جەنگێکی ناوچەیی

AM:10:39:05/11/2023 ‌
یەكەم/ حزبوڵا و ئاگری جەنگ 
حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنان، لە دواین گوتاری خۆیدا باسی لەوە كرد کە "جەنگێکی فراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە ئارادایە. جەنگی فراوان ئاماژەیە بۆ چەندان لێکدانەوە و تێگەیشتن لە جەنگ و سروشتی ململانێکانی ناوچەکە، بە تایبەت ئەو چوار کێشە بنیاتیەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن (کێشە و ململانێی ئاین، مەزەو، سنوور و کێشەی ئیتنیکی-نەتەوەیی) کە ساڵانێکی زۆر و دوورودرێژە ناوچەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت و بووە بە سەرچاوەی نەهامەتی و ئازار و ماڵوێرانییەکی یەکجار گەورە و سەتان هەزار مرۆڤی تێدا بووەتە قوربانی و لە دواین وێنەیشدا جەنگی ئیسڕائیل و غەزە دەبینرێت کە تا ئێستە کوژراو و قوربانی زۆری لێکەوتۆتەوە. 

حزبوڵا وەک پارت و هێزێکی سیاسی لبنانی و ناوچەکە و ئەکتەرێکی ناڕاستەوخۆی جەنگ، رۆڵ لە سووتەمەنی و خۆراکپێدان بە جەنگەکە دەبینێت و دەکرێت وەک سەرچاوەی فراوانکردنی جەنگەکە ببینرێت، بە تایبەت کاتێک ئەمینداری گشتی و سەرۆکەکەی بە ئاشکرا ئاماژە بەو فراوانبوون و پەلهاوێشتن و جەنگە ناوچەییە دەکات کە رەنگە لە نزیکمەودادا ببینرێت. 

هەموو جەنگێکی ناوچەیی هەڵگیرسان و سەرەتاکەی ئاسانە، بەڵام کۆتایی و کوژانەوەی کارێکی یەکجار قوڕس و ئەستەمە، بە تایبەتیش لە جەنگێکی وەک جەنگی ئیسڕائیل و حەماس کە ئاین و ئایدۆلۆجیا و بیروباوەڕ رۆڵی تێدا دەبینن و هۆکارە بنەڕەتییەکانی جەنگەکە زیاتر لە رەهەند و پاڵنەرێکی هەن، ئەمەیش پڕۆسەی کۆتاییهاتنی جەنگ و بنیاتنانی ئاشتی ئاڵۆز و درێژخایەن دەکات. 

ئەو جەنگە ناوچەییەی حەسەن نەسروڵا باسی دەکات، سەرەتای جەنگێکی بریكارانە-وەکالەتی درێژخایەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەپەڕێتەوە بۆ وڵاتانی تر، بە تایبەت عێراق، سوریا، یەمەن، لبنان و ئەکتەری تری نێودەوڵەتی دێنە ناوییەوە، بەوەش ئاسایشی ناوچەکە بەتەواوی دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. 

دووەم/ ئەمەریکا و رێسای یارییەکە 
یەکێک لە ئەکتەرەکانی ئەم فراوانبوونەی جەنگە، ئەمەریکایە. فراوانبوون بەو مانایەی ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی هێزە پڕۆکسی و چەکدارەکانی، بەرەی تری جەنگ لە بەرامبەر ئیسرائیلدا بکاتەوە و گوشاری زیاتر بخەنە سەر تەلئەبیب. دیارە دۆخێکی لەمشێوەیە بەهیچ شێوەیەک بەلای ئەمەریکاوە قبوڵکراو نییە و بێگومان کاردانەوەی بەهێز و راستەوخۆی دەبێت، بەمەیش سنوور و جیۆگرافیا و ئەکتەر و رێساکانی جەنگەکە دەگۆڕێن و دەبێت بە جەنگی ناوچەیی و سنوورە جیۆسیاسی و جیۆپۆڵەتیکییەکانی بەتەواوی فراوان دەبێت و دەکشێت. 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئێستە هیچ ئاماژەیەکی دەرنەبڕیوە بۆ فراوانبوونی جەنگ و گەڕانەوەی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناردنی سەرباز و هێزی زۆر، بەڵام پێدەچێت هەروا بێ هەڵوێست نەمێنێتەوە، ئەگەر هێزە پڕۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لبنان، سووریا، یەمەن و تەنانەت عێراقیش دەست بە جووڵە و هێرشی سنووردار و بێزارکردنی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمەریکا بکەن و گەمارۆیان بدەن. 

