ئه‌و باسه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مه ڕوو، ڕه‌نگه لێره‌وله‌وه به شێوەی گله‌یی یا سووکه‌ڕه‌خنه‌دا ده‌رکه‌وتبن، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ده‌لاله‌ت له قه‌یرانێک ده‌که‌ن که به ڕاده‌ی ئابووریی خۆبژێوی وڵات، نه‌وت و کیانی سیاسی گرینگه، یان ئه‌گه‌ر هاوشانی ئه‌مانه نه‌بێ، ئه‌وا له پاڵ ئه‌مانە و کۆمه‌ڵێک جومگه‌ی دیکه‌ی وه‌ک کو‌لتوور و ئاین و ڕۆشنبیریدا، دروستکه‌ری شوناسی پته‌و و تۆکمه‌ی وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌کن یاخۆ به پێچه‌وانه‌وه ده‌بن به مه‌ترسییه‌کی نه‌رم و کوشنده له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و جومگانه‌ی سازێنه‌ری شوناسی کۆمه‌ڵگە و نه‌ته‌وه‌ن، ئه‌ویش بابه‌ت و پرسی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبه.
کتێب له ڕۆشنبیریی و کولتوورسازیی هه‌موو گه‌لاندا ده‌توانێت ڕۆڵ و پێگه‌ی بنه‌مایی له ڕه‌وتی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆییدا هه‌بێت، هه‌ر ئه‌وه‌یش نا، به‌ڵکوو له پێشخستنی به‌ها مرۆییه‌کانی کۆمه‌ڵگەدا كتێب ڕۆڵی زێڕین و مێژوویی بگێڕێت. ڕه‌نگه ڕوانگه‌ی به‌شی زۆری کۆمه‌ڵگەی ئێمه بۆ کتێب ڕوانگه‌یه‌کی کلاسیکی و نه‌ریتی بێت، واته کتێب زیاتر وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی کاغه‌زیی پیرۆز که هه‌موویان له‌ژێر سێبه‌ری کتێبه مه‌زنه‌که‌ی ئاینی هه‌ر وڵاتێک‌دا جی ده‌گرن، ببینرێت، به‌ڵام ڕوونه ئه‌مه تاقه گۆشه‌نیگای کلاسیک نییە بۆ کتێب و له فۆرمه نه‌ریتی و سونه‌تییه‌که‌یشیدا، کتێب هه‌ر چاوساغ و ڕێپێشانده‌ر بووه به‌ره‌و هه‌رێمی مه‌عریفیی نوێ و ئاسۆی بینینی تازه، بۆیە چاوه‌ڕوانیی ئێمه له سه‌رده‌می ئێسته‌دا له سه‌رووی ئه‌م گۆشه‌نیگایا‌نه‌یه که له هه‌ناوی درک و تێگه‌یشتنی نه‌ریتی و سونه‌تیی به‌رهه‌م دێن.
چاوه‌ڕوانیی ئێمه له سه‌رده‌می نوێ‌دا له کتێب، پێشکه‌شکردنی گێڕانه‌وه و مه‌عریفه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه که له دۆخی چه‌قبه‌ستووی ئێستە وه‌ده‌رمانبنێت یا ڕێگە و ئاسۆ نوێکانمان بۆ بخاته ڕوو، کتێب وه‌ک میتافۆڕ یان خوازه، ده‌کرێت گوزارشت له ده‌لاقه‌یه‌ک بكات که هه‌میشه به ڕووی نادیار و نه‌ناسراوه‌کاندا ده‌کرێته‌وه، ئه‌مه‌یش له سه‌رێکه‌وه به‌و مانایه‌یه که هیچ کتێبێک وه‌ک ناوه‌رۆک پیرۆز نییه و ئه‌وه‌ی وا پیرۆزه جیهانی مرۆڤ و گرفت و به‌هاکانێتی و له جه‌وهه‌ریشدا ئه‌گه‌ر ئاوه‌ڵناوی پیرۆز بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی یان کورت و درێژ بخرێته پاڵ کتێبێک، ئه‌وا به‌و بۆنه‌یه‌وه بووه که ئه‌م کتێبه هه‌ڵگری وه‌ها داڵغه و که‌ڵکه‌ڵه‌یەك بووه که له جیهانی مرۆڤه‌وه هه‌ڵقوڵاوه.
