مافەکانمان بدەن بەڵام ئەرکەکانمان جێبەجێ ناکەین

AM:11:25:20/11/2022 ‌
با کەمێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە بۆ دوو سێ ساڵ لەمەوپێش، لەوانەیە بێ گەڕانەوە بۆ ئەو کاتە، تابلۆ و دیمەنەکە تۆزێک لێڵ و ناڕوون دەرکەوێت. بیرتان بێت یەکێک لە باسە گەرمەکانی ئەوکاتە و یەکێک لە رۆژەڤە گرنگەکانی ئەو سەردەمە پڕۆژەی لامەرکەزی بوو. ئارگیومێنێتی پشتی ئەم داواکارییە ئەوەبوو گوایە داهات بەشێوەیەک سەردەمیانە و هاوسەنگ و بگرە دادپەروەرانە کۆناکرێتەوە و دابەش ناکرێت. 
بە کورتی و بە کوردی، باس لەوە دەکرا پشک و داهاتی زۆنی سەوز زیاترە و ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی هەولێر و لەوێ بۆ زۆنی زەرد خەرج دەکرێ، لە کاتێکدا ئەگەر لە سلێمانی بمێنێتەوە ئەوە هیچ بەشی مووچە دەکات، خەرجییەکانیشی پێ دابین دەکرێت. بۆیە داوایان دەکرد کۆتایی بە دیاردەی کۆکردنەوەی داهات بە شێوەیەکی ناوەندی و دابەشکردنی لە هەولێرەوە بهێنرێت.

ئەم داواکارییە بوو بە هەوێنی شەپۆلێکی گەورەی لامەرکەزیخوازیی، هەر لەو کاتەشدا دیاربوو ئەم داواکارییە خوێندنەوەی ورد و هەڵسەنگاندانی بابەتییانەی لە پشت نییە، جگە لە کۆنەقین و رق، وەهم و پڕوپاگەندویش تێڕوانینی بەڕێوەبەرانی ئەم پڕۆژەیەی لێڵ و تار کردووە و زۆر زیادەڕۆیی دەکەن لە خستنەڕووی راستی و داهات و ژمارەکاندا. 
ئەم گوتارە و بەڕێوەبەرانی زۆر پێداگر بوون كە ئەم دەستپێشخەرییە چارەسەری هەموو کەموکورتییەکانی سنووری سەوز دەکات. باسیشیان لەوە دەکرد كە دەرگای بەرەوپێشچوونی سلێمانی بە کلیلی لامەرکەزی دەکرێتەوە. هەر ئەوەیشیان کرد بە بەشێک لە خواستەکانیان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت رێکەوتنیشیان لەسەر واژۆ کرد.

ئەوەندی پێنەچوو پڕۆژەکە کە بارگاوی بوو بە رق و وەهم و پڕوپاگەندە، تووشی کێشە بوو. دەرکەوت پارە بەش ناکات و بە داهاتی سلێمانی بوجە بۆ پڕۆژەکان نییە و تەنانەت بەشی زۆری مووچەی مووچەخۆرانیش دابین ناکات. بە ئارامی و بە بێدەنگی راگەیاندن، پڕۆژەی لامەرکەزی دیزەبەدەرخۆنە کرا.   
ئێستە پاش ئەم هەموو سەرئێشەیە، جارێکیتر داوا دەکرێ داهاتی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تا گەرمیان هەمووی لە هەولێر کۆ بکرێتەوە و بە دادپەروەرانە دابەش بکرێتەوە. واتە گەڕانەوە بۆ مۆدێلەکەی رابردوو بە هەندێ دەستکارییەوە.
ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵگری چەند راستییەکە پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە: 

یەکەم، ددان پێدانانە بە شکستی پڕۆژەی لامەرکەزی و هەروەها لە خشتەبردنی خەڵکی زۆنی سەوز. 
دووەم، ئاماژەیە بەوەی ئەگەر یارمەتی و پاڵپشتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت، هیچ شوێنێکی ئەم هەرێمە ناتوانێ لەسەر قاچی خۆی بووەستێت و خۆی بەڕێوە ببات. 
سێیەم، جگە لەوانە، ئەمە شکستی گوتارێکی پۆپۆلیستیشە کە پێوەندی لەگەڵ واقیعدا یان نییە یان زۆر کەمە. بیرێکی تەریککەوتووی دوور لە جیهان و هزری سەردەمە، کۆمەڵێ دیوار و شورای بە دەوری خۆیدا کێشاوە و وا دەزانێ لە سەردەمی دەوڵەت/نەتەوەدا دەتوانێ سیستمی دەوڵەت/شار زیندوو بکاتەوە.   

