حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، تەنیا رۆژی شەڕ و پێکهەڵپژانی حەماس و ئیسراییل و دابەشبوونی ناوچەکە و جیهان بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا نییە، هاوکات رۆژێکە دیوی راستەقینەی زۆر بابەتی هەستیاریشی روون كردەوە، یان باشترە بڵێین دیوی پشتەوەی هەندێ کارەکتەر و وڵاتی بێ ماکیاژ دەرخەست، دەرکەوت بێ مکیاژ چین و چۆنن. عێراق یەکێک لەو وڵاتانە بوو لە حەوتی ئۆکتۆبەردا رووی راستەقینەی زیاتر روون بووەوە.
ساڵانێكە ئەمەریکا و رۆژئاوا لەم ناوچەیەدا وەبەرهێنان لەسەر عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی ببێت بە نموونەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ببێت بە وڵاتێکی پێشڕەو و پێشەنگ لە بەها نوێ و هاوچەرخدا، لە هەمانکاتیشدا وەک ئەکتەرێکی گرنگی جیۆپۆڵەتیکی و جیۆئێکۆنۆمی بایەخی گەورەیان بەم وڵاتە داو و وەک هاوپەیمانی خۆرئاوا لەم ناوچەیەدا پێناسەیان کرد. ئەمە وایکردووە لە زۆربەی تەنگژە قووڵ و هەستیارەکاندا پشتی بگرن و نەهێڵن بکەوێت.
بەردەوام ئەو وێنە جوانەیان تۆخ کردووەتەوە كە گوایە عێراق پێگەیەکی گرنگی هەیە، گرنگی بە دیموکراسی دەدات و لە ریزی وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوادایە، بەڵام حەوتی ئۆکتۆبەر دەریخست ئەم بانگەشە ناوەڕۆک بەتاڵ و بۆشە و عێراق ئەوە نییە پێناسە کراوە و خراوەتە ڕوو، رووی راستەقینە و بێ ماکیاژی عێراق خێرا خۆی دەرخست.
چاوەڕێ دەکرا عێراق وڵاتە پێشەنگەکەی رۆژئاوا لە ناوچەکەدا، كە ئەم هەموو وەبەرهێنانەی تێدا کراوە، دەستپێشخەر بێت لە پلانێکی ورد و بابەتیانەدا، دیوە جیاوازەکانی ململانێکە لەخۆ بگرێت و بە هاوسەنگی رەچاوی بەرژوەندییە جیاوازەکان بکات و هەوڵ بدات لە چوارچێوەی دیپلۆماسییەکی حەکیمانە و بە ڕوانگەیەکی خۆکردی ستراتیجییەوە، باری سەرشانی رۆژئاوا سووک بکات و ئاسۆی چارەسەرکردنی کێشەکە روونتر بکاتەوە یان هەر هیچ نەبێت لەمە زیاتر تاریکی نەکات.
عێراق سیاسەتە فەرمییەکەی رەق و کڕچوکاڵ و بە دەر لە داهێنان بوو، لە زاری سەرۆک وەزیرانەكەیەوە سوودانی، لە لووتکەی قاهیرە لە رۆژی 21ی ئۆکتۆبەردا خرایە ڕوو، بێ ئەوەی دوورەدیمەنێکی ژیرانە و عاقڵانە لە پرسەکە بخاتەڕوو؛ تەنیا وتارێکی پۆپۆلیستی توند بوو.
