مەسروور بارزانی، سەرکردەیەکی هێمن لەناو هەرا و هۆسەدا

AM:10:09:08/05/2023 ‌
هەر حكوومەتێك لە هەر گۆشەیەكی ئەم دنیایە بە گەورە و بچووكەوە، سەرقاڵی چارەسەری كێشەكانی وزە، بازرگانی گشتی،‌ ئابووری، دابینكردنی ئاسایش و تەندروستین بۆ هاووڵاتییانی خۆیان، بەڵام هەموو حزب و كەسایەتییە سیاسی و ئاینی و بازرگانەكانیان، هاندەر و پشتیوانی حكوومەتەكەیانن، تەنانەت كاتێك ئاڵۆزییەك بێتە ئاراوە كە پێوەست بێ بە ئاسایشی وڵاتەكە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش دەبن بە پاڵپشت بۆ حكوومەتی وڵاتەكەیان و پشتگیریی تەواوی كابینەی حكوومەت دەبن.

لە سەرەتای دروستبوونی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، لە دوای سوێندخواردنی لە پەرلەمانی كوردستان و ڕاگەیاندنی كارنامەكەی كە هەموو پرسەكانی چاكسازیی وزە و تەندروستی و ئابووری و تەناهی و كەرتی تایبەتی لەخۆ گرتبوو، هەرزوو تەوژمێكی ڕاگەیاندنی ئاراستەكراوی ئامانجدار، لە دژی دەركەوت، و كەوتنە لێدان و دروستكردنی لێڵی لەسەر هەموو كارێكی حكوومەت، بەتایبەتی چڕكردنەوەی هەموو كێشەكان و زەقكردنەوەیان و بە ئامانجگرتنی سەرۆك وەزیران وەك ئامانجی سەرەكییان دەبینرێ.

بەداخەوە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن و حزبە بەشدارەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم، بە عەقڵێكی دووگیانیی خۆسەپێن و هاوكات ڕاكردن لە راستیی حوكمداریی، زۆر كوێرانە كەوتنە بیانوو هێنانەوە بۆ ئەو باشی و چاكسازییانەی سەرۆكی حكوومەت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان هەنگاوی بۆ دەنا، تەنیا ئامانج ئەوەبوو هەموو كارێكی باشی خزمەتگوزاریی و ئابووری و ئاوەدانی كە لەم هەرێمەدا دەكرێت، بخرێنە ناو بەرگێكی حزبییەوە و بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بەكار بهێنرێت. 

ئەم جۆرە عەقڵە لە فۆرمی حوكمڕانیدا زۆر كلاسیك و جێی بەزەییە، هەندێك جاریش دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی، لە هەمانكاتدا هاووڵاتی دەخزێنرێتە ناو بیركردنەوەیەكی پۆپۆلیستی تەنگەبەری حزبییەوە كە هیچ ئینتیما و سۆزێكی بۆ وڵات و نیشتمان و پیرۆزییە نەتەوەییەكان نامێنێت، بەڵام لە راستیدا سەرۆكی حكوومەت ئەمەی ناوێت و خەڵكی كوردستانیش لایەنگری حكوومەتن لە كاروبارەكاندا و حەز ناكەن حزب رۆڵی هەبێت، پێم وایە هەر ئەمە بەسە بۆ ئەوەی دژایەتیت بكرێت و بەڵگەی زیندوویش ئەوەیە هێشتا نیوەی یاسای چاكسازیی ماوە و لە ترسی هەڵای حزب و میدیا ئاراستەكراوەكان جێبەجێ نەكراوە، لە كاتێكدا سوودەكەی بۆ خەڵكە.

ئەو كێشانەی ڕۆژانە لەلایەن ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا ئاراستەكراوەكانەوە دەكرێن بە هەواڵ و ڕەنگی ناشیرینی حزبی بە بەریاندا دەكرێن، لە واقیعدا زۆرینەی كێشە كەسی یاخۆ حزبین، نەك كێشەی خزمەتگوزاریی گشتی و حوكمڕانی، بەڵام سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بێ گوێدانە هۆسەی حزبە نەیارەكان، لەسەر بنەمای كاركردنی بە ئاراستەی خزمەتی هاوسەنگی هاووڵاتییان، تا ئەم ساتە توانیویەتی سەركەوتنی گەورە بەدەست بێنێت، تۆ بیهێنە بەرچاوت لەناو ئەو غەوغایەدا كەسێك بە هێمنی كاری خۆی دەكات و هیچ جۆرە هەڵچوونێكیشی نییە، هەرچەندە هەموو تیرەكان ڕوو لە ئەون.
بە دڵنیاییەوە هەموو سەركەوتنێك بنەمایەكی تۆكمە و عەقڵێكی كراوە و سنگێكی فراوانی دەوێت بۆ كاركردن، مەسروور بارزانیش ئەوە پێڕەو دەكات، لەبری شەڕكردنی حزبی، زۆر بەتوندی شەڕی گەندەڵی و كێشەكانی دەست پێ كردووە، لەبری مامەڵەی بەرژەوەندیخوازان، سەرقاڵی مامەڵەی بە ئەلیكترۆنی خزمەتگوزاریی و حكوومەتی دیجبتاڵ و بانكی پێشكەوتووە.

