خولێکی نوێی ململانێکانی نێوان عیراق و ئەمەریکا

PM:12:04:26/11/2023 ‌
یەكەم/ هێرشەکان بۆ سەر حەشدی شەعبی 

ئەمەریکا لە دواین کردە و هەوڵی خۆیدا لە بەرانبەر هێزە شیعی و میلیشیاکانی عێراقدا، هێرشی کردە سەر هێزە شیعییەکانی نزیک لە ئێران. سەرەتا سێنتکۆم فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دا کە وڵاتەکەی دووجار هێرش دەکاتە سەر میلیشیا شیعییەکان، ئەوانەی خۆیان بە بەشێک لە بەرەی مقاوەمەی عێراق دادەنێن و دەزانن و ئەو هێرشە 10 چەکداری حەشدی شەعبی کوشت. 

ئەم پێشهاتە سەرەتایەکی نوێیە لە پێوەندییە هەرێمییەکانی ناوچەکە و قۆناغێکی تازەیە لە ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمەریکا و حەشدی شەعبی، پێشتر میلیشیاكانی حەشد چەندانجار هێرشیان کردووەتە سەر ئەمەریکاییەکان هەم لە ئەنبار /بنکەی عەین ئەسەد/ و هەمیش لە هەولێر /فڕۆکەخانەی هەریر/، تەنانەت لە دوای بەرپابوونی جەنگی نێوان ئیسڕائیل و حەماس، میلیشیاکان زیاتر لە 70 جار هێرشی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق كردووە، بەڵام ئەمەریکا هیچ کاردانەوە و وەڵامی نەبوو. 

ئەم وەڵامدانەوەیەی ئەمجارە و کوشتنی چەکدارانی حەشد، عێراق بەرەو خولێکی تری ناسەقامگیری و نائارامی و پێکدادانی نێوان ئەمەریکا و میلیشیاکان دەبات. بە تایبەت کاتێک شیعە بەردەوام ئەوە دووبارە و دەبارە دەکەنەوە کە ئەمەریکا داگیرکەرە و مافی ئەوەی نییە لە عێراق بمێنێتەوە و تەنانەت مافی بەرگریکردنیش لە خۆیان نییە و گوشار دەکەن بۆ ئەوەی هیچ چەکدارێکی ئەمەریکا لە عێراق نەمێنێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. 

وا دیارە جگە لە سەربازانی ئەمەریکا، شیعەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە نابێت یۆنامیش (دەزگەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق) لە وڵاتەکە بمێنێت و گوایە هیچ کارێکیان بەو دەزگە و دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییە نەماوە. ئەم قۆناغە لە پێوەندی نێوان ئەمەریکا و عێراق، قۆناغێکی یەکجار مەترسیدارە و ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوە و پێکدادانی زیاتر. 

دووەم/ دۆخی ناوخۆی عێراق و ئەمەریکا

هەم ئەمەریکا و هەمیش عێراق، دۆخی ناوخۆیی و ململانێ ناوخۆییەکانیان لە لوتکەدایە کە دواتر دەبێت بە پاڵنەرێک بۆ سیاسەتی دەرەوەیان، چونکە هەموو سیاسەتێکی دەرەوە گرێدراو و درێژکراوەی سیاسەتی ناوخۆی وڵاتە، تەنیا ژینگەی جێبەجێکردنیان جیاوازە و سیاسەتی ناوخۆ لە ژینگەی ناوخۆی وڵاتەکەدا کار دەکات و کاریگەریی خۆی دروست دەکات و سیاسەتی دەرەوە لە ژینگەی دەرەوە و لە ناوی سیستمە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکەدا، لەگەڵ ئەندامانی جڤاتی نێودەوڵەتیدا کارلێک دەکات و کاریگەری خۆی بەپێی رادە و رێژە و ئەندازەی بەهێزیی دەوڵەتەکە دادەنێت و هەژموونی خۆی دەسەپێنێت. 