هەرچی سیاسەتی نافەرمیشە لەو رۆژەوە تا ئێستە بریتی بووە لە جووڵاندنی شەقام دژ بە بوونی ئەمەریکا و رۆژئاوا لە عێراقدا، هەروەها پاڵپشتی لە گەورەبوونی شەڕ و پەلاماردانی ئیسرائیل دەکەن و ئەمەریکایشیان بە درۆن و مووشەک هەراسان کردووە. لەم ماوەیەدا چەندان جار بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عەین ئەسەد و هەریر کراونەتە ئامانج. تەنانەت وای لێهات ئەمەریکا داوا بکات وەک خۆپاراستن بەشێک لە دیپلۆماتکارانی عێراق جێ بێڵن. هەروەها هەڕەشەی هێرشی فراوانتریش لە ئارادایە و هیچ دوور نییە لە کاتی تەشەنەسەندنی بارگرژییەکاندا، عێراق زیاتر بتەقێتەوە و ببێت بە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی بەریەککەوتن.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەوانەی لە ڕووە نافەرمییەکەوە، ئەمەریکایان خستووەتە ئەم دۆخەوە، لە بنەڕەتدا بەشێکن لە کۆمەڵەی بەرگری و تەناهی عێراق، بەشێکن لە هێزە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە، هەر ئەمەریکا خۆی پڕچەکی کردوون و چەکی پێشکەوتووی لەوانە تانکی M1 ئەبرامزی پێداون.
ئێستە ئەو چرکەساتەیە كە پارادۆکس و دژیەکی رۆژئاوا و لە سەروویانەوە ئەمەریکا دەردەکەوێت. چرکەساتێک گاڵتەئامێز و پڕ لە پێکەنینی تاڵ. ئاخۆ چۆن دەبێت ئەمەریکا لە ماوەی 20 ساڵدا خۆی بە پرۆسەی دەوڵەتسازی عێراقی نوێوە سەرقاڵ کردبێت و ئەمە بەرهەمەکەی بێت؟ لە هەردوو ئاستی فەرمی و بەناو نافەرمیدا عێراق سەنگەر لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بگرێت؟
ئێرە ئەو شوێنەیە دەبێت لۆمەی رۆژئاوا و ئەمەریکا بکرێت، ئەگەر لۆمەش نەکرێن باشترە گلەییان لێ بکرێت و بە زمانێکی توند رەخنەیان ئاراستە بکرێت. ئەوەی عێراقی بەم دۆخە گەیاند پێش هەموو شتێک ئەمەریکا لێی بەرپرسیارە، ئەوەیش لەبەر تێگەیشتنی پێچخواردوویان لە عێراق و جێبەجێکردنی سیاسەتی ناهاوسەنگ لەو وڵاتەدا.
لەو رۆژەوەی هاتوونەتە عێراق زۆرجار جیاوازییەکانی ئەم وڵاتەیان بەهەند وەرنەگرتووە، بۆ چاودێرێکی نەشارەزای عێراقیش روون و ئاشکرایە لەو رۆژەوە وڵاتەكە دامەزراوە بەدەست قەیرانی ناسنامەوە دەناڵێنێت و وەک تیۆریسێنەکانی زانست و پەرەسەندن، لەوانە لووسین پای (Lucian pay) ئاماژەی پێ دەکەن: پێشمەرجی هەر وڵاتێک بۆ ئەوەی گەشە بکات و بکەوێتە سەر سکەی خۆی، ئەوەیە ناسنامەی خۆی بە شێویەکی تەندروست پێناسە بکات.
لە کاتێکدا پێش هاتنی ئەمەریکا، عەرەبی سوننە بە کردەوە کورد و عەرەبی شیعەیان وەک بەشێک لە ناسنامەی ئەم وڵاتە هەژمار نەدەکرد، لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بێبەشیان کردبوون، بە زمانی ئاگر و ئاسن بەرپەرچی داواکارییەکانیان دەدرایەوە. ڕاستیی کورد و شێعەی خۆیان لە ئاوێنەی ئەم وڵاتەدا نەدەبینیەوە.
