سه‌ردێڕی ئه‌م نووسینە ته‌وسئامێزه، مافی مرۆڤ چ له‌مبه‌ر و چ له‌وبه‌ر بێت، له‌م دۆخه‌ی ئێسته‌دا و بگره له زۆر قۆناغی مێژوودا یا یاریی پێ کراوه یان گەمە! بێگومان جیاوازیی مانای جه‌وهه‌ری له نێوان ئه‌م دوو وشه‌یه‌دا نییه، هێنده‌ی به‌کارهێنانێکی ته‌وسئامێزانه‌ی نائومێدانه‌یه له هه‌مبه‌ر ئه‌و بێکه‌سی و بێنازییه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی "مافی مرۆڤ" له زۆربه‌ی سه‌رده‌مه‌کان و به تایبه‌تی له سه‌رده‌می مۆدێڕنەوە تا ئێسته، ڕووبه‌ڕوویه‌تی.
ئه‌گه‌ر بڕێک فرۆیدیانه و نائومێدانه چاوی لێ بکه‌ین، ئاخێزگه‌ی ئه‌م دۆخه شه‌ڕانییه بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ خواستی شه‌ڕ و ئه‌و لایه‌نه تاریکه که‌وی نه‌کراوه‌ی له هه‌ناوی مرۆڤدا هه‌یه و وه‌ک فرۆید ده‌ڵێت، شارستانی و ژیار یان به بارێکی دیکه‌دا کو‌لتوور ده‌بوو به هه‌موو ناخۆشییه‌کانییه‌وه که‌وی و ده‌سته‌مۆی بکات. به‌ڵام مخابن له ڕۆژگاری پێش فرۆیده‌وه تا ئێستە، شه‌ڕ هه‌ر به‌رده‌وامه و ساڵ و مانگ و هەفته و ڕۆژێک نییە، له گۆشه‌یه‌کی ئه‌م گۆی زه‌وییه و به تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی خوێناوی و نه‌وتاوی، له وڵاتی پێغه‌مبه‌ران و نه‌وه‌کانی ئیبراهیم، وڵاتی باوه‌ڕداران و... خوێن جۆگه‌له نه‌به‌ستێ و له‌شکره‌کان دژی یه‌کتر نه‌وه‌ستنه‌وه و منداڵ و ژن و خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی ده‌ستبه‌تاڵ، وه‌ک سووتماک پێشکه‌شی خودای شه‌ڕانی و تاریکی خواسته نه‌گریسه‌کانی مرۆڤ و سه‌ره‌ڕۆیی و ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌کانی نه‌بن!
ته‌ندروستیی غه‌زه بڵاوی کرده‌وه، له دوای هێرشه‌کانی حه‌وتی ئۆکتۆبه‌ره‌وه تا ئێسته، 44.176 کوژراو و 104،473 بریندار، له هێرشه‌کانی ئیسرائیل‌دا هەن! لێره‌دا ئه‌م ئامارانه هێنده دژه‌مرۆڤ و کوشنده‌ن، ڕسته به‌ناوبانگه‌که‌مان دێننه‌وه یاد که ده‌ڵێت: کوژرانی یه‌ک که‌س کاره‌ساته، به‌ڵام کوژرانی هه‌زار که‌س ئاماره! ئه‌م ڕسته سامناک و تاڵ و دڵڕه‌قانه و هاوکات واقیعیانه، ده‌شێت ڕۆژێک یان شه‌وێک ده‌لاله‌تێک بێ بۆ نه‌مانی من، تۆ، منداڵ و که‌سوکار یان هاوڕێ و دۆست و ناسیاوه‌کانمان، کاتێک ئه‌م 'من"ه دێنمه ناو باسه‌که‌مەوە، مه‌به‌ستمه زیاتر هه‌ست به‌و خوێن و له‌کیسدان و ئازاره بکه‌ین که ئێسته له غه‌زه و ئیسرائیلن، له ئۆکراین و ڕووسیا ڕوو ده‌ده‌ن.
