یه‌كه‌م/ پرسی ئاسایش، پرسێكی بنیاتی
چه‌مكی ئاسایش یه‌كجار فراوان و ئاڵۆزه. زانست و ئه‌ده‌بیاتی ئاسایش زۆری له‌باره‌یه‌وه نووسراوه و چه‌ندان قوتابخانه و رێچكه‌ی جیاواز بۆ تێگه‌یشتن له ئاسایش له دایك بوونه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، له دنیای ئه‌مڕۆدا یه‌كێك له ره‌گه‌زه‌كانی مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌كان، پرس و رێژه و ئاستی ئه‌و ئاسایشه كه به‌رهه‌می ده‌هێنن و خۆیانی پێ ده‌پارێزن. ئاسایش دیارده‌یه‌كی فره بواره و به‌ته‌نیا له سه‌رباز و سوپا و چه‌كدا كۆ نابێته‌وه. ئاسایش جگه له ره‌هه‌نده سه‌ربازییه‌كه‌ی، ره‌هه‌ندی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، ته‌ندروستی، ژینگه‌یی و كۆمهڵگهییش له‌خۆ ده‌گرێت.
به‌تایبه‌ت ئاستی كۆمه‌ڵگه‌یی كه پرسی ناسنامه و بوون و مانه‌وه ده‌گرێته خۆی و زۆرجاریش به ئاسایشی بنیاتی داده‌نرێت بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك. ئه‌مڕۆ پرسی ئاسایش له دنیادا به‌هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه، له ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدایه و پرسه‌كه‌ش ره‌هه‌ندێكی ده‌سته‌گه‌رایی وه‌رگرتووه، واته چیتر ئاسایشی وڵاتێك به‌ته‌نیا پێوه‌ست نییه به‌خۆیه‌وه، به‌ڵكو پێوه‌سته به‌هه‌موو یه‌كه‌كانی تره‌وه و ئاسایش بووه به تۆڕێكی به‌یه‌ك به‌ستراو و هه‌ڕه‌شه، بۆ سه‌ر سیستمی ئاسایشی هه‌ر یه‌كه و ده‌وڵه‌تێك یان ئه‌كته‌رێكی ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تی، هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ره ئه‌كته‌ره‌كانی تریش.
ده‌كرێت نموونه‌كه وا بخه‌ینه‌ڕوو، ئه‌گه‌ر به‌یانی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشی شارێكی وه‌ك پاریس دروست بێت، بێگومان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌رلین و له‌نده‌ن و واشنتن و زۆر شوێنی تری دنیاوه ده‌بێت و ئاسایشی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. له‌م روانگه‌یه‌وه وڵاتانی دنیا ساڵانه له شوێنی جیاواز كۆ ده‌بنه‌وه بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئاسایش و وڵاته‌كانیان، دیاریكردنی گرنگترین مه‌ترسییه‌كان و دانانی نه‌خشه و كارنامه بۆ گه‌یشتن به جۆرێك له ئاسایشی رێژه‌یی. دیاره نابێت ئه‌وه له بیر بكه‌ین كه ئاسایش پرسێكی رێژه‌ییه و ره‌ها نییه، واته هیچ شتێك نییه به‌ناوی ئاسایشی ره‌هاوه.
