یه‌كه‌م
ئه‌مه‌ریكا و عێراقی تازه
ئه‌م هه‌فته‌یه شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، سه‌ردانی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیان كردووه و باسی چه‌ندان ته‌وه‌ر و پرس و باسی تایبه‌ت به سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراقیان كردووه. سه‌ردانه‌كه به یاوه‌ری باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بووه. دیاره باڵوێز وه‌ك نوێنه‌ری وڵات له‌م جۆره دانیشتن و گفتوگۆیانه‌دا رۆڵی گرنگی هه‌یه، به‌و پێیه‌ی كۆمه‌ڵێك زانیاریی تایبه‌ت به ژێرخان و سه‌رخانی سیاسیی وڵاتی پێشوازیكه‌ری لایه و خاوه‌ن پاشخانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی زۆره له‌سه‌ر وڵاته‌كه، ئه‌مه‌ش ره‌گه‌زێكی گرنگی دیپلۆماسی و گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینه‌وه‌ی سیاسییه له نێوان دوو ئه‌كته‌ری ده‌وڵه‌تی یان دوو ده‌وڵه‌ته.
سه‌رۆكی شانده‌كه مارك تاكانۆ بووه كه نوێنه‌ری پارتی دیمۆكراته‌كانه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هاوكات له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێكی تری ئه‌نجوومه‌نه‌كه. پێده‌چێت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌جۆرێكی تر له‌و حكوومه‌ته تازه‌یه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی بڕوانێت له عێراق له چه‌ندان ئاست و لایه‌نه‌وه، له ئاستی ناوخۆ، له ئاستی ده‌ره‌وه و ته‌نانه‌ت له ئاستی هه‌رێمیش. به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌لایانه‌وه گرنگه ئه‌و حكوومه‌ته تازه‌یه، گرنگییه‌كی زۆر به پرسی به‌دامه‌زراوه‌ییكردن و به‌هێزكردنی ده‌زگا ده‌ستوورییه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و گرنگیدان به دۆسیه‌ی گه‌نجان، سه‌روه‌ری یاسا و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌ندان پرسی تر بدات، چونكه ئه‌مانه به‌شێكی گرنگ و دانه‌بڕاوی ناو پرۆسه‌ی حوكمڕانی باش و سیاسه‌ت و یاسادانانن.
له ئاستی ده‌ره‌وه‌ش، پاراستنی هاوسه‌نگی له نێوان ئه‌كته‌ره هه‌رێمییه‌كان، خاڵێكی گرنگ و پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجییه به‌لای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه، چونكه ئه‌مه‌ریكا عێراقێكی به‌لاوه گرنگ نییه كه ببێته مه‌یدان و گۆڕه‌پانی هێزه هه‌رێمییه‌كان، به‌تایبه‌ت كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا، چونكه ئه‌م دوو هێزه له‌ڕووی جیۆگرافیا و جیۆپۆله‌تیك و سیاسه‌ت و هه‌ژموونه‌وه، زیان به پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌گه‌ر ململانێكانیان له گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق یه‌كلا بكه‌نه‌وه.
دووه‌م
پرسی ئاسایش
دۆسیه‌ی ئاسایش و ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق، یه‌كێكه له پرسه ستراتیجییه‌كان و بایه‌خێكی زۆری هه‌یه به‌لای ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌وڵێكی زۆریش دراوه كه عێراق له‌ڕووی ئاسایشه‌وه سه‌قامگیر و ئارام و بێ كێشه بێت، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی عێراق ئێسته له هه‌موو كاتێك هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتری ئاسایشی له‌سه‌ره، به‌مه‌ش سیستمی سیاسی و كۆمه‌ڵگه به‌گشتی رووبه‌ڕووی مه‌ترسی و ئاڵنگاری ده‌بێته‌وه و كۆی ئاسایشی نیشتیمانیش ده‌كه‌ویته مه‌ترسییه‌وه.
هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئاسایشی عێراق فره سه‌رچاوه و فره ئاستن. به‌شێكیان هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیین و ئه‌وانی تر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی. هه‌ڕه‌شه ناوخۆییه‌كان خۆی ده‌بینێته‌وه له بێكاری گه‌نجان و لاوازیی دامه‌زراوه‌كان له بڕیاردان و به‌ڕێوه‌بردن، بوونی رێژه‌یه‌كی زۆری گه‌نده‌ڵی و هه‌ژموونی میلیشیاكان به‌سه‌ر كۆده‌زگای حوكمڕانی و نادادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانی و په‌راوێزخستنی گرووپه‌كانی وه‌ك ژنان، گه‌نجان، خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، به‌ساڵاچووان و زۆربه‌ی گرووپه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه كه به‌شێكی گرنگن له پێكهاته‌ی گشتی كۆمه‌ڵگه و سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی.
له ئاستی ده‌ره‌وه‌ش هه‌ژموونی وڵاتانی دراوسێ و هه‌ردوو پڕۆژه‌ی هیلالی شیعی كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، پڕۆژه‌ی عوسمانیزمی نوێ كه له‌لایه‌ن توركیاوه ئاراسته ده‌كرێت، دوو سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسیی گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر ئاسایش و ناسنامه و مانه‌وه‌ی عێراق، ئه‌مه جگه له كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو و گرتنه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌م دوو وڵاته‌وه وه‌ك كارتی فشار و ناچاركردنی عێراق و ده‌سته‌بژێری سیاسیی عێراقی، بۆ ملكه‌چكردن و ناچاركردنیان به بڕیار و سیاسه‌ت و كارنامه‌كانیان و راده‌ستبوونیان به پڕۆژه‌كانیان. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو وڵاته له‌سه‌ر سنووره‌كان به‌رده‌وام خه‌ریكی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی و تۆپبارانكردن و ته‌نانه‌ت كوشتنی هاووڵاتییانی عێراقی و گه‌شتیارانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوورن له شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
سێیه‌م
پرسی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا وه‌ك پرسێكی چاره‌نووسساز
رۆژ دوای رۆژ پرسی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا ئاڵۆزتر و پڕكێشه‌تر و فره ره‌هه‌ندتر ده‌بێت. دیاره ئه‌م شانده ئه‌مه‌ریكییه به‌شێكی ته‌وه‌ری گفتوگۆكانیان، پرسی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی عێراق بووه. پێده‌چێت باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا له هه‌موو لایه‌ن و ده‌زگاكانی تری عێراق، داتای مه‌ترسیداری له‌لا بێت له‌باره‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو و كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌سه‌ر هاووڵاتییانی عێراقه‌وه.
دیاره ئه‌م گۆڕانه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ته‌واوی بنه‌ماكانی حوكمڕانی له عێراق و ته‌واوی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقییه‌وه ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانی باشووری عێراق و ئه‌و شوێنانه‌ی كه كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییان لێ ده‌كرێت، هاووڵاتییانی عێراقی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهات و ئابووری و ژیانیان پشتی پێ ده‌به‌ستن. گۆڕانی كه‌شوهه‌وا ده‌بێته مایه‌ی گۆڕان له زۆر پرس و كه‌رتی تردا، به‌تایبه‌ت به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی توندوتیژی و پرۆسه‌ی زیاتر و چڕتری به‌شداربوون و كۆچی لادێ و گونده‌كان بۆ ناوه‌ندی شار و به‌رزبوونه‌وه‌ی چڕی دانیشتووان له ناوه‌ندی شاره‌كاندا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، كه‌مبوونه‌وه‌ی خودی ئاوی خواردنه‌وه و ده‌ستڕانه‌گه‌یشتنی هاووڵاتییان و تاكی عێراقی به ئاوی خواردنه‌وه، فشاری زیاتر ده‌خاته سه‌ر سیستمی سیاسی و كه‌ناڵه‌كانی بڕیاردان، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه دۆخی عێراق له هه‌ر سات و كاتێكدا بێت، ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه و ته‌نگژه و توندوتیژیی لێ ده‌كرێت، چونكه ده‌سته‌بژێری سیاسی و حكوومه‌ت، ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو عێراقییه‌كان بكات، ئه‌مه‌ریكاش ئه‌م نه‌بوونی نوێنه‌رایه‌تییه راسته‌قینه‌یه به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره داده‌نێت بۆ سه‌ر عێراق.