کاتێک ده‌ڵێین جیهانی مرۆڤ، بێگومان باسی دنیایه‌کی ناکۆتای نه‌ناسراو ده‌که‌ین، ئه‌و دنیایه‌ی گارسیا مارکیز له "سه‌ت ساڵ ته‌نیاییدا" گۆشه‌یه‌کیمان پێ ده‌ڵێت، به‌ختیار عه‌لی له "ئێواره‌ی په‌روانه" نموونه‌یه‌کیمان پێشان ده‌دات و شێرزاد حه‌سه‌ن له "ژنێک به‌سه‌ر مناره‌وه" ڕه‌هه‌ندێکیمان بۆ ده‌نوێنێت، ئه‌مه ته‌نیا پێوه‌ست نابێت به ئه‌ده‌بیاته‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌ده‌بیات ڕۆڵێکی زێڕین و جه‌وهه‌ریی له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌یه.
نموونه‌ی ئه‌و سێ نووسه‌ره ته‌نیا بۆ به‌رچاوڕوونی خوێنه‌رە که دان به‌وه‌دا بنێین، کتێب نه به‌مان ده‌ستی پێ کردووه و نه لای ئه‌مان قه‌تیس و نه‌مر ده‌بێت و نه له به‌رهه‌مهێنانی دیکه و ڕچه‌شکاندنی تردا ده‌وه‌ستێت! له هاوکێشه‌یه‌کی وادا که کتێب له فۆرمی کۆمه‌ڵێک لاپه‌ڕه‌ی کاغه‌زیی بێ گیان له ڕێگه‌ی خوێنه‌ره‌وه گیانی وه‌به‌ردا ده‌کرێت، ده‌رده‌چێت و ده‌بێت به باڵوێزی مێژوو و شارستانیه‌ت، ئێمه ئێسته‌یش ئه‌فسانه‌کانی نه‌ته‌وه کۆنه‌کان له فۆرمی کتێب به مانا که‌وناراییه‌که‌ی، واته نووسراوی سه‌ر گڵ و پێستی ئاژه‌ڵ و هتد، ده‌خوێنینه‌وه و ئه‌فسانه‌کانی ئینانای سۆمه‌ری و پیریمیتیۆس و سیزیفی یۆنانی و ... هێشتا دوای هه‌زاران ساڵ زیندوون، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌م به مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی باسه‌که‌م ده‌بێت بپرسم ئه‌م گێڕانه‌وه و حیکایه‌ت و نووسینانه بۆچی تا ئێستایش ماونه‌ته‌وه و نه‌مردوون؟ ئایا پێش ئه‌وه‌ی وه‌ک کتێب یان گڵێک که ئیتر بڕیاره هه‌ڵگری وشه و پیت و ڕسته‌کان بێت، کۆمه‌ڵێک پسپۆڕ و زانا و وشه‌ناس به دیان و ڕه‌نگه سه‌تان جار ئه‌مدیودیویان نه‌کردووه و هه‌ڵیاننه‌سه‌نگاندووه و دواجار بڕیاری کۆتای‌یان له‌سه‌ر نه‌داوه؟ بێگومان وه‌ڵامه‌که‌ی ڕوونه، کتێب هاوکات که به‌رهه‌می هه‌ست و بیری که‌سێکه، به‌ر و میوه‌ی کو‌لتوور و فه‌زایه‌کی ڕۆشنبیریشه.
