یه‌كه‌م/ پرسی خاك، پرسێكی هه‌میشه‌یی
دوای ئه‌وه‌ی یاسای گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌ویوزار و خاك له په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر درا و به‌پێی یاساكه، ده‌بوو به‌شێكی زۆری زه‌ویوزاری داگیركراوی كورد له ناوچه دابڕێنراوه‌كان بگه‌ڕێته‌وه بۆ كورد، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی یاساكه‌ی دا. دیاره له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م پڕۆژه‌یه سێ یاسا بووه كه ره‌نگدانه‌وه‌ی خواستی هه‌رسێ پێكهاته‌ی كورد و شیعه و سوننه‌كانی عێراق بووه، هه‌رسێ یاساكه‌ش گوزارشت بوو له خواستی سێ پڕۆژه‌ی ئیتنۆمه‌زه‌وی. سوننه‌كان ئامانجیان بوو گیراوه‌كانیان و ئه‌وانه‌ی به‌پێی یاسای تیرۆر به‌ند كراون ئازاد بكه‌ن، شیعه‌كانیش یاسای باری كه‌سی هه‌موار بكه‌نه‌وه و كوردیش خاكه داگیركراوه‌كانی بگه‌ڕێنێته‌وه و وه‌ربگرێته‌وه.
بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ وه‌ستاندنی كاركردنی یاساكه، جارێكی تر كێشه و ململانێی ئیتنیكی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناوچه دابڕێنراوه‌كان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌كراو هه‌میشه خۆی به خاوه‌نی ئه‌و زه‌وی و ناوچه‌یه ده‌زانێت، له كاتێكدا به‌پێی هه‌موو به‌ڵگه مێژوویی و یاساییه‌كان، ناوچه‌كه كوردییه و سه‌تان ساڵه كورد له‌سه‌ر ئه‌و خاكه ده‌ژی و ته‌نانه‌ت گۆڕستانیشی هه‌ر كوردییه. ئاماژه‌ی سه‌ره‌تایی بۆ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی، بریتییه له ئاماده‌نه‌بوونی عه‌ره‌ب بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه كوردییانه و ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونیان، به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه له‌ڕووی كشتوكاڵییه‌وه ناوچه‌یه‌كی به‌پیته و خاكێكی فراوان و سه‌رچاوه‌ی ئابوورییه‌كی باشه بۆ بازاڕی ناوخۆیی چه‌ند پارێزگایه‌ك.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه گونده‌كانی وه‌ك په‌لكانه و شاره‌دێی سه‌رگه‌ڕان و ناوچه‌كانی تری وه‌ك مه‌خموور و دیبه‌گه له‌ڕووی ستراتیجی و جیۆسیاسییه‌وه، گرنگی و بایه‌خی خۆیان هه‌یه و چوار پارێزگا به‌یه‌كتر ده‌به‌ستنه‌وه كه هه‌ولێر و كه‌ركووك و مووسڵ و ئه‌نبارن، ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر وایكردووه عه‌ره‌ب رێگریی له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بكات بۆ خاوه‌نه راسته‌قینه‌كانیان. پرسی خاك له عێراق ئه‌گه‌ر به‌پێی یاسا چاره‌سه‌ر نه‌كرێت و به‌مشێوه‌یه بمێنێته‌وه، ده‌بێته قووڵایی ململانێ ئیتنیكییه‌كان و عه‌ره‌بی هاورده پێشڕه‌وی زیاتر ده‌كات بۆ ئه‌و ناوچه كوردییانه.
دووه‌م/ دادگای فیدراڵی و ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری
ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ و به‌شێك له سیستمی سیاسی له عێراق، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی هه‌رسێ یاساكه، وا وێنا ده‌كات كه پێچه‌وانه‌ی پێڕه‌وی ناوخۆی دادگای فیدراڵی خۆیه‌تی، ئه‌نجوومه‌نه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ده‌بێت یاسا ده‌رچووه‌كان له رۆژنامه‌ی فه‌رمی بڵاو بكرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته یاسایه‌ك بۆ تانه‌لێدان له ناده‌ستووریبوونی، ئه‌مه‌ش له چه‌ندان بڕیاری دادگای فیدراڵیدا جێگیر كراوه، له‌وانه بڕیاری ژماره 88/فیدراڵی/2016 له 20/12/2016 و بڕیاری ژماره 31/فیدراڵی/2018."
