مەلا مستەفا بارزانی، ڕێبەری ئەفسانەیی کوردستان، لە دووەمین دەیەی سەدەی بیستەم هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە و ئەوەندەی نەخایاند ناوبانگی سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و لە ئاسمانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهاندا دەرکەوت. ئەو، یەکێک لە ڕێبەرە ناودارەکانی کوردستانە کە کارنامەی ژیانی پڕشانازیترین سەردەمەکانی مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانی لەخۆیدا تۆمار کردووە.
بارزانی لە پێگەی ڕێبەرێکی کاریزمایی لە سەدەیەکی پڕگێژاو و تۆفاندا بزووتنەوەی کوردستانی ڕێبەرایەتی کرد و لە قۆناغە چارەنووسسازە مێژووییەکاندا، بە پشتبەستن بە جۆشوخرۆشی شۆڕشگێڕانە و کەڵکوەرگرتن لە عەقڵییەتی سیاسی، ڕەوت و ڕەوگەی خەبات و شۆڕشی ئەندازیاری کرد و ئازارەکانی نەتەوەکەی جیهانی کردەوە.
ژیانی ئەم قارەمانە نەتەوەییە، لە هەمان سەردەمی منداڵییەوە وەک ژیانی نەتەوەکەی لێوان‌لێو بوو لە هەوراز و نشێوی زۆر، لە تەمەنی سێ ساڵیدا و لەگەڵ دایکی کەوتە زیندانی مووسڵ، لە 18 ساڵیدا بۆ دیدار و دانیشتن لەگەڵ شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولقادری نەهری لە ڕێبەرانی سیاسی کورد، ڕا‌سپێردرا تا بەرەو تورکیە سەفەر کات.
لە تەمەنی 19 ساڵیدا بە مەبەستی پشتگیری لە شێخ مەحموودی حەفید سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، هێزەکانی خۆی بەرەو سلێمانی جووڵاند. ساڵێک دواتر بارزانی ئیتر فەرماندەیەکی 20 ساڵان بوو کە بۆ ڕزگارکردنی "ئەندریک پاشا" لە چنگی هێزەکانی تورک چوو بە هانای ئەرمەنییەکانی تورکیاوە.
پاش حەوت ساڵ دوورخرانەوە لە بەغداد و سلێمانی، لە ساڵی 1945 سەرکردەیەکی 41 ساڵە و خۆگرتوو بوو کە لەگەڵ چەند هەزار پێشمەرگە لە بارزانەوە بەرەو مەهاباد ڕۆیشت و هاوڕێ لەگەڵ قازی محەمەد سەرۆک کۆماری کوردستان، هێزە چەکدارەکانی کوردستانی بە پلەی جەنراڵ، سەرکردایەتیی کرد.
ساڵی 1947 و لە تەمەنی 43 ساڵیدا هاوکات بوو لەگەڵ ڕێپێوانە ناودارە مێژووییەکەی مەهابادی خوێناویی، بە کەنارەکانی رووباری ئەرەسەوە گرێ دا، ئەمەش لە دەستەویەخەبوونێکی پارتیزانی و ناهاوسەنگ لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی ئێران، عێراق و تورکیا، کە دەرئەنجامەکەی بوو بە پەنابەرییەک بۆ ماوەی 12 ساڵ لە یەکێتی سۆڤیەت.
لە گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان، ڕێبەرایەتی و خەباتەکەی بە سەرکردایەتیی مەزنترین بزووتنەوەی کوردستان کامڵ کرد و ناوی لە مێژوودا وەک ڕێبەرێکی ئایدیالیست و رزگاریخواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دنیادا، مایەوە.
بە بڕوای شیکارانی پرسەکانی کوردستان، ئەگەر خەبات، تێکۆشان و ڕێبەرایەتی حەکیمانەی ئەم پیاوە کەموێنەیە لە مێژووی کوردستاندا نەبووایە، ڕەنگە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ئەمڕۆ ڕەوت و روخسارێکی تری هەبووایە و مێژووی ئەم بزووتنەوەیە بە شێوازێکی دیکە دەشکایەوە.
ڕوانگە و هەڵسەنگاندنەکان لەبارەی کەسایەتیی ئەم سەركردە، شایه‌تێکن لەسەر کارەکتەری ئەفسانەیی و پێگەی بێ هاوتای ئەو لە بزووتنەوەی کوردستاندا.
