بۆ ڕێگرتن لە ڕژانی فرمێسك و خوێنمان پێویستە كورد بین

AM:10:55:22/09/2022 ‌
 
لە هەموو مێژووی ئەم دنیایە و لە هەموو مۆزەخانەكانی سەرگۆی ئەم زەوییە بگەڕێ، گەلێك نادۆزیتەوە یان میلەتێك لە كورد بێكەستر و مەغدوورتر و سزادراوتر هەبێت، كورد لەسەر نەتەوە و خاك و وڵات و تەنانەت خەیاڵیش، سزا دەدرێت و خوێنی دەڕژێنرێت، ئەم مێژووە لە دوێنێوە بەردەوامی هەیە تا ئەمڕۆ.

كورد لە بوونیەوە دەكوژرێت، لەسەر ماف و ئازادییەكانی، لەسەر ئاین و خـەون و خەیاڵ و ئەندێشە مرۆییەكانی، لـەسەر شوناس و ناسنامەكەی، لەسەر پۆشینی پۆشاكەكەی، لـەسەر نیشتمان و كوردبوونەكەی، لەسەر هەرچی هەیەتی دەكوژرێت و بكوژەكانی ئاوڕ لە هیچ نادەنەوە و سڵ لە هیچ ناكەنەوە، هەموو كات بۆ هۆكارێك گەڕاون ئیتر ئـەرزی بێت یان ئاسمانی، ڕەوایەتییان داوە بۆ كوشتنی كورد.

هەڵگرانی هیچ ئاین و ئایدۆلۆجیایەك لەم دنیایەدا كورد وەك خۆی قبووڵ ناكەن، هەمووان دەیانەوێ ئەوان بین نەك تەنیا هەر لە بوارە سیاسییەكە، لە ڕوانگەی ئاینی و فەرهەنگی و تایفی و ئەخلاقیشەوە، دوژمنەكانمان تەنیا دوو و سێ نین، لە بوارە سیاسییەكەدا تورك و فارس و عەرەب هەن، لەڕووی ئاینییەوە وەهابی و ئیخوانی و داعش و دەیان جۆری ترن، لە بارە گشتییەكەیشدا هەموو دنیا یەك تێڕوانینیان هەیە بۆ كورد، باشترین بەڵگەیش ڕیفراندۆمەكەی ساڵی 2017 بوو، تەنیا گوزارشتمان لە ناخ و ویستی خۆمان كرد، ئەوكات هەڵوێستی ئەخلاقی، دیموكراسی و مرۆڤدۆستی و ئاینی وڵاتانی ئیسلامی دنیامان بەگشتی بینی، كە هیچ كەسێك نایەوێ ئێمە كورد بین.

بۆیە دەبێت كورد بەشێك بێت لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام هەرگیز بەشێك نەبێت لە بیرۆكەی دژ بە نەتەوەكەی، دەبێت كورد لەوە تێگەشتبێت تورك و فارس و عەرەب كاتێك ئێمەیان پێ قبووڵە كە كورد نەبین، دەبێت كورد لەوە تێبگات باشترین پاسەوانی شوناس و ئاین و مەزەو و كولتوور و سنوورمان، تەنیا ناسنامەی كوردبوونەكەمانە نەك چاكەت و پانتۆڵی پیاوانی رۆژئاوا و سەڵتەی تورك و عەگاڵی عەرەبیزم و مەقنەی ئێرانیزم.

 دەبێت كورد لەوە تێبگات ئەو تـارماییە تـاریكانەی ژوور سەری، بەدبەختی و بێچارەیی نییە، بەڵكو كورد نەبوونمانە، كاتی ئەوە هاتووە خۆمان ڕێك بخەینەوە و هەموو كوردانی دنیا كورد بن، كوردبوونمان گەرەنتی ئایندەی نەوەكانمانە، ئەگەر بنكۆڵێكی مێژووی كارەساتەكانمان بكەین، تێدەگەین تەنیا چارەسەری هەموو تارمایی و بەدبەختییەكانمان كوردبوونە، خۆ كوردبوونیش هێندە ڕێیەكی سەخت نییە نەتوانین پێیدا هەڵگەڕێین، ئیسلامییەكی كورد بە، دیموكراسییەكی كوردبە، مرۆڤدۆستێكی كورد بە، كوردبوون ڕێ لە هیچ ئاین و ئایدولۆجیا و مەزەوێك ناگرێت، بۆیە دەبێ تێبگەین تا كورد نەبین، ناتوانین هیچ بین، دەبێ بۆ ئەوەی جارێكی تر نەگیرێینەوە و فرمێسك و خوێنمان تێكەڵ نەبێت، تەنیا ڕێ كوردبوونمانە.