كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێسته وه‌ك سه‌رده‌مانی پێشوو ناچن به‌ڕێوه، ئێمه له سه‌رده‌می گوندی و پێوه‌ندییه داخراوه‌كاندا ناژین و نه‌زمێكی نوێ تاقی ده‌كه‌ینه‌وه كه له‌گه‌ڵ خۆیدا چاوه‌ڕوانیی نوێ و كرانه‌وه و لێبورده‌یی ده‌خوازێت. واته بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت لانیكه‌م له شه‌پۆلی مۆدێرنه و دنیای دیجیتاڵ و پێوه‌ندیی بێ‌سنوور و زانیاریی به‌شكراوی سه‌رده‌مدا، به‌رمانكه‌وتووه و ئیتر ناتوانین به‌پێی پێوه‌ر و نۆستالۆجیا بۆ ڕابردوو بژین.
بێگومان یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی هه‌ر له ڕێی سۆشیال میدیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌یبیستینه‌وه به ئاخ و ئۆف و نۆستالۆجیا بۆ شێوه‌ژیانی سه‌رده‌می كۆن و باو و باپیران و نه‌زمی ته‌سك و شه‌رمنۆكانه و به‌هامه‌ندی سه‌رده‌می كۆن بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌شێت به‌شێك له‌م خواسته بۆ ڕابردوو، هه‌ڵگری ئه‌خلاقگه‌رێتی و ملبادان و ته‌وه‌لاكردن بێت له‌و كه‌شه قه‌یراناوی و بێسه‌روبه‌ره‌ی له ڕووی پێوه‌ندیی و ئه‌خلاقه‌وه كۆمه‌ڵگه نه‌رێتییه‌كانی به‌ری كه‌وتوون، به‌ڵام دووره له قبووڵكردنی نه‌زمی ڕیاڵ و زاڵی ئێسته و ئێمه له زۆر بواراندا ناتوانین به خه‌ونی سه‌رده‌می كۆن له دنیای مۆێرندا هه‌ناسه بكێشین. هه‌رچه‌نده حه‌ز به ڕێز و حورمه‌ت و دنیای شه‌رمن و دوور له مه‌كیاجی ڕابردوو بكه‌ین، به‌ڵام تازه ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه، به‌و مانایه باجێكمان له‌سه‌ره كه مۆدێرنه و بابه‌تی گۆڕانی كۆمه‌ڵگه‌كان و وه‌ك ده‌ڵێن، ڕۆحی مێژوو به سه‌ریدا سه‌پاندووین.
به‌دڵنیاییه‌وه كاتێك به‌م شێوه‌یه باسی دنیای نه‌ریتی و مۆدێرن ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه دنیای نوێ و مۆدێرن هه‌ڵگری لایه‌نه ئه‌رێنی و ئه‌خلاقییه‌كان نین، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت ئه‌وه ڕوون بكه‌مه‌وه كه ئه‌م دنیایه نه‌زمی تایبه‌تی خۆی و سیستمی به‌هاكانی خۆی هه‌یه و ئێمه ده‌توانین به ئامراز و له دۆخی مۆدێرنیشدا پێناسه‌مان له ڕێز و حورمه‌ت و ئه‌خلاق هه‌بێت، هاوكات كێشه‌كانیش به سه‌ركه‌وتوویی چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه له دنیای ئێسته كێشه‌كان زیاتر یه‌خه‌مان ده‌گرن، ئه‌وه نییه كه ئێسته كێشه زۆرتر بووه و ئه‌وسا كه‌متر، به‌ڵكو به‌شێكی ئه‌وه‌یه ئێسته گونده گچكه كلاسیكییه‌كه بووه به گوندی جیهانی و به چاك یان خراپ كێشه‌كان چ له‌ناو خێزاندا یا له‌ناو كۆمه‌ڵگه و بازاڕ و ته‌نانه‌ت له‌ناو ڕه‌وت و كوتله‌یه‌كی سیاسیش‌دا بێت، بڵاو ده‌كرێنه‌وه و به میدیایی ده‌كرێن و ئێمه یه‌خانگیری ململانی و تێفكرین له ڕووداوه‌كه ده‌كه‌ن. به‌ڵام كێشه‌ی ئێمه ده‌شێت زیاتر وه‌ك ئالنگارییه‌ك بۆ ڕاكێشانمان بۆ ناو ڕووداوه‌كان به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر چاو لێ بكه‌ین، ئه‌وه‌یه كه له پاڵ ئه‌و كه‌ش و ئامرازه مۆدێرنه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا جۆرێك ئاسووده‌یی و كراوه‌یی و قه‌یران و كێشه‌یشی هێناوه، داوده‌زگا و فه‌رمانبه‌ری سه‌رده‌مییانه‌مان نییه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان.
