دواشه‌و.. وه‌ك دواڤێرژنی درامای كوردی
به‌شی یه‌كه‌م
بوونی دوو درامای كوردی له‌م سات و كاته‌دا كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه درامای كوردی له‌و نێوه‌نده ونه و ئاماده‌یی پێویستی نییه، كارێكی یه‌كجار ئه‌رێنییه و ده‌سپێكێكی باشه بۆ دووباره ده‌سپێكردنه‌وه‌ی ئه‌م كاروانه و بنیاتنانه‌وه‌ی درامای كوردی به‌پێی خواست و ستانداردی سه‌رده‌م كه گۆڕانێكی یه‌كجار زۆری به‌سه‌ردا هاتووه، بۆیه هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر هه‌ردوو درامای (دواشه‌و و به‌خته‌باران) ده‌كرێن، هیچ ئاماژه‌یه‌ك دروست ناكات، تا له‌وه تێنه‌گه‌ین كه ئاخۆ ئه‌م دوو درامایه ئه‌وه‌نده باش و كاریگه‌رن، وا خه‌ڵك به‌و شێوه‌یه قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كات؟ یا زۆر خراپ و په‌رپووتن، بۆیه كه‌وتوونه‌ته به‌ر لێشاوی ڕه‌خنه‌ی بێشورماری بینه‌ر و وه‌رگر و به‌شێك له ڕه‌خنه‌گرانی بواری شانۆ و دراما.
ئه‌م ته‌وژمه ده‌رئه‌نجامی ئه‌و بۆشاییه‌یه كه نه‌بوونی درامای كوردی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك دروستی كردووه، گه‌ڕانه‌وه‌ی درامای كوردیش وه‌ك دیارده‌یه‌كی جیاواز له رێی ئه‌م دوو درامایه‌وه، بووه‌ته فاكته‌ری ئه‌و هه‌موو قسه‌یه‌ی له‌سه‌ریان كراوه و ده‌كرێ، به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به ئاستی دراماكانه‌وه نییه.
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو درامایه ده‌ستیان به په‌خش كرد، دوو جۆر په‌رچه‌كردار و سه‌رنج و ڕه‌خنه له‌سه‌ر دراماكان دروست بوون، لایه‌كیان به ڕاشكاوی قسه‌یان له‌سه‌ر دراماكه كرد و پێیان وابوو ئه‌م دوو درامایه كێشه‌ی زۆریان هه‌یه و ده‌بێ ڕه‌خنه بكرێن، به‌تایبه‌تیش درامای "دواشه‌و"ی كارۆخ ئیبراهیم، لایه‌نه‌كه‌ی تر پێیان وابوو ئه‌مه درامای كوردییه و پێویستی به پشتگیری و هاندان و ده‌ستخۆشییه و ده‌بێ هه‌رچۆنێك بێت پشتیوانیان لێ بكه‌ین و ڕهخنهكانیشمان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هه‌ڵگرین بۆ قۆناغی دوای دروستبوونی درامای كوردی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامییان هه‌بێت و نابێ ڕاشكاوانه و به‌تووندی ڕه‌خنه‌یان لێ بگرین و له جێی ئه‌وه ده‌بێ ده‌سخۆشیان لێ بكه‌ین و ستایشیان بكه‌ین.
مرۆڤ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر به‌ر دوو لۆجیك ده‌كه‌وێت، یه‌كه‌میان لۆجیكی عه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ی هه‌موو دیارده و پێشهاته‌كانه له ڕێی عه‌قڵ و توانا لۆجیكییه‌كانی عه‌قڵ كه پشت به زانست و واقیع و مه‌عریفه ده‌به‌ستێت، دووه‌میان لۆجیكی سۆزه كه وامان لێ ده‌كات له‌به‌ر هه‌ندێ رێز و تایبه‌تمه‌ندی به سۆزه‌وه، له‌ڕێی هه‌سته‌كانه‌وه له‌و پرسه بڕوانین و به‌ده‌ر له لۆجیكی عه‌قڵ و مه‌عریفه به‌ر ئه‌و پێشهاتانه بكه‌وین. بۆ نموونه چونكه ئه‌و درامایه كوردییه، ده‌بێ وه‌ك كوردێك سۆزمان بۆی هه‌بێت و چاو له كه‌لێنه‌كانی بپۆشین و هه‌وڵ بده‌ین وه‌ك به‌شێك له پڕۆسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییبوون و كوردبوون ستایشی ئه‌و درامایه بكه‌ین و پشتیوانی بكه‌ین، ئیتر كێشه نییه ئه‌و درامایه له‌ڕووی لۆجیك و عه‌قڵ و مه‌عریفه و سه‌نعه‌ته‌وه چه‌ند كێشه‌ی هه‌یه، مادام كوردییه ئیتر ئه‌وه‌نده به‌سه.
