له ١٦ ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ تا ئه‌م ڕۆژانه‌ی ئێسته، هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك له گه‌وره‌ترین دابه‌زین و هه‌ڵبه‌زینه‌كانی مێژووی خۆی تۆمار كردووه. له‌و رۆژه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ماده‌ی 140 داگیر كران و لووله‌ی تفه‌نگ و تانكی چه‌ند وڵات رووی كرده ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان؛ كه‌م كه‌س بڕوای به‌وه هه‌بوو كوردستان جارێكی تر خۆی بگرێته‌وه. كونسوڵێكی ئه‌وروپی له هه‌ولێر له‌مباره‌یه‌وه گوتبووی: "وامان دانابوو هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هاتووه و به‌مزوانه ئێره چۆڵ ده‌كه‌ین".
به‌ڵام خواستی زۆر وڵات و لایه‌ن و پێشبینی هه‌ندێ كه‌س و شوێن راست ده‌رنه‌چوو؛ هیچ كه كوردستان نه‌كه‌وت ئێسته سه‌ر له‌نوی گه‌یشتووه‌ته‌وه قۆناغێك، به‌هێزترین جه‌مسه‌ری هێز له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی واته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و چه‌ندان وڵاتی تری ئه‌وروپی، چاویان له‌سه‌ر كوردستانه و هیوایان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌كته‌ر گرنگه جیۆئێكۆنۆمییه هه‌ڵچنیوه بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستی وزه‌یان به‌تایبه‌ت له بواری گازدا، بۆ پڕ بكاته‌وه.
له‌م ماوه‌یه‌دا چی رووی دا و چۆن ره‌وتی هاوكێشه‌كان گۆڕان؟ چۆن هه‌رێمی كوردستان له ئۆكتۆبه‌ری ره‌شه‌وه گه‌یشته ئه‌م قۆناغه‌ی ئێسته وا به‌رچاوی روونتره؟
ئه‌وه‌ی راستی بێت چه‌ندان رووداوی یه‌ك له دوای یه‌ك روویان داوه، هه‌روه‌ها ره‌وت و پرۆسه‌ی یاریكردن له ناوچه‌كه و هه‌روه‌ها دنیاشدا گۆڕانكاری خێرا و بگره بنچینه‌ییشی به‌سه‌ردا هاتووه. كۆی ئه‌مانه ده‌توانن پێكه‌وه گۆڕانكاری له پێگه و جێی هه‌رێمی كوردستاندا شرۆڤه بكه‌ن. لێره‌دا به خێرایی ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌ین.
١- خۆڕێكخستنه‌وه له پردێ و سحێلا: راسته كورد له ١٦ ئۆكتۆبه‌ردا كه‌وت، به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو له‌ڕووی سه‌ربازی و ته‌ناهییه‌وه خۆی رێكخسته‌وه. ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌وه هه‌بوو كوردستان ده‌بێت خۆی به‌ڕێوه ببات و جارێكی تر نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژێر پۆستاڵی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب، له ژێر سه‌یوانی فه‌رمانده و فه‌رمانده‌ییه‌كی تۆكمه‌دا كۆبوونه‌وه. له ٢٠ ئۆكتۆبه‌ردا یه‌كه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی كورد و به‌ره‌ی به‌رانبه‌ر له پردێ رووی دا. دژبه‌ران چاوه‌ڕێ بوون ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك بۆیان چووه‌ته‌سه‌ر، وه‌ك دۆمینۆ له ناوچه‌كانی تری كوردستانیش دووپاتی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام تێكوپێك شكێنران. شه‌ش رۆژ دواتر له سحێلاش تووشی به‌زینی له‌وه گه‌وره‌تر هاتن، كاتێ ویستیان شاده‌ماری ئابووری و سیاسی كوردستان له ناوچه‌ی خاپوور داگیر بكه‌ن.
ئه‌م دوو شه‌ڕه گه‌وره‌یه سه‌لماندی هه‌رێمی كوردستان ئیراده‌ی مانه‌وه‌ی به‌هێزتره له ئیراده‌ی چۆكدادان و ئه‌گه‌ر یارمه‌تییه‌كی ئه‌وتۆی سه‌ربازیشی پێشكه‌ش نه‌كرێت، ده‌توانێ پارێزگاری له بوون و ناسنامه‌ی خۆی بكات.
