بە یەکگەیشتنی بەرژوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا

PM:12:02:01/02/2023 ‌

یەکەم: دوای هاتنە سەرکاری "باراک ئۆباما" سەرۆکی پێشووتری ئەموریکا، بەرە بەرە تێگەیشتن و تێروانینێکی وا دروست بوو کە چۆنیەتی دابەشبوونی هێز لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئەگەر لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت تا ساڵی 2008 زۆرینەی هێز لە دەستی ئەمەریکادا کۆبووبووەوە، لەم قۆناغە بەدواوە ئیتر بابەتی پەرتەوازەبوونی هێز یان بڵاوبوونەوەی هێز ((Diffusion of power سەری هەڵداوە. بە جۆرێک دەکرێ بڵێین هێزی ئەمەریکا لەچاو جاران داکشاوە و هێزی رکابەرەکانی بەتایبەت چین و چەند وڵاتێکی تر، هەڵکشاوە. 
ئەمە وای دەکرد پێکهاتەی سیستمی نێودەوڵەتی زۆر بە زەحمەت بە تاکجەمسەری بمێنێتەوە، واتە دەرگای رۆشتن بەرەو سیستمی فرەجەمسەری کرابووەوە. ئەمەریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ئاڵوگۆڕە، دەستی دایە چەندان گۆڕانکاری گەورە. ویستی کارتەکانی لەم قۆناغی راگوزەرەدا بە جۆرێک رێک بخاتەوە و بیانباتە کار، بتوانێ لە قۆناغی داهاتوویشدا پارێزگاری لە پێگە و باڵادەستبوونی خۆی لە سیستمی ئابووری و سیاسی نێودەوڵەتیدا بكات. 
لەبەرئەوەی گەشەی چین مەترسییەکی گەورەی بۆ پێگەکەی درووست کردبوو، ئەمەریکا سیاسەتی وەرچەرخان بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیای ((pivot to East Asia دەست پێ کرد، بە بەرنامەیەک كە خۆی لە راگرتن و لە قاڵبدانی چیندا دەبینییەوە. 
هەروەها لە ناوخۆشدا دەست کرا بە قۆناغی بووژانەوەی ئەمەریکا، وا دەخوێنرایەوە كە لەبەر کۆمەڵێ شەڕی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها تێوەگلان لە چەندان دۆسیەی تری ناپێویست، ناوخۆی پشتگوی خستووە، ئەمەیش کۆڵەکەکانی حوکمڕانی و بناغەکانی خزمەتگوزاری بەرەو لاوازی و بگرە داڕمان بردووە. باشتر وایە نوێ بکرێنەوە و ئەمەریکا لە ناوخۆدا بەهێز بکرێتەوە. بۆیە سیاسەتی هەڵسانەوەی ئەمەریکا، پەرەی پێ درا. 
ئەم دوو پلانە وایدەکرد باری سەرنجی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو رۆژهەڵاتی ئاسیا و ناخۆی ئەمەریکا بگۆڕێ. لەچاو جاران گرنگی کەمتر بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بدرێ و وەبەرهێنانی کەمتری تێدا بکرێ. لە ڕاستیدا ئیتر ئەم ناوچەیە ئەولەویەتی ئەمەریکا نەبوو و نرخی ستراتیجشی لەچاو دەیەی رابردوو  دابەزیبوو. 
وەک دەرئەنجام، ئەم دۆخە بە قازانجی کورد نەشکایەوە، کورد بۆ هەناسەدان لە ناوچەکەدا، هیچ دۆستێکی نییە، دەورە دراوە بە نەیار، هەربۆیە پێویستی بە رۆژئاوا هەبوو، بەڵام رۆژئاوا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە کوردستان، رۆژ لە دوای رۆژ پاشەکشێی دەکرد. لەم دۆخەدا گوشاری سەر کورد زیاتر و پاڵپشتی لێی کەمتر بوویەوە.     
دووەم: هەروەك ئاماژەی پێکرا، کوردستان یەکەیەکی جیۆپۆڵەتیکی ناوچەکەیە لە دۆخێکی گەمارۆ دراودا، زۆر بە زەحمەت دەژی. گوشاری لەرادەبەدەری دراوسێکانی رێگە نادات پێش بکەوێت. تواناکانیشی بە زۆری بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی ئەوان دەڕوات. ئەم دۆخە زیاتر لەبەرئەوەیە كە کورد لە تەنیاییەکی ستراتیجیدا دەژی. رۆژئاوایش وەک نزیکترین هاوپەیمانی ئامادە نییە لەخۆی بگرێ و پابەندبوونێکی روون و ئاشکرا دابنێت بۆ چۆنیەتی پاراستنی کوردستان و وا بکات ناوچەکە دەستی تێوەرنەدەن و ناسەقامگیری نەکەن. 
بۆ نموونە، ئەمەریکا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەڕێی دوو میکانیزم و هاوپەیمانێتییەوە، هاوپەیمان و دۆستەکانی دەپارێزێت. 
لە ناتۆ بە ڕوون و راشکاو نووسراوە هەرکەس دەست بۆ وڵاتێکی ئەندام ببات، وڵاتانی تر بە تایبەت ئەمەریکا، لەسەری دێنە دەنگ و بەرپرچی پەلاماردەر دەدەنەوە. یان ئەمەریکا جۆرە هاوپەیمانیەکی تری هەیە بەناوی هاوپەیمانی سەرەکی دەرەوەی ناتۆ ((Major non-NATO ally (MNNA). مامەڵەیەکی تایبەتی تەناهی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکات. تا ڕادەیەکی زۆر ئاسایشیان دابین دەکات و یارمەتیدەریانە لەم بوارەدا. 