جێی دڵخۆشییە ئەگەر تا دوێنێ خەمساردییەك و نەرمینواندێك هەبووبێت تا هەموو كارێكی باش كە لەلایەن حكوومەتەوە كراوە، خرابێتە ناو سەبەتەی بەرژەوەندیی حزبەكان بۆ ئەوەی نەڕەنجێن، ئەمڕۆ عەقڵێكی كراوەی حوكمڕانی بناغە بەهێز هاتووەتە ئاراوە، هەرگیز ڕێ نادات مرۆڤی كورد چیتر لەژێری منەتی حزبدا وردوخاش بكرێت و بە پارەی حكوومەتیش. 

تیۆرەكەی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێم ئەوەیە، خەڵك فێر بكات ئەگەر حزب كاری سەرەكی ڕازیكردنی ئەندام و كادری خۆی بێت، ئەوا حكوومەت كاری ڕازیكردن و خزمەتكردنی هەموو تاكێكی ئەم هەرێمەیە بێ جیاوازی. ئەم تێڕوانینە وایكردووە لە هەموو دەرگا و دەروازەیەكی نهێنی و ئاشكراوە، دوژمندارییەكی ئاشكرا و نهێنی بكرێت بۆ شكست پێهێنانی و حزبە سیاسییەكان بە مەترسییەكی گەورەی دەزانن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانیان.

ئەو كێشانەی ڕۆژانە دەخرێنە بەرباسی ڕاگەیاندنەكان، لە بنەڕەتدا كێشەی كەسیی هاووڵاتییەكە نەك شكستی حكوومەت، لە هیچ شوێنێكی دنیادا نییە حكوومەتێك توانیبێتی هەموو هاووڵاتییانی وڵاتەكەی لە تاوانكردن بوەستێنێت و كاری تاوانكاری بنبڕ بكات، ئەوەی مایەی پێكەنینە لەم هەرێمەدا، ڕووداوە سروشتی و قەزاوقەدەرەكانیش لەسەر سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هەژمار دەكرێن، ئەو كێشانەی لە ڕاگەیاندنە ئاراستەكراوەكانەوە گەورە دەكرێن، لە بنەڕەتدا بۆ ڕێگریكردنە لە چارەسەرەكان، بۆ ئەوەی خەڵكی ئەم هەرێمە لەبری هەبوونی سۆزی نیشتمانی، ملكەچ و هاوڕای حزبەكان بن، ئیتر لەمەوە تێدەگەی حزب چ كارەساتێكە و میدیاكەیشی هەروا.

 ئەو كارانەی مەسروور بارزانی دەیەوێت بیانكاتە بنەما بۆ ئێستە و داهاتوو، جیاكردنەوەی بەرژەوەندیی حزبییە لە خزمەتكردنی خەڵك، ئەم جۆرە كاركردنەیش واقیعێكی تاڵە بۆ حزبەكان و گۆڕانكاریی هزرییان دەوێ تا هەرسی بكەن. ئێمە چەندان ساڵە ئەوەی پێی ئاشناین بەرژەوەندی حزبی، سیاسی، ئابووری بەرسیی تاكی بازرگان، زیندووكردنەوەی سیستمی خێڵ و ناوچەگەرێتییە بەسەر دەسەڵات و یاسادا. بەڵام جێی دڵخۆشییە مەسروور بارزانی خەریكی سەربەخۆكردنی تاك و گرنگیدانە بە گەنجی وڵاتەكەی و وا دەكات پشت بەخۆیان ببەستن و بیر بكەنەوە و داهێنان بكەن و لێرەو لەوێ نموونەی زۆر باشیش دەركەوتوون.

مێژوو ئەوەی سەلماندووە لە كاتی سەرهەڵدانی هەموو كێشە و ئاڵنگارییەكدا، تەنیا دوو ڕێ هەبوون، ئەویش یان مانەوە و بەرەنگاری، یاخۆ رادەستبوون و هەڵهاتن، دەركەوت مەسروور بارزانی بڕیاری مانەوە و بەرەنگاری لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی دا، بۆیە لە ئێستەوە سەرەتای بردنەوەیەكی گەورە بەدیار كەوتووە. بۆ گەڕاندنەوەی شكۆی داودەزگا و ژیانی مەدەنی لەم هەرێمەدا و نەهێشتنی بەرژەوەندی تاكەكەس و حزبی مشەخۆر.