یه‌كه‌م/ پرسی خاك و نیشتمان و زێد یه‌كێكه له پرسه هه‌ره ئاڵۆز و فره‌ره‌هه‌ند و پڕكێشه‌كانی ناو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی عه‌ره‌بی. له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌و چوار كێشه بنیاتییه‌ی كه له دوای رێككه‌وتننامه‌ی سایكس بیكۆوه زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه، یه‌كێكیان پرسی خاكه له پاڵ كێشه‌ی ئاین و ئاینزا و نه‌ته‌وه. دیاره كێشه‌ی نه‌ته‌وه و خاك یان ناسیۆنالیزم و نیشتمان ئاوێزانی یه‌كترن و له زۆر لایه‌نه‌وه یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و پێوه‌ستن به‌یه‌كتره‌وه. ئه‌گه‌ر كه‌یسی عێراق وه‌ك نموونه‌ی كێشه‌كه وه‌ربگرین، هه‌رزوو تێده‌گه‌ین له ماوه‌ی 100 ساڵی رابردوودا هیچ كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی عێراق به‌قه‌د كێشه‌ی خاك كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ستراتیژجه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی عێراقدا نه‌بووه. زۆر به‌دیاریكراویش كێشه‌ی خاك له نێوان كورد و عه‌ره‌بدا. دیاره له ده‌ستووری هه‌میشه‌یی ساڵی ٢٠٠٥دا وه‌ك ناو و ناونیشان له ماده‌ی ١٤٠دا به ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ره‌كان ئاماژه‌ی پێ كراوه. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی كێشه له‌سه‌ر نییه. بۆچی كێشه‌ی له‌سه‌ر بێت له كاتێكدا به‌پێی به‌ڵگه‌نامه مێژوویی و به‌ڵگه راسته‌قینه‌كان، ناوچه‌ی كوردین و كورد وه‌ك نه‌ته‌وه له دێرزه‌مانه‌وه له‌سه‌ری ژیاوه و ژیانی تێدا كردووه و ئاوه‌دانی كردووه‌ته‌وه و تێیدا مردووه و نێژراوه و... هتد.
شنگال و مه‌خموور و به‌دره و جه‌سان و كه‌ركووك بۆ كێشه‌یان له‌سه‌ر بێت؟ ئه‌و ناوچانه به‌پێی هه‌موو به‌ڵگه‌كان ناوچه‌ی كوردین و خاكی كوردن و به‌شێكی زیندووی جیۆگرافیای سیاسی و مرۆیی كوردستانن. سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردن و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس و هاورده‌كردنی عه‌ره‌ب و داگیركردنی خاك و وێرانكردنی گونده‌كان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م خاك و ناوچانه ناكات به خاكی عه‌ره‌بی. خۆشبه‌ختانه هه‌رێمی كوردستان نه‌ك به‌ته‌نیا له‌ڕووی نه‌ته‌وه و كولتوور و فه‌رهه‌نگ و زمان و ناسنامه‌وه له به‌شه‌كانی تری عێراق جیاوازه، به‌ڵكو له‌ڕووی جیۆگرافیاشه‌وه له به‌شه‌كانی تری عێراق جیاوازه و ئه‌مه‌ش جۆرێكی تر له ناسنامه و تایبه‌تمه‌ندیی به كورد و خاكی كوردستان ده‌به‌خشێت. چیای حه‌مرین دیارترین سنووری جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان عێراقی عه‌ره‌بی و كوردستانه و سنوورێكی سروشت هه‌ردوو یه‌كه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه له یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه.
ئه‌گه‌رچی به‌پێی ده‌ستووری عێراق وڵاته‌كه فیدراڵییه و یه‌ك سنوور و سه‌روه‌ریی ده‌ره‌كیی هه‌یه، به‌ڵام له‌ڕووی كولتووری و فه‌رهه‌نگی و زمان و نه‌ته‌وه‌وه سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق دیار و ئاشكرایه، كه‌چی له ده‌ستوور بووه به كێشه‌له‌سه‌ر. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسی ئێمه‌یه لێره‌دا ئه‌و یاسایه‌یه كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌شێكی ئه‌و زه‌وییانه‌ی داوه به كورد و به‌پێی یاسا له‌ڕووی تیۆرییه‌وه ده‌بێت وه‌ك ناوچه‌ی كوردی مامه‌ڵه‌ی یاسایی و كارگێڕی له‌گه‌ڵدا بكرێت، به‌ڵام هێشتا نازانرێت له‌ڕووی كردارییه‌وه چ روو ده‌دات و دینامیكیی ململانێكان له‌سه‌ر خاك له عێراق چۆن ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌سته‌بژێری سیاسی شیعی به‌بێ به‌رانبه‌ر پاڵپشتی له‌و یاسا گرنگ و ستراتیجییه نه‌كردووه بۆ كورد و هه‌رێمی كوردستان.