ئەو ڕستانەی کە قازی محەمەد سەرۆک کۆماری کوردستان لە دادگای سەربازیی له زستانی ساڵی 1946 لە مەهاباد لە بەردەم بەڕێوەبەرانی دادگای سەربازیدا بە هاوارەوە دەریبڕی، ئاوێنەیەکی باڵانوێنن بۆ نواندنەوەی کەسایەتیی بارزانی:
(مەلا مستەفا بارزانی هێمای جوامێری، کەرامەت، شەرافەت، بوێرییەکی لە شکستنەهاتوو و بەخشندەییە. ئەو وەک مسوڵمانانی سەدری ئیسلام پاک و بێگەرد و ڕاستگۆیە، هەروەها کە سەعدی دەفهرموێ: کۆی ئەو شتە باشانەی هەموو چاکەکان هەیانە، ئەو بە تەنیا هەیەتی... چونكە مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی چرای گەشاوەی سبەینێی نەتەوەی کوردن و منیش ئاڵای کوردستانم بەوان سپاردووە، هیوادارم ئاڵای نەتەوەکەم ڕۆژێک لەسەر ئەم ماڵە و هەموو کوردستان بشەکێتەوە).
بێ هۆ نییه که هه‌ر له‌و ساڵه‌دا دکتۆر ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان که‌سایه‌تی ناسراو و خاوه‌ن ئیمتیازی حهغتهنامهی «کوهستان-کوێستان» له تاران، له ساڵی 1946 له بڵاڤۆکە‌که‌یدا بەم شێوەیە ڕێبه‌رە گەنجەکەی کوردستان به خه‌ڵکی ئێران ده‌ناسێنێ:
(مه‌لا مسته‌فا پیاوێکی ڕووناکبیره که زمانگه‌لی کوردی، عه‌ره‌بی و فارسی به باشی ده‌زانێ و تا ڕادەیەکیش شاره‌زای زمانی ئینگلیزی و تورکییه. کەسایەتییهکی دروستکار و قسە لەڕووە و بڕوایەکی قایمی به نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌یه. پیاوێکی تێگەیشتوو و خاوەن لۆجیکە و بە نیسبەت ئەو کێشە و گرفتانەی دێت، هەوڵ دەدات هەتا ئەو شوێنەی بلوێت، ڕێگەی ئاشتیی و عەقڵانی بگرێتە بەر).
سه‌فه‌ر قاره‌مانیان خه‌باتکاری چه‌پخوازی ئازه‌ربایجانی و کۆنترین زیندانیی سیاسیی سه‌رده‌می حکوومەتی په‌هله‌وی له ئێران، له وتووێژ لەگه‌ڵ عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان، هاوڕێیەتی خۆی لەگەڵ بارزانی له ساڵی 1946 به‌م چه‌شنه ده‌گێڕێته‌وه:
(مه‌لا مسته‌فا لە نوێژخوێندندا زۆر قایم و تاقەتدار بوو، ڕۆژێک له گوندی مەرگەوەڕ کەوتینەی بۆسەی دوژمنەوە، مه‌لا مسته‌فایان ئاگەدار کرده‌وه که گه‌مارۆ دراوین و سه‌ربازەکان ئابڵوقه‌ی گونده‌که‌یان داوه. ئەو نوێژی دەكرد. هه‌رچه‌ند داوایان لێ کرد نوێژه‌که‌ی ببڕێ تا بتوانێ هه‌ڵبێ یا شه‌ڕ بكەین، بایه‌خی بە قسەكان نه‌دا تا به ته‌واوی له نوێژ بووه‌وه. ئێمه‌یش زۆر ترسابووین و له‌سه‌ر ئه‌سپه‌کانمان چاوه‌ڕێ بووین بارزانی نوێژه‌که‌ی تەواو بکات. كە سەلامی دایەوە ده‌ستی به شه‌ڕ کرد، توانیمان لێیاندەین و گه‌مارۆی سه‌ربازه‌کان بشکێنن و له‌وێ ده‌رباز بین. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم مه‌لا مسته‌فا ئاوها نه‌ترس و خاوەن ئیمان بوو).
