پێوەندییەکانی ئەمەریکا و کوردستان و تێپەڕاندنی شەوارەی تاکتیک

AM:10:33:15/03/2023 ‌
چەند مانگێکە هەست بە جووڵەیەکی تازەی دپلۆماسی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت. لەم جووڵە تازەیەدا ئامادەیی ئەمەریکا فرەوانتر لە قۆناغی پاش 16ی ئۆکتۆبەری رەش، دەردەکەوێت. لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا دوو شاندی پایەبەرزی ئەمەریکی سەردانی کوردستانیان کردووە. 
سەرەتا "برێت مەکگۆرک" هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوری ئەفەریقا و  "ئامۆس هۆشتاین" ڕێكخه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تیی ئەمەریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزه،‌ لە 16ی کانوونی یەکەمی رابردوو سەردانی هەولێریان کرد. ئەگەرچی چەند راپۆرتێکیش باس لەوە دەکەن مەکگۆرک جارێکی تریش بە نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کوردستان کۆبووەتەوە. پاشان "لۆید ئۆستین" وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە هەشتی ئەم مانگە و لە گەشتێکی رانەگەیەندراودا، هاتە هەولێر.

ئێستە ئەو پرسیارە دروست بووە چی وا دەکات ئەمەریکا جارێکی تر بەم قورساییەوە بگەرێتەوە؟
زۆربەی شارەزایان باس لە گرنگی وزە دەکەن، کوردستان گازی سروشتی هەیە و دەتوانێ بەشێک لە پێویستییەکانی هاوپەیمانانی ئەمەریکا بەتایبەت لە ئەورووپا، پڕ بکاتەوە و بەم جۆرە گوشاری مۆسکۆ و بگرە تارانیشیان لەسەر خاو بکاتەوە. 
هەروەها فاکتەرێکی گرنگتریش هەیە، ئەمەریکا شەڕی ئۆکراینای کردووە بە خاڵی وەرچەرخان بۆ رەنگڕێژکردنەوەی سیستمی نێودەوڵەتی. واتە جارێکیتر دەیەوێ لەبەر رۆشنایی ئەم شەڕ و پێکهەڵپژانەی كە پریشکەکانی ناوچەکەی ئێمەیشی گرتووەتەوە، نەزمێکی تازەی جیهانیی جێگیر بکاتەوە. بەوەیش بەرژوەندییەکانی خۆی تا چەند دەیەی داهاتوو مسۆگەر بکاتەوە. 
ئێستە ئەم دوو بابەتە گرنگە لەگەڵ چەندان پرس و بابەتی تردا، وا دەکەن ئەمەریکا پێویستی بە کورد بێت و لەوانەیشە لە ئەنجامدا ئەم فاکتەرانە هاندەر بن بۆ ئەوەی ئەمەریکا لێرە وەبەرهێنانی سیاسی و ئابووری گەورە بکات. لە سەروبەندی شەڕی داعشیشدا تێگەیشتنێکی لەم چەشنە لە کوردستان دروست بووبوو. 
ڕاستییەكەی ئەمەریکاییەکان ئامادەییەکی فراوانیان لێرە هەبوو. شەڕی تیرۆر وایکردبوو ئەمەریکا بە چاوی بایەخەوە لە هەرێمی کوردستان بڕوانێت. بە ڕواڵەت پێوەندییەکانی کوردستان و ئەمەریکا گەشەیەکی یەکجار زۆری بەخۆیەوە بینی. ناو بەناو بەرپرسانی هەردوولا کۆدەبوونەوە. ئیتر وا هەست دەکرا پێوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ کوردستان گەیشتوونەتە ئاستێکی پەرەسەندوو.  
مەبەست لە پەرەسەندوو، ئەوەیە ئەوان سیاسەتێکی دەرەوەی گشتگیریان بەرانبەر بە کوردستان ئامادە کردبێت. لەم سیاسەتە گشتگیرەدا بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان بە روونی و راشکاوی پێناسە کرابێت و ئاماژەیان پێ کرابێت. هێڵ و سوورەکان بە وردی دیاری کرابن. لە ئەنجامی ئەم پێشەکیەدا ئەمەریکا بۆ هەر پرسێک، ستراتیجی هاتنە ناوەوە و چوونە دەرەوەی دانابێت. بزانێ لە کوێ و لە چ کاتێکدا بێتە ژوورەوە و لە کوێ و لە چ کاتێکدا لێی دەربچێت. بۆ بەدیهێنانی ئەم تێڕوانینەیش چەندان پلانی جۆراوجۆر و سەرچاوەی پێویستیان تەرخان کردبێت.  
ئەمەریکا بۆ زۆربەی شوێن و وڵاتانی جیهان ئەم سیاسەتە گشتگیرەی هەیە. تەنانەت بۆ زۆر گەل و نەتەوەی بێ دەوڵەتیش هەر وایە. ئیدی بە شێوەیەکی سەرەتایی و دەڵەمەیی و بێ دوورەدیمەنی روون، سیاسەت ناکات. 
ئەو سەرەتا ئیش ناکات پاشان بیر بکاتەوە. بەپێچەوانەوە سەرەتا بیر دەکاتەوە و پلانی فرەڕەنگ و فرەچەشنی بۆ دادەنێت، پاشان کارەکە دەکات. کەوابوو لەم جۆرە پێوەندییانەدا قۆناغی سیاسەتی بە تەکتیک ژیانی کۆتایی پێ هاتووە و بە ستراتیجی دوور و دوورمەودا سەیری هاوکێشەکان دەکرێت.
