له رۆژی 28ی شوباتی ساڵی 1991 له كاتێكدا یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت له گیانه‌ڵادا كه‌وتبوو، ئه‌مه‌ریكا به نافه‌رمی و به ناڕاسته‌وخۆ جاڕی كۆتاهاتنی سیستمی جووتجهمسهری و ههژموونبوونی خۆی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و به‌تایبه‌ت له هه‌رێمی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا لێدا.
پێشتر عێراق وه‌ك هاوپه‌یمان یان باشتره بڵێین بریكاری (proxy) یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت، له ناوچه‌كه‌دا په‌لاماری كوێتی دابوو و ئه‌و وڵاته‌ی داگیر كردبوو، ئه‌مه‌ریكایش به‌دیار چاوی سۆڤییه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كی فراوانی نێوده‌وڵه‌تیدا، عێراقی له كوێت ده‌ركرد. ئۆپراسیۆنی گه‌رده‌لوولی بیابان پێش ئه‌وه‌ی لێدان بێت له سه‌دام، لێدان بوو له سام و شكۆی سۆڤییه‌ت.
له ماوه‌ی نزیكی 45 ساڵدا هاوكێشه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه وه‌ك هه‌موو ململانێ جیهانییه‌كانی تر، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتیی سۆڤییه‌ته‌وه كۆنترۆڵ و ئاراسته ده‌كران. كاتی ده‌ستپێكردن و كۆتایی شه‌ڕ و جارجاریش ئاشته‌وایی و سازان، هه‌مووی له هۆڵ و ژووره‌كانی كۆشكی سپی و كۆشكی كرێملینهوه بڕیاری لێ ده‌درا.
په‌لاماردانی كوێت له‌لایه‌ن سه‌دام حوسێنه‌وه، ڕاستییه‌كه‌ی له‌و تێگه‌یشتنه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت كه ده‌توانم بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سۆڤییه‌ت له ناوچه‌كه‌دا نه‌زمێكی نوێ جێگیر بكه‌م. واته پێگه‌ی ڕوو له پاشه‌كشێی سۆڤییه‌ت، سه‌دامی دنه ده‌دا، هاوكێشه‌كان به جۆرێكی تر ئاراسته بكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه نه‌بوو هه‌لی وای بۆ هه‌ڵكه‌وێت و نه‌یقۆزێته‌وه، خێرا ئه‌م رووداوه‌یان كرد به ده‌رفه‌تێكی مێژوویی بۆ خستنه‌ڕووی نه‌زمی نوێی جیهان و ماڵئاوایی له یه‌كێتی سۆڤییه‌ت. له‌و چركه‌ساته‌وه دنیا و به‌تایبه‌ت خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چووه قۆناغی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكاوه، جیهانێكی تاكجه‌مسه‌ری به رێبه‌رایه‌تی واشنتن له دایك بوو.
له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا ئه‌وان چی‌یان ویستبێت له‌م ناوچه‌یه‌دا یان به ره‌زامه‌ندیی ئه‌كته‌ره هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان (له چوارچێوه‌ی هه‌ژمووندا) یان بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان (له چوارچێوه‌ی تاكجهمسهریدا) جێبه‌جێیان كردووه و بكوژ و ببڕ خۆیان بوونه. به كورتی چی ئاڵوگۆڕ و رووداو و ره‌وتی ئه‌م ناوچه‌یه هه‌یه، جێپه‌نجه‌ی ئه‌مه‌ریكای پێوه دیاره و هیچ وڵاتێكیش نه‌یتوانیوه ئاڵنگارییه‌كی ئه‌تۆی بۆ دروست بكات، به‌ڵام هێز و چۆنیه‌تیی دابه‌شبوونی مه‌ند نین، چیهتییهكی بزۆز و داینامیكیان هه‌یه، مه‌رج نییه تا سه‌ر لای كه‌س یان وڵاتێك بمێنێته‌وه، هه‌ر قۆناغێك جارێ، به‌پێی دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كان دابه‌ش ده‌بێته‌وه و له ئه‌نجامی ئه‌مه‌یشدا، جه‌مسه‌ربه‌ندیی نوێی هێز و هه‌روه‌ها یاسا و رێسای نوێی یاریكردن له دنیادا، سه‌رله‌نوێ پێناسه ده‌كرێته‌وه.
