یه‌كه‌م/ پرۆتۆكۆڵی ئاسایش
كۆماری عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران پرۆتۆكۆڵی ئاسایش له نێوان خۆیاندا واژوو ده‌كه‌ن. نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، محه‌مه‌د شیاع سوودانی رای گه‌یاندووه كه پرۆتۆكۆلێكی ته‌ناهیی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوو وڵاته‌كه‌دا واژوو كراوه. دیاره قاسم ئه‌عره‌جی كه راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقه، به نوێنه‌رایه‌تیی عێراق له‌گه‌ڵ شه‌مخانی وه‌ك نوێنه‌ری ئێرانییه‌كان پرۆتۆكۆله‌كه‌ی واژوو كردووه.
ئه‌م سه‌ره‌تایه ده‌كرێت زه‌وینه‌سازكردن بێت بۆ چه‌ندان پرسی تری ئاسایشی و نائاسایشی به‌تایبه‌ت كۆماری ئیسلامیی ئێران ئێسته له سه‌روبه‌ندی پرۆسه‌ی ئاشتی و بنیاتنانی ئاشتی و رێككه‌وتننامه‌ی گشتگیری ئاسایشه له‌گه‌ڵ ركابه‌ره مێژوویی و جیۆپۆله‌تیكییه‌كه‌ی كه شانشینی سعوودیه‌ی عه‌ره‌بییه. عێراق ئێسته وه‌ك بلۆكێكی هه‌ستیاری ته‌ناهی ده‌رده‌كه‌وێت له نێوان هه‌ردوو ئه‌كته‌ردا و له دوای ٢٠٠٣ ه‌وه و له دوای گه‌یشتنی شیعه‌كان به ده‌سه‌ڵات و زیادبوونی هه‌ژموونی مه‌زه‌وی و سیاسیی ئێران، عێراق به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێت و ده‌كرێ به حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی ئێران، به‌مه‌ش بایه‌خی جیۆپۆله‌تیكی و جیۆسیاسی عێراق یه‌كجار گه‌وره و یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت بۆ هه‌ردوو ئه‌كته‌ر، ئه‌گه‌رچی سعوودیه و سوننه‌كان وه‌ك هێزی لاواز و قوربانی و په‌راوێزخراو ده‌بینرێت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
هه‌ر رێككه‌وتن و پرۆتۆكۆلێكی ته‌ناهی و ئاسایشی نێوان عێراق و ئێرانییه‌كان، زیاتر بۆ به‌یاساییكردنی پێوه‌ندی و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێرانه له عێراق. ڕاستییه‌كه‌ی و له‌ڕووی كردارییه‌وه ئێران هیچ به‌ربه‌ست و دیوار و رێگرییه‌ك نابینێت له نێوان خۆی و جیۆگرافیای سیاسیی عێراقدا و هێزێكی هه‌میشه ئاماده و بینراو و كاریگه‌ره به‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی و كۆی بڕیاری سیاسی له عێراقدا، به‌ڵام دنیای پرۆتۆكۆل و رێككه‌وتننامه فه‌رمییه‌كان، به‌رگی یاسایی و شێوه‌ی فه‌رمی به ده‌ستوه‌ردانه‌كان ده‌به‌خشن. دیاره له دوای ئاشتبوونه‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ سعوودیه، پێده‌چێت جیۆگرافیای سیاسی و نه‌خشه‌ی هه‌ژموونه‌كانیش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، به‌تایبه‌ت كاتێك سعوودیه‌ش چاوی له‌وه‌یه سوننه‌كانی عێراق وه‌ك درێژكراوه و بلۆكێك له جه‌سته‌ی سیاسی و جیۆگرافی خۆی و ناوچه‌كه ببینێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
دووه‌م/ ماڵئاوایی ئاسایشی باو
چه‌مكی ئاسایش له‌دوای رووخانی سۆڤییه‌ته‌وه، وه‌ك زۆر چه‌مك و بوار و مه‌یدانی تری ناو سیاسه‌ت و حوكمڕانی گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌ردا هاتووه. پێشتر ئاسایش ته‌نیا ره‌هه‌ندی سه‌ربازی و چه‌كداری و هێزی ره‌قی هه‌بوو. دواتر تێڕوانین و دید و ئارگیۆمێنتی تر له‌دایكبوون له ئه‌ده‌بیاتی ئاسایش‌دا، به‌تایبه‌ت كاتێك قوتابخانه‌ی كۆپنهاگن بۆ ئاسایش له دایك ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستی تیۆریست و بیرمه‌ندی بواری ئاسایش باری بۆزان و هاوڕێكانی. قوتابخانه‌ی كۆپنهاگن پێی وایه ئاسایش ته‌نیا به سه‌رباز و سوپا به‌ده‌ست ناهێنرێت، به‌ڵكو له‌ڕێی كۆمه‌ڵگه و خودی تاك و ئه‌ندامانی ناو كۆمه‌ڵگه و گرووپه‌كانه‌وه ده‌وڵه‌ت ده‌گات به ئاسایش. ناوكی ئاسایش كه‌رته‌كانی وه‌ك ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كۆمه‌ڵگه‌یی، ئاو، خۆراك و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده ده‌گرێته‌وه و ده‌بێت به‌رده‌وام هه‌وڵی به‌دیهێنان و گه‌یشتن و به‌ده‌ستهێنانی بدرێت، ئه‌گه‌رچی ئاسایش خۆی له بنه‌ڕه‌تدا پرسێكی رێژه‌ییه و ئاسایشی ره‌ها له دنیادا بوونی نییه. له‌م دید و تێڕوانینه‌وه چه‌ند سه‌ره‌تا و راستییه‌كی سه‌ره‌تاییمان بۆ روون ده‌بێته‌وه كه ره‌نگه كۆمه‌كمان بكات بۆ تێگه‌یشتن له پرس و كێشه‌ی ئاسایش له عێراق و ناوچه‌كه.
