چه‌ند رۆژێكه له هه‌موو ئاسته‌كاندا، خه‌ڵكی خاوه‌ن خه‌م و نیشتمانپه‌روه‌ری كوردستان، به جۆره‌ها شێوه گریانیان بۆ تێكدانی شاخی گۆیژه دێ، هه‌ر كه‌س به بۆچوونی خۆی و پێگه‌كه‌ی هه‌ست و نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕێ، به‌ڵام نه كۆمپانیای جێبه‌جێكار و نه حزبی حاكمی سلێمانی كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه، هیچ ناڵێن و یاریی به كات ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تێكدانی شاخه‌كه ببێت به ڕووداوێكی هه‌ستپێكراو و تێپه‌ڕێ.
ئه‌م خه‌م و نیگه‌رانییانه كه جێی دڵخۆشین و زیاتر ده‌سته‌بژێر و خه‌ڵكی خاوه‌ن دنیابینی و خوێنده‌وار خاوه‌نداریی ده‌كه‌ن، پێناچێ هه‌ستی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه سوودمه‌ندی پڕۆژه‌كه و تێكدانی شاخه پڕ یاده‌وه‌رییه‌كه‌ی كوردستان و خه‌ڵكی سلێمانین به‌تایبه‌ت، بجووڵێنێ. ئه‌وان ته‌نیا بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه قازانجه‌كه‌ی چه‌نده و وه‌ك باسیش ده‌كرێ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌شی خۆی له قازانجه‌كه پێشه‌كی وه‌رگرتووه، بۆیه ناتوانێ ده‌ست به ڕووی كۆمپانیاكه‌وه بنێ.
كێشه‌كه هه‌ر ئه‌مه نییه، یه‌ك دووجار كه‌سانی شاره‌زا و دڵسۆزی سروشتی كوردستان، ویستیان له نزیك شاخه‌كه زانیاریی زانستیی بده‌ن به میدیاكان، به‌ڵام چه‌كداره‌كانی یه‌كێتی ڕاویان نان و ته‌نانه‌ت پاسه‌وانی ئامێره‌كانی كۆمپانیاكه‌یش رێ ناده‌ن هیچ كه‌سێك گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییش تۆمار بكات. به‌ڵام له‌مه‌یش سه‌یرتر، تۆ بیر بكه‌ره‌وه شاخێ تێكده‌درێ، ئاخر شاخ شاخ، كه‌چی هیچ جووڵه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری نابینین و یه‌ك هه‌ڵوێستی رژد و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یش به‌دی ناكرێ.
به‌پێی زانیارییه‌كان، كاره‌ساته‌كه هه‌ر ئه‌و به‌شه‌یش له شاخه‌كه تێك نادرێ كه ئێسته شۆفڵ و به‌ردهاڕه‌كانی كۆمپانیا، ملیان پێوه ناوه و ناوسكی ده‌بڕن، به‌ڵكو له داهاتوودا كۆمپانیایه‌كی تریش ده‌كه‌وێته گیانی به‌شێكی تری شاخه‌كه و دواتریش له دیوه‌كه‌ی ترییه‌وه كه‌سێكی نزیك و به‌رپرسی یه‌كێتی، ڕووبه‌رێكی زۆری له شاخه‌كه وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی 70 ڤێلای گه‌وره‌ی تێدا دروست بكات، وه‌ك من به‌دواداچوونم بۆ كرد، پێشتر ئه‌م پیلانه دانراوه و به گوشاری قوباد تاڵه‌بانی شاخه‌كه خراوه‌ته ناو ماسته‌پلانی شاره‌وانییه‌وه، كه‌واته له ساڵانی داهاتوو شتێك نامێنێ به‌ناوی "شاخی گۆیژه" ئه‌ی بۆ كه‌س ناجووڵێ؟ شاخ تێكده‌درێ شاخ.
وه‌ك هه‌ستی پێ ده‌كرێ، خه‌ڵكی سلێمانی له دۆخێكی ته‌نگپێهه‌ڵچنراودان و بێده‌نگییه‌كی سامناك گرتوونی، له بریندارێك ده‌چن كه به چاوێكی زه‌قه‌وه سه‌یری جه‌لاده‌كه‌ی ده‌كات و ناشتوانێ كاردانه‌وه بنوێنێ، به‌ڵام ئه‌مه سروشتی ئه‌و شاره نییه و ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه مێژووه‌كه‌ی ده‌ناسین، سلێمانی به‌گشتی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه به گژ قووله‌ی قافا بچێ، ئه‌و شاره ناتوانێ له‌م دۆخی كۆیلایه‌تیدا بمێنێته‌وه و به به‌رچاویه‌وه یاده‌وه‌ری و جوانییه‌كانی بشێوێنرێ، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی كار له كار بترازێ، هیوادارم لایه‌نی به‌رپرس و سوودمه‌ندی پڕۆژه‌كانی گۆیژه، به خۆیاندا بچنه‌وه و رێزی ئه‌و نیگه‌رانییه لابه‌لا و هه‌وڵه تاكه‌كه‌سییانه بگرن و ملهووڕییه‌كه‌یان لێره‌دا بوه‌ستێنن، ئه‌گه‌رنا ئه‌مه تێپه‌ڕێ، بێگومان داهاتوو خراپتری پێیه.