نایشارمه‌وه ئه‌م دیدگا سۆزاوییه له بۆشاییه‌وه نه‌هاتووه، ئێمه چه‌ندان ساڵه به بیانووی ئه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌مان كوردییه و ده‌بێ پشتگیری بكه‌ین و له‌سه‌ر راست و نوشست ده‌ستخۆشی لێبكه‌ین، حكومڕانی كوردیمان گه‌یانده شوێنێك كه سه‌خته لێی ده‌رباز بێت و له جێی حكومڕانییه‌كی عه‌قڵانی و مه‌عریفی و دادپه‌روه‌ر، خراپترین جۆری حكومڕانیمان دروست كرد و بووین به ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ده‌یان و سه‌تان كه‌س كه له‌سه‌ر قووتی ئه‌م خه‌ڵكه ببن به ملیاردێر و خه‌ڵكیش رۆژ به رۆژ خۆزگه به دوێنی بخوازێت، ئه‌وه‌تا حكوومه‌ت ده‌یه‌وێت ده‌ست بۆ هه‌ندێك نادادی ببات و چاكی بكاته‌وه ده‌بینین ده‌یان بهرپرستی بۆ دروست ده‌كرێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی به لۆجیكی سۆز و كوردبوونه‌وه ته‌ماشامان كرد و وتمان ئه‌مه كوردییه و نابێ به‌ر ره‌خنه‌ی بده‌ین و ده‌بێ پشتیوانی بكه‌ین. بیرمان چوو پشتیوانی هه‌ر پڕۆسه‌یه‌ك، چاككردنی كهموكوڕییهكانیهتی، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له مامه‌ڵه‌ی لۆجیكی و عه‌قڵانی و مه‌عریفییه‌وه به‌دی دێت كه له رێگه‌ی ره‌خنه‌وه دروست ده‌بێت.
ره‌خنه ده‌توانێت ته‌مه‌نی هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك درێژ بكاته‌وه، چونكه رێگری ده‌كات له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كه‌لێنه‌كان و چاره‌یان بۆ ده‌دۆزێته‌وه.
ئێسته له دراماشدا ده‌مانه‌وێت به هه‌مان لۆجیك به‌ر درامای كوردی بكه‌وین و به پیرۆزی سه‌یری بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی به پیرۆزی سه‌یری حوكمڕانی كوردییمان كرد، روونیشه ئه‌و رێگایه به‌ره و كوێی بردین و ئه‌گه‌ر به هه‌مان لۆجیكیش مامه‌ڵه له‌گه‌ل درامای كوردی بكه‌ین، ئه‌وه دڵنیا بن ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی زۆر له‌وه‌ش خراپتر ده‌بێت و ههڵدیرێكی گه‌وره چاوه‌ڕێمانه و فۆرمێك نامێنێت پێی بگوترێت درامای كوردی، بۆیه پێموایه ستافی ئه‌و دوو درامایه و به تایبه‌تیش درامای "دواشه‌و" كه زیاتر به‌ر ڕه‌خنه كه‌وتووه، ده‌بێ زۆر سوپاسگوزار و خۆشحاڵ بن به‌و ته‌وژمه ڕه‌خنه‌ییه و هه‌وڵ بده‌ن به‌دواداچوون و پێداچوونه‌وه به دیدگا و كه‌موكوڕییه‌كانیان بكه‌ن و ئه‌م هه‌موو بۆچوونانه به هه‌ند وه‌ربگرن و ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه به‌ڕاشكاوی ڕه‌خنه ده‌گرێت، به دۆست و خه‌مخۆری خۆیان و درامای كوردی بزانن و واز له لۆجیكی موئامه‌ره و ناحه‌زی بێنن كه هه‌میشه كورد شكسته‌كانی خۆی پێ هه‌ڵده‌واسێت.
له به‌رانبه‌ریشدا قێز له‌و ستایش و پیاهه‌ڵدانه نالۆجیكی و نامهعریفییانه بكه‌نه‌وه كه له‌سه‌ر سۆز دروست كراون و ده‌یانه‌وێت درامای كوردی له‌سه‌ر ئه‌و ستایله به‌رده‌وام بێت، كورد ده‌مێكه گوتوویه‌تی: "دۆست ئه‌وه نییه ده‌تخاته پێكه‌نین، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه راستیت پێده‌ڵێت و ده‌تخاته گریان".