په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
(شێلادزێ) وه‌ك رووداو
(شێلادزێ) وه‌ك ترس له پێكه‌وه‌بوونی كورد
پرسیاری سه‌ره‌كی و به‌رایی ئه‌وه‌یه توركیا چۆن بیر له كورد ده‌كاته‌وه؟ دیاره بۆ تێگه‌یشتن له توركیا و جووڵه‌كانی، توركیا وه‌ك ئه‌كته‌رێك كه زیاتر ده‌یه‌وێ له دواوه‌ی كورد ده‌ربكه‌وێت نه‌ك له ته‌نیشت و له‌ته‌كی، ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌ده‌بیات و رووداوه‌كانی كۆتایی جه‌نگی سارد و كوێت.
كوردانی باشوور له كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی ١٩٩١دا روو ده‌كه‌نه سنوور. ئه‌م جووڵه به كۆمه‌ڵه‌ی كورد بۆ سه‌ر سنوور و به‌دیار چاوی میدیا گه‌وره و رۆژنامه‌نووسانی دنیاوه، خه‌م و ترسێكی گه‌وره‌ی بۆ توركیا دروست كرد. ترس له‌وه‌ی كوردانی باشوور بۆ یه‌كه‌مین جار له دوای رووخان و پارچه پارچه‌بوونی ئیمپڕاتۆری عوسمانییه‌وه، جارێكی تر پێوه‌ندی به یه‌كتره‌وه بكه‌ن و سنووری لۆزان و هێڵه‌كانی لۆزان تێكبشكێنن.
توركیا یه‌كێك له خه‌مه هه‌ره گه‌وره‌كانی له‌و جێگۆڕكێ و راكردنه‌ی كوردانی باشوور بۆ سه‌ر سنوور، پرسی پێوه‌ندیكردن و ئاوێزانبوونی باشوور و باكورییه‌كانی كوردستان بوو، ترس له‌وه‌ی ئه‌م دوو پارچه‌یه‌ی كوردستان به یه‌ك زمان و ئه‌ده‌بیاتی ناسیۆنالیزم و به‌یه‌ك خه‌می سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی گفتوگۆ بكه‌ن، به یه‌ك خه‌یاڵی سیاسی و به یه‌ك پڕۆژه و چاوه‌ڕوانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ یه‌كتر له پێوه‌ندیدابن. دیاره توركیا نه‌یده‌ویست له ڕووی جیۆپۆڵه‌تیك و سنوور و ناسنامه‌ی فه‌رمی وڵاته‌كه‌یه‌وه لاواز ده‌ربكه‌وێت و بخنكێت.
)توركت ئۆزاڵ) هه‌رزوو له دوای كۆڕه‌وه‌كه‌وه پێشنیاری كرد كه "ناوچه‌ی ئارام" له باكوری عێراق دروست بكرێت. ئۆزاڵ ده‌یویست كوردانی ئه‌م دوو پارچه‌یه دابڕاو، دوور له یه‌كتر، به دوو زمانی سیاسی و خه‌یاڵی سیاسی بمێننه‌وه. باشوورییه‌كان له سنووره‌وه به‌ره‌و ناوه‌ندی شاره‌كان بكشێنه‌وه تا له‌گه‌ڵ باكورییه‌كان له پێوه‌ندیدا نه‌بن و به‌یه‌ك زمان و چاوه‌ڕوانی سیاسی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌كه‌ن.
پێ ده‌چێت ده‌سته‌بژێری سیاسیی تورك له‌وكاتدا ترسیان له‌وه هه‌بووبێت به‌هۆی گۆڕانی سیستمی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی و بنه‌ماكانی New World Order و تاك جه‌مسه‌رییه‌وه، كورد ناسنامه و سنوور به‌ده‌ست بهێنێته‌وه و باكورییه‌كانیش هاوشێوه‌ی برا باشوورییه‌كانیان جووڵه بكه‌ن، زمانی سیاسی و جه‌سته‌ی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییان رێك بخه‌نه‌وه و داواكارییه‌كی بوونگه‌راییانه‌یان له‌و سیستمه سیاسییه تازه‌یه‌ی دنیادا هه‌بێت و جه‌سته‌ی توركیا رووبه‌ڕووی ماندووبوون و له‌ت له‌تبوون بكه‌نه‌وه.
توركیا له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه هه‌رزوو ئاماده‌یی ده‌بێت له باشووری كوردستاندا. ئاماده‌بوون له‌ڕێی PMF ه‌وه، ئاماده‌بوون به زمانێكی ئاشتییانه. پرۆسه‌كه وابوو كه توركیا به‌شێوه‌یه‌كی سیمبۆلی له باشووردا بژی، بمێنێته‌وه و ئاگاداری دنیای كوردی بێت. دواتر چه‌ندان بنكه‌ی سه‌ربازی توركی له باشووردا ده‌ركه‌وتن. لێره‌وه ئاماده‌بوونی توركیا له فۆڕمێكی نه‌رمه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ سه‌رباز و هێز. هێز لێره‌وه نوێنه‌رایه‌تی دۆخێك ده‌كات كه ئه‌وانیتر پارچه پارچه و دابڕاو بكات، یان ده‌رفه‌تی تێكه‌ڵبوون و پێوه‌ندی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه به یه‌كتر نه‌دات.