ئەم شارچییانە بۆ خۆیشیان کەوتوونەتە داوی پڕوپاگەندەکانی خۆیانەوە و لەو راستییە دابڕاون کە لە ساڵی 1648ی زاینی و پاش واژۆکردنی پەیمانی وێستڤالیا و لەدایکبوونی دەوڵەت/نەتەوە و سەروەری، ئیدی بەرە بەرە مۆدێلەکانی بەدەر لە دەوڵەت/نەتەوە نەک باویان نەما، بگرە هەر ناشتوانن لەم جیهان و سەردەمە نوێیەدا بژین و درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن. 
بەڵام ئەوەی راستی بێت، ئەم گوتارە پۆپۆلیستییە تا ڕادەیەکی زۆر ناتوانێ خۆی لەگەڵ پێویستییەکانی ئەم سەردەمە بگونجێنێت. بە واتایەکی تر، دژی بەها و بنەماکانی جیهانی سەردەمی و رێساکانیەتی. لەو وەهمەدا وای دادەنێت كە دەتوانێ مۆدێلی دەوڵەت/شار نوێ بکاتەوە. 

وەک ئامۆژگاریش ئەم تێڕوانینە دەبێ لەوە ئاگادار بێت كە مۆدێلی دەوڵەت/شار ئەگەر وەڵامی پێویستییەکانی ئەم سەردەمەی بدایەتەوە، ئەوە دڵنیابن رۆژئاوا و زۆربەی رۆژهەڵات پێش کورد دەگەڕانەوە بۆ ئەو مۆدێلە. ئەو مۆدێلە بەشێکە لە مێژووی پێش جیهانی مۆدێرن و لەم جیهانەدا ناتوانێ هەڵ بکات و بژی.
با لە باسەکەمان زۆر دوور نەکەوینەوە، راستە دەستپێشخەرانی پڕۆژەی لامەرکەزی خۆیشیان لەوە گەیشتوون كە پڕۆژەكە هیچی پێ نییە، بەڵام ئێستە کاتیەتی رەهەندی تری ئەم باسە روون بکرێتەوە.

هەموو لایەنێک داوای ماف بەتایبەت مافە ئابوورییەکانی لە حکوومەت دەکات، بەڵام کەس باسی ئەرکەکانی ناکات. بۆ نموونە، حکوومەت لە سەریەتی بژێوی ژیان بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە لە هەموو گوند و شارەکان دابین بکات. بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە وەک ئەوەی هەندێ لایەن پێیان خۆشە تەنیا ئاوڕ لەمە بدرێتەوە و سەرنجی بخرێتە سەر. بەڵكو دەبێ ئەوەش روون بکرێتەوە كە حکوومەت مافی خۆی هەیە، بە تایبەتیش مافی خۆیەتی دەستی بە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم وڵاتە بگات و هێزی چەکداری بڕیاردەری سەرەتا و کۆتایی بێت و سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی لە دەستدا بێت و داڕێژەری سیاسەتی ئابووری و فەرهەنگی بێت. ئەمە سەروەریی وڵاتێکە و سەروەری وا پێناسە دەکرێت. 

بەڵام ئێستە گوتارێک لە هەرێمی کوردستان باوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات حکوومەت تەنیا ئەرکی هەیە. بۆ نموونە، دەبێ بە پارەی هەولێر و دهۆک، کورتهێنانی زۆنەکان پڕ بکاتەوە، چونكە لەسەریەتی وا بکات. بەڵام کە دەگاتە مافەکانی حکوومەت، دەڵێن نابێت و ستۆپی دەکەین. 
حکوومەت هەروەها کە ئەرکیەتی مووچە و بودجە دابین دەکات، دەبێ هەموو هێزێکی چەکدار بە ڕاستیی بێنەوە ژێر چەتری ئەو. لە هەمانکاتیشدا یەک سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ جێبەجێ بکات.

دەرفەتێکی گونجاو هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی وەک یەک پەکێج باس لە ئابووری و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پێوەندییەکانی دەرەوە بکرێ. زۆنەکان ئەگەر باسی مافەکانیان دەکەن، دەبێ ئەرکەکانیشیان جێبەجێ بکەن. بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، لە دوای ساڵی 1998 و رێکەوتنی ئاشتی واشنتۆن و دواتر یەکگرتنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 2005، سیاسەتی پینەوپەڕۆ و چاوپۆشی گیراوەتە بەر.

ئێستە کاتیەتی لەبری ستراتیجی پینەوپەرۆ و چاوپۆشی، گوتارێکی فرەڕەهەند بێتە ئاراوە، کە حکوومەت کرۆکەکەی بێت و جڵەوی سیاسەتەکەی بکات و ئەم دەسەڵاتە لە سەرووی زۆنەکانیشەوە خۆی پێناسە بکات، لەوەیش گرنگتر حزبەکان و زۆنەکان دابماڵێت لەو دەسەڵاتانەی لە بنەڕەتدا هی حکوومەتن و حزب دەستی بەسەردا گرتوون.

ئەگەر بابەتەکە لە پرسی ئابووری و چۆنیەتی کۆکردنەوەی داهاتدا کورت بکرێتەوە، ئەو کێشە بنەڕەتییەی نەبوونی سەروەری لە هەرێمی کوردستاندا، بەردەوام دەبێت و رێگری دەکات لە دروستبوونی حکوومەتێکی بەهێز و حوکمڕانییەکی تەندروست.