یەكەم/ مێژووی سەرژمێری و ئامانجەکانی
دیارە سەرژمێری لە رووکەشدا وەک کردارێکی بیرکارییانە دەردەکەوێت، لە سادەترین مانادا واتە ژماردنی ئەندامانی کۆمەڵگە و دەوڵەت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە و مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە.
لە سەردەمی میسڕییە کۆنەکان و ئیمپڕاتۆری رۆمانی و هیند و چیندا، سەرژمێری بەشێوەیەکی سەرەتایی كراوە و زیاتر ئامانج و مەبەست لێی ژماردنی ئەندامانی کۆمەڵگە بووە، بۆ مەبەستی جەنگ و باج و بەشدارییان لە پاراستنی وڵات و دابینکردنی ئاسایشدا. بەڵام لە دوای رێنیسانس و شۆڕشی مۆدێرنە و تازەبوونەوەی سەرجەم کایەکان و لەدایکبوونی دەوڵەتی هاوچەرخ و نەتەوەیی، سەرژمێری زیاتر بە دەزگایی و دامەزراوەیی كرا و زۆرینەی وڵاتانی ئەوڕوپا دەست دەکەن بە سەرژمێری، بە تایبەت فڕەنسا یەکەم وڵاتی ئەوڕوپا دەبێت سەرژمێری لە سەدەی حەڤدەدا دەكات و دواتریش چەندان وڵاتی ئەوڕوپایی و تەنانەت ئەمەریکایش سەرژمێری بۆ دانیشتوان دەكەن.
ئامانج لە سەرژمێری لە سەردەمی تازەدا، هەردوو رەهەندی چەندێتی و چۆنێتی بووە، واتە چەند کەس لە کۆمەڵگە و ناو سنوری دەوڵەتدا دەژین و خاوەن چ تایبەتمەندییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و تەنانەت لە ڕووی ژێرخانی ئابووریشەوە دەوڵەت خاوەن چ سەرچاوەیەکی سروشتی و مرۆییە.
بەشێوەیەکی گشتی، ئامانجی سەرژمێری لە دنیای ئەمڕۆدا بریتییە لە تێگەیشتن لە دیمۆگڕافیا و ئیتنۆگرافیای دەوڵەت، واتە تێگەیشتن و وردبوونەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵگە بە سەرجەم نەتەوە و ئاین و مەزەو و کولتوور و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و پێوەندی نێوان جیۆگرافیای وڵات و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی.
دووەم/ عێراق و سەرژمێری
مێژووی سەرژمێری بەشێوەیەکی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی بەریتانییەکان و سەردەمی داگیرکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان و رووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی. کاتێک دەوڵەتی عێراقی تازە دروست دەکرێت، بەریتانیا پلان و ئامانج دادەنێ بۆ یەکەم سەرژمێریی بە مەبەستی تێگەیشتن لە پێکهاتەی کۆمەڵگە و ژمارەی هاووڵاتی و نەتەوە و ئاین و مەزەو و سروشتی ناوچە جیاوازەکان.
سەرژمێری بنەمای حکومڕانییە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە. لە سەردەمی پاشایەتی و بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٥٧دا جارێکی تر سەرژمێرییەکی تر دەكرێ کە بە بۆچوونی پسپۆڕانی بوارەکە تا ئێستە لە مێژووی سەرژمێری لە عێراقدا، پاکترین و باشترین و زانستیترین و بێلایەنترین سەرژمێرییە و دەکرێت تا ئێستەیش وەک بنەمایەک پشتی پێ ببەسترێت و بگەڕێینەوە بۆ تۆمارەكانی.
عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵی و کۆمەڵگەیەکی فرە پێکهاتە و نەتەوە و ئاینە، ئەمەیش دەرگایەکی کردووەتەوە بۆ هەستیاری ئەنجامدانی سەرژمێری و بە سیاسیکردنی پڕۆسەکە و بەتایبەت ئێستە دەوڵەت لە خزمەت یەک هێزی سیاسی و باڵادەستدایە، ئەمە لە شەفافیەتی سەرژمێری و روونی و بێلایەنی و زانستیبوونی کەم دەکاتەوە.