٢- هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له ساڵی ٢٠١٨ : دوای ئه‌م سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه، قۆناغی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی سیاسی و هزریش ده‌ستی پێ كرد. ده‌بوو سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كان و هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتنی ئه‌نجامدانی گشتپرسی، بكرێن به ده‌ستكه‌وتی سیاسیی به‌هێز بۆ گره‌نتیكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و ساته‌وه‌خته‌دا.
هه‌ڵبژاردن ده‌یتوانی باشترین رێ بێت بۆ ئه‌م سیاسه‌ته. ئه‌وه‌بوو له هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له ١٢ ئایاری ٢٠١٨ و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ٣٠ ئه‌یلوولی ٢٠١٨، ئه‌نجامه‌كان سه‌رسوڕهێنه‌ر بوون. كه‌س چاوه‌ڕێی نه‌ده‌كرد ناسنامه‌ی كوردستانی به‌مجۆره سه‌ربكه‌وێت و ئه‌وانه ته‌پڵی عێراقچییه‌تیان لێ ده‌دا، به‌م جۆره متمانه‌ی خه‌ڵك له ده‌ست بده‌ن.
به‌ره‌ی كوردایه‌تی پێشانی دا له به‌خشینه‌وه‌ی مانا به جه‌ماوه‌ردا بێ ركابه‌ره؛ هه‌روه‌ها به‌ها و بنه‌ما و باوه‌ڕه‌كانی ناسنامه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه، پێناسه ده‌كه‌ن.
ئه‌م دوو سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازی و سیاسی و بگره دیپلۆماسییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌رگری له مانه‌وه‌ی كوردستان كرد، ئه‌وه‌شی بۆ هه‌موو لایه‌ك روون كرده‌وه كه كوردستان به‌هێزه و ده‌توانێ له هاوكێشه گه‌وره‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌دا رۆڵ بگێڕێت. واته جارێكی تر و به پێچه‌وانه‌ی حه‌ز و ویستی زۆر لا، خۆی به به‌هێزی به‌سه‌ر ژینگه‌ی ستراتیجی ناوچه‌كه‌دا سه‌پاند.
٣- گۆڕانكاری له ڕوانگه‌ی ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا به‌رانبه‌ر به عێراق و ناوچه‌كه: ئه‌م گۆڕانكارییه ناوخۆیانه هاوكات بوون له‌گه‌ڵ گۆڕانی روانگه و تێڕوانینی رۆژئاوا به‌رانبه‌ر به به‌ڕێوه‌بردنی عێراق. ئه‌وه‌ی دیاره تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٨، ئه‌مه‌ریكا بڕوای به به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌شی عێراق له‌گه‌ڵ تاران‌دا هه‌بوو. واته تا ئه‌م كاته پێكه‌وه نه‌زم و سیستمی سیاسیی عێراقیان داده‌ڕشت و به‌ڕێوه‌یان ده‌برد. ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی كه‌متری به كورد ده‌به‌خشی و رۆژ له دوای رۆژیش بیرۆكه‌ی "یه‌كه‌م به‌غدا" په‌لی زیاتری ده‌هاویشت.
ئه‌م هاوكێشه‌یه له ٢٦ كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٨ كۆتایی هات، كاتێ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌دی له ئه‌نبار كرد. سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ به ئاشكرا رای گه‌یاند، چیتر كار به بنه‌ما پێشووه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی عێراق ناكه‌ن و هاوبه‌شییان كۆتایی هاتووه له‌گه‌ڵ تاران‌دا. له‌و قۆناغه‌وه تا ئێسته ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌ره‌به‌ره و به چه‌ند قۆناغێك، به‌ڵام به خشكه‌یی، پێداچوونه‌وه‌یان كردووه به سیاسه‌ته‌كانیان. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بنه‌مایه‌كی تازه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عێراق دابڕێژن و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا رۆژ له دوای رۆژ هه‌ژموونی تاران له به‌غدا كاڵ ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه هه‌یه به‌ره‌یه‌كی نوێ له عێراقدا دابمه‌زرێت كه به‌شی زۆری ناوچه‌كه و رۆژئاواش پاڵپشتی ده‌كات. سه‌ره‌تاكانی ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌ركه‌وتوون. ته‌نانه‌ت له دواین هه‌ڵبژاردنی عێراقیشدا كار به‌م ستراتیجه كرا.
