‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
بڕیاره به‌مزووانه‌ش ڕه‌ئیسی و پوتین له خاكی توركمانستاندا دیداریان هه‌بێت، ئه‌مه ده‌شێت دیاریكردنی شوێن وه‌ك ڕه‌مز بێت كه مافه‌كانی ڕووسیا له ده‌ریای خه‌زه‌ر جێی باس و خواسی ڕووسه‌كانه! ئه‌و شته‌ی كه چاودێران باسی ده‌كه‌ن، ده‌لاله‌ت بۆ ئه‌مه‌یه كه به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت ئێران له ژێر سێبه‌ری ڕووسیا ئیش ده‌كات، كۆمه‌ڵێك ڕێككه‌وتنی نهێنییان هه‌یه كه باڵاده‌ستی و هه‌ژموونی ڕووسیا به‌سه‌ر ئێران‌دا پێشان ده‌دات، به‌شێوه‌یه‌ك كه له دیداره دیپلۆماسییه‌كاندا و ئه‌م دیداره‌ی دوایی ڕه‌ئیسی و پوتین، هه‌ڵسوكه‌وتی دوور له پرۆتۆكێل و سووك له‌گه‌ڵ ره‌ئیسی له ئێران، بوو به مایه‌ی باسوخواسی ڕۆژنامه‌نووسان و فه‌زای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت بابه‌تی ته‌نز و ئایرۆنیی هه‌ندی كه‌ناڵ و په‌یج! بۆیه ئێران ده‌شێت وه‌ك داره‌ده‌ست و هێزی سێبه‌ری فه‌رمی و یاسایی ڕووسیا بێت، واته به زمانی دۆستۆیۆفسكی "موفه‌تیشی مه‌زن" ڕووسیایه و ئێرانیش یه‌كێك له هۆڵ و ڕێره‌وه گچكه‌كانی، ئه‌وه‌ی كه پێده‌چێت ڕووسیا لێی تووڕه بێت و خۆی ڕاسته‌وخۆ له قه‌ره‌ی نه‌دات، بوون به ناوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ غازی ئه‌وروپایه كه له ڕێی توركیاوه هه‌نارده ده‌كرێت، بێگومان ڕووسیا ئه‌مه به بێڕێزی و لێدان و مقۆمقۆیه‌كی گه‌وره له به‌رده‌م خۆی و وه‌هم و نۆستالۆجیای قه‌یسه‌رانه‌ی پوتین ده‌خوێنێته‌وه.
بۆیه ئێران شێلگیرانه‌تر له پێشوو ده‌ست له كاروباری عێراق و به‌پێی ئه‌وه‌ش هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌دا، له ڕێی گرووپه میلیشیاكانییه‌وه و لۆبی له ناو هێزه گرێدراوه‌كانی خۆی، گێره‌شێوێنییه‌كانی زیاتر ده‌كات، لێدانی مووشه‌كی بالیستیك له هه‌ولێر و هێرشه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی به كاتیۆشا له ماوه‌ی ڕۆژی به‌رده‌وامدا، ده‌رخه‌ری تووڕه‌یی و هه‌ستیارییان به نیسبه‌ت هاوكێشه‌یه‌كی نوێیه كه هه‌وڵه سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌كییه‌كانی، له دانیشتنی سه‌رۆكی هه‌رێم له كۆڕبه‌ندی داڤۆس له‌گه‌ڵ چه‌ندان وڵات و دیپلۆماسییه گشتگیره‌كه‌ی ده‌ركه‌وت.
نابێ ئه‌مه‌ش له بیر بكه‌ین له ناو هاوكێشه‌یه‌كی ئاوه‌ها ئاڵۆزی پێوه‌ست به عێراقه‌وه، كشانه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در وه‌ك ڕه‌وتێكی به‌هێز و فره‌ده‌نگ له پانتای سیاسیی عێراق كه دژی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران بوو، ڕووداوێكی جێی هه‌ڵوێسته‌یه، كشانه‌وه له دامه‌زراندنی حكوومه‌ت كه هه‌مووانی تووشی شۆك كرد، ئه‌گه‌رچی به‌شێك له چاوه‌ڕوانییه‌كان هه‌ر له ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ون دوای گه‌شتی حه‌ج، به‌ڵام سه‌در به‌م كاره‌ی سستبوون و نامتمانه‌یی هاوپه‌یمانیی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری له پشته‌وه‌بوونی هه‌ندێ هێزی گه‌وره و كارتێكه‌ر ده‌رخست كه پێده‌چێت هه‌ر له ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی ڕووسیا-ئێران‌دا جێ بگرێته‌وه.
بڕیاری دادگای فیدراڵ و هه‌ڵوێسته‌كانی كۆمپانیای نه‌وتی عێراق، بۆ هه‌ڵسوكه‌وت و جووڵانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی نه‌وت و غاز كه له هه‌رێم كار ده‌كه‌ن، دیسان ده‌رخه‌ری ئه‌و گوشارانه‌ن كه له ڕێڕه‌وی ڕووسیا و به پلانی ئێران و به ده‌ستی لۆبی و میلیشیا و هێزه نزیك و دارده‌ست و وابه‌سته‌كانی خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت و هه‌ر داكۆكی له‌م هاوكێشه‌یه ده‌كات، هاوكێشه‌یه‌ك كه به سه‌رگرتنی ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێم و كوردستان له ئاستی دنیادا، ڕه‌هه‌ندی رژدتر وه‌رده‌گرێت و هاوپه‌یمانیی ستراتیجیتر بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات، شتێك كه ڕووسیا له‌لایه‌ك به‌هۆی ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا و ترسان له سه‌رچاوه‌یه‌كی تری جێگره‌وه‌ی وزه‌ی خۆی، هێناوه‌ته سه‌ر خه‌ت و ئێرانیشی له خه‌و كردووه، چون كورد هه‌نگاوێك زیاتر له ڕه‌وایی دۆزی كورد و كوردستان نزیك ده‌خاته‌وه و ئه‌و مۆته‌كه و ترسه‌ی بۆی دروست كردووه، گه‌وره‌ترین خاڵی لاوازی كورد له‌م قۆناغه‌دا، یه‌كنه‌گرتن و ڕێككه‌وتنی لایه‌نێكی كوردییه به‌شێوه‌ی ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ ئێران، یان هه‌ر لایه‌نێكی دژبه‌ری كورد و به پێچه‌وانه‌شه‌وه یه‌كگرتوویی كورد له‌م قۆناغه‌دا، پێده‌چێت ئه‌گه‌ر له ڕزگاریی ته‌واو نزیكی نه‌خاته‌وه، ئه‌وا له ڕزگارییه‌كی ئابووری و سه‌ربه‌خۆبوونی زیاتر نزیكی ده‌خاته‌وه. له‌م قۆناغه‌دا كورد ده‌ریده‌خات ئایا به‌ڕاستی ده‌یه‌وێت له مێژوودا بمێنێته‌وه وقه‌واره‌یه‌ك كه به خوێنی ده‌یان هه‌زار قوربانی به‌ده‌ستی هێناوه، بپارێزێت یان نا؟