هەڵبژاردن و قەیرانی سیستمی سیاسی کوردستان

AM:10:30:24/05/2023 ‌
دەمێکە باس باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. لە رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی 2022 تەمەنی پەرلەمان لەبەر بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن بۆ یەک ساڵ درێژ کرایەوە. وا بڕیار بوو لەم ماوەیەدا هەڵبژاردن بکرێت، کەچی تا ئێستە نیوەی کاتەکە رۆشتووە و هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەڵنەگیراوە. بە ڕواڵەت چەند بەربەستێک بوونەتە رێگر لە هەڵبژاردن، لەوانە: بابەتی چوار بازنەیی یان یەک بازنەیی، تۆماری دەنگدەرانی کوردستان یان عێراق، كورسیی کۆتاکان ..... 

لەسەر ئەمانە زۆر قسە دەکرێت و وا وێنا دەکرێت كە هۆی راستەقینەی دواکەوتنی هەڵبژاردنن، بەڵام پێدەچێت چەند خاڵێکی هەستیاری دیکە لە پشت ئەم هەلومەرجەوە بن کە پێوەندارن بە سیستمی سیاسی کوردستانەوە و پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و وەک خۆیان بخوێنرێتەوە و لەبەر رۆشنیان، رێگاچارەی روون بۆ ئەم قۆناغە و زۆربەی کایەکانی تری سیاسی هەرێمی کوردستان دابنرێت.

سیستمی سیاسی کوردستان لە دوو زۆنی سەرەکی خاوەن ڤیتۆ پێک دێت، لە ساڵانی دوورتر بەتایبەت لە دوای رێکەوتنی واشنتۆن لە 1998 تا ساڵی 2009، لەبەرئەوەی هێز بە یەکسانی لە نێوانیان دابەش بووبوو، هەردوو زۆنەکە کە کۆئەندامی سیستمەکەیان پێک دەهێنا، تەندروست بوون و نەخۆشییەکی قورسیان نەبوو، بۆیە بە یەک خێرایی هەنگاویان هەڵدەگرت و سیستمەکە سەرەڕای کەموکورتی، هاوئاهەنگ دەچووە پێشەوە و وەک یەک سیستم خۆی وێنا دەکرد.

لە دەرئەنجامی کۆمەڵێک رووداو و رەوتی نوێ، لەوانە: دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، نەخۆشکەوتن و دواتر کۆچی دوایی مام جەلال، ململانێی ناوخۆیی باڵە جۆراوجۆرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وایکرد زۆنێك بەرەو پووکانەوە بڕوات. بە کردەوەیش یەکێتی ژمارەی کورسییەکانی کەمیی کرد، پێگەیان لەلا ڕووی سیاسییەوە دابەزی، توانایان وەک رازیکردن و قەناعەتپێکردنی رای گشتیی کەمتر بووەوە، سەرەداوەکانی هزر و گوتاری خۆیان ون کرد و لە نێوان عێراقچی و کوردایەتیدا، دەستەوەستان مانەوە. 

لە بەرانبەریشدا ئەو بەشەکەی سیستمەکە واتا زۆنی زەرد، بە خێرایی خۆی نوێ و بەهێز کردەوە و کارتەکانی بەردەستی فرەچەشن کرد. ناوەندێکی بڕیاری بەهێزی دانا و خۆیان بە کردەوە کرد بە دەمڕاستی پرسی کورد و گوتاری کوردایەتی، ژێرخانی ئابووریان زیاتر پێش خست و خۆیان وەک نیوچە دەوڵەتێک لە ئاستی جیهاندا، دەرخست.

ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان دروست کردووە؟ لەڕاستیدا نیوەی جەستەی سیستمەکە، تووشی نەخۆشی و بگرە جۆرە ئیفلیجییەکیش بووە، بۆیە سیستمەکە لە ساڵی 2013ـەوە تا ئێستە تووشی چەقبەستن بووە و بە لارەلار هەنگاو هەڵدەگرێت و ناتوانێت وەک جەستەیەکی ئاسایی ئەرکەکانی راپەڕێنێت. ئەو بەشەکەی تریشی زۆر بزێو و چالاکە و دەیەوێت خێراتر هەنگاو هەڵبگرێت.   

لە ساڵی 2014 و لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارتی بەهاوکاری بزووتنەوەی گۆڕان ویستی ئەم دۆخە چارەسەر بکەن و سیستمەکە بە جۆرێک راست بکەنەوە لەگەڵ واقیعی نوێی هەرێمی کوردستاندا یەک بگرێتەوە. بەڵام بەربەستێکی گەورە هاتە پێشەوە.یەکێتی وەک حزب هەروەک ئاماژەمان پێدا زۆر لاواز بووە، بەڵام وەک دامەزراوەی حوکمڕانی و بەڕێوەبەری زۆر کارت و ئامرازی بەدەستەوەیە.

