دوای 20 ساڵ لە رووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس، هەموو ئەو هەوڵ و هیوایانەی كە لە پێناو بنیاتنانی ئەزموونێكی فیدراڵی لە عێراق كاری لەسەر كرابوو و قوربانی لە پێناو درابوو، شكستی خوارد. عێراقی نوێ لە جیاتی ئەوەی دەسەڵات و سەروەت و سامانەكان دابەش بكات و كار بە یاسا و دەستوور بكات، بەهەموو شێوەیەك هەوڵی دا دەسەڵات و سامان بكاتە ناوەندی و لە دەرەوەی یاسا و دەستووری عێراق، بەپێچەوانەی سیستم و بنەماكانی فیدراڵیزم كاری كرد، وڵات بەرەو دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری و ناوەندیی بەهێز ئاراستە كرا، كەچی فیدراڵیزم دابەشكردنی دەسەڵاتە نەك قۆرخكردنی دەسەڵات.
ئەگەر ئاماژە بە ڕێگریكردن لە فرۆشتنی نەوتی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری بكەین، دەبوو دەسەڵات بە هەرێمی كوردستان بدرایە بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز، چونكە هەر هەرێمێك دەتوانێت نەوت و گازی خۆی دەربهێنێت، بەڵام عێراق كۆمەڵێك گرفتی لە بەردەم هەرێمی كوردستان دانا، لە هەمان كاتدا كۆسپی بۆ مادەی ١٤٠ دانا، سوننە و شیعەكان نەیانتوانی هەرێم بۆ خۆیان دروست بكەن، چونكە بیركردنەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق هەمیشە دیكتاتۆرانە و شۆڤێنییانە بووە، هەمیشە فیدراڵیزم و بە هەرێمبوون وەك مەترسییەك لەسەر دابەشبوونی عێراق دەبینی.
كردەوە و هەموو ئەو فشارانەی كە لە رابردوو و پەلاماردانی سەربازی و بەكارهێنانی دادگا و چەكی ئابووری، ئاماژەیەكی روون و دیارن بەوەی كە عێراقی فاشیزم و دیكتاتۆری، هەر لە بنەڕەتدا بڕوای بە بە فیدراڵیزم نییە و بە ئاشكرا بەپێچەوانەی دەستووری عێراق، دەسەڵاتی هەرێمی كورستان كەم و لاواز بكات و بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا هەنگاو بەهەنگاو كاری بۆ كردوو. هەر ئەوەشە لە سەرەتاوە بودجە و مووچەی گەلی كورد بڕی و پێشێلی دەستوور و یاسای كرد، ئامانجەكەشی بۆ ئەوەیە هەرێمی كوردستان تووشی قەیران بێت و گەشەسەندن و پێشكەوتنەكانی بوەستێنێت. ئامانجێكی تر ئەوەبوو كە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان لە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆپێشاندان بكەن. بۆ ئەوەی سەقامگیریی كوردستان تێكبدەن، خاڵی تر دەبوو بەپێی مادەی 140ی دەستوور چارەسەر بكرایە، بەڵام بەغدا ئامادە نەبووە ئەم گرفتە بەپێی یاسا و دەستوور چارەسەر بكات.
بینیمان سەرەڕای ئەوەی رێككەوتنی سیاسی لەسەر ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك و شنگال و ناوچەكە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام فاشیزم و شۆڤێنییەكان ئەوانەی تا سەر ئێسك، دوژمنن بەرانبەر بە كورد و كوردستان، چۆن خوێنی رۆڵەكانی ئەم نیشمانەیان بە ناحەق ڕشت، چۆن سووكایەتییان بە ئاڵا و شكۆی كوردستان كرد، بۆیە ئەوەی لە عێراقی ئێستە دەبینرێت، شكستی فیدراڵیزم و هاوبەشییە لە عێراقدا چونكە :
یەكەم: عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی نییە، لە دەرەوەی سنوورەكان بڕیارەكانی بەسەردا دەسەپێنرێنن.
دووەم: داودەزگەكانی دەوڵەت وەك پەرلەمان و دادگا، بۆ ئامرازی سیاسی و وەك چەكێك بەكار دەهێنرێت .
سێیەم: سەروەریی یاسا بوونی نییە و حكوومەت لە ناو حكوومەت بڕیارەكان ڕەت دەكەنەوە یان جێبەجێ دەكات .
چوارەم: گرووپەكانی میلیشیا و چەكداری زاڵن بەسەر دەزگا تەناهییە فەرمییەكان، بە ویستی خۆیان قۆرخكاری و پێشێلكاری و تیرۆر ئەنجام دەدەن .
پێنجەم: بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی عێراق، بۆ گرووپ و میلیشیاكان و دەرەوەی سنوورەكان، سپیكردنەوەی پارە و بازرگانیكردن بە پارە و مادەی هۆشبەر، تیرۆر و ڕفاندن و دەیان و سەتان كاری نایاسایی و قۆرخكاری تر .
شەشەم: سەرەڕای بوونی سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی، بەڵام دوای 20 ساڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بەهۆی كەمتەرخەمی و گەندەڵكاری و قۆرخكاری، رەوشی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە رووی دابینكردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەكان، بێبەشن و لەم لاشەوە چەواشەكارانە خەڵك وا تێدەگەیەنن كە پارەی نەوتی باشوور بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، ڕاستییەكەی ڕێك پێچەوانەكەیەتی.
حەوتەم : زاڵبوونی بیركردنەوەی بەكارهێنانی ئاگر و ئاسن و دیكتاتۆری و گەمارۆدان، لە جێی لۆجیك و گفتۆگۆ و دەستوور و هاوبەشی و دیموكراسی .
هەشتەم: بەهێزبوون و گەشەسەندنی رۆڵی ھێزە چەكدارە حزبی و مەزەوییەكان، وایكردووە لەناو پەرلەمان ئەندامانی سەربەو ھێز و حزبانە، لۆبی بەھێز دروست بكەن بۆ ھەر یاسایەك خۆیان بیانەوێت یان لەگەڵی نەبن.
بەشێوەیەكی گشتیی تێڕوانینی عێراق بۆ كوردستان ئەوەیە كە دەبێت دەسەڵاتی كوردستان كەمتر بكرێت و كوردستان بەشێوەیەك بێت، ئیدارەكەی بەپێی بیركردنەوەی فاشیزمەكانی بەغدا بێت، لەگەڵ ئەوەدا نین كوردستان مافەكانی خۆی بەشێوەیەكی فیدراڵی كە لەناو دەستووری عێراقدا هاتووە بەدەست بهێنێت، بۆیە شكستی فیدراڵی لە عێراق لەبەرئەوەیە كولتووری دیموكراتی لە عێراق زۆر لاوازە، سەركەوتنی فیدراڵیش پێویستی بە كولتووری دیموكراتی هەیە كە لە عێراقدا ئەوە نییە، بۆیە فشار و گەمارۆ و پەلاماردانەكانی عێراق دژ بە گەلی كورد و هەرێمی كوردستان، رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرە دەستێنن.