یه‌كه‌م/ ئاگر و ده‌وڵه‌ت
ده‌وڵه‌ت به‌وه ناسراوه كه ده‌بێ توانای پاراستن و له‌خۆگرتنی هه‌مووانی هه‌بێت. هه‌موو واته هه‌موو ئه‌ندامان و هاووڵاتییان به‌بێ هیچ جیاوازییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، ئیتنیكی، ئاینی، مه‌زه‌وی یان كولتووری و زمانی. تۆماس هۆبس ده‌وڵه‌تی وه‌ك ئه‌ژدیها وێنا كردووه، ئه‌ژدیها لێره ئاماژه‌یه بۆ سیمبولی به‌هێزی و چه‌مكی هێز و پاراستنی هه‌مووان. واته هیچ گرووپ و تاكێك له‌ناو ده‌وڵه‌تدا نابێت له ده‌وڵه‌ت خۆی به‌هێزتر بێت و ده‌وڵه‌ت ده‌بێت به سه‌رچاوه‌ی پاراستن و گره‌نتیی مانه‌وه‌ی هه‌مووان. دیاره مه‌رج نییه هه‌موو ده‌وڵه‌تێك له دنیادا به‌هه‌مان ریتم و میلۆدی كار بكات و ببێت به سه‌رچاوه‌ی ئاسایش و ئارامی و پاراستن بۆ هه‌مووان، به‌تایبه‌ت كاتێك ده‌وڵه‌ت له خودی ده‌وڵه‌تبوون ده‌كه‌وێت و ناتوانێ هه‌موو ئه‌ركه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خۆی به‌باشی له به‌رانبه‌ر هاووڵاتییانیدا جێبه‌جێ بكات، به‌تایبه‌تیش له وڵاتانی دنیای سێیه‌م و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه پێیان ده‌گوترێت ده‌وڵه‌تی شكستخواردوو یان دافه‌تاو، گرووپ و میلیشیاكان ناوه‌ندی بڕیار و سیاسه‌ت و بنه‌مای حوكمڕانین، له‌بری دامه‌زراوه و ناوه‌نده یاسایی و نیشتمانییه‌كان.
دیاره عێراقی دوای ٢٠٠٣ له به‌رده‌م ئه‌و حاڵه‌ته‌دایه و تا ئێسته نه‌یتوانیوه ده‌وڵه‌تبوونی خۆی دووپات بكاته‌وه و بسه‌پێنێت. راسته له‌ڕووی تیۆرییه‌وه ده‌وڵه‌ته و بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تبوون له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام له‌ڕووی كرداره‌كییه‌وه بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تبوونی تێدا ره‌نگ نه‌داوه‌ته‌وه و نه‌یتوانیوه ببێت به په‌رژینی مانه‌وه و پاراستنی هه‌مووان. دیاره له رووداوه‌كه‌ی شارۆچكه‌ی حه‌مدانییه‌دا كه زیاتر له ١٠٠ كه‌سی تێدا بوونه قوربانی به‌هۆی ئاگری هۆڵێكه‌وه كه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌گوترێت، مه‌رجه‌كانی ئاسایش و سه‌لامه‌تی و پاراستنی تێدا نه‌بووه و ده‌وڵه‌تیش بێ‌باك و بێ خه‌م ئه‌م لایه‌نه‌ی ئاسایش و سه‌لامه‌تیی مرۆڤی پشتگوێ خستووه، نه‌یتوانیوه وه‌ك به‌شێك له سیستم و ئاسایشی گشتیی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات و چاودێری بكات، به‌تایبه‌ت له پارێزگایه‌كی وه‌ك نه‌ینه‌وا كه زیاتر به هه‌ژموونی سوننه‌كان داده‌نرێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
دووه‌م/ حه‌مدانییه؛ دووجار قوربانی
ئه‌م رووداوه جگه له‌وه‌ی لاوازیی ئاستی ئاسایش و دڵنیایی له شارۆچكه‌كه ده‌رخست، هاوكات په‌نجه‌ی خسته‌سه‌ر دیوێكی تری رووداو و ناوچه‌كه، ئه‌ویش په‌راوێز و دابڕاویی و به‌ته‌نیا جێهێشتنه. دابڕاو واته چۆن ناوچه‌یه‌ك ده‌پچڕێنی له پێداویستی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ژیانی سه‌رده‌م و به‌ته‌واوی له ناوه‌ند دایده‌بڕێنێت. مووسڵ و شارۆچكه و شاره‌دێیه‌كانی ده‌وروبه‌ری وه‌ك رووبه‌رێكی سوننی، ده‌مێكه كراون به ناوچه‌ی په‌راوێزی و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش چه‌نداان ره‌هه‌ند و هۆكاری ناوخۆیی و هه‌رێمی له پشته‌وه‌یه، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئه‌و ململانێ مه‌زه‌وییه‌ی كه به‌درێژایی مێژووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی عێراق، ئاماده‌یی هه‌بووه و ده‌سه‌ڵات وه‌ك به‌شێك له پێكهاته و دامه‌زراوه‌كانی خۆیدا سه‌پاندوویه‌تی و گه‌شه‌ی پێ داوه.
