لە 36مین ساڵوەگەڕی كیمیارانی هەڵەبجەدا لەلایەن رژێمی دەسەڵاتداری عێراقەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەیاننامەیەكی دەركرد و گلەیی لە كەمی خزمەتگوزاریی شارەكە دەكات و دەڵێ، بیركردنەوەی تەسكی حزبی خزمەت بەو شارە ناكات، هیچ لەم دەرفەتە باشتر نییە تا گفتوگۆیەكی بێلایەنانە لەگەڵ كاك بافڵ بكەین لەبارەی هۆكاری بێ خزمەتیی هەڵەبجەوە.
كاك بافڵ هەر هەفتەی رابردوو بوو سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەڵەبجە كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگی خستە خزمەتەوە و هەموو داواكانی پارێزگای شارەكەیشی بە گوتەی ئازاد تۆفیقی پارێزگار، جێبەجێ كرد. بەڵام هەر دوای دوو رۆژ، دەوروبەرەكەت تابلۆی پڕۆژەكەیان شكاند، لە كاتێكدا دوو ساڵی تەواو بوو ئەو پڕۆژەی پردی توەقووت ئامادە بوو، هەر ئێوە نەتاندەهێشت دەست پێ بكات و پێتان وابوو دەبێتە نفووز بۆ سەرۆكی حكوومەت و وەزیری ئاوەدانكردنەوە كە گۆڕانە، تۆ ویژدانت ئێستە بیر بكەوە كێ بیركردنەوەی تەسكی حزبی پێڕەو دەكات؟
جەنابی كاك بافڵ، یەكێك لە خاڵەكانی كۆبوونەوەی ئیدارەی هەڵەبجە و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كە قوباد تاڵەبانی برایشت ئامادەی بوو، داواكردنی گەڕاندنەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكانی هەڵەبجە بوو بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆیان كە لەوەتەی هەیە، سلێمانی دەستی بەسەردا گرتووە و كەمێكی دەدات بە حكوومەت و زۆرەكەیشی دەبێتە داهات بۆ ئیدارەی گشتیی یەكێتی و گرووپەكانی. بۆ زانیاریی جەنابتان، مافی هەڵەبجە مەرزی تەوێڵە، پشتە، سازان و باشماخیش ئەوان ئیدارەی بدەن و شارەكەیان بەو داهات و هەلی كارانە پڕ دەبێت لە بووژانەوە و خۆشگوزەرانی، بەڵام كە ئێوە دەستان خستووەتە قوڕگیان و گۆشەگیرتان كردوون، دە فەرموو هەر خۆت بیڵێ كەسوكاری قوربانیان و خەڵكی شارە خۆشەویستەكە، ڕوو لە كوێ بكەن و چۆن خزمەت بكرێن؟
دیسانیش جەنابی كاك بافڵ، بە بیرت دێنینەوە كە هەموو پڕۆژەكانی هەڵەبجە كوشتەی دەستی بانكەكانی سلێمانین كە كاشیان نادەنێ بۆ كاركردن و سێ ساڵە بەرپرسانی ئەو شارە هاوار دەكەن، وابزانم دێتەوە بیرت كە سەردەمانێك هەموو داهاتەكانتان دەخوارد یان دەبەخشی بە خەڵك، بۆ ئەوەی لە هەڵگەڕانەوەكەی هەشتی تەمووزدا بە پارە بیانكڕن و سەركەوتوو بن، تا وای لێ هات چەند خانەنشینێك لە نۆرەی مووچەدا لە سلێمانی بەداخەوە مردن.
ئێستە دێتەوە بیرت كە بیركردنەوەی تەسكی حزبی چۆن هەڵەبجەی نیگەران كردووە؟ خۆ وەك خۆت دەڵێی دەبوو هەموو رۆژەكانی ساڵ هەڵەبجەتان بیر بێ، نەك تەنیا لە 16ی ئاداردا هەستت بجووڵێت و بتەوێ خۆت لە بەرپرسیارێتی بدزیتەوە و هەموو رۆژەكانی تری ساڵیش داهاتەكانی بخۆن.
ئەوەیش ناخەمە ئەستۆی جەنابت كە هەر یەكێتیی نیشتمانی بوو، ئاوی ساردی دا بە دڵی هەڵەبجەییەكاندا و تاریق ڕەمەزان كاپتی فڕۆكەی كیمیابارانی هەڵەبجەی ئازاد كرد، چونكە تۆ ئەوكات گەنجتربووی و یەكێتی بەرپرسی تری زۆر بوو كە بێدەنگییان هەڵبژارد، بەرانبەر ئەو فاوڵە مێژوویی و هەتككەرە.
ئێستە دەكرێ جەنابت چاوێك بەم دێڕانەدا بخشێنیت و حوكمێكی بێلایەنانە بدەی، كێ خزمەتی هەڵەبجە ناكات و هۆكاری ئەو كەموكورتییانەی لە شارەكەدا هەن چییە؟ بۆیە كاتی وا هەر بێدەنگ بی باشترە، یان بەرپرسیارێتی بخەیتە ئەستۆی خۆتان جوانتر دەگات بە خەڵك، نەك هەموو شتێك بگوازیتەوە سەرشانی خەڵكی تر و خۆتان وەك بەرزەكی بانان بۆی دەربچن.
تەنانەت هەر بەو بیركردنەوەی ئێوە بێت كە زۆنی سەوز و زەرد جیایە و هەمیشە دەڵێن حكوومەت تا دێگەڵە دەسەڵاتی هەیە، ئێستە دەبێت بپرسین چیتان كردووە بۆ هەڵەبجە؟ فەرموو كێ ڕادەسپێری با وەڵام بداتەوە.