مەسروور بارزانی.. دیپلۆماسی و لۆجیكی كوردستانی بەهێز

هەنگاوە لۆجیك و وردبینەكانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رووی دیپلۆماسی و سیاسی، بەتایبەتی چارەسەری پرسە گرنگ و هەستیارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا،  پلانی ستراتیجی و گشتی بووە، بەشێوەیەك لە ماوەی رابردوودا بە پلان و پێشنیاری گونجاو و چارەسەر بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان، هەمیشە هەنگاوی ناوە بۆ كۆتاهێنان بە كێشە و ئاستەنگەكان .

گرنگترین ئەو هەنگاو و پلان و نەخشانەی كە كاری رژدی لەسەر كردووە لەسەر گشت هێز و لایەنە سەرەكییەكانی عێراق، بەتایبەتی كە هەلومەرجی ناوچەكە و دنیا بەرەو گۆڕانكاری دەروات، بریتیی بووە لە پرسی چارەسەركردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، ئینجا كڕینی غاز لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كە وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمەریكا و فڕەنسا و یەكێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان، بەردەوام لەسەر هێڵ بوونە بۆ چارەسەری ئەو كێشانە. هەروەها یەكێكی تر لەو كێشانە چارەسەری مادەی 140ی دەستوور و زەوییە كشتوكاڵییەكان و جووتیارانی كەركووك و دەوروبەری بووە، ئینجا پرسی مووچە و بودجەی شایستەی خەڵكی كوردستان بەپێی دەستوور، لە كاتێكدا هەندێك لایەن چ لە بەغدا و ناوخۆی كوردستان، هەوڵەكانیان بەرەو تێكدانی ڕێككەوتن و ساردكردنەوەی پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێر بوون، ئەوەیش زیانی بۆ  هەرێم و بەغداش هەبووە.

لە هەموو ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی عێراقی، جارێكی تر ئاماژەن بە سەركەوتنی سیاسەت و دیپلۆماسیی حكوومەتی كوردستان و مامەڵەكردنی ژیرانە و لۆجیكانەی هەولێر بەرانبەر بەغدا، لە هەمان كاتیشدا ئەو خەونە نەزۆك و هەوڵە تێكدەرانەیە پووچەڵ دەكاتەوە كە لە ماوەی رابردوو زیانی گەورەی بە پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا گەیاندبوو، بۆیە هەنگاوەكانی رابردوو و ئەمڕۆش، نیازی راستگۆیی و ڕاشكاوانەی چارەسەری كوردستان بەرانبەر عێراق پێشان دا .

هەموو جووڵە سیاسی و دیپلۆماسییانەی مەسروور بارزانی چ لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و دنیایش، وایكردووە پشتیوانیی بەهێزی لە رووی نێودەوڵەتی بۆ مافە رەواكانی هەرێمی كوردستان بەدەست بێنێتەوە، بۆیە بینیمان لە ماوەی رابردوو پشتیوانیكردنی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا و ناردنی شاندی جیاواز بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی لە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان و پرسی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان، ئەنجامی باشیان هەبوو، بۆیە گفتوگۆ و لە یەكتر تێگەیشتن لە لۆجیكی مەسروور بارزانی، ئاماژەن بۆ سەركەوتنی دیپلۆماسی و بەرەو چارەسەری كێشەكان و ڕێككەوتن لەگەڵ كوردستان .

ناكرێت هەڵوەستە لەسەر ئەو نەخشەڕێیە و هێڵە گەشەكردن و پلانە ئابوورییەی نێوان عێراق و توركیا نەكەین كە هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، رۆڵی كاریگەری هەبوو لەسەر نەخشەڕێیەكە كە بڕیارە بەشێوەیەكی فراوان لە زاخۆوە تا فاو و ئینجا وڵاتانی ئەوروپایی دەڕوات، هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لە بەشداریكردن لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییە كە زیاتر پێشكەوتن و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستانی لێ دەكەوێتەوە، دواتریش لە پێناو پارێزگاریكردن لە سەقامگیری و گەشەسەندنی زیاتر كەرتی ئابووری و بازرگانی .

هەموو هەنگاوەكانی رابردوو و ئێستەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئاماژەیە بەوەی مەسروور بارزانی هەمیشە لە خەم و پەرۆشی مافە رەواكانی خەڵكی كوردستانە، سەرۆك وەزیرانێك بە هەموو توانایەك بۆ گەل و نیشتمانەكەی تێبكۆشێت و بەرگری لە سەروەری نیشتمانەكەی بكات، ئەوا سەركەوتن و سەربڵندی چاوەڕوانی دەكات، چونكە پێی وایە دەبێت خەڵكی نیشتمانەكەی هەمیشە پلە یەك بێت و پاشكۆ نەبێت و نەچەوسێتەوە، دەبێت مافە رەواكانی پێ بەخشرێت و هەرگیز گەلی كوردستان چاوی لە خێر و دەستی هیچ لایەن و دەوڵەتێك نەبووە.

باشترین هەنگاوەكانی مەسروور بارزانی، ڕێككەوتن و لە یەكتر تێگەیشتنە، بۆیە هەمیشە بەهێز و خۆڕاگری، بووەتە سیمبولی تێكشكاندنی ئاستەنگ و كۆسپ و قەیرانەكان بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان، هەنگاوە سیاسی و دیپلۆماسییەكانیشی هەرێم بەرەو داهاتوویەكی پڕ متمانە و سەقامگیری و ئاسۆیەكی گەش دەبات.