مەسروور بارزانی.. هونەری گرێدانی ئاسایشی كوردستان بە ئاسایشی جیهانییەوە

هەموو جووڵە سیاسی و بانگهێشتە فەرمیی و ئەم بەشداریكردنە لەسەر ئاستێكی بەرز بۆ هەرێمی كوردستان، زۆر پڕ بایەخ و گرنگە، چونكە لەو دیدارانەدا رێزدار مەسروور بارزانی‌ لە ‌رووی دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسییەوە، زۆر ژیرانە و‌ لێزانانه پەیامی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ دەگەیەنێت. كوردستان ئەمڕۆ لە ئەنجامی هەموو ئەو بانگهێشت و سەردانە فەرمییانەی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان لە ماوەی رابردوو و ئێستە، بۆ هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا و توركیا و ئیمارات و كۆنگرەی ئاسایشی میونشن و ئێستەی كۆربەندی جیهانی داڤۆس لە سویسرا، سەركەوتنی گەورەی لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیدا بەدەست هێناوه كە بە دڵنیاییەوە دەرەنجامی باشی دەبێت، بەتایبەت كە لەگەڵ سەركردە و وەزیر و باڵوێز و خاوەن كۆمپانیاكانی دنیا، كۆبوونەوە و شرۆڤەی زۆر و تایبەت بە ئاسایش و ئارامیی دنیا، سەربازی و ئابووری و وزە دەكرێت.

هەوڵە بەردەوامەكانی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم و بەتایبەت سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی بۆ  بەهێزكردنی پێوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری و ئاسایشەوە، ئاماژەیەكی روونن بۆ پێشخستنی دۆزی كورد و پارێزگاریكردن لە قەوارەكەی، بەتایبەت كە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كۆنگرەی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، دووپات دەكاتەوە كە مەسروور بارزانی زیرەكانە ئاسایشی كوردستان دەكات بە بەشێك لە ئاسایشی دنیا.

كۆڕبەندی داڤۆس ڕەشماڵێكی گەورەیە كە تێیدا بۆچوونی ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسیی جیهانییە، تێیدا كۆمەڵێك پرسی گرنگی تایبەت بە گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە و دنیا هاتوونەتە ئاراوە، بەتایبەت پرسی پەلاماردانی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا، ئەمەش لە خۆیدا هەم ئاسایشی وزە و جەنگی دژی تیرۆر و ئاسایشی ئابووری و خۆراك، ژێرخانی سیستمی نێودەوڵەتی خستووەتە مەترسییەوە، بۆیە دەبێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكهاتەكەی لەبەرچاو بگیرێت، چونكە پرسی تیرۆر و گرووپە توندڕەوەكان، مەترسین بۆ سەر هەموو ناوچەكە و دنیا. بەتایبەت كە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووریی بەهێز لە ناو عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆڵ و پێگەی گرنگی هەیە بۆ  فەراهەمكردنی سەقامگیری و ئاشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و گرووپە میلیشیا لە یاسا دەرچووەكان كە لەلایەن وڵاتانی هەرێمییەوە بەكار دەهێنرێن بۆ مەبەستی تایبەت .

پرسێكی تری كۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس، دابینكردن و زۆركردنی هەناردەی نەوت و غازە وەك جێگرەوەیەك بۆ نەوت و غازی ڕووسیا، تا ڕێگری لە هەوڵەكانی ئەو وڵاتە بكەن تا وەك كارتی گوشار دژی ئەوروپا بەكاری نەهێنێت و قەیرانێكی  گەورەی ئابووری دروست نەبێت، بەتایبەت ئەگەر ئاماژە بۆ هەوڵەكانی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین و هەڵوەستەی وردیان لەسەر بكەین، دووپاتی كردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیر و لە هەمان كاتیشدا دەوڵەمەند بە نەوت و غاز، بەشێكە لە وزە و ئارامی و ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی تیرۆر لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمانان، ئەوەش وایكردووە كە سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی دنیادا بەهێز و قورستر بێت .

ئەو كۆڕبەندە دەبێتە هۆكار كە كۆمپانیاكانی بیانی زیاتر روو لە كوردستان بكەن و بەدڵنیاییەوە سوودی زۆر گرنگ و باشی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێ .

یەكەم: هەرێمی كوردستان لە رێی داڤۆسەوە، نامەیەك یان پەیامێك بۆ دنیا دەنێرێت و پێیان دەڵێت، لە رووی سەقامگیری و ئابوورییەوە هەرێمی كورستان گرنگە و دەكرێ شوێنێكی لەبار بێت چ بۆ وەبەرهێنان و چ بۆ دابینكردنی وزە.

دووەم: هەرێمی كوردستان توانای هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دنیا وەبەرهێنان بكات، پێناسەی ژینگەی ئارامی كوردستان بۆ وڵاتانی دنیا بكات و پێیان بڵێت هەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارامە.

سێیەم: پێگەی هەرێمی كوردستان لە گشت روویەكەوە جیاوازی لەگەڵ زۆر لە وڵاتان و بەتایبەتی عێراقدا هەیە، بەتایبەت بۆ دابینكردنی وزە، پێكەوەژیان و ئاشتی و فەراهەمكردنی دەرفەت بۆ وەربەهێنەرانی بیانی و كۆمپانیاكان، ئەوە وایكردووە كە گرنگییەكی زۆر و متمانەیەكی زۆری هەبێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەرەڕای ئەوەی هێشتا كوردستان دەوڵەت نییە.

چوارەم: پێشكەوتنی ئابووری و وەبەرهێنان بە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێكەوە گرێ دراوە و كوردستانیش وەك دوورگەیەكی ئارام لە ناوچەیەكی پڕ كێشە و ئاڵۆزدا، وەك ئارامترین وڵاتانی دنیا بووە كە توانیویەتی كەشێكی پڕ لە ئاسایش و ئارامی چ بۆ دانیشتووانەكەی و چ بۆ ئەوانەی بە هەر هۆكارێك سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، دابین بكات.

بۆیە كۆڕبەندی داڤۆس تەنیا پرسی ئابووری نییە، پرسی كۆچ‌ و پرسی گۆڕانكاریی كەشوهەوایه،‌ هەرێمی كوردستان رۆڵی هەیە لە ناوچەكە و ژمارەیەكی زۆر پەنابەری لەخۆ گرتووە، پرسی كۆچبەران له ‌ناوچەكە مەترسییە و ئێستە زیاتر لە شەش ملیۆن كەس بەهۆی شەڕی ئۆكراینا و رووسیاوە، روویان له ‌ئەوروپا كردووە و ئەوروپا توانای قەیرانی زیاتری نییە، گرنگیی كوردستان لێرەدا زیاتر دەركەوێت، بۆیە  ئامادەبوون و بەشداربوونی مەسروور بارزانی لە نەخشەڕێی گۆڕانكاریی ناوچەكە، روونكردنەوەی پێویست بدات، دڵنیام لەوبارەوە تیشك دەخاته ‌سەری.

كاتێك مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان باس لە ئاسایشی ناوچەكە دەكات، ئەمە زۆر  پڕ بایەخ و گرنگە،‌ چونكە گۆڕانكاریی گەورە دروست دەبێت، پێشبینیی قەیرانی گەورەی خۆراك دەكرێت، باكوری ئەفریقا و رۆژئاوای ئاسیا كە خاوەن دەوڵەتی لەرزۆكن و كاریگەریی گەورەیان لەسەر ئاسایشی ئەوروپا هەیه، ئەمە گرنگە باس بكرێت، چۆن دەتوانن ئەمانە چارەسەر بكەن. 

جێی ئاماژەیە لە كاتی سەردانی بۆ شانشینی بەریتانیا، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، بەوردی ئەم پرسە گرنگانەی لە چاتەم هاوس لە بەریتانیا خسته ‌ڕوو، چونكە پەیامەكەی مەسروور بارزانی ئاماژە بوون بۆ چارەسەری پرسی ناوچەكە، بۆیە خستنەڕووی هەندێك گرفت و دۆخی ناوچەكە لە گوتەكانی چاتەم هاوس لە بەریتانیا، زۆر گرنگ بوون و دەبێت وەك خۆیان ببینن، نەك بە چاویلكەی حزبی، چونكە پێوەندییان بە ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتییەوە هەیە، باسكردن لە ریشەی ئەم قەیرانانە لەلایەن مەسروور بارزانی و خستەڕووی چارەسەر و گرفتەكان زۆر گرنگن، بە بوێرییەوە‌ پێشنیارەكانی خستە روو و ئەوەش وا دەكات ئاسۆ و ئایندەمان گەشتر بێت و دەسكەوتی گەورەمان دەبێت.