ئه‌مڕۆ توركیا له شێلادزێ ناسنامه‌ی سه‌ربازبوونی خۆی له ده‌ست ده‌دات، تانك و هێما سه‌ربازییه‌كانی دێنه سووتان، بۆیه توركیا ترسێكی گه‌وره‌ی له‌وه هه‌یه ئه‌م كرده‌یه‌ی شێلادزێ له كرده‌یه‌كی سیمبۆلییه‌وه خۆی بگۆڕێت بۆ كرده‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و بچێته ناو جه‌سته و په‌یكه‌ری توركیاوه، وه‌ك چۆن له دوای جه‌نگی سارده‌وه سۆڤیه‌ت پارچه جیاوازه‌كانی له جه‌سته‌ی جیابووه‌وه. یوگسلاڤیای پێشوو رووبه‌ڕووی دابڕان و دابه‌شبوون بووه‌وه.
دیاره توركیا هێشتا خه‌می ئه‌وه‌یه‌تی ئه‌گه‌ر وه‌ك سه‌رباز له باشوور ئاماده نه‌بێت، باشوور و باكور هه‌ستی هاوبه‌ش و خه‌می هاوبه‌ش كۆیان بكاته‌وه یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تێری تری Territory بێته‌وه كایه‌وه. ئه‌م ترسه له زۆربه‌ی دۆخه‌كاندا وای له توركیا كردووه پرسی كورد له پرسی شوناس و هه‌بوونه‌وه بگۆڕێت بۆ پرسی ئاسایش.
توركیا ده‌ترسێت به‌بێ بوونی سه‌رباز له شێلادزێ و به‌بێ فڕۆكه له ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا، جۆرێك له تێری تری به‌رهه‌م بێت و ماناكانی توركبوون و ده‌وڵه‌تبوون ده‌ستكاری بكات. ده‌كرێ له‌ڕێی تێزه‌كانی (بیندێكت ئه‌نده‌رسن) زیاتر له دۆخی به‌رهه‌مهێنانی ناسیۆنالیزم و تێپه‌ڕاندنی سنوور و جیۆپۆڵه‌تیك و جه‌سته‌ی ده‌وڵه‌ت و له یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه بگه‌ین.
راستییه‌كه‌ی تورك هه‌م وه‌ك نه‌ته‌وه و هه‌میش وه‌ك ده‌سته‌بژێری سیاسی، وێنه‌یه‌كی ته‌واو نائیتنیكییانه‌ی هه‌یه بۆ كورد، دیاره تورك كورد وه‌ك مرۆڤی شاخاوی و دوور له شار و ئاوه‌دانی ده‌بینێت. یه‌كێك له ماناكانی ئه‌م شێوه بینینه پێوه‌ندی به خواستی توركه‌وه هه‌یه بۆ چۆنیه‌تی لێكدانه‌وه‌ی كوردبوون، یان ده‌ركه‌وتنی كورد به پچڕ پچڕ و دوور له یه‌كتر و پارچه پارچه‌بوو. به‌شێك له ترسی ده‌وڵه‌تی توركیای هاوچه‌رخ له به‌رانبه‌ر كۆبوونه‌وه و له یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ی كورد، ئه‌وه‌یه كه كورد به ئاسانی كه‌ناڵی پێوه‌ندی و كه‌ناڵی گۆڕینه‌وه‌ی خه‌م و خه‌یاڵه ناسیۆنالیزمه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بنیات بنێت و به‌رده‌وامی پێ بدات. ئه‌م وێنه‌یه هه‌م بۆ كوردانی ناوخۆی توركیا و هه‌میش بۆ ده‌ره‌وه‌ی توركیا راسته و به‌رده‌وام له جووڵه‌دایه.
كوردانی باكوری كوردستان به‌شێوازێكی سیستماتیك دابه‌ش كراون، به‌شێكیان به‌هۆی بازاڕی كار و لۆجیكی بازاڕ و تێكه‌ولێكه‌ی ئابوورییه‌وه، دوور خراونه‌ته‌وه له كوردبوون وه‌ك جیۆگرافیا و كوردبوون وه‌ك زمان و سیمبۆل.
ده‌وڵه‌تی توركیای هاوچه‌رخ دوای دامه‌زراندنی یه‌كێك له ستراتیجه‌كانی تێكشكاندنی هه‌نده‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی كوردبوو له باكوری كوردستان. توركیا كاری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد كورد بێ كه‌ناڵی پێوه‌ندی و بێ پانتایی بێت، پانتایی به مانای ئه‌وه‌ی كورد وه‌ك گرووپێكی ئیتنی توانای كۆبوونه‌وه و گفتوگۆی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و پێكه‌وه‌بوونی نه‌بێت.