ئه‌بولحه‌سه‌نی ته‌فره‌شییان ئه‌فسه‌رێکی تری ئێرانی، ئه‌ندامی ڕێکخراوی ئه‌فسه‌رانی خوراسان کە له ساڵی 1946 وه‌ک سه‌فه‌ر قاره‌مانییان، هاوڕێی بارزانی بووە. له کتێبه‌که‌ی خۆیدا بەناوی ڕاپەڕینی ئه‌فسه‌رانی خوراسان، به‌م چه‌شنه مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ خوێنەران باس دەکات:
(مه‌لا مسته‌فا پیاوێکی تێگه‌یشتووه، زمانگه‌لی فارسی، عه‌ره‌بی و کوردی باش ده‌زانێ. به تورکیش قسه ده‌کات. له‌ڕێگەی گوڵستانی سەعدییه‌وه فێری فارسی بووبوو و هه‌ر بە شێوازی گوڵستانیش قسه ده‌کات. له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و جەماوەره‌که‌ی له‌سه‌ر سفره‌یەک داده‌نیشت و نانی دەخوارد، دەڕۆیشت بۆ شەڕ و لەگەڵیشیان لە سەنگەر دەخەوت... تەنیا ئەوەندە بەس بوو سواری ئەسپەکەی ببێ، راستەوخۆ و بێ سێ و دوو، 500 سواری چه‌کدار ده‌که‌وتنه شوێنی بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیارێ بکه‌ن... ئەو شاره‌زاییه‌کی زۆری له‌سه‌ر زه‌وی و هه‌وراز و نشێوه‌کان هه‌بوو، زۆر به وردی لێکی ده‌دایه‌وه و ئەوکات بڕیاری ده‌دا. هه‌رچه‌نده ئێمه پسپۆڕی کاروباری سه‌ربازی بووین و به شێوازێکی ئەکادیمی ڕاهاتبووین، به‌ڵام له ڕاستیدا پاش لێکدانه‌وه و تاوتوێیه‌کی زۆری نەخشە و ڕا و ڕاوێژ، ئه‌گه‌ر باش بڕیارمان بدایه، هەر وه‌ک ئه‌و بڕیارمان ده‌دا).
بارزانی له ساڵی 1966 له یه‌که‌مین نامه‌ی ڕۆشنگەرانەی خۆی بۆ «ئۆتانت» سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، به ڕوونی و ڕاشکاویی بڕوای به خه‌باتی ڕزگاریخوازیی کوردستان و ڕزگارکردنی گه‌لی کورد له ئازار و مەینەتییە مێژووییه‌کانی دەردەخات و دەنووسێ:
(پتر له چوار ساڵه نیشتمانی ئێمە واتە کوردستانی عێراق، له‌گه‌ڵ شه‌ڕێکی ڕه‌گه‌زیی مه‌ترسیداردا بەرەو ڕووە، شه‌ڕێک درێژتر له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و چه‌ند مانگێک که‌متر له شه‌ڕی دووه‌می جیهانیی. شه‌ڕێک به چه‌کی کاولکه‌ر و کوشندە که ته‌نیا که‌سانێک ده‌ره‌نجام و بەدواداهاته پڕ له نەگبهتی و نه‌هامه‌تییه‌که‌ی دەبینن که خۆیان جەنگێکی وایان ئەزموون کردبێ. ئه‌و گرفتانه‌ی گه‌لی کورد تووشی هاتوون، به سوێتر و پڕئازارترە له کێشه و ئازارەکانی سه‌رده‌می ڕه‌ش و تاریکی کۆلۆنیالیزم. ئه‌و سیاسه‌ته ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌یەی ده‌سەڵاتدارانی عێراق گرتوویانەتە بەر، بێگومان ئه‌گه‌ر له سیاسه‌تی پووچه‌ڵ و بێده‌ره‌نجامی حکوومه‌تی داگیرکه‌ری ڕۆدزیا و ئەفەریقای باشوور زۆرتر نه‌بێ، که‌متر نییه).
ئاوا بوو، هه‌ڵاتن و داکه‌وتنی خۆرێکی دره‌وشاوه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان که تیشکه ڕێگە ڕۆشنکه‌ره‌که‌ی، بۆ هه‌میشه به‌رچاومان ڕوون ده‌کاته‌وه.