پاش قه‌یرانه داراییه‌كه‌ی ساڵی 2008، پێگه‌ی دنیای ئه‌مه‌ریكا و پشكی له كۆی هێزی جیهانیدا، كه‌میی كردووه یان باشتره بڵێم پشكی ركابه‌ر و نه‌یاره‌كانی زیادی كردووه. با جۆرێك له هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن دروست نه‌بێت، ئه‌مه به مانای ئه‌وه نییه ئه‌مه‌ریكایش هاوشێوه‌ی سۆڤییه‌ت هه‌ره‌س دێنێت و دنیای داهاتوو دنیایه‌كی بێ ئه‌مه‌ریكایه، نا ئه‌مه‌ریكا هێشتا به‌هێزه، به‌ڵام ركابه‌ری به‌هێزیشی بۆ دروست بووه و به ئاسانی مل ناده‌ن بۆ دنیایه‌ك كه ئه‌مه‌ریكا پێگه‌ی هه‌ژموونیی تێیدا هه‌بێت.
زۆربه‌ی شاره‌زایان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه دنیای داهاتوو، چه‌ند جه‌مسه‌ریی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌هێزترین جه‌مسه‌ری هێز ده‌بن، له پاڵ ئه‌وانیشدا چین و رووسیا له ئاستی جیهانی و توركیا، ئێران، به‌رازیل، هیند و ئه‌فریقای باشوور، له ئاستی هه‌رێمه‌كاندا رۆڵی گه‌وره ده‌گێڕن.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی ئێسته له دنیادا ده‌گوزه‌رێت، قۆناغێكه به ده‌یان جار له مێژووی سیاسه‌ت و پێوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیدا رووی داوه و دووپات بووه‌ته‌وه، هه‌ژموونی سه‌رده‌م پاشه‌كشێ ده‌كات و ركابه‌ره‌كان دێنه پێشه‌وه. بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی دنیای داهاتوویش، شه‌ڕ به‌رده‌وام بژارده‌ی دڵخواز بووه و هه‌م جه‌مسه‌ری روو له پاشه‌كشێ و هه‌م جه‌مسه‌ره نوێیه‌كان، ده‌ستیان بۆ بردووه. ئه‌م شه‌ڕانه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو تا ئێسته، له‌م چوارچێوه‌یه‌دان.
ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا له شه‌ڕدا ده‌ستپێشخه‌ریی كرد و ته‌ڵه‌ی بۆ رووسیا نایه‌وه، له باتی ئه‌وه‌ی كاتی روودانی شه‌ڕه‌كه بداته ده‌ست رووسه‌كان، خۆیان رووسه‌كانیان هان دا و خسته ناو زهلكاوهكهوه. به‌م جۆره ده‌ستیان به ئیداره‌دانی ره‌وت و رووداوه‌كانی داهاتوو كرد، به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو چیرۆكه‌كه نه‌بوو. ئه‌م چیرۆكه به ئاسانی كۆتایی نایه‌ت و لانیكه‌م چه‌ندان وێستگه‌ی تری خوێناوی هه‌یه.
دواین وێستگه‌ی ئه‌م قۆڵبادانه جیهانییه، شه‌ڕی حه‌ماس و ئیسرائیله. چۆن ئه‌مه‌ریكا له‌ولا رووسه‌كانی خسته ته‌ڵه‌وه، ئه‌مجاره رووس و دۆسته‌كانیان به‌تایبه‌ت تاران، له‌ملا ئه‌مه‌ریكایان خسته ته‌ڵه‌وه و نزیكترین هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا كه‌وته‌به‌ر هێرشێكی كتوپڕ و گورزێكی گه‌وره‌یان لێ وه‌شاند.