په‌راوێزخستن و فه‌رامۆشكردن یه‌كێك بووه له سیاسه‌ته دیار و زاڵه‌كانی ناو سیستمه سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌درێژایی مێژوو، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه تا ده‌گاته رۆژگاری ئه‌مڕۆ، دواتریش وه‌ك سیمای سه‌پێنراوی حوكمڕانیی ئه‌و ده‌ستبه‌ژێره سیاسییه ده‌ركه‌وتووه كه له عێراق هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها و نه‌بڕاوه‌یان هه‌بووه، به‌بێ هیچ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بڕیاریان داوه و كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقییان به‌ڕێوه بردووه. ئه‌وه‌ی ئێسته له مووسڵ و ده‌وروبه‌ری و شارۆچكه‌ی حه‌مدانییه روو ده‌دات، گوزارشتێكی خێرا و دیاری ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یه كه له ده‌ركه‌وته سه‌ره‌تاییه‌كانیدا، خۆی له نه‌بوونی دڵنیایی و ئاسایش و پاراستن و مردنی به كۆمه‌ڵدا ده‌بینێته‌وه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه‌یی له‌مه‌ودوا بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی تر، به‌تایبه‌ت كاتێك جارێكی تر له ئاهه‌نگی بووكگواستنه‌وه‌دا له حه‌ویجه حاڵه‌تێكی ژه‌هراویبوونی به كۆمه‌ڵ روو ده‌دات و دووباره ده‌بێته‌وه.
سێیه‌م/ میلیشیا و ئاسایش
بۆ تێگه‌یشتن له پرسی ئاسایش و شیكردنه‌وه‌ی، چه‌ندان قوتابخانه و تیۆرمان هه‌یه كه هه‌ریه‌كه‌یان له دید و بارودۆخ و گۆشه‌یه‌كه‌وه ئاسایش ده‌خوێنێته‌وه و راڤه‌ی ده‌كات و چوارچێوه و لێكدانه‌وه‌كانی ده‌خاته‌ڕوو. ئاسایش پێشتر به‌ته‌نیا سه‌رباز و چه‌ك و دامه‌زراوه سه‌ربازی و ته‌ناهییه‌كان بوو، به‌ڵام دواتر قوتابخانه‌ی تر هاتنه كایه‌وه بۆ چوونه ناو قووڵایی ئاسایش كه تیشك ده‌خاته‌سه‌ر ئاسایش له ره‌هه‌نده فراوانه‌كه‌ی و كه‌رته‌كانی وه‌ك ژینگه، كه‌رتی كۆمه‌ڵایه‌تی، كۆمه‌ڵگه‌یی، ئابووری، ده‌روونی و ته‌ندروستی.
(باری بۆزان) وه‌ك تیۆریستی سه‌ره‌كیی ئه‌م قوتابخانه‌یه كه له سه‌ده‌ی رابردوودا ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی بۆ ئاسایش وێنا كردووه و نمایش كردووه. ئه‌گه‌ر جارێكی تر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه، له‌و راستییه سه‌ره‌تا و ساده‌یه تێده‌گه‌ین كه ئاسایش له‌و ناوچه‌یه‌دا ته‌نانه‌ت به پێودانگ و پێوه‌ره كلاسیكی و كۆنه‌كانیش ئاماده‌یی نه‌بووه و دۆخێكی پاشاگه‌ردانی و بێ ئاسایشی به‌سه‌ر كۆی كه‌رت و كایه‌كاندا زاڵ بووه، به‌تایبه‌ت ئاسایشی ژینگه‌یی و ئه‌و ژێرخانه‌ی كه له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌بێ هیچ پێوه‌ر و رێوشوێن و رێككارێكی ده‌وڵه‌تی و یاسایی، بینا كراوه و بازی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌دا ناوه كه ده‌وڵه‌ت وه‌ك چوارچێوه‌ی ئاسایش پێناسه‌ی ده‌كات و ژێرخانی له‌سه‌ر بنیات ده‌نێت.
به‌شێكی ئه‌م مامه‌ڵه و ره‌فتاره نایاسایی و ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تییه، پێده‌چێت پێوه‌ندیی قووڵی به‌و هه‌موو میلیشیا و گرووپه چه‌كدارانه‌وه هه‌بێت كه بوونه سه‌رچاوه‌ی دۆخی نائاسایش و نادڵنیایی بۆ خه‌ڵك و دانیشتووانی ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت بۆ ده‌وڵه‌ت خۆیشی، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت بێباكه و له بازنه‌ی به‌خته‌وه‌ری Comfort Zone ی خۆیدایه له‌گه‌ڵیان و به‌هه‌ردووكیان بێباكییه‌كی گه‌وره‌تریان بنیات ناوه.