مەسروور بارزانی لە چەقی كێشە و بڕیاردا

AM:09:26:27/04/2023 ‌
زۆرینەی كێشە كۆمەڵایەتی و ئیداری و ئابووری و شكستە سیاسییەكان كاتێك لەم هەرێمەدا سەرهەڵدەدەن، یەكسەر بەڕێژەی ڕەها ئەو كەسانەی بەشێكی بەرپرسیارییان دەكەوێتە ئەستۆ، دەیانەوێت ئۆباڵەكان بەملی ئەوانی تردا بێنن و بەردەوام خەریكی پاساو هێنانەوەن و خۆدزینەوەن.

بەڵام كاتێك سەیر دەكەیت و گوێبیست دەبیت، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاتێك بڕیار دەدات لەسەر بنەما و باوەڕ و ئیرادە قسە دەكات، ڕۆژێك نەمانبینی یان نەمانبیست ئۆباڵی هیچ لەنگی و خراپییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بخاتە ئەستۆی بەرانبەرەكانی تەنیا ڕستە كە دووبارەی دەكاتەوە(ئێمە لەبەر پرسیارێتی ڕاناكەین). لە خۆیدا ئەم ڕستەیە دڵنیایی زیاتر و هێز وێنا دەكات، تەنیا مرۆڤە خاوەن ئیرادەكان دەتوانن ئاوا بەڕەوانی و ڕوونی ئەو ڕستەیە دەربڕن لە كاتی كێشە و ئاڵۆزییە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەكاندا.

ئەوەی بیەوێ بەویژدان و بێ ڕق و كینەی سیاسی بڕوانێت، دەبینێت مەسروور بارزانی كاتێك بڕیار دەدات، بەوپەڕی یەقینەوە قسە دەكات كە مرۆڤ هەست دەكات له هێز و فەرهەنگی سیاسەتێكی دەوڵەمەندی پێشینییەوە وەریدەگرێ، هەست دەكەیت ئەو كارەكتەرە بۆ ئەوە دروست بووە ڕووبەڕووی تەنگژە و كێشەكان بێتەوە بێ ترسان و خۆدزینەوە لە هیچ مەترسییەك.

مەسروور بارزانی بەوردی لەو راستییە تێدەگات كە هەرگیز سبەینێیەكی باشتری سیاسی و ئابووری و تەندروستی و تەناهیی باشتر بۆ ئەم هەرێمە، بە خۆدزینەوەی ئەمڕۆیەكی پڕكێشە بنیات نانرێت، بۆیە لەهەر كاتێك و لە هەر كوێیەك پێویست بێت، بێ دوودڵی و خۆدزینەوە ئەو بڕیارە دەدات و ئەو كارە دەكات كە پێویست دەكات بڕیاری لێوە بدرێت، بێگومان بڕیاری دروست، ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت كاتێك لە بەرژەوەندی بەرانبەر سیاسییەكانی نابێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە زۆرینەی بەناو میدیا و سۆشیال میدیایی كوردی دەبینرێت، هەموو كێشە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییە جڤاكییەكانی ئەم هەرێمەیان كۆ كردووەتەوە، بەئاراستەكردنێكی زۆر ناڕەوا دەیانەوێت چەندە كێشە و هەڵەی ٣٠ ساڵی ڕابردووی حوكمڕانی ڕابردووی ئەم هەرێمە هەیە، بتوێننەوە و پاكسازیی بكەن لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆیدا، وەك ئەوەی تەنیا مەسروور بارزانی تاكە فەرمانڕەوا و سیاسی بێت لە هەرێمی كوردستان.

بەڵام كاتێك لە بڕیار و كردارەكانی مەسروور بارزانی دەڕوانی، هەست دەكەیت لەناو چوونی ئەو فەرهەنگە پڕ ئیرادە و بڕیار و ئامادەبوون و بنەمایانەی خۆی لەسەر بنیات ناوە، داڕمانی نەك ئەستەمە، بەڵكو بیركردنەوە لێی یەكجار ئەستەمە بتوانی بڕوا بەوە بهێنێت ئەو كارەكتەرە سیاسی و ئیدارییە شكست پێ بهێنرێت.

بۆیە پێویسته لەبری ئەو هەموو خۆماندووكردنە بۆ شێواندنی ڕاستییەكان، سەرقاڵی هاوئاهەنگی و بنیاتنانی ئایندەیەكی باش بن بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە، هەوڵ بدرێت هەموو ئاراستە باش و نیازپاكییەكان یەك بخرێن، هەموویان بكرێن بەهێزێك بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی ئەم ئەزموونە كوردییەی كە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ كوردانی هەموو دنیا.