چه‌ند دێڕێك بۆ خاتوو جۆیس بلۆ

AM:11:56:26/10/2024 ‌
جۆیس بلۆ هاوسۆز و هاوخه‌می دۆزی کورد و زمانناس و دامه‌زرێنه‌ری په‌یمانگه‌ی کوردی له‌ فڕه‌نسا، له‌ ته‌مه‌نی 92 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئه‌م خاتوونه‌ زانایه‌ هه‌م له‌ سۆنگه‌ی ئه‌کادیمی و لێکۆڵینه‌وه‌کانییه‌وه‌ و هه‌میش له‌ سۆنگه‌ی هاوسۆزی و مرۆڤدۆستییه‌وه‌، خزمه‌تی ئه‌ده‌ب و مێژوو و زمانی کوردی و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ خزمه‌تی دۆزی کوردی کردووه‌. 

ئه‌م خاتوونه‌ هاوشێوه‌ی هاووڵاتیییه‌که‌ی تری، ره‌وانشاد کریس کوچرا به‌ گێڕانه‌وه‌ی خۆی ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا بوو بۆ ناساندن و تۆمارکردن و گێڕانه‌وه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی و دۆزی کورد، پێشکه‌شی جیهان و ئێمه‌ی کرد، ناتوانین حاشا له‌و ڕاستییه‌ بکه‌ین و نه‌ڵێین ئه‌گه‌ر فڕه‌نسا دۆستی هه‌میشه‌یی کورد نه‌بووبێت، ئه‌وا زیاتر له‌ هه‌موو وڵاتانی تری ئەوروپای بانگەشەكەری ئازادی، پشتگیریی له‌ کورد و دۆزه‌که‌ی و کولتوور و زمان و ئه‌ده‌به‌که‌ی کردووه‌، ئه‌مه‌یش نه‌ک هه‌ر له‌ ئاستی ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ڵکوو له‌ ئاستی کولتووری و ڕۆشنبیریشدا به‌ خه‌ستی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌.

کورد به‌ گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کی پێزانە،‌ لانیکه‌م بۆ ئه‌وانیتر یان ئه‌و بیانیانه‌ی به ‌دڵ و نیازپاکی خزمه‌تیان کردووه،‌ به‌ڵام به‌و حاڵه‌یشەوە له‌ ئاستی زه‌حمه‌ت و ماندووبوونه‌کانی ئه‌م خاتوونه‌ مه‌زنه‌ شکۆداره‌دا، ده‌بێت هه‌وڵ و کرده‌وه‌ی زیاتر بخرێته‌ گه‌ڕ. لێره‌دا به‌شێک له‌ سه‌رنجه‌کانی ئه‌م خاتوونه‌ له‌باره‌ی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی وه‌ک ڕیزێک بۆ ئه‌و قه‌ڵه‌م و ویژدانه‌ شکۆداره‌ ده‌خه‌مه‌ ڕوو.

ئه‌م خاتوونه‌ له‌ وتارێکدا له‌ژێر ناوی "زمان و ئه‌ده‌بی کوردی" خاتوو لیدا زیا‌و مه‌جیدی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ کردوویه‌تی به‌ فارسی ده‌ڵێت: کوردیی زمانی نەتەوەی کورده‌، سەر بە گرووپی باکوری خۆرئاوای زمانە ئێرانی–ئاریاییه‌کانه‌، هیچکات دەرفەتی یەکپارچەبوونی نەبووە و به‌ گشتی زاراوەکانی بەسه‌ر سێ لقدا دابەش ده‌بن کە بە ڕوونی له‌یه‌ک ده‌چن. گرینگترینی ئەم زاراوانە بە هۆی ژمارەی ئاخێوەرانی کوردی باکورەوە کە به‌ زۆری و به‌ شێوه‌ی باو پێی ده‌ڵێن کرمانجی، ئەم گرووپە لە کوردەکان لە تورکیا، سووریا و یه‌کێتی سۆڤییه‌ت دەژین. هەروەها بەشێک لە کوردەکانی ئێران و عێراق بەم زاراوه‌یه‌ قسە دەکەن. هەروەها 200 هەزار کوردزمانی نیشتەجێی دەورووبەری کابولی ئەفغانستان، بەم زاراوەیه‌ دەدوێن، ئەم لقه‌ لە کوردی بووە به‌ سەرچاوەی زمانێکی ئەدەبی. لقی ناوەندی بریتییه‌ لەو کوردییەی لە باکوری رۆژهەڵاتی عێراق قسه‌ی پێ دەکرێت و بە سۆرانی ناو دەبرێت. کوردەکانی ئەوبەری زاگرۆس لە کوردستانی ئێرانیش بەم زاراوەیه‌ قسە دەکەن. ئەم لقە زمانێکی ئەدەبی دیکەی دروست کردووه‌.
 