هه‌روه‌ها له كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ له كۆبوونه‌وه‌ی به‌غدا ٢ له ئوردن به نافه‌رمی به‌شێكی تری ئه‌م ئه‌جێندایه خرایه‌ڕوو؛ كاتێك سه‌رۆكی فڕه‌نسا له دیدارێكی نهێنیدا به به‌شداری عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی و بێ بانگهێشتكردنی تاران و ئه‌نكه‌ره، چوونه كۆبوونه‌وه و رایان گه‌یاند، عێراق و ته‌نانه‌ت سووریا و لبنانیش سه‌قامگیری به خۆیانه‌وه نابینن مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی تاران كه‌م بكرێته‌وه. ئه‌م هاوكێشه تازه‌یه ده‌رفه‌تی زیاتر به كورد ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ونی تازه‌ی رۆژئاوا بێ كورد ئه‌سته‌مه سه‌ر بگرێت. هه‌روه‌ها ئه‌م پلانه ناچاره له‌به‌ر كورد سیاسه‌تی ئه‌وبه‌ر بوونی به‌غدا تۆزێ كاڵ بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش واته گوشاره‌كانی سه‌ر هه‌ولێر خاوتر ده‌بێته‌وه.
٤- شه‌ڕی ئۆكراینا: له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا هاوكێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیش وه‌ك فاكته‌رێكی یارمه‌تیده‌ری گه‌وره، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی كورد دروست كرد. سه‌ره‌تا وا هه‌ست ده‌كرا ده‌رهاویشته‌كانی له‌شكركێشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا، كوردستان ناگرێته‌وه، به‌ڵام هێدی هێدی ده‌ركه‌وت ئه‌م شه‌ڕه ده‌رفه‌تێكی مێژوویی بۆ كورد كردووه‌ته‌وه. ئه‌وروپا پێویستی به گاز هه‌یه، نه خۆیان و نه ئه‌مه‌ریكاش نایانه‌وێت له رووسیا هاورده‌ی بكه‌ن. كوردستانیش یه‌ده‌گێكی گه‌وره‌ی گازی هه‌یه. ئۆتۆماتیكی كوردستان ده‌توانێ له‌بری رووسیا ببێت به یه‌كێك له به‌ربژێره‌كانی پڕكردنه‌وه‌ی پێویستی گازی ئه‌وروپا.
ئه‌گه‌رچی له یه‌ك ساڵی رابردوو ده‌ستێكی ناوخۆیی به پاڵپشتی ده‌ره‌كی ئاسته‌نگیان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دروست ده‌كرد. به‌ڵام هاتنی شاندێكی پایه‌به‌رزی ئه‌مه‌ریكی به سه‌رۆكایه‌تی برێت مه‌كگۆرك هاوئاهه‌نگیكاری كۆشكی سپی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا، بوونی ئامۆس هۆشتاین رێكخه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له بواری ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزه‌دا، نیازی رژدی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپای بۆ هه‌نارده‌كردنی گازی كوردستانی ده‌رخست. هۆشتاین ئه‌وه‌نده رژد بوو، خێرا و پاش به‌جێهێشتنی كوردستان، پێوه‌ندی به مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه كرد و پێكه‌وه دواین په‌ره‌سه‌نده‌كانی ئه‌م بواره‌یان تاوتوێ كردووه.
نكوڵی لێ ناكرێ كوردستان ئه‌گه‌رچی له پێنج ساڵی رابردوودا یه‌كێك له سه‌خترین قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی خۆی بڕیوه، به‌ڵام هه‌نگاو له دوای هه‌نگاو توانی خۆی له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كاندا بگونجێنێت و ئێسته له ئه‌نجامی به یه‌كگه‌یشتنی چه‌ندان فاكته‌ری كوردستانی و عێراقی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ولێر ده‌رگای تازه‌ی بۆ كه‌وتووه‌ته سه‌رپشت، هه‌رچه‌ند رێیه‌كه زۆر قورس و سه‌خته.