جەهلی حزبی كوردی هەتا دێ باڵا دەكات

PM:02:11:23/05/2024 ‌
حزبی كوردی ئەوەندە ئاستی دابەزیوە، لە دوێنێوە جیلی جەدید و ئیتیحاد وەتەنی هەرایانە لەسەر ئەوەی، كامیان پێشنیاری بە "پشوو"كردنی رۆژی كیمیارانی هەڵەبجەی كردووە، وەك ئەوەی ئەم پشووە شتێك بە هەڵەبجە ببەخشێ بە ئەقڵی داماو و كرچوكاڵی ئەمان. بەڵام چونكە سیاسیی نین و دیدێكیان نییە بۆ ژیان و داهاتوو، هەمیشە پەرلەمانتارە عەرەبەكان بە زەردەخەنە فریویان دەدەن و گۆڵی خۆیان لێ دەكەن.

رێك بە پێچەوانەوە بێ ئاگایی و فەیسبووكەوانی ئەم حزبە كوردییە داچۆڕاوانە لە هەموو بەهاكانی خەباتی نەتەوەیی، بە بڕیاری عێراق شاگەشكە بوون و لە بەتاڵیدا دەیانەوێ بیكەنە شانازیش، نازانن لە ناواخندا عەرەبی شیعە گۆڵەكەی خۆی كرد و بەو پشووە وردە وردە هەڵەبجە لە بیری خەڵك دەباتەوە، ئیتر ئەو رێزەش نامێنێ كە هەموو كەس و فەرمانگە و مرۆڤێك، لە 16ی ئاداردا پێنج خولەك بۆی دەوەستان و رێزیان بۆ قوربانیان دەنواند.

رەنگە تۆ بڵێی ئەو رێزگرتنەیش هیچی بە هەڵەبجە نەبەخشیوە، بەڵام هەر ئەوەی كە بۆ رۆحی پاكی قوربانیانی كورد، وەستاویت و هەمان سات بیرت دێتەوە عەرەب ئەوە ناخیەتی بەرانبەر كورد و كیمیابارانت دەكات، ئەمەیش دەبێت بە پرسیار لای منداڵەكانت كە بۆچی ئەم خەڵكە بەپێوە و بێدەنگ دەوەستن و ئۆتۆمبێل لە جووڵە دەكەوێت؟ ئیتر نەوە دوای نەوە ئەو برینە بە زیندوویی دەهێڵینەوە كە هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەڕووی ئەخلاقییەوە بڕیاری نەداوە بیكات بە جینۆساید و عێراق ناچار بكات بە قەرەبووكردنەوەی خەڵك و خاكەكەمان.

ئێوە ئەگەر حزبن و شتێكی ستراتیجی هەیە لاتان بەناوی دۆزی كورد، باشە هەڵەبجە پشووی بۆ چییە؟ ئەی لە خۆتان ناپرسن ئەو موناقەشە پووچە چییە لە نێوانتاندا؟ بە راستی ئینسان گریانی دێ ئەم نوێنەرانە دەبینێ لە بەغدا، بەڵام قیرسیا، ئەگەر دەتانەوێ شتێك بۆ هەڵەبجە بكەن فەرموون:

هەڵەبجە دەبێت بە یاسا ددانی پێدا بنرێت كە جینۆساید كراوە و حكوومەتی عێراق وەك میراتگری حكوومەتەكەی پێشووی عێراق، دەبێت ماڵ بە ماڵ قەرەبووی خەڵكی هەڵەبجە و كەسوكاری ئەنفال و دێ بە دێ ئەو خاكەی خانووەكانی خاپوور كرد، بۆ ئەوەی ژیانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری لە خاكی كوردستاندا كوێر بكەنەوە و پێشمەرگە نانێكی رەقیشی دەست نەكەوێ بیخوات، بە سەتان ملیار دۆلار ببژێرێتەوە و ئەوەندەیش ئیمتیازی مەعنەوی بدات بە كورد كە لایەنی دەروونیان ئارام بكاتەوە. 

هەروەها حكوومەتی عێراق و شیعەی غەدیر كە دەیانەوێ ململانێكە بگوازنەوە بە سەردەمی عەلی و شەرعییەتیی بدەنێ، ئێوەی بەكار هێناوە، بەڵام خۆ رێ راستەكە بۆ كورد ئەوەیە عێراق داوا لە دادگای نێودەوڵەتی تاوان بكات، تاوانەكانی بەعس بخاتە ژێر لێكۆڵینەوە و بڕیار بدات، ئەوكات ئێمەیش ئاهێك بە دڵماندا دێت و دەڵێین نوێنەرەكانمان لە بەغدا هەستیان بە شتێك شكا و دەسكەوتێكی گرنگیان خستە سەر خەباتی نەتەوەیی.

لە دوێنێوە بیر دەكەمەوە عێراق چەند بەختەوەرە كە ئەم هەموو حزبە بێ مستەوا و پەرلەمانتارە بێ كەسایەتی و نزمەی كوردی بە نسیب بووە، پیرۆزە جەهلی هەمیشەییتان ئەی ئەوانەی شكست بە دەسكەوت دەفرۆشن و ڕووی ناو مەجلیسیشتان هەیە.