عێراق ناوەندی قەیرانەکان

AM:10:06:08/10/2023 ‌
یەكەم/ هێرشەکەی حەماس و عێراق
بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی چڕوپڕی کردە سەر ئیسڕائیل و ئۆردوگانشینەکانی. هێرشەکە لە سێ لاوە و بە هەرسێ رێگەی وشکانی، ئاسمانی و ئاوی ئەنجام درا و دەکرێت بڵێین تەکتیک و تەکنیکی ئەم هێرشەی ئەمجارەی حەماس، تەواو جیاوازە و یەکەمینجارە لە مێژووی ململانێ و جەنگی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا هێرشی لەمجۆرە بكرێت. دیارە ئەم رووداوە دەستپێکی هێرشێکی پێچەوانە و جەنگێکی دوورودرێژ دەبێت و بە تەنیا لە ناوخۆی ئیسڕائیل-فەڵەستیندا نامێنێتەوە و بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ ململانێ و جەنگێکی هەرێمی و ئەکتەرەکانی فرەوان دەبن و پانتاییە جیۆسیاسییەکەیشی گەورەتر دەبێت. 

ئەوەی تا ئێستە بینراوە بە تەنیا ساتە گەرمەکانی رووداوەکەیە و دەرەنجامەکەی یەکجار دوورودرێژ و فرەوان دەبێت، بە تایبەت کاتێک جەمسەر و ناوەندە هەرێمییەکان سەرچاوەی جۆشدان و ئاگری سەرەکی جەنگەکەن و رۆڵیان لە بە ئامرازکردن و بە سیاسیکردنی جەنگەکەدا هەیە. 
لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندان ئەکتەر هەن کە جەنگ بە درێژکراوەی سیاسەت و ستراتیجەکانی خۆیان دادەنێن و بەشێک لە یەکلاکردنەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانیان لە ڕێگەی هاندانی هێزە پەراوێزەکانیان و بەکارهێنانیان بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسی خۆیان بەکار دێنن. 
ئیسڕائیل یەکێکە لەو ئەکتەرانەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێکی گەورەی بنیانی سیستمی هەرێمی ناوچەکە پێک دێنێت لەڕووی ئاسایش و هاوسەنگی هێز و بەهاکان و مەیدانی جەنگ و دروستکردنی هەژموونەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەندان ئەکتەری رکابەر و دژبەر هەن و بەردەوام لەناو سیستمەکەدا بەها و نۆرمەکان رەت دەکەنەوە و دژ بەو بنیاتە سیاسی و ئاسایشی و جیۆسیاسییەن و دواتریش چەند وڵات و پانتاییەکی تر هەن پێگە جیۆگرافی و جیۆپۆڵەتیکییەکەیان بە ئاسانی دەکرێن بە مەیدانی جەنگ و ململانێ و جەنگی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ناچەکەیان بۆ دەگوازرێتەوە و دەبن بە بەشێک لە قەیران و رووبەڕووبوونەوەکان، بە تایبەت وڵاتێکی وەک عێراق، لبنان، سوریا و یەمەن. جارێکی تر بە دیاریکراویش عێراق.
 
دووەم/ عێراق و مەیدانی جەنگ 
عێراق خۆی هەر لە سەرەتادا مەیدانی جەنگ بووە، جەنگ لە سەردەمی رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، جەنگ لە سەردەمی پاشایەتی و رووخانی سیستمی پاشایەتی و لەدایکبوونی کۆماریی، جەنگ لە سەردەمی بەعس و جەنگی یەکەم و دووەم و سێیەمی کەنداو و هاتنی ئەمەریکا و دواتریش داعش و ئێستەیش جەنگی هێزە هەرێمییەکان لەڕێگەی پڕۆکسییەکانەوە لە عێراق. 

