قسە لەمسەرەوە خۆشە عێراق وڵاتی سیاسەتە نەک دامەزراوەیی

PM:03:37:30/12/2021 ‌
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوە سەلمێنراوە كە عێراق وڵاتێکی دامەزراوەیی نییە، هەر بڕیارێک لەلایەن حکوومەتەوە ئاراستەی پەرلەمان کرابێت بە دڵی لایەنە سیاسییەکان نەبووبێ، بەدڵنیایی بە دەنگی زۆرینە ڕەت کراوەتەوە و دەیان نموونەیش هەیە لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بوون.

ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە عێراق لە ساڵانی ڕابردوو، ئێستە و داهاتوویشدا، سیاسییەکانی بڕیاردەرن نەک حکوومەت، حکومەت تەنها جێبەجێ کاری بڕیاری لایەنە سیاسیەکانە. 

پرسیار ئەوەیە، دەکرێت لایەنە سیاسیە شیعی و سوننییە شۆڤینیەکانی عێراق بچنە ژێر باری ڕێکكەوتنێک یاخۆ بڕیارێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لە داهاتوودا؟ بە دڵنیایی وەڵامەکەی نەخێرە. 

ئەوەی دەمێنێتەوە لە بەردەم کورددا بۆ ئایندە، تێگەشتنە لە نێوان لایەنە سیاسییە کوردیەکاندا، نەک تێگەشتنی پاشقولدان و یەکتر فریوودان، بەتایبەتی یەکێتی نوێ و  پارتی و لایەنەکانی تریش هەبن خراپ نییە، بەڵام ناشتوانن قورسایی ئەوتۆیان هەبێت لەسەر ئایندەی ئەم هەرێمە، نەوەی نوێ و ئیسلامییەكان وەک مارکێتی سیاسی وان، تەنیا تێرکردنی خۆیان و دەزگا ڕاگەیاندن و ئەندام و لایەنگرانیان مەبەستە، وەک بینیمان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەڕێی نوێنەرەکانیانەوە لە پەرلەمانی عێراق، زۆر هەوڵیان دا و چەندان دۆسیەیان دژی قەوارەی هەرێم وروژاند، بەڵام لەلایەن لایەنە سیاسییە عێراقیەکانەوە گوێیان بۆ نەگیرا و خۆیشیان نەیانتوانی هیچ کامێک لەو پرۆژانە جێبەجێ بکەن کە باسیان دەکرد.    
                                                     
لەمەولا دەبێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێم زۆر وردتر و زۆریش پەلەتر هەنگاو بنێن، سەرەتایش گرنگە ئەو گرێ سیاسییەی هەیانە بەرانبەر پارتی، وەلای بنێن، ئێستە خۆیشیان و خەڵکیش زۆرباش بۆیان ڕوون بووەتەوە كە پارتی بڕیاردەری پرسە چارەنووسسازەکانی ئەم هەرێمەیە، بەڵام هیچ کات پارتی و سەرکردایەتییەکەی سەرکەوتنەکانی بەتەنیا بۆ بەرژەوندی حزبی قۆرغ نەکردووە، لە هەموو بەیاننامە و بڵاوکراوەکانی مەکتەبی سیاسی دا و بەتایبەتی بارەگای بارزانی، ئاماژەیان بەوە دراوە كە ئەم هەرێمە بەهەوڵ و کۆششی هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
هەر پرۆژەیەک شکستی هێنابێت هەموو لایەنەکان خۆیان لێ کشاندووەتەوە

بەپێچەوانەوە، هەر پرۆژەیەک شکستی هێنابێت هەموو لایەنەکان خۆیان لێ کشاندووەتەوە و ئەنجامەکەیان خستووەتە ئەستۆی پارتی، دەبێت لایەنە سیاسییەکان زۆر باشتر ئاگایان لە ئەندام پەڕلەمانە دەرچووەکانیان بێت، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن هەر بابایەک بۆ خۆی پێڕەوی سیاسەتێکی تاکلایەنە و گرێی دەروونی شەخسی بکات، لە ئەگەری دروستبوونی حکوومەتی نوێی عێراقدا، ئەم خاڵە زۆر دۆخی سیاسی کوردستان بەرانبەر عێراق لاواز دەکات، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەن ساڵانی پێشوو بەشێک لە پەڕلەمانتاری یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و ئیسلامییەکان، چەندە توانیان ئامانجەکانیان بپێکن، ئەمجارەش هەمانشێوە دەبێت. 

بۆ ئەم خولە واز لەو ئاراستەی عێراقیبوونە بێنن و دڵنیابن لەوەی ئەوەی خەڵکی کورستان بێت، عێراقیەکی ناچاریی و تاكتیكییە، نەك بكەونەوە هەلەكەسەمای بەدەستەوەدانی هەموو دەسكەوتەكان لەبەر ململانێی ناوخۆ و شكاندنی كوردستان بكەنە ئامانج، پارتی وەک حزبی سەرەكی خاوەن گوتاریی کوردسانی، نەخشەڕێ نشتیمانییە کوردستانەیەکەی کێشاوە و زۆرینەی خەڵکی کوردسانیش پشتگیری دەکەن، جا تکایە لە ڕقتان بەرانبەر پارتی مەكەنە هۆكار هەرێمەكە بەرەو لاوازبوون ببەن و دڵی نەیار خۆش بكەن، واز لەو هەموو ئاستەنگ دروستکردنە بێنن و دڵنیابن هەر دژایەتی و خۆبەکەمزانینێک بەرانبەر نیشتمان، گەلەکەی خۆتان شکست پێ دێنن و باجی ئەوەش شكستی حەتمیتانە، وەک بینیتان ئەم هەڵبژاردنە خەڵک تۆڵەی خۆی لەو کەسانە کردەوە كە دژی ئەم قەوارە و هەرێمە بوون.