هەروەک ئاماژەی پێکرا، وا هەست دەکرا لە ئەنجامی هەڵکشانی پێوەندییەکانی هەردوولا لە ماوەی ساڵانی 2014 تا 2017، ئەمەریکا ئەم بەربەستەی تێپەڕاندوو و ئیتر ئەم بۆشاییە نابێتە سەرچاوی لێکتێنەگەیشتن و زەرەر و زیانی دوو لایەنە.
ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ بۆچوونی گەلی کوردستان، بوو بە وێستگەیەکی زۆر گرنگ بۆ ئەوەی ئاستی ئەم پەرەسەندنە تاقی بکرێتەوە، ئاخۆ ئەمەریکا بۆ زۆربەی پرسە هەستیار و گرنگەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سیاسەتێکی گشتگیر و فرەوانی هەیە؟ بەو جۆرەی لە سەرەوە روون كراوەتەوە.
ڕیفراندۆم و دەرهاویشتەکانی بە تایبەت رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، دەریخست سیاسەت و پێوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ کورد، تا ڕادەیەکی زۆر قۆناغی دەڵەمەیی و سەرەتایی نەبڕیوە و ئەو پێوەندییانەیش هەر لە تەشریفات و پرۆتۆکۆلدا ماونەتەوە. 
ئەمەریکاییەکان لە ڕیفراندۆمدا نەیاندەزانی چۆن و چی بکەن و چ هەڵوێستێکیان هەبێت، هەگبەی پلانە ستراتیجییەکانیان نزیک بوو لە بەتاڵ. هێڵی سووریان دیار نەبوو. نەیاندەزانی چۆن خۆیان و ئامادەییان و بەرژەوەندییەکانیان لێرە پێناسە بکەن. دەستوەستان لە سووچێکدا لێی وەستابوون. هەر ئەمەیش بوو بە بۆشاییەکی گەورە لە ناوچەکەدا. لە ئەنجامدا وڵاتانی تری هەلپەرستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆشایی نەبوون و تێگەیشتنی سەرەتایی ئەمەریکایان پڕ کردەوە و داواجاریش واشنتۆن ناچار بوو مل بەو راستییە بدات و تەنانەت گڵۆپی سەوزیش هەڵ بکات بۆ نەیار و رکابەرەکانی، بۆ ئەوەی بە زیانی خۆی و هەرێمی کوردستان دەسکەوت و قازانج بچننەوە. 
زۆربەی وێرانکارییەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و پاش ئەو رێکەوتە، لە ئەنجامی ئەوەبوو ئەمەریکا ساڵانێکی زۆر کات و وزەی لە کوردستان بە فیڕۆ دابوو و خۆیشی نەیزانیبوو چی دەوێ و چی دەکات!!! لەوەش سەیرتر ئەوەبوو کوردیش کارێکی ئەوتۆی نەکردبوو، ئەم کەلێن و تێنگەیشتووییە چارەسەر بکات و ئەم هەلومەرجە بۆ ئەمەریکاییەکان روون بکاتەوە و پێشانیان بدات كە ئەوەی لە کوردستان ئاراستەیان دەکات، ستراتیجێكی روون نییە و بە پێچەوانەوە تەکتیکی کورتخایەنە و تووشی شەوارەی کردوون. 
دەکرێ تەنانەت چەمکی تووشبوون بە شەوارەی تاکتیکی بۆ ئەم پێوەندییانەی ئەمەریکا لەگەڵ کوردستان دابنرێت. لە ئەنجامی ئەم روونکردنەوەیەدا کورد پێشنیاری خۆی بخاتە ڕوو و هەوڵ بدات ئەم قۆناغە راگوزەرە بە خێرایی کۆتایی پێ بێنێت و پێوەندییەکانی هەردوولا بگەیەنێتە کەناری لێکتێگەیشتن و کۆکردنەوەی بەرژەوەندی هەردوو لا.
بەڵام هەرێمی کوردستان ئەمجارە هەلێکی زۆر گەورە و سەرەنجڕاکێشی بۆ هاتووەتەوە پێشەوە. ئەگەر وەک قۆناغی رابردوو لێی بڕوانێت، ئەگەری زۆرە لە کیسی بچێت، بەڵام ئەگەر سیاسەتێکی تازە بگرێتە بەر، لەوانەیە ئەنجامەکان زۆر جیاواز بن. 
پێدەچێت زۆر پێویست بێت کورد ئەمجارە بە بوێری و زمانی راشکاوی دپلۆماسیی لەگەڵ ئەمەریکا قسە بکات و کارتەکانی لە ناوچەکە و ئەورووپا و تەنانەت ناوخۆی ئەمەریکایش، بە جۆرێک بجووڵێنێت كە واشنتۆن لەوە تێبگات سیاسەتی لە کوردستاندا پڕە لە کەموکورتی، ئەمەیش بە زیانی هەردوولایانە.
کورد لەم پێناوەدا دەتوانێ پرۆگرامێکی فرەچەشن دابنێت و بیکات بە سەرەتایەک بۆ دانووستانی پڕکردنەوەی بۆشایی لەگەڵ ئەمەریکادا. لە باتی ئەوەی بوەستێت تا ئەمەریکا بە دەیان ساڵ پێوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان بگەیەنێتە ئاستی پەرەسەندوو، خۆی هەوڵ بدات ئەم قۆناغە راگوزەرە کورت و کورتتر بکاتەوە. هاتنەوەی ئەمەریکایش یارمەتیدەری سەرەکی ئەم پرۆگرامە دەبێت.