یان دروستتره بڵێین، ئه‌م داوده‌زگا و فه‌رمانبه‌رانه هه‌م به‌شێوه‌ی سه‌رده‌مییانه ئیش ناكه‌ن و هه‌میش له ئاستی پێویست نین، له‌وه‌ش زیاتر و گرینگتر ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بڕێك داوده‌زگای شیاو و سه‌رده‌مییانه‌یش له به‌رده‌ستدا هه‌ن، ئه‌وا ئێمه ده‌بێت بزانین كه ناتوانین به عه‌قڵێكی نه‌رێتییه‌وه كێشه مۆدێرنه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
نموونه‌ی قه‌یرانه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی خێزان و به‌داخه‌وه ئه‌و خوێنانه‌ی له‌ناو خێزاندا ڕژاون و به زۆریش ژنان قوربانین، پێمان ده‌ڵێت، ئێمه نه‌مانتوانیوه به‌گوێره‌ی پێویست ڕووبه‌ڕووی ئه‌و كێشانه ببینه‌وه و ڕێ له خوێنڕژان و خۆسووتان و كوشتنی ژنانی كۆمه‌ڵگه بگرین. له كاتێكدا هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌م قه‌یرانانه‌ی هه‌یه و بگره زۆر و بۆرتریش، هه‌ر له بنه‌مادا كۆمه‌ڵگه‌ی بێ كێشه خۆی مردوو و بێ جووڵه‌یه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی به ئومێد و زیندوو ئه‌وه‌یه كه كێشه‌كان ده‌ناسێت، ده‌ستنیشانیان ده‌كات و له ماوه‌ی زه‌مه‌نی كورت یان درێژدا، چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزێته‌وه و به‌پێی خشته‌یه‌كی ئاماریی ساڵانه به ئێمه ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه دیارده‌یه‌ك چه‌نده كۆنترۆڵ كراوه، یان گه‌شه‌ی كردووه به‌ره‌و قه‌یران یان دابه‌زیوه و به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ڕۆیشتووه.
باسه‌كه‌ی من لێره‌دا به دیاریكراوی دێته سه‌ر ڕاوێژكاره خێزانییه‌كان و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی له بواری دروستیی ده‌روونییه‌وه، وا بڕیاره سوودبه‌خش بن و پێش به‌و قه‌یرانانه‌ی كه ئه‌گه‌ری داهاتنیان له ژیانی دوو كه‌س (هاوژین، یار و...)دا هه‌یه، بگرن. یه‌كه‌م كێشه ئه‌وه‌یه هێشتا زانستی ده‌روونناسی له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا وه‌ك زانستێكی سه‌رده‌مییانه و تراپیانه و ده‌رمانكارانه قبووڵ نه‌كراوه، هێشتا یا وه‌ك كۆمه‌ڵێك په‌ند و ئامۆژگاریی به ما‌كیاجێكی مۆدێرنه‌وه كه له پشت شاشه‌كان یاخۆ پشت مێزه‌كان و ناو ئۆفیسه ڕازاوه‌كانه‌وه ده‌گوترێت، ده‌بینرێت یا وه‌ك هه‌ندێك ڕێبازی ئان‌وسات ده‌رمانكارانه‌ی وه‌ك یۆگا و وه‌رزش و له‌و بابه‌تانه ده‌بینرێن.
من ته‌نیا وه‌ك نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسێك قسه ده‌كه‌م و ده‌زانم ده‌روونناسی نه یۆگا و عیرفانه و نه پێشكه‌شكردنی هه‌ندێ ئامۆژگاری و قسه‌ی حه‌كیمانه‌ی كۆن له پشت شاشه و ناو نووسینگه‌كانه‌وه، به‌ڵكو زانستێكه ئێمه فێر ده‌كات واقیعی كێشه‌كانمان ببینین و دواتر له‌گه‌ڵیدا ڕووبه‌ڕوو بینه‌وه و چاو له چاو زۆرانبازییان له‌گه‌ڵ بكه‌ین. واته هه‌ر چه‌نده ئێمه له‌گه‌ڵ كێشه و كۆمپلێكس و قه‌یرانه‌كانماندا ڕاسته‌وخۆ و دیاره به‌پێی میتۆدێكی ده‌رونناسانه ڕووبه‌ڕوو ببینه‌وه، ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ركردن یان لانیكه‌م كۆنترۆڵكردنێكی لۆجیكی و پته‌وی كێشه‌كان له ئارادایه، ئه‌گه‌رنا به قسه‌ی نه‌سته‌ق و عیرفانی ده‌سته‌جه‌معیی یۆگا و هتد، ته‌نیا و ته‌نیا مه‌ڵهه‌مێكی دامركێنی كاتی به‌سه‌ر برینه‌كانماندا ده‌ده‌ین و دواتر به هه‌ر جووڵه‌یه‌ك له ژیانی پڕ جه‌نجاڵی ئه‌مڕۆدا ده‌كولێته‌وه و دیسان سه‌ر ده‌رده‌كه‌نه‌وه، بۆیه به ڕاستی پێش هه‌ر شتێك، ئێمه پێویستمان به‌و ڕاوێژكاره خێزانی و ده‌روونناسانه‌یه كه ده‌روونناس بن، نه‌ك ئه‌وانه‌ی مه‌لا و حه‌كیم و عارف و موفتین!
ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێچكه‌یه چاكسازیی بنه‌ڕه‌تیی تێدا نه‌كرێت، نه‌ك قوربانی و كێشه‌ی ناو خێزان زیاتر ده‌بن. به‌ڵكو زانستێكی كارا و كاریگه‌ری وه‌ك ده‌روونناسیش به لاڕێدا ده‌ڕوات و دواتر چه‌ند ده‌یه‌مان پێویست ده‌بێ تا ڕێیه‌كه خاوێن و جۆ‌ماڵ بكه‌ینه‌وه و بێینه‌وه سه‌ری.