جیاوازیی پەكەكە و دیموكرات و کۆمەڵە و بۆچوونی كۆیلەكان

AM:08:52:09/09/2024 ‌
ئەو دیدەی پێی وایە مادام توركیا لە پەكەكە دەدات، ئاساییە یەكێتیش كوردی رۆژهەڵات بداتەوە ئێران، هیچ نییە جگە لە مێشكێكی كۆیلەكراوی داگیركراو، چونكە مرۆڤی هۆشیار هەردووكیان و عەرەبیش بە دوژمن دەزانێت و پاساوی نییە بۆ هیچ كامیان، بەڵام جۆری شەڕەكەیش جیاوازە.

ئەوەی پەكەكە بە لای خۆیانەوە خەباتە و ئەوان بە ڕاستی لە شەڕدان و چەكیان پێیە و لە سنوورەكانی توركیا و هەرێمی كوردستاندان. تۆ كە چەكدار بیت و ئامانجێكت هەبێ، ئەوەیشت لە بەرچاوە كە لە پێناو ئامانجەكەتدا گیانبەخشین چاوەڕوانكراوە.

پەكەكە هیچ موراعاتی كوردستان ناكات و لە 1992ەوەوە تاڵەبانی و بارزانیش بە شێوەیەكی كوردانە تا پاڕانەوە لەگەڵیان ڕۆیشتوون كە موراعاتی دۆخی هەرێم بكەن و گێچەڵەكانیان لادەن لەم خەڵكە كە ئێستە بەرهەمی شۆڕشەكەی گەیشتووەتە جۆرێك ئازادی و حوكمڕانی خۆماڵی، بەڵام نەك موراعات ناكەن، بگرە بە جۆرێك كار دەكەن هەرێم هەر نەمێنێت و ئەو شانازییە كۆتایی بێت كە شۆڕشەكەی باشوور گەیشتە ئازادی.

بەڵام دیموكرات و كۆمەڵە لە سنوور نین و چەكیان پێ نییە و خەریكی ژیانی مەدەنین، ئەمانیش ئەگەر ئێران لێیان بدات لەو ژیانە سڤیلەدا هەر خەباتە و زۆر جێی خەم نییە، چونكە دوژمنەكە لێی داوە. بەڵام تۆ بە دەستی خۆت بیگریت لەناو شاردا و بێ چەك، ئینجا بیدەیتەوە دەست دوژمنەكە، ئەمە نەك قێزەونە، بگرە لێدانە لە بنەماكانی كوردبوون و شكاندنی هەموو بەهاكانی برایەتیی و میوانداری و كوردایەتییە.

دیموكرات و كۆمەڵە، نەك موراعاتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵكوو لەوپەڕی تەنگانەدا كە ئێستە بە زۆرەملێ دەیانبەنە كەمپی عێراقی/ئێرانی و كادریان ڕادەستی ئێران دەكرێـەوە، هێشتا لە بەیاننامەكانیاندا خەمی ئەوەیانە دڵی كوردی باشوور نەڕەنجێت و چەند جار دووپاتی دەكەنەوە "لە دۆخی هەرێمی كوردستان تێدەگەین و گوشارەكانی سەری دەبینین". 

ئەمە بە ڕاستی كوردایەتییە بە بەرزترین پلە، چونكە دەزانن چەكیان پێ بێت و شەڕ بە ئێران بفرۆشن، گوشارەكانی بەغدا ڕەنگە تا خنكاندن بێتە سەر ملی خەڵكی هەرێمە تاقانەكەی كورد.

لەوە تێدەگەم مرۆڤی حزبی پاساوی بۆ هەموو شتێكی حزبەكەی هەیە، بەڵام نابێت ئەمە بتكات بە كۆیلەیەك دۆخە نەتەوەییەكەیش هەر بە حزبی بزانی و بۆ هەموو شتێك هەر پاساو بێنیتەوە، چونكە لەو حاڵەتەدا تۆ بە هوشیاری یان بێ ئاگایی، خزمەتكاری دوژمنیت و ڕەوایی بە ڕەفتارە دڕندانەكانی دەدەیت.

ئێمەی كورد بە گشتی، ڕاستە لە دۆخێكی سەخت و لەژێر چەندان گوشارداین و دنیای نوێ گوێی لێ خەواندووین، ئەوەیش ڕاستە دەسەڵاتی ئەم وڵاتە زلانەمان نییە نە بە شەڕ نە بە ئابووری، بەڵام خۆ دەتوانین هەموویان بە دوژمن بزانین و كات بەڕێ بكەین بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان لەم تەنگژانە دەربچین، تا فایلە قورسەكانی وەك شەڕی ئۆكراین و غەزە یەكلا دەبنەوە و سەرۆكی نوێی ئەمەریكا هێڵەكانی سیاسەت بۆ چوار ساڵەكەی دادەڕێژێ.

سەیرە، دوو رۆژە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، هەندێك مرۆڤی رۆحكۆیلە دەبینم لە هەر كوێ باسی رەفتارێكی توركیا دەكرێت، ئەوان دەڵێن بۆ باسی ئێران ناكەیت و بە پێچەوانەیشەوە، ئەوەی باسی بەدەستەوەدانی "بەهزاد خوسرەوی" لەلایەن یەكێتیی نیشتمانییەوە بۆ ئیتڵاعات دەكات، هەیە دەنووسێ بۆ باسی توركیا ناكەیت.

هەر ئەم دیدە كۆیلەیە پێی وایە، توركیا فەرمانبەری پارتییە و بە پرسی ئەو حزبە هێز دەجووڵێنن و دەكشێنەوە، ئاخر تۆ كە لەوە تێنەگەی توركیا حیساب بۆ عێراقیش ناكات و تاكە هێزە بەوپەڕی ئاشكراییەوە لە نێوان ڕووسیا و ناتۆ یاریی دەكات و هیچ یاسایەكی ناتۆ جێبەجێ ناكات و لێشی قبووڵ دەكرێ، كەواتە گفتوگۆ سوودی نییە و تۆ بە ڕاستی ئەقڵت دەستبەسەر كراوە. 

بەڵام ئەم ناكۆكیی و نەگونجاوييە كە هەندێك جار گەیشتووە بە ئینكاری ئەینا كەسەكە دەزانێ حزبەكەی هەڵە دەكات، بەڵام بۆ ئەوەی بەرانبەر ئازار بدات هەر پاساوی هەڵەكە دەدات، بۆ داهاتوویەكی باشمان نابات.