كەركووك ئەو شارە كوردستانییەی لە ماوەی سەدەی رابردووەوە تا ئێستە، شۆڕش و خەبات لە پێناو ئازادی و پارێزگاریكردن لە مۆركی كوردانەی دەكرێت، تا ئێستە چەندان جار دانوستان و گفتوگۆ لەوبارەیەوە كراوە، بەڵام گەلی كورد و بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، هەرگیز سازشی لەسەر نەكردووە و دوای نەمانی ڕژێمی بەعس و هاتنە سەر دەسەڵاتی حكوومەتی ئێستەیش، بەپێی دەستووریش پرسی كەركووك چارەسەر نەكراوە، بۆیە هێشتا لە نێوان هێزە ناوخۆییەكان و هێزە دەرەكییەكانی نەیاری كورد، كێشمەكێشی لەسەرە، لە راستیدا بە جۆرێك زلهێز و داگیركەرانیش رۆڵیان هەبووە لەوەی تا ئێستە كەركووك یەكلا نەبێتەوە.
گەڕانەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك، راستەوخۆ لە دڵی دوژمنانی كورد دەدات، هەر بۆیە دەبینین زۆر زۆر تەنگەنەفەسن بەو بڕیارە، چونكە دڵنیان دەبێتە وەرچەرخانێكی نوێ، پەردەی ڕەش و شەڕانگێزی دەگۆڕێ بۆ ئاشتی و كۆتاهێنان بە كینە و ڕق و ئەو داگیركارییەی چەند ساڵە ئەو شارەی لە ئاسوودەیی و هاوسەنگی بێبەش كردووە، بەتایبەت ئەو هێز و لایەنانەی دژی ئامانجەكانی كورد و پارتین، ئەو حزبە بە گەورەترین مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە شەخسی و حزبییەكانیان دەزانن.
ئەوەی لە دۆخی ئێستەی كەركووكدا دەبینرێت، بە تایبەت لە بەكارهێنانی هێزی حەشد و بەرگرییەكانی یەكێتی لە چەپەڵییەكانیان، نەك هەر پیلانگێڕییەكی دەرەكییە، بەڵكو پێوەستە بە رووداو و پێشهاتەكان و هاوكێشە سیاسییەكان لە نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا، چونكە ئەوەی بە ڕواڵەت لە عێراق دەبینرێت، ئەكتەرەكان ناوخۆیین، بەڵام كۆی یارییەكان بەسەر عێراقدا سەپێنراون، ئەم وڵاتە لە ناوەرۆكدا دابەش بووە بۆ سەر سێ هەرێمی كورد و سوننە و شیعە و لە وردودرشتی ژیاندا ئەوە دەبینرێ، بەڵام كەی فاتیحاكەی دەخوێنرێ؟ ئەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەزانن. كەچی هەمیشە پارتی بە سەرچاوەی ئەو مەترسییە بۆ سەر خۆیان دەبینن.
كەركووك بۆ پارتی و بۆ ھەموو كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەوەر، جێی بایەخ و گرنگییە، پارتی گشت هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی خستووەتە گەڕ لەپێناو رزگاركردنی ئەو شارە لە چنگی داگیركاری و نەیارانی كورد كە باش دەزانن بە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك رۆحێكی پڕ لە غروری كوردی لەوێیە، بەوەیش هیوا و شكۆ بۆ هەموو كورد دەگەڕێتەوە، چونكە لە دوای داگیركردنی ئەو شارە لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، شكۆمەندیی لە دەست داوە.
هەموو ئەو شەڕە میدیایی و ژاوەژاوەی كە یەكێتی و گرووپە میلیشیاكان لەو شارە دروستیان كردووە، ئاماژەن بەو راستییەی كە چەندە ترس دایگرتوون، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو. ئەوان پێیان وایە بە دژایەتی پارتی، دەتوانن دەنگی عەرەب و توركمان بەدەست بێنن، بەڵام ئەوەی روونە هەم میلیشیاكانی حەشد و هەمیش یەكێتی كە ڕێنیشاندەریانن، ئامانجێكی هاوبەشیان هەیە، ئەویش دابڕاندنی كەركووك لە كوردایەتیی و رۆحە شۆڕشگێڕییەكەی.
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن نەیارانی پارتی و كەركووك چەند ترسیان لێ نیشتووە، چونكە بە گەڕانەوەی حزبێكی بەھێز و یەكەم هێزی جەماوەری لەسەر ئاستی عێراق، بێگومان ڕیسەكانیان لێ دەبێتەوە بە خوری و هەموو كارە دزێو و داگیركارییەكانیان پووچەڵ دەبنەوە و دەبێت داودەزگای شارەكە لە سەرەتاوە شەرعیەتیان پێ بدرێتەوە، چونكە كەركووكی دوای گەڕانەوەی پارتی و پێش ئەو وادەیە، جیاوازە.
ئەزموونی شەش ساڵ داگیركردنی كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشد بە چاوساغی یەكێتی، دەرخەری ئەو راستییەیە كە جۆرێكی تر لە شێواز و سیاسەتی شۆڤێنی لەو شارەدا بەڕێوە دەچێت، یەكێتیش بێدەنگە، بە بەرچاوییەوە تەعریب دەكرێت و جووتیاری كورد دەدەنە بەر شەق و زەوی لێ زەوت دەكەن، یەكێتی فزەی لێوە نایەت، وەك ئەوەی بە راستی دابڕابن لە كوردایەتیی و بووبن لە لقێك لە حەشدی شەعبی، بەڵام ئەمە هەرگیز بەردەوام نابێت، تەنیا رەنگە بۆ چەند ساتێك بارەكەڵای عەمۆ و ئاغاكانیان وەرگرن، دە پیرۆزتان بێت، مادام ئێوە ئامادەن وا كز و سەرنەوی بن بەرانبەر میلیشیا، پێشكەشتان بێت، بەڵام ئەوە بزانن هێزی كوردایەتیی پارتییە، بۆیە میلیشیاكان وا تۆقیان چووە لێی.