عێراق ئێستە لە دۆخێکی یەکجار هەستیاردایە بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکانەوە، لە دواین ڤێرژن و وێنەدا، سەرۆکی پەڕلەمان دوور دەخرێتەوە کە نوێنەرایەتی دنیا و بلۆکی سوننە دەکات، بەمەیش دووبارە کۆمەڵگەی عێراقی رووبەڕووی خولێکی تر لە ململانێی مەزەوی و ئیتنیکی دەبێتەوە. ئەم ململانێیە کاریگەری لەسەر پێوەندییە دەرەکییەکان و دەرەوەش دەبێت، چونکە عێراق هێشتا لەژێر کاریگەری بڕیار و هەڵوێستی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە، ئەمەیش ئاسانتر بۆشایی و کەلێن دەخاتە ناو سیستمی سیاسی و سەربازی و دبلۆماسی وڵاتەكەوە. 
بۆ ئەمەریکایش دۆخی ناوخۆی خۆی چیڕۆکێکی ترە، جۆ بایدن وەک سەرۆک نایەوێت چەقی سیاسەت و بڕیارەکانی بخاتە کایەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و خۆی بە سیاسەتی دەرەوەوە خەریک بکات و سیاسەتی ناوخۆ و پرسی هەڵبژاردن و رکابەرەکانی لە بیر بکات و هەڵبژاردن بدۆڕێنێت، بە تایبەت دۆناڵد تڕەمپ جارێکی تر وەک رکابەر دێتە مەیدانەکەوە و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا كاندیدە.

سێیەم/  نینۆککردنی میلیشیا 

ئاشكرایە میلیشیاکانی عێراق دەوڵەتێکی قووڵن لەناو دەوڵەتدا و توانای بڕیاردان و جۆشدان و کۆکردنەوەی هەموو جۆرە خەڵک و چالاکییەکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگیشیان هەیە و خاوەن کەرەستە و توانای دارایی و مەعنەوی یەکجار زۆر و گەورەن. 
ئەم ژێرخانە داراییەی میلیشیاکان وایکردووە بە ئاسانی یارییەکان بەڕێوە ببەن و رێساکان لە بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێ بێنن و بڕیار و سیاسەتی خۆیان بەسەر دامەزراوە فەرمی و دەستوورییەکانی عێراقدا بسەپێنن، تەنانەت لە بواری سیاسەتی دەرەوەیشدا سیاسەت و ئایدۆلۆجیا و بڕیارەکانی خۆیان بەسەر سیاسەتی فەرمی دەرەوەی عێراقدا بسەپێنن و دەرفەتی گەشەپێدانی سیاسی و بنیاتنانی دامەزراوەکان و سیستمی سیاسی بە هیچ شێوەیەک بۆ کەس نەهێڵنەوە. 

ئەم جۆرە سیاسەت و هەژموونەی میلیشیا لە عێراق، وایکردووە ببن بە یاریزانی ژمارە یەک لە بەرانبەر وەستانەوە و رووبەڕووبوونەوەی هێزێکی وەک ئەمەریکا و بە دیاریکراویش ئەو بنکە و بارەگا سەربازییانەی لە عێراقن و سەر بە ئەمەریکان. 

هێرشەکانی ساڵانی رابردووی میلیشیاکان لە عێراق و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش، دەرخەری ئەو دیاردەیەن بەشێوەیەک بۆتە پرسی رۆژ و هەواڵی رۆژانە و بەردەوام لە ناوەندەکانی میدیا هێرشەکان دەبینین و دەبیستین، تەنانەت هەندێکجار قوربانی و زیانی گیانیشی لێدەکەوێتەوە. راستە ئەمەریکا نایەوێت بەتەواوی خۆی خەریک بکات بەو دۆسیەیە و لە بەرانبەر هەموو هێرشەکاندا وەڵامی راستەوخۆ و یەکلاکەرەوەی هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سیاسەتی ئەمەریکا نینۆککردنی ئەم هێزانە و سنوردارکردنی جووڵەکانیانە بەشێوەیەک نەتوانن گورزی گەورە و ستراتیجی لە ئەمەریکا بدەن و زیان بە پێگە و مانەوە و پڕۆژەکانی بگەیەنن.