بێگومان بابه‌تی له کیسدان ته‌نیا تایبه‌ت نییه به دۆخی جه‌نگ یان شه‌ڕه‌وه، به‌ڵکوو پێوه‌سته بەو جیهانبینییه‌ی هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار پێڕه‌ویی لێ ده‌که‌ن. بۆ نموونه، له وڵاتێکی وه‌ک ئێران جه‌نگی ڕاسته‌وخۆ بوونی نییه، به‌ڵام قوربانی و داڕمانی به‌هاکانی ژیان و به‌تاڵبوونی ژیان له ژین، له هه‌موو ئێران‌دا به‌دی ده‌کرێت. به‌هۆی لافاوێکی ئاساییه‌وه سه‌تان ئێرانی ده‌شێت ببنه قوربانی، هۆکاره‌که‌یشی ئه‌وه‌یه مرۆڤ ته‌وه‌ر نییه، مرۆڤ گرینگ نییه، به‌ڵکوو ئایدۆلۆجیا گرینگه، هه‌ربۆیه سه‌رمایه‌گوزاری و لقوپۆی ئایدۆلۆجی له به‌رزاییه‌کانی جۆلان، لبنان و ئه‌فریقا، ده‌بن به جێگره‌وه‌ی ماف و به‌های مرۆڤ!
ئه‌مه جیرۆکی تاڵی سه‌رزه‌وینی پێغه‌مبه‌رانه! زیاترین داڕمانی ئه‌خلاقی و له کیسچوونی به‌هاکان و بێکه‌رامه‌تی مرۆڤه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و وڵاتانی ئیسلامی‌دا ڕوو ده‌ده‌ن! دیاره من کارم به جه‌وهه‌ر و کرۆکی ئاین نییه، هێنده‌ی نیشانه‌کان ده‌خوێنمه‌وه و ده‌بینم له کۆمه‌ڵگەیه‌کی ئیسلامی‌دا که‌رامه‌تی مرۆڤ له نزمترین ئاستی خۆیدایه! به دڵنیاییه‌وه هیچکات پشتگوێخه‌ری ئه‌و یاریی و گەمەیە‌ی ڕۆژئاوا و هه‌روه‌تر سیستمی دۆگماتیزمی هێزێکی وه‌ک حه‌ماس و ئایدۆلۆجیای ئاخرزه‌مانیی ڕژێمی زایۆنیش نابم، چونکه ئه‌وانه کۆمه‌ڵێک ڕاستیی مێژوویین، ته‌نیا ئایدۆلۆجیبوون ده‌توانێت چاو له ئاستیاندا کوێر بکات!
فرۆید له کتێبی "شارستانییه‌ت و ناخۆشییه‌کانی" ملدان به کولتوورێکی به‌رفراوان /هاوتای شارستانیه‌ت و ژیار هێناویه‌تی/ باجێکه مرۆڤ بۆ به‌رقه‌رارکردنی ئاشتی و ئارامی و لانیکه‌م لغاوکردنی تاریکییه‌کانی ده‌روون و زه‌ینی ناهوشیار ده‌بێت بیدات، پێم وایه تا ئێسته‌یش ده‌روونناسی و ده‌روونشیکاری نه‌یتوانیوه ئه‌م ڕاستیانه‌ی فرۆید باسی کردوون، به بچووک بیانبینێ و ڕه‌تیان بکاته‌وه، به‌ڵام ئاخۆ دوای ئه‌و هه‌موو هوشیارییه‌ی مرۆڤ لانیکه‌م له سه‌رده‌می دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان و دواتر ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌و هه‌موو ڕێکخراو و ئۆرگانه نێوده‌وڵه‌تییه کولتووری و شارستانی و مرۆییه، ئایا ڕێژه‌ی خوێنڕێژی و کوژرانی مرۆڤ و تێکبه‌ربوونی گه‌لان له که‌میی داوه یان ته‌نیا شێوەی گۆڕیوه؟ ئایا کو‌لتوور یا شارتانییه‌ت ئه‌و لغاوکردنه نه‌بوون بۆ تاریکیی ئێمه و له قه‌واره‌ی ئه‌م هه‌موو ڕێکخراوه زۆروزه‌وه‌نده به بودجه‌ی خه‌یاڵییه‌وه ده‌رکه‌وتن، به‌ڵام دواتر زانیمان لغاوکردن نه‌بوو، به‌ڵکوو ته‌نیا شکڵی شارستانییه‌ته‌که گۆڕاوه بۆ شکڵێکی دیکه! تاریکییه‌کان و خواسته ڕه‌شه‌کانی زه‌ینی ناهوشیار له‌ژێر دنیایه‌ک بینای سپی و گڵۆپی دره‌وشاوه‌دا شاردراونه‌ته‌وه، بڕیاره تاریکه‌کان له‌ناو هۆڵه ڕووناکه‌کان ده‌درێن و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیش ته‌نیا له‌سه‌ر کاغه‌زن بۆ خوێندنه‌وه!