ئێمه ئێسته له کوردستان له چاو ساڵانی پێش ڕاپه‌ڕین و ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینیش، ده‌یان قات هه‌ل و توانا‌مان زیاتر بووه، به‌ڵام ڕه‌نگه نه‌توانین به لێبڕاو‌ییه‌وه بڵێین له ئاستی کوالێتیی ناوه‌رۆک و ته‌نانه‌ت فۆرم و دیزاینی به‌رگ و ناوه‌وه و فۆرمی زمان و ڕێنووس و ورده‌کارییه‌کانی دیکه‌دا، پێشکه‌وتووترین! هۆکاره‌که به دڵنیاییه‌وه نه‌ک ته‌نیا گرێدراوه به سیستمێکی تۆکمه‌ی په‌روه‌رده‌وه، به‌ڵکوو پێوه‌سته به سیاسه‌تێکی ورد و چاودێرانه‌ی کولتووری و ڕۆشنبیریشه‌وه.
چاودێریکردنی کتێب به مانای خستنه‌گه‌ڕی تیغی سانسۆر و له‌توپه‌تکردنی هزر و زمانی نووسه‌رێک نییه، به‌ڵکوو پاڵاوته‌کردنی ئه‌و دنیایه‌یه که بڕیاره کتێبێکی پێشکه‌ش بکات، سه‌رنجدان به‌و سیستمه له ماناسازی و پێشکه‌شکردنی مه‌عریفه‌یه که بڕیاره بڕواته ناو کۆمه‌ڵگە و تاکه‌کان له قۆناغێک له قۆناغه‌کاندا ئاڕاسته بکات، ئایا پرۆسه‌یه‌کی وا ده‌بێت له‌ناو فه‌وزا و بێسه‌روبه‌ریدا بجووڵێته‌وه؟ وه‌ک تا راده‌یه‌کی زۆر ئێسته ده‌یبینین؟ ئایا هۆکاری زیزبوون و تۆرانی خوێنه‌ر له کتێب به‌شێکی بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وە ئه‌و کتێبانه‌ی وا چاپ ده‌بن ته‌نیا ڕوانگه‌یه‌کی شه‌خسی و عاتفیی تاکه‌که‌سییان له پشته که پاره و سیستمێکی ئابووریی لاواز و ناکولتووری بۆیان جێبه‌جێ ده‌کات؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر له‌م ساڵانه‌ی دوایی ده‌زگاکانی چاپ و بڵاوکردنه‌وه لێژنه‌کانی پێداچوونه‌وه، هه‌ڵه‌چنی و پێوه‌ره‌کانی تری په‌سندکردن یان ره‌تکردنه‌وه‌یان هه‌بوایه و له ده‌ره‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی دارایی چاویان له بابه‌ته‌که بکردایه، شیعر به‌م ڕاده‌یه له کۆمه‌ڵگەدا ته‌راکه ده‌بوو؟ یان هه‌ر کتێب به گشتیی ئاوا غوربه‌تێکی ئه‌زموون ده‌کرد؟
ڕه‌شبینانه چاو له فه‌زاکه ناکه‌م، هێنده‌ی چاوه‌ڕوانیم له کۆمه‌ڵگەی کوردی زۆره، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێویسته ده‌زگاکانی چاپ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تەیلی پێوه‌ندیداردا له پێوه‌ندیدا بن تا هه‌ر لایه‌نێک به‌شێک له بۆشاییه‌که پڕ بکەنەوه و که‌رامه‌تی ڕووشێنراوی کتێب بگه‌ڕێته‌وه جێی خۆی!
ئه‌گه‌رچی کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چه‌ند ساڵێك پێش ئێسته بودجه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ وه‌رگێڕانی کتێبی کوردی بۆ زمانه‌کانی جیهان دابین کرد، به‌ڵام وه‌ک پێویست ئه‌نجامه‌کانمان نه‌بینیوه تا ئێسته، باشتر وایه لایه‌نی ڕاسپێردراو له ده‌زگا کولتووری و ڕۆشنبیرییه‌کان ڕاپۆرتێک له‌م باره‌یه‌وه بڵاو بکه‌نه‌وه، تا به‌رچاوڕوونیمان هه‌بێت له شیکاری و هه‌ڵسه‌نگاندنی زیاتری دۆخه‌که و هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی پێشنیار بۆ باشترکردن و هه‌نگاونان به‌ره‌و پێشەوە.