وادیارە عێراق جەنگی لێ نابڕێت، بەڵام ئەم لێنەبڕانە پێوەندی بەو پێگە جیۆستڕاتیجییەوەوە هەیە کە هەڵگریەتی. عێراقی ئەمڕۆ کەرەستەیەکی ئاسانی دەست کۆماری ئیسلامی ئێران و حەوشەی پشتەوەی ئەو وڵاتەیە و هەمیشە بەکاربراوی سەر مێزی ململانێکانە و بەکار دەهێنرێت و یاریکەر نییە. ئەوەی بزووتنەوەی حەماس دەیکات لە کورتمەودا و درێژمەودادا کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت و زۆر بە خێرایی سروشتی ململانێکان دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی: 

یەکەم: زۆربەی ئەو ئەکتەرانەی ئەمڕۆ عێراق بەڕێوە دەبەن "سەربازی و مەدەنی"، لەگەڵ حەماسدا سەر بەیەک تەوەر و ناوەندن و یەک پڕۆژەی سیاسی و جیۆپۆڵەتیکی و هێلی فکری و مەزەوی دەیانجووڵێنێت و بەڕێوەیان دەبات، بەمەیش ئاسانتر دەرگا بۆ تێوەگلانی عێراق دەکاتەوە لە ململانێکاندا. 

دووەم: لەسەر ئاستی شەقام، عێراق کێڵگەیەکی لەبارە بۆ جۆشدان و جووڵاندن و بزواندنی بەهۆی بەکارهێنانی هەندێک ریتۆریکی ئاینی و مەزەوی و دواتریش سەربازی کە دەبن بە سەرچاوەی خۆراک و کۆکردنەوەی گشت و شەقام و هێزە جیاوازەکان، بە تایبەت ئەوانەی سەربە هێزە دژە خۆرئاواییەکانن. 

سێیەم/ عێراق و قەیرانەکان 
دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراقی خۆی سەرزەمینی قەیرانەکانە، هەر لە قەیرانی سیاسییەوە تا دەگاتە قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە بەشێوەیەکی گشتی گوزارشت لەو سیاسەتە ناوخۆییە دەکات کە بڕیاربەدەستانی ساز و ئامادەی دەکەن. قەیرانی دەرەکی و هەناردەکردنی بۆ عێراق هێندەی تر ئەو وڵاتە دەکات بە سەرزەمینی قەیران و پێکدادان. پێکدادان بەهەردوو شێوەی فیزیکی و هزری. 
ئەمڕۆ لە بنیاتی حکومڕانی و سیاسەتی گشتی و دەرەوەی دەوڵەتی عێراقدا، کێشە و خاڵی لاواز و بۆشایی گەورە هەن و دەبینرێن. بەشێکی پێوەندییان بە رابردووەوە هەیە و بەشێکی تریشی پێوەستە بە سیاسەتی پاشكۆیەتی و مەزەوی لەو وڵاتەدا کە وڵاتانی دراوسێ رۆڵیان هەیە لە گواستنەوەی ئەو جۆرە سیاسەتە بۆ عێراق و برەوپێدان و بەگەڕخستنی، بە تایبەت کە عێراق سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە و کەوتووەتە ژێر کاریگەری و سیاسەت و هەژموون و پڕۆژەکانی. 

جەنگی ئیسڕائیل و فەلەستین کە لە ئێستەدا حەماس دەرگایەکی گەورەی بەسەردا کردووەتەوە، رەهەندێکی فرەوانی هەرێمی و ناوچەیی هەیە و عێراقیش گەورەترین و بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ تێوەگلان لەو جەنگە هەرێمی و فرەرەهەندە، بەمەیش هێندەی تر لە دەوڵەتبوون دەکەوێت و هێندەی تر سەروەری و سیستمە بەرگرییەکەی دەکەوێت و دەپووکێتەوە و توانا و رەگەزەکانی بەرگریکردن لە دەست دەدات، ئەگەر بەشێوەیەکی رێژەییش بێت. 

بەبۆنەی هێرشەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل، لە شاری بەغدا بەشێک لە هێزە سیاسییەکان لەڕێگەی ئەندامەکانیانەوە ئاهەنگ دەگێڕن و خۆشی دەردەبڕن و خۆیان بە ئۆتۆمبێڵ لەسەر شەقامەکاندا بە ئاڵای فەڵەستینەوە دەنوێنن، ئەمەیش ئاماژەیەکی خێرا و دەستبەجێی چوونە نێو بازنەی قەیران و ململانێی نێوان هەردوو ئەکتەری ئیسڕائیل و حەماسە.