 
ئەوان هێزی چەکداریان هەیە و ئابوورییەکی فراوانیان بەدەستەوەیە و بیرۆکراسی زۆنەکەیشیان کۆنترۆڵ کردووە ..... . هەروەها لە ناوچەکەشدا و بگرە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەو ئەکتەرانەی بەرژوەندییان لە کوردستاندا هەیە جارێ حەز بەوە ناکەن ئەم هاوسەنگی هێزەی نێوان زۆنی سەوز و زەرد بکەوێت و کار بۆ ئەوە دەکەن کوردستان جارێ نەبێت بە خاوەنی یەک ناوەندی بڕیار و یەک سەروەری.

لەم دۆخەدا ئەو ئۆلیگارشییەی لە زۆنی سەوزدا باڵادەستن، دووڕیانێکیان دروست کرد و هاوپەیمانە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانیشیان پاڵپشتیان لێ کردن: گەر ئێمە پشتگوێ بخەن و زیاتر لە ژمارەی کورسی و هێزی خۆمان پێ نەدەن و بەدەر لە دیموکراسی و یاسا رەچاوی دۆخەکەمان نەکەن! کۆی یارییەکە تێک دەدەین! ئەوە بوو بە ئاشکرا باسی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆیان کرد. 
بۆ نموونە، سەرەڕای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردندا 24 کورسی هێنا و یەکێتی بە 18 کورسییەوە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت نەبوو و خۆیان بەسەر دۆخەکەدا سەپاند. ئەم فۆرمە لە ئەنجومەنی پارێزگاکانیشدا رەنگی دایەوە. بەمجۆرە کودەتایەکی نەرمیان کرد و دەرگاکەیان لە دەرەوەی یاسا و رێڕەوی دیموکراسی کلیل دا.

ڕاستییەكەی لەو ساتەوەختەوە تا ئێستە، ئەمە بارودۆخی هەرێمی کوردستانە و بەرە بەرە خەریکە دەبێت بە نەریت. لە چەندان وێستگەدا ئەمە دووپات بووەتەوە. لەسەر ئاستی جیهانیدا، لە وڵاتانی "روو لە گەشە" ئەم جۆرە لە یارییە باوە. ئەوانەی لەسەر دەسەڵاتن، گەر مەترسی بکەوێتە سەر پێگە و شوێنەکەیان، کارتی ئاسایش بەرز دەکەنەوە. بێ سڵەمینەوە ئەوە بە گوێی دەستەبژێری سیاسی و بەگشتی رای گشتیدا دەدەن: گەر ناتانەوێت ئاسایشی وڵاتەکە تێک بچێت، دەبێت رەچاوی دۆخی ئێمە بکەن و دەستبەرداری لادانی ئێمە ببن.  
چیرۆکی ئێستەی هەڵبژاردن بەدەر لەم راستییە نییە، ئەوان داوای پاراستنی شوێن و پێگەیان و جۆرێك لە گەرەنتی دەکەن. تا ئەمەیش دەستەبەر نەکەن، زۆر زەحمەتە بچنە هەڵبژاردنەوە و رێگەیش بدەن. 

ئەگەر ئەزموونی ساڵانی رابردوویش بکەین بە پێوەر، دەتوانین پشبینی ئەوە بکەین تەنانەت گەر مۆڵەت و ڕێ بە هەڵبژاردنیش بدەن، پاش هەڵبژاردن بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکان و پاشان دروستکردنی کابینەی نوێ، گەورەترین بەربەست دروست دەکەن. 
سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان نۆ ساڵە بەدەست ئەم قەیرانەوە دەناڵێنێت کە لە دەرئەنجامی لاوازبوونی یەکێتی و بەهێزبوونی پارتیدا دروست بووە. 

 
تا ئەم ساتەوەختەیش ئەم لاوازبوونەی یەکێتی و بەهێزبوونی پارتی لە سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستاندا رەنگی نەداتەوە و سیستمەکە بەپێی پشکی هێزی هەر لایەنێک رەنگڕێژ نەکرێتەوە و کۆتایی بە مۆدێلی مردووی دوو ئیدارەیی نەهێنرێت، دۆخەکە بەم جۆرە دەڕوات و دەرگاکە بە ئاسانی ناکرێتەوە. بەڵام ئایا یەکێتی و ناوچەکە و بە تایبەتریش بەریتانیا و ئەمەریکا رێگەی نوێکردنەوەی ئەم سیستمە دەدەن؟ ئەمە پرسیارێکە دەبێت هەولێر بیخوێنێتەوە و وەڵامی بداتەوە.