لە دیداری سەرۆكدا

PM:01:54:22/08/2024 ‌
لە چەند رۆژی ڕابردوودا دەرفەتی ئەوە ڕەخسا بە خۆشحاڵییەوە بچینە دیداری سەرۆك بارزانی و 90 خولەك پێكەوە بووین، وتارێكی گرنگ و كوردانە نەك حزبی، پێشكەش كردین و مرۆڤ وزە وەردەگرێ كە سەرۆكەكەی بەو گڕوتینەوە لە خەمی دۆزی نەتەوەكەیدایە، ئەو ورد ورد هەموو تیری نەیاران و گوشارەكانی سەر كوردستان سەرنج دەدات و پێم وایە، ئامانجیشی لەو كۆبوونەوانە هەر ئەوەیە بەرچاوڕوونی بدات و بیركردنەوەی خۆی بگوازێتەوە بۆ خەڵكی دەستەبژێر.

ئێمە وەك ڕۆژنامەنووس داوا كرابووین بۆ دیدارەكە، لەوێ خەڵكی ئیداری و ژمێریار و تەكنیكارم زۆرتر بینی، لام سەیر بوو ئەو تێكەڵاوییە و نازانم بۆ وابوو، بەڵام تێگەیشتم كێشەیەك لە كۆكردنەوەی خەڵكەكەدا هەیە، ئەمە بەو مانایە نییە كە ئەوانیتر مافیان نییە سەرۆك ببینن، بێگومان هەموو كوردێك لە ناوەوە و دەرەوەی شەیدای ساتێكی وایە و مافی خۆیشیانە دەرفەتی ئەو دیدارەیان بۆ بڕەخسێت، بەڵام حەقە پێوەرێك هەبێت و رێكخەرانی ئەم كۆبوونەوانە باشتر بە كارەكە هەستن. بەهەرحاڵ ئەمە لایەنی كارگێڕیی بابەتەكەیە و بەشە گرنگەكەی لە شوێنێكی تردا.

بۆ من گرنگ بوو كە سەرۆك بارزانی زۆر بە وزەوە باسی گرنگیی كوردستانی دەكرد و بەهیچ شێوەیەك نەپرژایە سەر باسی حزبایەتیی بەتایبەت، تەنانەت بە ڕوونی گوتی، كوردستان گەشاوە و بەهێز بێت، هەموومان سەركەوتوو و شادمانین و بەپێچەوانەیشەوە كە كوردستان لاواز بێت، نە پارتی گرنگە و نە حزبەكانی تر.

بارزانی هێشتا ئامادەیە قوربانی بە هەموو دەستكەوت و پۆستەكانی حزبەكەی بدات بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەكەی و چەند بەڵگەیەكی زیندووی ئەم ساڵانەی هێنایەوە، بەتایبەت دوای 2005 كە چۆن هەموو هەوڵێكی داوە لایەنەكانی كوردستان لەسەر پۆستەكانی بەغدا ناكۆكی دروست نەكەن و لە بەشەكەی پارتی ببەن.

دڵم خۆش بوو بەو متمانە پتەوەی نێوانی سەرۆك و مام جەلال كاتێك لە خولی دووەمی سەرۆكایەتیی كۆماردا، ئەمەریكا بەهەموو توانایەكیەوە لە عێراق، هەوڵی داوە پۆستەكە بدات بە سوننە بۆ ئەوەی ئاشتیان بكەنەوە و بێنەوە ناو پرۆسەی سیاسی، بۆ ئەوە مام جەلال خۆیشی ڕازی بووە، بەڵام گوتوویەتی دەبێت سەرۆك بارزانی ڕازی بكەن كە من بمێنمەوە یان ئەم پۆستە هی كورد بێت یاخۆ سوننە، بۆ ئەوە شاندێكی گەورەی ئەمەریكا سەردانی پیرمام دەكەن و دەكەونە گفتوگۆ لەگەڵ بارزانی، بە ڕوونی ئامانجەكەیان دەڵێن كە دانەنانەوەی مام جەلال و بەخشینی سەرۆكایەتیی كۆمارە بە سوننە، بەڵام بارزانی بە توندی ڕەتی ئەو بیركردنەوە دەداتەوە و دەڵێ، هەر پۆستێكی پارتیتان دەوێت بیگۆڕن، بەڵام سەرۆكی كۆمار لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی نییە، بۆ گەلی كوردستان سیمبول و بەرهەمی خەباتەكەیەتی و هێزێكی واتایی گرنگیی هەیە كە ئەو گەلەی لەو كورسییەوە بڕیاری ئەنفال و كیمیابارانی دەدرا، كۆڵی نەدا تا دكتاتۆری ڕووخاند و تاكێكی خۆی خستە سەر كورسییەكە.