ئەمەریکا هات لە باتی ئەوەی بیرێکی قووڵ لە پێناسەکردنەوەی ناسنامەی عێراق بکاتەوە و لەبەر رۆشنایی ئەم دەستپێشخەرییە، جۆری دابەشبوونی هێز و سامانیش رێک بخاتەوە، تەنیا پشتیان بە دیموکراسییەکی رووکەش و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چەند ساڵ جارێك دەنگدان، بەست. تەنانەت لەم چوارچێوەیەدا بە لایانەوە ئاسایی بوو زۆرینە، کەمینە بکاتە دەرەوەی بازنە و دەسەڵاتەوە، هەتا ئەگەر بۆ ئەم کارە زمانی نادیموکراسی بەکار بێنێت.
ئەوە بوو هەر لە 2005 گڵۆپی سەوزیان بۆ بەغدا هەڵکرد، هاوشێوەی رژێمەکانی پێشوو نەیارەکانی بهاڕێت، بەغدای نوێ کەوتە گیانی سوننە. بە بەرچاوی ئەمەریکاوە سوننە قەڵاچۆ کران، زۆربەی هەرە زۆری شارەکانیان وێران کرا و بوون بە کەمینەیەکی لەتوکوت کراوی بێ ئیرادە.
لە هەمانکاتدا بەغدا بەدەر لە هەموو نەریت و بنەماکانی دیموکراسی، بەر بووە گیانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باوەڕی کوردایەتیی نەبوایە، دەمێک بوو چیان بە سوننە کرد لەوە خراپتریان بە کورد دەکرد. هەرچەندە ئەم خەونە ئێستەیش لە بەغدا هەر کڕیاری زۆرە و زۆر کەس خەونی پێوە دەبینن.
هەر لەو ساڵانەیشدا ئەمەریکا خۆی ڕێی بۆ دەستێوەردانی هەرێمی لە عێراقدا خۆش کرد، ڕێگەی دا سەرکردەکانی بەغدا بەشی زۆریان بچنە بەرەی وڵاتانی ترەوە و کار بۆ ئەوان بکەن و بەرژەوەندی دەرەکی ئەولەویەتیان بێت و ئەگەر عێراقیش بکەن بە قوربانی وڵاتانی دراوسێی بەلای ئەمەریکاوە ئاسایی بوو.
کاتێ ئەمەریکا خۆی ڕێگە بەمانە دەدات، بێگومان ڕێگە خۆش دەکات بە زمانی بەدەر لە دیموکراسی و بەهاکانی جیهانی سەردەم، ململانێ سیاسییەکانی بەغدا بە شێوازی ملشکاندن و دەرپەڕاندن چارەسەر بکرێن و ئەمە ببێت بە نەریتی چارەسەرکردنی گرفت و كێشە و دەوڵەتسازی لەم سۆنگەیەوە بکرێت، ئایا ئەمەریکا بە تەمایە لە ساتەوەختی وادا، عێراق چۆن مامەڵە بکات؟
کورد دەتوانێت ئاماژە بەمانە بکات و ئەمە وەبیر ئەمەریکا بێنێتەوە، رێگەکەیان و چارەسەرەکەیان بۆ عێراق لە ماوەی 20ی ساڵی رابردوودا ئەگەر هەڵە نەبووبێت، راستیش نەبووە. ئەمەیش پێش ئەوەی دۆستەکانی ئەمەریکای تۆراندبێت و زویری کردبن، پێگەی جیهانی و هەرێمی واشنتۆنی لەق کردووە و لە کاتە هەستیارەکاندا بێ هاوپەیمان هێشتوویەتییەوە. بەردەوامیدان بەمەیش، هیچ بەوان نابەخشێت جگە لە پاشەکشێی زیاتر.
ئەمەریکا چۆن لە زۆربەی دۆسیەکاندا سەرقاڵی بڕیاری قورسە، دەبێت لێرەیش گوشاری بخرێتە سەر بۆ ئەوەی بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە و هاوسەنگی زیاتر رەچاو بکات. ئەمە دەرفەتێکە کورد دەبێت بیخوێنێتەوە و بەکاری بێنێت.