ئاماژەی بەوەیش داوە، هەمووکات شارەزایانی ڕۆشنبیر لەناو کوردددا هه‌بوون و بە درێژایی سەتان ساڵ بیری خۆیان بە زمانی باڵادەست دەربڕیوە. بەهۆی ئەمه‌وه‌ ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی کورد به‌ زمانه‌کانی عەرەبی، فارسی و تورکی شتیان نووسیوە. دەتوانین ئەم بابەتە لە بەرهەمەکانی مێژوونووس و ژیاننامەنووسی کورد، ئیبن ئه‌سیر (ابن اپیر)دا ببینین كە لە سەدەی 13دا دەژیا و به‌ زمانی عەرەبی دەینووسی، لە حاڵێکدا ئیدریس بەتلیسی لە بەرپرسانی باڵای عوسمانی، بە ڕەچەڵەک کورده‌، لە ساڵی 1501ی زاینیدا کتێبی "هەشت بەهەشت" بە فارسی ده‌نووسێت، ئەم کتێبە یەکەمین بەرهەمی مێژووییه‌ لەبارەی هەشت پاشای عوسمانی. شازادە شەرەف خان دەسەڵاتداری میرنشینی کوردی به‌تلیس لە کۆتاییەکانی سەدەی 16 بەرهەمی مێژوویی خۆی لەبارەی کوردەکان بە فارسی نووسیوه‌. ئەم بەرهەمە سەرچاوەیەکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ لەبارەی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستی کوردەکان. 

ئەستەمە بتوانین مێژوویەک بۆ دەستپێکردنی ئەدەبی کوردی دیاری بکەین. تەنانەت هیچ شتێک لەبارەی کولتووری کوردەکانی پێش ئیسلام نازانین. لە لایەکەوە تەنیا بەشێک لە کتێبەکان پێداچوونەوەیان کراوە و ئێمە نازانین چ ژمارەیەک له‌م کتێبانە له‌ناو ئاژاوه‌ به‌رده‌وامه‌کان و ئەو پێکدادانانه‌ی‌ چه‌ندان سەدە پێش ئێستە لە وڵاتی کوردستاندا ڕوویان داوە، لە ناوچووه‌. 
یەکەمین شاعیری ناسراوی کورد عەلی حەریری کە لە ساڵی 1425 لە هه‌کاری لە دایک بووە و لە نزیکەی ساڵی 1495 کۆچی دوایی کردووە، بابەتە جێیسەرنجەکانی ئەو، هەر ئەوانەن کە زۆرجار هاووڵاتییەکانی دەپەرژێنە سەری. خۆشه‌ویستی بۆ وڵات، جوانییەکانی سروشت و جوانی کچانی وڵاته‌که‌ی. جۆیس وای نووسیوە.

لە بەردەوامیدا دەڵێ، کوردستان لە سەدەی 16دا گۆرەپانی شەڕی نێوان فارس و تورکەکانە. دواجار ئێمپراتۆرییەکانی عۆسمانی و ئێرانی دادەمەزرێن و لە سەرەتاکانی نیوەی دووه‌می سەدەدا، سنوورەکانی خۆیان قایم و جێگیر دەکەن. بە ده‌ربڕینێکی دیکە، ئەوان سەرزەوینی کوردەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن. یەکەمین بەرهەمه‌ ناسراو و هه‌رماوه‌کانی ئەدەبی کورد، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم سەردەمە. ئەم هۆنراوانە هاوکات لەگەڵ سه‌پاندن و سه‌قامگیربوونی سنوورەکانی عوسمانی و پارس، بە مه‌به‌ستی دژایەتی لەگەڵ ئەو دۆخه‌، دێته‌ ئاراوه‌.