کۆمەڵگەی فرە پێکهاتە و ئەو وڵاتانەی فرەیی کۆمەڵایەتییان تێدایە و دیموکراسی نین، بەردەوام لە پرسی سەرژمێریدا کێشەیان رووبەڕوو دەبێتەوە، بە تایبەت کاتێک بڕیاردان لەسەر بنەمای ژمارە و کردەیەکی بیرکارییانە دەبێت و رەچاوی نەتەوە و ئاین و تایبەتمەندییەکانی تری پێکهاتەکان ناکرێت و سەرژمێری وەک چەک بەکار دەهێنرێت.
سەرژمێری بەبێ دیموکراسی لە کۆمەڵگەی فرەڕەنگدا ململانێ و بەرەنگاربوونەوە بەدوای خۆیدا دێنێ، لە بری سەقامگیری و دڵنیایی و بەیەکەوەبوون، بە تایبەت لە وڵاتێکی وەک عێراق و لە سەردەمی کۆماری و بەعسییەکاندا بەردەوام دەستکاری بوون و مانەوە و ناسنامەی کورد کراوە، لە ڕێگەی زمانی ژمارەکانەوە.
سێیەم/ سەرژمێری ئەمجارە؛ هەڕەشە یان دەرفەت؟
دەوڵەتی عێراق دوای 27 ساڵ لە ئەنجامدانی دواین سەرژمێری و 37 ساڵ لە دوا سەرژمێری هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا سەرژمێری بكات و بە یاسا ئەم پرسە ستراتیجییە رێک بخات. ئەم سەرژمێرییە تایبەتمەندی و گرنگی خۆی هەیە لە چەندان گۆشە و رەهەندەوە و دەکرێت دیارترینیان بەمشێوەیە رێک بخەین و ئاماژەی پێ بکەین:
یەکەم، لە دوای رووخانی بەعسەوە یەکەمین سەرژمێرییە بۆ تێگەیشتن لە ئەندازەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و گۆڕانە خێراکانی و هەموو ئەو دینامیکییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییانەی لە ماوەی 21 ساڵی رابردوودا روویان داوە.
دووەم، دروشمی سەرژمێرییەکە گەشەپێدانە، واتە ئامانج و مەبەست لێی گەشەپێدان و بەرنامەڕێژی و پلانسازییە. لەلایەکی ترەوە بەستراوەتەوە بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کە ستراتیجێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە 17 کۆڵەگە پێکدێت کە پێوەستن بە ژیان و گوزەران و ئاستی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتی بە خزمەتگوزارییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی وەک ئاو، تۆڕی کارەبا، ئامێرە زیرەک و سەردەمییەکان، شوێنی نیشتەجێبوون و کەرتی تەندروستی و پەروەردە و شارەوانی و خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی.
وادیارە ئەم پرسە هەم هەڕەشەیە و هەمیش دەرفەت، بە تایبەت بۆ کورد کە هەم کێشەی خاکی لەگەڵ سوننەی عێراقدا هەیە و هەمیش کێشەی دەسەڵات و هاوبەشی هێز و بودجەی لەگەڵ شیعە و دەسەڵاتی ناوەندا هەیە، بەمەیش سەرژمێری وەک هەڕەشەیەک دەبینرێت بۆ بەکارهێنانی لە دژی کورد، بە تایبەت لە ماوەی 21 ساڵی رابردوودا و لە عێراقی نوێدا، جارێکی تر کورد بەناوی تر و بەشێوەی ئاشکرا و دیار و بە پلان بە عەرەب کراوە و راگوێزراوە و خاکی لێ داگیر کراوە و مافەکانی زەوت کراون.
دەوڵەتی عێراق هەمیشە ژمارە و سەرژمێری وەک چەک و کارتی گوشار لە بەراتبەر کورددا بەکار دێنێت و یارییەکانی خۆی پێ بەڕێوە دەبات.