دیاره ئه‌م ره‌تكردنه‌وه‌یه‌ی بڕیاره‌كانی نێوان هه‌ردوو دادگای باڵای فیدراڵی و ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری له عێراق ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كاته‌وه و پێمان ده‌ڵێت، ململانێی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان ململانێیه‌كی سیاسییه نه‌ك یاسایی و ده‌ستووری، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر ده‌ستووریبوونی یاساكان خۆی و ره‌وایه‌تیی یاساكان و دروستی یاساكان نییه، هێنده‌ی ململانێی سیاسی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه سیاسییه‌كانه، به‌تایبه‌ت هێزی باڵاده‌ست و خاوه‌ن هه‌ژموون و بڕیار و ئه‌و هێزانه‌ی كه دامه‌زراوه‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ته‌نانه‌ت بڕیاری راگرتنه‌كه‌ی دادگای فیدراڵیش خۆی بۆ هه‌رسێ یاساكه پاشخانێكی سیاسی هه‌یه و لۆجیك و عه‌قڵێكی سیاسیی باڵاده‌ست بڕیاره‌كه‌ی ئاراسته كردووه و به‌ڕێوه بردووه، به‌تایبه‌ت بڕیاره‌كه پێوه‌ست بووه به سێ هێزی سه‌ره‌كیی ناو سیستمی سیاسیی عێراقی كه كورد و شیعه و سوننه‌ن و هه‌رسێ هێزه‌كه‌ش له ململانێی به‌رده‌وامدان.
سێیه‌م/ تارمایی بڕیاره‌كانی به‌عس
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی حزبی به‌عس له ماوه‌ی حوكمڕانێتی خۆیدا، به سه‌تان بڕیاری دژ به بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و چه‌مكی هاووڵاتی ده‌ركردووه، به‌ئامانجی سڕینه‌وه و له‌ناوبردنی كورد وه‌ك گرووپێكی ئیتنیكی و بچووككردنه‌وه و لاوازكردنی. یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه‌ی به‌عس پرۆسه‌ی داگیركردنی خاك و گۆڕینی دیمۆگرافیا و به‌عه‌ره‌بكردن و راگواستن و ده‌ستكاریكردنی ناسنامه‌ی كورد بووه، له ڕێگه‌ی بڕیار و سه‌رجه‌م ئه‌و یاسا و رێنوێنییانه‌ی كه ده‌وڵه‌تی عێراقی سه‌رده‌می به‌عس داویه‌تی دژ به نه‌ته‌وه‌ی كورد.
بڕیاری داگیركردنی خاكی كوردستان و هاورده‌كردنی عه‌ره‌ب له ناوچه جیاوازه‌كانی عێراق بۆ خاكی كوردستان، یه‌كێكه له مه‌ترسیدارترین و بێ به‌زه‌ییانه‌ترین بڕیار له مێژووی ده‌وڵه‌تی عێراقی دژ به كورد و كوردستانیان. له دوای ساڵانی حه‌فتاكانه‌وه تا ئێسته به‌سه‌تان هه‌زار هاووڵاتیی عه‌ره‌بی ناوچه‌كانی تری عێراق هێنراون بۆ خاكی پیرۆزی كوردستان، له شوێنی كورد و خێزانه كوردییه‌كان دانراون و سروشتی ناوچه‌كه‌یان گۆڕیوه، هه‌ر له به‌دره و جه‌سان و خانه‌قینه‌وه بگره تا ده‌گاته كه‌ركووك و شنگال و شێخان.
له دوای ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه تا ئێسته‌ش زۆرینه‌ی ئه‌و بڕیارانه به‌ركارن و كاریان پێكراوه و هه‌ڵنه‌وێشنراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش دژی بنه‌مای دیموكراسی و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و ته‌نانه‌ت قۆناغی گواستنه‌وه‌شه، چونكه عێراق له دوای رووخانی به‌عسه‌وه، له‌ڕووی تیۆرییه‌وه به قۆناغی گواستنه‌وه و وه‌رچه‌رخانی دیموكراسی تێپه‌ڕیوه و ده‌بوو سه‌رجه‌م یاسا و میرات و پاشماوه یاسایی و فكرییه‌كانی رژێمی به‌عس هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه و بنه‌بڕ بكرێن و هیچ شوێنه‌وارێكیان نه‌هێڵرێت، به‌تایبه‌ت ئێسته عێراق له قۆناغێكی تردایه و ده‌ستووری هه‌میشه‌یی خۆی هه‌یه كه زیاتر له ٨٠٪ی عێراقییه‌كان ده‌نگیان پێ داوه، هه‌ر به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ش كێشه‌ی خاك له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی به‌غدا میكانیزمی چاره‌سه‌ری بۆ دانراوه.