ئەگەر وەک کوردێک باس لە سێ جەمسەری کات بەپێی دابەشکاریی لە مێژینەی مرۆڤ بۆ زەمەن، واتە ڕابردوو، ئێستە و داهاتوو بکەم، دەتوانم بڵێم داهاتوو لە چاو ئەو دوو جەمسەرەکەی دیکە، بۆ ئێمە نەناسراوتر و دوورەدەستتر بووە، ئەم دوورەدەستیەیش نەک تەنیا بەهۆی مەودای ئێمە لە ئەزموونکردنی کات لە سات یان زەمەنێک دوای "ئێستە"، بەڵکوو بەهۆی ئەو ئەزموونەوە بووە کە لە ڕابردووەوە کێشمان کردووە و لە "ئێستە"دا تێیدا دەژین!
ئەگەرچی لە ڕوانگەی زانستی فیزیکەوە ئەو جەمسەردانانە بۆ کات. هێندە بەرتەسکە تەنیا بە کاری مێژوو و بابەتە ڕۆژانەییەکان دێت، بەڵام بەو حاڵەیشەوە ئێمە وەک مرۆڤ ئەزموونەکانی ژیانمان لەناو ئەو سێ جەمسەرەدا دەبینینەوە.
کورد وەک یەکێک لە دانیشتووانە سەرەکییەکانی ناوچەی مێزۆپۆتامیا، لە دێرزەمانەوە بە داونەریت و کولتوور و سیستمی ژیانی خۆیەوە کاتی تێپەڕاندووە، هێشتا زۆر کەلێن لە ڕابردووی ئێمەدا هەن، هێشتا ڕابردووی ئێمە لە پێچوپەنای زۆر گێڕانەوە و فاکتەرسازیی دەسکرد و ساختەدا ون و نەدیوە، ڕابردوویەک کە کۆڵەکەی "ئێستە" و بە گوێرەی ئەوەیش "داهاتوو"ـە، بەڵام بەختەوەرانە بزووتنەوەی ڕۆشنگەرانە و هوشیاریی کورد لە کۆتاییەکانی سەدەی 19 و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، فۆرمێک لە ئاگایی بۆ کورد دروست کردووە کە تەنانەت بەو مێژووە و ڕابردووە شێوێنراو و داگیرکراوەیشەوە، هەستایەوە سەر پێ و کۆڵەکە و جومگەکانی شوناسی لەسەر زەوینی هزر و بیری شاعیران و نووسەران و ڕۆشنبیرانێکی هاوشێوەی فەقێ تەیران و خانی و بەدرخانییەکان پتەو کرد.
ئەم کاروانە درێژ بووەوە و بە هاتنەئارای شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان لە باکور، باشوور و ڕۆژهەڵات و بە ماوەیەکی دێرتر لە ڕٶژئاوایش، زیاتر پەرەی سەند و بە ئازادبوونی بەشێک لە باشووری کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێ لە کولتوورسازی و شوناسسازییەوە کە بمانەوێ و نەمانەوێ بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە مەکۆ و نشینگەی هەر ئیرادەیەک بووە کە ئاگایی و هوشیاریی کوردانەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. هەموو ئەم ڕەوتە بە توولەڕێگەیەکی کووڕ بەرەو ئاسۆیەکی خوێناویدا هات، بەڵام دواجار گەیشتە هەواری کانیاو و مێرغوزارێک و نیوەپشوویەکی وەرگرت، تا بیر لە "داهاتوو"یەک بکاتەوە بەهۆی دەستێوەردانی ئەویترە دڕندەکان لە "ڕابردوو" و شڵەقاندنی "ئێستە" لە بەرچاوی ون کرابوو!
ئەگەر بڵێم دوای ئەو هەموو کوشتوبڕ و کارەساتانە، دوای ئەو هەموو کۆڕەو و پاکتاوکردنە، ئیتر "داهاتوو" ڕەهەند و جەمسەرێک نەبوو لە ئەزموونکردنی ژیانی مرۆڤی کورددا، ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت.
لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم زۆربەی زۆری خێڵ و نەتەوە و نیوەنەتەوەکان، وڵاتی سەربەخۆی خۆیان هەبوو و بە ئاڵای وڵاتیانەوە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان حەسابوونەوە، ئێمە تازە بە تازە ئەنفال و هەڵەبجەمان بەسەردا تاقی دەکرایەوە، ڕەنگە ئەگەر بڵێم کاریگەریی ئەم پاکتاکردنە و پراکتیزەکردنی "مەرگ" لە سایکۆلۆجیای مرۆڤی ئێمەدا وایکردبوو ڕەهەندەکانی کات و زەمەن لامان کاڵ ببنەوە و ئەزموونکردنی کات لای ئێمە ڕەهەندی ناسروشتی و دەرەجەمسەریی وەربگرن، هەمدیس زێدەڕۆییم نەکردبێت.
سەیرە گەر بڵێم هەموو ئەم ئاڵۆزی و مەرگسازی و زەمەنکوژییە بۆ مرۆڤی ئێمە بەهۆی دۆخێکەوە بوو مۆدێڕنە لەگەڵ خۆیدا هێنای، واتە شەپۆل و پرۆسەی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەکان كە لەگەڵ ئەوەی کورد لە کێشەی ویلایەتی مووسڵ و کۆنفرانسی پاریسیش هەوڵی خۆی دا، بەڵام نەزم و ڕێکخستنێک کە زلهێزەکانی ئەوکات لەسەری ڕێککەوتبوون، خەون و هەوڵەکانی کوردی پووچەڵ کردەوە، بەڵام ئەمە خاڵی کۆتایی نەبوو، ئەمە گەڕانەوەی کاروانیش نەبوو بە ڕێگایەکدا کە بڕیبووی، بەڵکوو هەستانەوە و هەوارەوهەوارکردنێکی بەرز و بڵند بوو بۆ گەیشتن بە ترۆپکەکان تا ئاسۆ و داهاتوو ببینێت!
ئیرادەی کورد دوای ئەم هەموو ساڵانە و داهاتنی ئەو شەپۆلەی گۆڕانکاریی لە ناوچەکە، دەتوانن مانایەکی ئۆبجێکتیڤتر و بەرهەستتر بدەن بە چەمکی "داهاتوو"، لە بینین و خەیاڵ و هیواکانی مرۆڤی کورد.
بەهەر هۆکارێک ئێستە تورکیا وەک یەکێک لە گەورەترین و تەنانەت دەتوانین بڵێین گەورەترین و هاوکات دڕندەترین و ژیرترین دژبەری کورد بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی، ماوەیەک پێش ئێستە ختووکەی پرۆسەیەکی دا بۆ هەمووان چاوەڕاننەکراو بوو کە لە زاری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی حزبی نەتەوەپەرستی توندڕەوی تورکیاوە بێت، بە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکاران و بانگهێشتی گرووپەكانی بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەی حزبەکە. دۆخێکی تەواو نوێ هاتووەتە ئاراوە، دۆخێک ئەگەر بە کاوەخۆ و ژیرییەوە و هاوکات یەکگرتووییەوە کورد کاری لەسەر بکات، دەتوانێت مسۆگەری ئەو "داهاتوو"ە بێت کە لە بەرچاومان تەڵخ و تاریک کراوە.
ئەم داهاتووە هیوایە بەوەی ڕۆڵەکانی نەتەوەی ئێمە لە هەموو پارچەکان ئیتر خوێنیان نەڕژێت، کوردستان وەک هەرێمێکی ئازاد یان تەنانەت نیوەئازاد و فیدراڵ، جومگەکانی ژیان و ژیاری خۆی ببووژێنێتەوە، شوناسی خۆی زیاتر پاراو بکات. وەک بینیمان پێشوازییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سۆنگەی پەیامەکەی ئۆجالانەوە ئەرێنی بووە. هەم لە ئاستی ناوچەکە و هەم لە ئاستی جیهاندا، ئەمە خۆی نیشانەی ئەوەیە دنیا چاوی لەسەر دۆخی کورد و کوردستانە، بێگومان بەو مانایە نییە چاومان بنووقێنین و پشت بەوان ببەستین، بەڵکوو بەو مانایەیە ئێمەیش دەتوانین بەپێی یاسای ئەوان واتە بەناوی مەدەنییەت و دیموکراسی و ... یاریی خۆمان بکەین و لە هەر جۆرە فۆرمێکی توندئاژۆیی کە مۆرکی تیرۆرمان دەخاتە پاڵ، دوور بکەوینەوە، بەو هیوایەی داهاتووی ئێمە وەها بنەخشێت، بەرەی داهاتوو لە بیری شکۆدارییەکی هێشتا نەهاتووی بەردەمیان بن!