له‌م ڕۆژانه دیوانی دادوه‌ریی لاهای، بڕیاری گرتنی بنیامین نا‌تانیاهۆ سه‌رۆکی كابینەی جەنگی ئیسرائیل و گالانتی وه‌زیری به‌رگریی، ده‌رکرد، ئەوەی یاساناس و مافناسه‌کان باسیان کردووه، ئه‌م بڕیارە پابەندییە بۆ وڵاتانی ئه‌ندام له دادگای لاهای كە جێبەجێی بكەن، به‌ڵام پێشینه‌ی هاوشێوه سه‌لماندوویه‌تی هاوکێشه‌ی هێز ده‌کرێت ئه‌مه سڕ و ناکارا بکات. بۆ نموونه، بڕیاری هاوشێوه‌ی ئه‌مه پێشتر بۆ ڤلادیمیر پووتین سه‌رۆکی ڕووسیا، ده‌رکراوه، به‌ڵام له گەشتەكەیدا بۆ مه‌غۆلستان /یه‌کێک له وڵاتانی ئه‌ندام و پابه‌ند به دیوانی دادوه‌ریی لاهایەوە/ نه‌یتوانی له گوڵ ناسک‌تر به پووتین بڵێت!
هاوڕام "مرۆڤ هه‌رچی بچێنێت ئه‌وه دروێنه ده‌کات". ئه‌مه ڕاستییه‌کی دڵتنه‌گکه‌ره، تۆوی هه‌ڵاواردن و جیاکاریی نێوان مرۆڤه‌کان، هه‌م له‌م یاسایانه‌دا هه‌ن و هه‌میش له هاوکێشه‌ی هێزی دنیادا. بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه ته‌نیا ئەوە به‌سه له ڕوانگه‌ی کوردێکه‌وه بپرسین هه‌موو ئه‌و تاوانباره نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له جینۆسایدی کورددا تێوەگلان، بۆ ناویان له کوله‌که‌ی ته‌ڕی دیوانه دادوه‌رییه‌کانی جیهاندا نییه؟ دیاره ئه‌مه پێش به خه‌می من بۆ فه‌له‌ستین ناگرێت، به‌ڵام دابڕانێکی مرۆیی قووڵ دروست ده‌کات، کاتێک دادگا له پشتی ئه‌وان ده‌بینم و خۆم بێکه‌س، کاتێک جه‌لاده‌که‌ی من /سه‌دام حسێن/ ببێتە پاڵه‌وانی ئه‌وان و گۆڕه‌پانی بە ناوەوە بكەن!
ئه‌مانه و زۆری تریش، هیچ کات سۆزی مرۆیی ئێمه نابێت بکوژن، به‌ڵکوو له‌سه‌ر ڕاستیی ته‌وسئامێزیی ئه‌م نووسینە ڕامانده‌گرن و به‌دوای وه‌ڵام و شوێنپێگرتنی "بۆچی"یه‌کاندا، په‌لکێشمان ده‌که‌ن.