یه‌كه‌م: ئاسایش له عێراق تا ئێسته له ئاستێكی لاواز و كه‌وتندایه و زۆرینه‌ی كه‌رته‌كانی ناو ده‌وڵه‌تی عێراق، ده‌پووكێنه‌وه و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه كه‌رتی ئاو و خۆراك و ته‌ندروستی و خوێندن.
دووه‌م: دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی له عێراق له‌ڕووی ژماره و چه‌ندێتییه‌وه له هه‌ڵكشان و زیادبووندایه، به‌ڵام له‌ڕووی چۆنێتی و گه‌یشتن به ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌یی لاواز و بێ بناغه‌یه.
سێیه‌م: سنووره‌كانی عێراق لاوازن و به‌مه‌ش ده‌رفه‌تی زیاتر ده‌به‌خشێت به ئه‌كته‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ر و زلهێزه‌كان، به ئاسانی بێنه ژووره‌وه و خۆیان نمایش بكه‌ن و بڕیار و هه‌ژموونه‌كانیان بسه‌پێنن.
سێیه‌م/ ده‌وڵه‌تسازی و ئاسایش
یه‌كێك له ئارگیۆمێنته‌كانی ئاسایشی نوێ ئه‌وه‌یه كه چۆن له‌ڕێی بنیاتنانی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تسازی و گه‌شه‌دان به دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا بگه‌ین به دۆخێكی سه‌قامگیری ئاسایش و مانه‌وه. ئه‌م ره‌گه‌زه تازانه‌ی ناو ژیانی دیموكراسی دیوارێكی گه‌وره‌ن بۆ ئاسایش و دڵنیایی، ئه‌گه‌رچی له عێراقی دوای ٢٠٠٣دا ئه‌م گه‌شه‌پێدانه سیاسییه له ئاستێكی نزم و لاوازدایه. به‌شێكی لاوازی بنیاتی ئاسایش له عێراقدا پێوه‌سته به رێژه‌ی باڵایی و هه‌ژموونی وڵاتانی دراوسێ و سیستمی هه‌رێمی ناوچه‌كه‌وه.
كۆماری توركیا له‌ڕێی گرتنه‌وه‌ی ئاوی دیجله و فوڕاته‌وه، بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر سیستمی ئاسایشی عێراق و ساڵانه عێراق رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی و كێشه و گرفتی زۆر ده‌بێته‌وه، له‌م بواره‌دا و ئاوی خواردنه‌وه رۆژ دوای رۆژ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چێت. ئێران له‌ڕێی ده‌ستوه‌ردان له كاروباری دامه‌زراوه‌كان و سه‌پاندنی بڕیار و به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی، دووباره وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه ده‌رده‌كه‌وێت، جگه له لاوازكردنی پرۆسه‌ی سیاسی به‌تایبه‌ت له كاتی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌نگ و پێگه‌ی هێزه سیاسییه‌كان له عێراقدا. پووكانه‌وه و داته‌پینی ژێرخانی سیاسی و پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازی، خۆی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه له‌سه‌ر كه‌رتی ئاسایش، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه و جووڵێنه‌ره‌كه‌ی هێزه ده‌ره‌كی و هێزه هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه بن. پێناچێت عێراق له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بتوانێ بگات به سه‌قامگیریی سیاسی و ئاسایش، به‌تایبه‌ت هێشتا نه‌یتوانیوه خۆی رزگار بكات له ململانێی هێزه‌كان.