دووه‌م/ خاك به‌رانبه‌ر ناسنامه‌ی مه‌زه‌وی
ره‌زامه‌ندبوونی هه‌ردوو ده‌ستبه‌ژێر و بلۆكی شیعه و سوننه له په‌رله‌مانی عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خاكه داگیركراوه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌بێ به‌رانبه‌ر نه‌بووه. دیاره شیعه‌كان له به‌رانبه‌ردا پێویستیان به ده‌نگ بووه بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سی و سوننه‌كانیش پێویستیان به ده‌نگ و سه‌نگی كورد بووه له په‌رله‌مانی عێراق، بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی یاسایی بۆ ئازادكردنی گیراوه‌كان و زیندانییه‌كانیان به‌تۆمه‌تی تیرۆر و داعشبوون و زۆر تۆمه‌تی تر، كه به‌شێكیان له بنه‌ڕه‌تدا تۆمه‌ته‌كان سیاسین و بنه‌مای سیاسی‌یان هه‌یه و به‌شێكه له‌و ململانێیه‌ی كه هه‌ردوو ئه‌كته‌ری شیعه و سوننه له به‌رانبه‌ر یه‌كتردا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌ڵام پرسیاره قووڵ و بنه‌ڕه‌تییه‌كه ئه‌وه‌یه كه كام پرس بۆ كورد گرنگتر و ستراتیجیتره له‌م سێ پرسه‌ی كه له په‌رله‌مان به‌یه‌كه‌وه ده‌نگی بۆ دراوه؟ ئایا یاسای باری كه‌سی پێوه‌ندی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه و ده‌توانێت ده‌ستكاری بنیاتی خێزانی كوردی و كه‌رتی كۆمه‌ڵایه‌تی و پرسه كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی بكات؟.
به‌پێی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی فیدراڵییه و خاوه‌ن سیستمی سیاسی و دامه‌زراوه‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و سیستمی دادوه‌ری و كه‌سایه‌تی ده‌ستووری خۆیه‌تی، له‌ڕووی یاساییه‌وه ده‌توانێت یاسایه‌ك جێبه‌جێ نه‌كات ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سروشت و تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی نه‌گونجێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و یاسایانه‌ی كه ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و كۆمه‌ڵگه‌ییان هه‌یه و پێوه‌ستن به تاك و خێزانه‌وه، واته زیاتر یاسای تایبه‌تن. یاسای باری كه‌سی ژماره ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ له بنه‌ڕه‌تدا پێوه‌سته به كاروباره‌كانی ناو خێزان و پرسی هاوسه‌رگیری و مه‌رجی ته‌مه‌ن و پرسه‌كانی تر.
هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌توانێت یاساكه جێبه‌جێ نه‌كات و یاسای كارپێكردنی بۆ ده‌رنه‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له‌و مه‌ترسییه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه پرسی زیندانیانی سوننه‌كان به تۆمه‌تی جۆراوجۆر، درێژكراوه‌ی جه‌نگی نه‌رمی نێوان هه‌ردوو مه‌زه‌وه‌كه‌یه به‌تایبه‌ت دوای هاتنی داعش بۆ موسڵ و به‌شێكی ئه‌نبار و بۆ ناو جیۆپۆله‌تیكی سوننی، دواتر گۆڕانی ره‌گه‌زه‌كانی هێز و تێكچوونی ئاسایش و سه‌قامگیریی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی. ئه‌وه‌ی گرنگه كورد پێداگریی له‌سه‌ر بكات و له بیری نه‌كات، جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی یاسای گه‌ڕانه‌وه‌ی خاكه بۆ كورد و دانیشتووانی كورد به‌تایبه‌ت كاتێك یاسای زۆرباش له عێراق هه‌ن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا جێبه‌جێیان ناكات و پێوه‌ی پابه‌ند نابێت.