وەك ئەو تۆماری كردووە، ناسراوترین شاعیر لە کۆتاییەکانی سەدەی 16 و سەرەتای سەدەی 17 (شێخ ئەحمەدی نیشانی) ناسراو بە مەلای جزیرییه،‌ ئەو خەڵکی جزیرەی بۆتان بوو، وەک زۆربەی ئەدیبەکانی ئەو سەردەمە ناسیاویی باشی لەگه‌ڵ زمانه‌کانی عەرەبی، فارسی و تورکی هه‌بوو، هەروەها زەینی پڕ بووە لە کولتووری ئەدەبی عەرەبی و فارسی. بەرهەمی شاعیرانەی ئەو زۆرتر لە دوو هەزار بەیتە و تا ئێستەیش بەرهەمێکی ناسراوه‌ لەناو خه‌ڵکدا. هەڵبەت ئەم به‌رهه‌مه‌ دیسان پێداچوونەوەی لەسەر کراوە. ئەو سەفەری زۆری کردووە و قۆتابیی زۆر پەروەردە کردووە. قوتابیەكانی هەوڵیان دەدا به‌ هه‌ڵبژاردنی زمانی ده‌ربڕینی ئه‌و که هەر لەوکاتەوە وه‌ک زمانێکی ئەدەبی ناسراو بوو، پێڕەوی لە ڕێچکه‌ی مامۆستای خۆیان بکەن، وردە وردە هەستی هۆگری و گرێدراوێتی بە سروشت و ڕۆحێکی هاوبەش لە نێوان کوردەکاندا پەرەی سەند. لەو سەردەمەدایه‌ ئەحمەدی خانی لە دایک ده‌بێت. ئەو که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بایەزیدییە و به‌ ده‌ربڕینێک یەکەمین شاعیری گەورەی کوردە. ئەو لە بەرهەمی خۆیدا "مەم و زین" به‌ مه‌نزوومه‌ و شیعرێکی درێژ کە زۆرتر لە ٢٦٥٠ بەیته‌، بناغەکانی سەربەخۆیی کورد ده‌خاته ‌ڕوو و ده‌رده‌بڕێت.

بێگومان ڕه‌نگه‌ بۆ ئێمه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می ئێسته‌ و به‌ ڕوانگه‌ و ئامارێکی دیکه‌وه‌ مێژووی زمان و ئه‌ده‌به‌که‌مان ده‌خوێنینه‌وه،‌ ڕه‌نگه‌ 100% هاوڕای شیکاری و گێڕانه‌وه‌کانی ئه‌م خاتوونه‌ فڕەنساییە نه‌بین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ مێژوویه‌ک له‌ زمان و ئه‌ده‌ب و جیهانبینیی کورد له‌لایه‌ن ئه‌ویترێكی ڕۆژئاواییه‌وه‌ تۆمار کراوه‌ و دژبه‌رانی کورد ئیتر ناتوانن به‌ ئاسانی بڵێن کورد خۆی مێژوو ساخته‌ ده‌کات، ئه‌وه‌تا ده‌یانی وه‌ک جۆیس بلۆ به‌بێ هیچ پشتگیرییه‌کی ئه‌وتۆ و وه‌ک که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی مرۆیی و مه‌عریفیی، له‌سه‌ر زمان و شوناسی ئێمه‌ ئیشێکی درێژخایه‌ن و مێژووییان کردووه‌. 
ئێمه‌ هه‌رچه‌نده‌ ستایشی ئه‌م ویژدان و قه‌ڵه‌مانه‌ بکه‌ین، هه‌ر کورت دەهێنێ. سوپاسگوزارین و ویژدان و په‌رۆشی و جوانپه‌رستییه‌کانی له‌بیر ناکه‌ین و گیانی شاد و ئارام بێت.