دووه‌م/ كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش
كۆنفرانسی مینوشن بۆ ئاسایش، شه‌سته‌مین خولی خۆی ئه‌نجام دا له ١٦ بۆ ١٨ی شوباتی ئه‌مساڵ، به به‌شداریی زیاتر له ١٠٠ سه‌ركرده‌ی سیاسی له دنیا و داڕێژه‌رانی سیاسه‌ت و چالاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و بڕیاربه‌ده‌ستان و سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. ناونیشان و دروشمی ئه‌مساڵی كۆنفرانسه‌كه (دۆڕاو-دۆڕاو Lose-Lose) ئه‌مه‌ش گوزارشته له ناجێگیری و ناله‌باری دۆخی ئاسایش له دنیادا، به‌كورتی ئاماژه‌یه‌كه بۆ دۆڕانی هه‌مووان و سه‌رجه‌م ئه‌كته‌ره‌كان له دنیایه‌كدا كه ئاسایشی تێدا لاوازه و سه‌قامگیری تێدا نییه، رێژه و ئاستی جه‌نگ و ململانێكانی تێدا به‌رز بووه‌ته‌وه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆنفرانسه‌كه ئه‌مساڵ چه‌ند چاپته‌ر یان به‌ش له خۆ ده‌گرێت، له‌وانه به‌رگری، رێكخستنی دنیا، ئاسایشی مرۆیی، به‌رده‌وامێتی، ته‌كنه‌لۆجیا و تۆڕبه‌ندی. جگه له راپۆرتێكی فراوان و ئه‌نجامدانی چه‌ندان دانیشتن و پانێڵ و كۆبوونه‌وه، هاوكات كۆبوونه‌وه له په‌راوێزی دانیشتنه‌كان و چه‌ندان چالاكیی تر. خاڵێكی تر كه جێی ئاماژه بۆكردنه، به‌شدارنه‌بوونی رووسیا و ئێرانه وه‌ك دوو جه‌مسه‌ری سه‌ره‌كیی سیستمی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی و پێكهێنه‌ری سیستمی ئاسایش له دنیادا، ئه‌مه له كاتێكدایه كه هێشتا جه‌نگی رووسیا و ئۆكراینا به‌رده‌وامه و به‌هه‌زاران كه‌س بوونه‌ته قوربانی، هێشتا ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران به‌رده‌وامه و جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس به‌رده‌وامه، سه‌ره‌ڕای ململانێكانی نێوان چین و ئه‌مه‌ریكا كه ئه‌مانه هه‌مووی بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئاسایش و بنیاتی ئاسایش له دنیادا.
سێیه‌م/ هه‌رێمی كوردستان و پرسی ئاسایش
هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌رچی ئه‌كته‌رێكی ناده‌وڵه‌تییه و هه‌رێمێكه له ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵ، به‌ڵام له زۆر شوێن و جێ‌دا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی كاریگه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت و ره‌فتار ده‌كات. راستییه‌كه‌ی ئه‌و جۆره جووڵه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رفه‌تێكه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی دیپلۆماسی هه‌رێم و پارادیپلۆماسی هه‌رێم له نه‌خشه‌ی دیپلۆماسی دنیادا. به‌تایبه‌ت كاتێك هه‌رێمی كوردستان له‌ناو دڵی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه، له ناوچه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌رمی دنیادایه كه پڕه له ململانێ و پێكدادان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه. ململانێ له‌سه‌ر خاك، ئاین، مه‌زه‌و و نه‌ته‌وه و زۆر بواری تر.
هه‌موو ئه‌و ململانێ و بهیهكدادانانه، پرس و دۆسیه‌ی ئاسایشی له ناوچه‌كه خستووه‌ته ئاستێكی مه‌ترسیداره‌وه، به‌مه‌ش ئه‌كته‌ره ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تییه‌كان تووشی گرفت و كێشه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی ده‌كاته‌وه و بۆشایی گه‌وره‌ش ده‌خاته ناو سیستمی ئاسایشی هه‌رێمی. به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌و كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تییه، گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه به‌هۆی ئه‌وه‌ی له دوای كوژرانی قاسم سلێمانییه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تازه بۆ سه‌ر هه‌رێم دروست بووه، ئه‌ویش هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیا عێراقییه‌كان و هێرشه درۆنییهكانه بۆ سه‌ر هه‌رێم، به‌بیانووی بوونی بنكه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكی و هێزی هاوپه‌یمانان، له ماوه‌ی رابردووش‌دا چه‌ندان شوێن و پێگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ئامانج گیراون و خه‌ڵكی سڤیل بوونه‌ته قوربانی به‌هۆی ئه‌م هێرشانه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێریش كراوه‌ته ئامانج، ئه‌مه‌ش ئاماژه و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی و ئاسایشی گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێمه‌كه. كۆنفرانسی میونشن و به‌شداریی هه‌رێم، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ده‌توانێت ببێت به كه‌ناڵێك بۆ گه‌یاندنی ئه‌و دۆخه‌ی كه هه‌رێم تێیدا ده‌ژی، روونكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و هێرشانه‌ی كه ده‌كرێنه سه‌ری، به‌تایبه‌ت هۆكاری به‌شێكی زۆری هێرشه‌كان پێوه‌ندی به ململانێ جیهانی و هه‌رێمی و ناوچییهكانهوه هه‌یه، كه هه‌رێم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تێیدا لایه‌نگیر و به‌شێك نییه لێی و هاوسه‌نگی خۆی تێدا پاراستووه.