هەر لەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەدا، چەندان وڵات بە هاوپەیمانی سەرەکی دەرەوەی ناتۆی ئەمەریکا هەژمار دەکرێن. لەوانە قەتەر و کوێت و میسر و بەحرەین و ئۆردن. بەڵام ئەمەریکا ئامادە نییە لەبەر کۆمەڵە هۆکارێ سەرچاوەی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی کوردستان دابین بکات. بۆیە دەتوانین بڵێین پاراستنی ئاسایشی کوردستان هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە. 
سێیەم: راستە ئەمەریکا پاشەکشێی رێژەیی کردبوو لە ناوچەکە، بەڵام هاوکێشەییەکی تر پلانەکانی تۆزێ گۆڕی. ئەمەریکا دوا بەدوای شەڕی ئۆکراینا و سەرهەڵدانی قەیرانی وزە و هەروەها بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی فرۆشتنی وزەی رووسیا، ناچار بووە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە. 
ئەگەر ئەمەریکا لە ماوەی 34 ساڵی رابردوودا خۆی بەدوور دەگرت لە دەستێوەردان و بەشداری راستەوخۆ لە پرسەکانی کوردستان و عێراقدا، ئێستە بە قورساییەوە گەڕاوەتەوە. لەم مانگەدا شاندێکی فەرمییان بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک ڕێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا و بە بەشداری ئامۆس هۆشتاین رێکخەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە بواری ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزەدا، سەردانی کوردستانی کردووە. 
هەروەها زانیاری پشتڕاستنەکراوی رۆژنامەنووسان باس لەوە دەکەن كە مەکگۆرک جارێکتیریش بە نهێنی سەردانی کوردستانی کردووەتەوە. سەرچاوە و ناونیشانی ئەم گەڕانەوەیەش تەنیا یەک شتە، گازی کوردستان.
بەپێی پێشبینییەکان، کوردستان یەدەگێکی گەورەی گازی هەیە و لەبەر هەڵکەوتە جیۆگرافییەکەی یەکێکە لە باشترین بەربژێرەکان بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی وزەی وڵاتانی ئەورووپی. وەبەرهێنان لەم هەرێمەدا دەتوانێ دەستی رۆژئاوا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا و دۆستەکانی زیاتر بکاتەوە. گوشار و پاڵەپەستۆی سەر ئەوان خاو بکاتەوە. دەرگای ئەوەشیان بۆ بکاتەوە داوای ئیمتیازی زیاتر لە بەرەی رۆژهەڵات بکەن. 
چوارەم: ئەگەر ئەم کۆدانە دانە دانە بخەینە پاڵی یەک، دەبێتە بابەتێکی جێ سەرنج. 
- ئەمریکا پاش پاشەکشێیەکی رێژەیی، گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە. هۆی گەڕانەوەکەی رێکخستنەوەی کەرتی وزەیە، بەتایبەت گاز. رێکخستنەوەی ئەم کەرتە رکابەرەکانی ئەمەریکا لاواز دەکات و کارتەکانی دەستی واشنتۆنیش بۆ رەنگڕێژکردنی قۆناغی داهاتووی سیستمی نێودەوڵەتی، دەوڵەمەندتر دەکات.
کوردستان: دوای چەندان ساڵ گوشاری لەرادەبەدەری هەرێمی و پشتگیرینەکردنی لەلایەن رۆژئاواوە، سەرلەنوێ بووەتەوە جێی سەرنجی جیهان. لەبەر چی؟ چونكە گازی هەیە و بە ئاسانتر لە شوێنەکانی تر دەکرێ بگاتە ئەورووپا. بەڵام کوردستان لە نەزمێکی هەرێمیدا کە دەیەوێ قووتی بدات و دیاریش نییە چۆن دەپارێزرێت؟ واتە گەرەنتی مانەوەی زۆر لاوازە و لە هەر ئانووساتێکدا دەکرێ هاوپەیمانێتیەکی هەرێمی پەلاماری بدات و کێشەی گەورەی ئەمنی بۆ دروست بکات. بەڵام ئاماژەی زۆر هەن دەریدەخەن بۆ ئەمجارە کورد و رۆژئاوا دەتوانن یارییەکی براوە براوەی ((Positive sum game هاوسەنگ بکەن. 
کوردستان دەتوانێ یارمەتی رۆژئاوا بدات بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوویشدا لە سیستمی نێودەوڵەتیدا باڵادەست بێت و پێگەی پارێزراو بێت، بەڵام پێش مەرجی ئەمە، ئەوەیە رۆژئاوا پاراستنی ئاسایش و تەناهی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکات. واتە رێوشوێنی روون و ئاشکرا دابنێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەم هەرێمە. بە جۆرێك هیچ وڵاتێک نەوێری دەست بۆ کوردستان ببات. 
هەلێکی گەورەی مێژوویی هاتووەتە پێشەوە، کورد سەرچاوە سروشتییەکانی بکاتە دەستکەوتی سیاسی و رۆژئاوایش ناچار بکات یەکێک لە خەمە سەرەکییەکانی بڕەوێنێتەوە و رزگاری بکات لە هەڕەشەی دەورووبەر. هەرچەندە ناکرێ ئاماژە بەوەش نەکەین كە هەلی گەورە هەمیشە هەڕەشەی گەورەیشی لەگەڵدایە.