روون و ئاشكرایە یەکێک لە ستراتیجەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پاراستنی پێگە و قەوارە و ئاسایش و ناسنامەی ئیسرائیلە، بەمەیش هەر کردارێکی حزبوڵا یان حەماس یان حەشدی شەعبی و بەرەی مقاوەمە بە گشتی لە بەرامبەر هێزەكانی ئەمەریکا، راستەوخۆ گۆڕینی جەنگە بۆ جەنگێکی فراوانی هەرێمی و گۆڕینی ناوچەکەیە بۆ مەیدانی جەنگ، بە تایبەت دەوڵەتێکی وەک عێراق کە هێشتا مەیدانێکی بەپیتە بۆ جەنگ و ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی هێزە نەیارەکان لەگەڵ یەکتردا. 

سێیەم/ عێراق وەک ئەکتەرێکی یاریپێکراو 
وا دیارە عێراقیش لەو یاریی و ململانێ و تێکەولێکەدا بەشدارە و بووەتە بەشێک لە ماکینەی بەگەڕخستنی ململانێکە و رۆڵی پێدراوە لەلایەن ناوەند و هێزە هەرێمییەکەیەوە. بۆیە هێزە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران هەوڵ دەدەن بە تەکتیکی هێرشی سنووردار و لە رێگەی درۆنەوە درێژە بەم یارییە هەرێمییە بدەن و لە ئەگەری دروستبوونی جەنگێکی هەرێمیدا، پێدەچێت هێرشەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ سەر بنکە و سەربازگەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمەیش کاردانەوە و دەرەنجامی خراپ و درێژمەودای دەبێت، بە تایبەت لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەموو بەرەکان لە جەنگەکەدا بەشدار بن و تێوە بگلێن و جەنگێکی رووبەڕوو و تراجیدی لە عێراق، لبنان، یەمەن، سووریا و هەر ناوچەیەکی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دێتە کایەوە. 

تەنانەت ئێستە لۆبی و گوشاری سیاسی هەیە بۆ دەرکردنی هێزەكانی ئەمەریکا لە عێراق و دوورخستنەوەیان، هێزە شیعییەکان چیتر نایانەوێت هیچ هێزێکی ئەمەریکایی لە عێراقدا ئامادە بێت و ببینرێ، ئەگەرچی ئەمەریکاییەکان ئێستە زیاتر وەک راوێژکار و ڕاهێنەری سەربازی و لایەنی لۆجیستی و مەعنەوی دژ بە داعش و بە دامەزراوەییکردنی هێزە تەناهییەكان لە عێراقن و کەمتر رۆڵی بەرەنگاربوونەوە و چوونە مەیدانی جەنگ و سەربازی شەڕکەر دەبینن. 

لەگەڵ ئەوەیشدا لە ئەگەری گۆڕانی جەنگ و فراوانبوونی، عێراق وەک ئەکتەرێکی یاریپێکراو و بەکارهێنراو، دەجووڵێنرێت لە مەیدانەکەدا و یاریی پێ دەکرێت، بە تایبەت کاتێک عێراق رۆژ دوای رۆژ هێزە سیاسییەکانی ناوی رووبەڕووی دابەشبوون و ململانێ و جیاوازی و بۆشایی زیاتر دەبنەوە و دەبن بە سەرچاوەی ململانێ و دژبەیەکی بۆ یەکتر. 

ئەم ژینگە ناوەکییە هێندەی تر عێراق دەکات بە دەستکەلای هێزە هەرێمییەکان و لەم جەنگەدا بەکار دەهێنرێت.