بۆ شاناز و چوار چراكە

AM:11:37:26/02/2023 ‌
زۆرن ئەو بەرنامانەی تایبەت بۆ هونەرمەندان لە كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن پێشان دەدرێن، هەریەكە و بە جۆرێك رۆشنایی دەخەنە سەر ژیانی هونەری و تایبەتی، سەرجەمیان بێبەش نین لە خزمەتی بوارەكە. بەڵام ئەوەی بەمدواییە لە كەناڵی "كوردماكس" و بەرنامەی "شاناز" بینیمان، سەرنجی زیاتری راكێشاین و ئەگەر بەكورتیش بێت، دەیخەینە بەر رۆشناییەوە.

جیا لەوانەی لە پشتی كامێرا و ئەو تیپە موزیكەی بەرنامەكەیان بەڕێوە دەبرد، تەواوی پێشكەشكار و مێوانەكانی شاناز ژن بوون، هەریەك لەوان لە ناوە دیارەكانی گۆرانیی كوردین، بۆیە دەكرێ بە بەرنامەیەكی "ژنانە" تەماشای بكەین كە وا دەزانم لە هونەری كوردی و تەنانەت لە كەناڵەكانی میدیایش، شتێكی وایان پێشانداین كە بە ناوازە، بیبینین.

لەبارەی بەرنامەكە و شاناز و مێوانەكانی تا درێژدادڕی نەكەم، تەنیا یەك توخمی گۆرانی وەردەگرم كە ئەویش سۆزی دەنگ و جۆرەكانیەتی، بۆ هەریەك لەوانەی چەندان گۆرانییان پێشكەش كردین. وەك ئەمەكێك بۆ ئەو خزمەتەی پێیان كردین، بە كورتی دەنگەكانی شاناز، دڵنیا قەرەداغی، ئاڤان عوسمان و سەنا بەرزنجی شەنوكەو دەكەین، من لێرەدا ئەو چوار دەنگەم بە چوارچرا ناو بردووە.

شاناز وەك پێشكەشكار و گۆرانیبێژ، وەك لە دەستپێكی بەرنامەكەدا رای گەیاند، ئەو پێشكەشكار نییە، واتە یەكەمین ئەزموونی لەو بوارەدا پێشان دەدات، كەچی هاوشانی تەواوی پێشكەشكارەكانی تر، رووخۆش، سەنگین، زمانی پاراو و بوێر، وەك پێشكەشكارێكی بە ئەزموون بەرنامەكەی بەڕێوە برد، بۆیە لەو رووەوە سەرنجێكی نەهێشتووەتەوە قسەی لەبارەوە بكرێت. 

راستییەكەی یەكەمین جار نییە قسە لەسەر دەنگی شاناز وەك گۆرانیبێژ بكەم، پێشتریش كە بە ناسناوی "لۆكە" گۆرانیی بڵاو دەكردەوە، هەمان سەرنج لەلای من دروست بوو كە ژێیەكانی دەنگی ئەو خاتوونە و لە یارییە دەنگییەكانی، دروست دەنگێكی رەسەنی كوردییە و هەر گۆرانییەك لە دەرەوەی كوردیش بڵێتەوە، دەنگێكی رەسەنی كوردیت پێ دەبەخشێت، بۆیە لە بەرنامەكەیشدا بەو گۆرانییانەی پێشكەشی كردین، دروستیی هەڵسەنگاندنەكانی پێشان داین.

دڵنیا قەرەداغی، بەپێی ئەزموونی لە بوارەكە و تەمەنی هونەریی كە بەلای كەمەوە لەناو كوردستاندا خۆی لە قەرەی ئەستێرەیی داوە، لە تەواوی گۆرانییەكانی و دروستتر گۆرانییەكانی بەرنامەكە، جوانترین سۆزی پێشكەش كردین، سۆز بەو واتایەی ئەو خاتوونە هەر گۆرانییەك و لە هەر ستایلێك بخوێنێت، ناتوانێ لە سۆزە خەماوییەكانی كوردیی دوور بكەوێتەوە.
سەرنج لەسەر ئەو مەقامەی "راست"ی تاهیر تۆفیق "قەلبی من"، كە لە بەرنامەكەدا پێشكەشی كرد، هەمان ئەو سۆزە لەوێ زەقتر دەردەكەوێت، بۆیە هەمیشە گوتوومە دڵنیا لەو دەنگانەیە كە بە ئاسانی جێی خۆی لە دڵی گوێگر و بینەردا دەكاتەوە.

ئاڤان عوسمان، ئەو دەنگەی نە هیچ دەنگێك بەو دەچێ و نە هیچ دەنگێكیش ئاوێتەی دەنگی ئەو دەبێت، واتە دەنگێكی تایبەتە و خۆی نەبێت، ناچێتە سەر هیچ دەنگێكی تر، پێشتریش گوتوومە ئاڤان عوسمان و كیژان ئیبراهیم خەیات لە هونەری كوردیدا، ئەو دەنگانەن كە تایبەتمەندییەكی ناوازەیان هەیە و تەنیا بە دەنگی خۆیان گۆرانی دەڵێن و ناتوانن لاسایی هیچ دەنگێك بكەنەوە، ئاخر چراكەی ئاڤانیش لەوێدایە رووناكیمان پێ دەبەخشێت.

سەنا بەرزنجی ناوازەترین ئەدای گۆرانیی پێشكەشی بینەران كرد، بە بۆچوونی من سەنا لە گۆرانیدا، خاوەنی جوانترین ئەدایە كە توخمێكی گرنگی گۆرانییە. وێڕای ئەوەی دەنگی ئەو لەسەر ستایلە رۆژئاواییەكان دۆزان كراوە، بەڵام ئەداكەی وا دەكات لە هەموو ستایلەكانی تریش بە ئاسانی بچێتە دڵەوە، نموونەیش ئەو مەقامەی پێشكەشی كردین، هەرچەندە نەیتوانی لە ستایلە رۆژئاواییەكە خۆی دوور بخاتەوە.

بە كوردی و پوختی، شاناز بەو بەرنامەیە شانازی كردین، هی ئەوەیە بە شەوقێكی زیاترەوە چاوەڕێی ژمارەكانی تری بكەین.