ئه‌گه‌ر جاری جاران بوایه، پێ نه‌ده‌چوو هیچ وڵاتێك ریسكی وا بكات و به‌م جۆره قورسه هێرشێكی فراوان بكاته سه‌ر ئیسرائیل، به‌ڵام ئێسته زۆر وڵات و لایه‌ن بوێری ئه‌وه ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێگه‌ی ئه‌مه‌ریكا پاشه‌كشێی كردووه و ئیتر كۆشكی سپی به ته‌نیا هه‌موو گوریسهكانی هێزی به‌ده‌سته‌وه نییه. بگره ئه‌و وڵات و لایه‌نانه وای ده‌خوێننه‌وه خێر و قازانجی ئه‌م هێرشه له زیان و تێچووه‌كه‌ی زیاتره، بۆیه ئاماده‌ن سه‌ركێشی و ریسكی وا بكه‌ن.
سێ هه‌فته‌ی رابردوو ده‌ریخست هه‌ڵپه‌ی ئه‌م وڵاتانه زۆر بێ جێ نه‌بوو، لۆجیكێكی پته‌وی له پشته. ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ئیتر ناتوانن وه‌ك جاری جاران هه‌موو هاوكێشه به دڵی خۆیان ره‌نگڕێژ بكه‌ن. هێزیان به‌شی ئه‌م كاره ناكات. لێره‌دا نابێ زۆر تاكلایه‌نانه بڕیار بده‌ین و نابێت خاڵێكی بنچینه‌یی له بیر بكه‌ین:
ئه‌مه‌ریكا هێزی ئه‌وه‌ی هه‌یه چاره‌نووسی شه‌ڕه‌كه یه‌كلا بكاته‌وه، به‌ڵام تێوه‌گلانی راسته‌وخۆ و فراوانی له‌م شه‌ڕه‌دا، واته بواردان به چین و رووسیا، بۆ ئه‌وه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا ته‌نگ به ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵچنن، بۆیه ئه‌مه‌ریكا ناچاره هاوسه‌نگ بجووڵێته‌وه و پێگه‌ی جیهانی خۆی نه‌كاته قوربانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه به مانای ئه‌وه بێت ئیسرائیلیشی لێ زویر ببێت، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به مانای ئه‌وه‌یش بێت كه له ناوچه‌كه‌دا ناچار بێت كێكی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانیدا به‌ش بكات.
جارێ زووه بڕیار بده‌ین رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چۆن ره‌نگڕێژ ده‌كرێته‌وه، ئه‌مه به‌شێكی به‌رچاویشی پێوه‌سته به كۆی ئه‌و ململانێ جیهانییانه‌وه كه ئێسته به چڕی له ئارادان، به‌ڵام به‌گشتی چه‌ند شتێك بوونه‌ته راستی:
1-له رۆژی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری 2023وه سه‌رده‌می هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆتایی هاتووه.
2-ئێران و رووسیا و چین له‌و بڕوایه‌دان زیانه‌كانی به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له خێر و قازانجه‌كانی كه‌متره، بۆیه هیچ باكیان له شه‌ڕ نییه و داوای پشكی زیاتر ده‌كه‌ن.
3-به‌ریه‌ككه‌وتنی ئێسته بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا نییه، بۆ ئه‌وه‌ش نییه ته‌وه‌ری ئێران – رووسیا - چین ببن به هه‌ژموونی جێگره‌وه، به پێچه‌وانه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه له نه‌زمی داهاتوودا كام ته‌وه‌ر و به‌ره یاخۆ باشتره بڵێم جه‌مسه‌ر، له‌م ناوچه‌یه‌دا هێزی زیاتره.
به گشتی پێده‌چێت رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به خشكه‌یی چووبێته قۆناغێكی تازه‌وه، قۆناغێك كه زیاتر له سیستمه جووتجهمسهرییهكان ده‌چێت.