لە دۆسیەی كەركووكدا بیركردنەوەكەی جوانتریشە، بارزانی بەلایەوە سەیرە شارێكی كوردستانی كە هەموو پۆستەكانی بەدەست كوردەوە بووە و بە مێژوو و ئامار شارێكی كوردستانییە، ئێستە لە دەستەوارەیەكی نهێنی حزبیدا بچووك دەكرێتەوە بۆ تەنیا پۆستێكی كورد و تێكدانی تەبایی، ئینجاش ئەم تاكە پۆستە وەك دەستكەوت باس بكەی؟ بۆچوونی خۆی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ عەرەب و توركمان ڕوون كردەوە كە ئەمە عەرەبەكانی كەركووكیش دوای دانانی پارێزگار لە میدیاكانی عێراقەوە گوتیان و تازە نییە، بەڵام بە كورتی لەو كۆبوونەوەدا، ئەوان داوایان كردووە كە پارێزگار خولاوە بێت لە نێوان هەرسێ نەتەوەكەدا، بەڵام سەرۆك گوتوویەتی دەبێت كورد بێت سەرەتا و ئەمە بابەتی گفتوگۆ نییە، عەرەب و توركمان گوتوویانە ئاخر ئێمە هەشت كورسین و ئێوە دوو كورسین، چۆن دەبێت یەكەم پارێزگار كورد بێت، سەرۆك لە وەڵامدا گوتوویەتی نەخێر ئێمەی كورد بە تەنیا حەوت كورسین و لە هەردوو لاتان زیاترین كە توركمان دوو كورسی و عەرەب شەش كورسین.

وزەی كار و بەرچاوڕوونی دا كە چۆن هەموو شتێك بخەینە لاوە و دۆزە نەتەوەییەكە لە بەرزیدا بهێڵێنەوە.
زۆر باسی تر لەبارەی ژیانی سیاسی و ئەو دۆخە ی ئێستەی كورد كرا و پشتئەستوور بە هێزی گەل و ئەزموونە مێژووییەكان كە هەرگیز كەس نەیتوانیوە ئاواتی خۆی دژی كوردستان بێنێتە دی، وزەی كار و بەرچاوڕوونی دا كە چۆن هەموو شتێك بخەینە لاوە و دۆزە نەتەوەییەكە لە بەرزیدا بهێڵێنەوە.

رەنگە تۆی خوێنەر بڵێی ئەمانە هیچی بۆ من گرنگ نییە، مافی خۆتە و ئازادی لە بیركردنەوەدا، بەڵام بۆ ئێمە و ئەوانەی لە خەمی نەتەوەكەیاندان و لە ململانێ و گوشارەكانی دراوسێ دڕندەكان تێدەگەن، بیركردنەوەی سەرۆك بەهادارە و بوونیشی هێزێكی زۆرە بۆ نەتەوەكەمان، بە تایبەت كە من لە نزیكەوە بینیم و تێگەیشتم كە خەمی ئەو هەر هەرێمی كوردستان نییە و بەیەكچاو سەیری هەر چوار پارچەكە دەكات.

ئەوەی لە كۆتاییدا بیڵێم ئەوەیە كە بارزانی هی هەموو كوردە و تاقانەی سەردەمێكە پێویستمان پێیەتی، بەڵام غەدرە ئەم دەرفەتی بینینانە تەنیا بۆ پارتییەكان بێت و لەناو ئەوانیشدا ئەو پارتییانە بن كە بەرپرسەكانیان بە دڵیانن و لەو نێوانەدا خەڵكی شایستەتر هەن و ناگەن، بۆیە هیوادارم بازنەكە فرەوان بكرێت و هەر كوردێك خواستی هەبوو و یان نەتەوەیی بیر دەكاتەوە، هەلی بینینی سەرۆكی هەبێت، چونكە بارزانی هی كوردە و وزەیەكی زۆر پاك لە كۆبوونەوەی لەگەڵ خەڵك وەردەگرێ.