ڕه‌یان که‌لدانی و باڤڵ تاڵه‌بانی

AM:10:20:21/08/2023 ‌
باسکردنی ڕه‌یان و بافڵ له‌ ڕێگه‌ی گۆرانییه‌کی بێ موزیکی مامۆستای نه‌مر و کوردپه‌روه‌ر حه‌سه‌ن زیره‌که‌وه‌ زۆرباش و به‌ شێوه‌یه‌کی تازه‌ و جیاواز ده‌پێورێت، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ ده‌سپێکێکی دژه‌باو بێت که‌ له‌باره‌ی شۆڤێنیزمی ده‌ره‌کی و ملکه‌چیی ناوخۆییه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ین، به‌ڵام به‌ باسی که‌ڵه‌ گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ندێکی نیشتمانییه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین. 

له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ بۆچوونێکی ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم ڕاست نییه،‌ ده‌بێت بڵێم ته‌واو ڕاست نییه‌، حه‌سه‌ن زیره‌ک ڕاسته‌ زیاتر وه‌ک تۆمارکه‌ر و بێژه‌ر و گێڕه‌ره‌وه‌ی دنیای فۆلکلۆر و فه‌لسه‌فه‌ی زاره‌کیی ژیانی گوندیی و عاشقانه‌ و داونه‌ریت و داروبه‌رد و...ی کوردستان بووه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ژیانی ئه‌و بێ هۆگری و لایه‌نگریی سیاسیی نه‌بووه‌ و له‌و گۆرانی و سروده‌ نیشتمانیه‌کانی و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ قسه‌ و باسیدا که‌ له‌ کاسێتدا تۆمار کراون، ئێمه‌ هه‌ڵوێست و هۆگریی سیاسیی ئه‌و ده‌بینن.

جیا له‌ سرودی نه‌ورۆز و چه‌ندان به‌سته‌ و مه‌قامی وه‌ک ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کاوه‌ی دلێر... له‌ کاسێتێکدا که‌ دوو که‌سی خه‌ڵکی هه‌ولێر، واته‌ ئه‌بووسه‌باحی هونه‌رمه‌ند و میرزا که‌ریم له‌ ماڵی ده‌بن، ئه‌و باسی هۆگری خۆی بۆ کورد و شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌کات و باس له‌و مێوانداری و ڕێزلێنانه‌ی سه‌رۆک بارزانی ده‌کات که‌ لێی گرتووه‌ و ده‌ڵێت، کاک مه‌سعوود ڕۆحی من، تاجی سه‌ری من و دینی من... 
خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌پێی هه‌ندێ گێڕانه‌وه‌ ڕه‌وانشاد مام جه‌لال، حه‌سه‌ن زیره‌کی بردووه‌ته‌ ڕادیۆی به‌غا و ده‌سپێکی ده‌رکه‌وتنی ده‌نگی زیره‌ک و توانا و لێهاتووییه‌که‌ی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ /به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ چه‌نده‌ راست و بێ گرێوگۆڵ بێت/، به‌ڵام زیره‌کی نه‌مر به‌ هوشیارییه‌کی بێ وێنه‌ی سیاسییه‌وه‌ به‌ره‌و شۆڕشی ئه‌یلوول و بارزانیی نه‌مر و گوتاری کوردانه‌ هاتووه،‌ ئه‌مه‌یش خاڵێکی جێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌یه‌.
 
گۆرانیی "جاشی ساڵی 66" ئه‌گه‌رچی زۆر نه‌ناسراوه،‌ به‌ڵام له‌ یوتیوبدا هه‌ر به‌و سه‌ردێڕه‌ به‌ ئاسانی ده‌دۆزرێته‌وه‌، پێده‌چیت شیعری گۆرانییه‌که‌ هی خۆی بێت، چونكە له‌ ڕووی کێش و سه‌رواوه‌ هه‌ر له‌ هی فۆلکلۆر ده‌چێت که‌ ئه‌و وه‌ستای به‌سته‌ی فۆلکلۆره‌، به‌شی سه‌ره‌کی ده‌قی شیعریی گۆرانییه‌که‌ ئه‌مه‌یه‌: 
خودای من له‌ هه‌ر دوو دنیا یا ڕه‌بی بتکا ڕووڕه‌ش
میله‌تی کورد برایه‌ تۆ له‌ منت کرد به‌ چه‌ند به‌ش
چیت له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌وێ جاشی ساڵی شه‌ست و شه‌ش
ئای وه‌رن! کوردی سۆران و بارزان، بسێنن حه‌قی کوردان!
له‌ خودا ده‌که‌م ته‌مه‌نا غه‌وس ببێت پشتیوانتان

له‌ به‌یتێکی تردا باسی "بابه‌کورد" واته‌ بارزانیی نه‌مر ده‌کات و گوتاره‌که‌ی له‌ خزمه‌ت شۆڕشی ئه‌یلوول و پشتیوانییە‌ له‌و شۆڕشه‌ ڕه‌سه‌نه‌ کوردییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا لایه‌نێکی هاوکێشه‌ی سیاسیی ناو ئه‌م گۆرانییه‌یه‌، لایه‌نی دیکه‌ که‌ له‌ دڵی لایه‌نی یه‌که‌مه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه،‌ به ‌جاش ناساندنی ئه‌و دابڕانه‌یه‌ که‌ له‌ شه‌سته‌کان جه‌ماعه‌تی مه‌کته‌ب سیاسی له‌ پارتی کردیان و ڕێچکه‌یه‌کیان دامه‌زراند که‌ به‌ داخه‌وه‌ تا ئێسته‌یش له‌ ڕێبازی ئێستەی یه‌کێتی نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش ڕۆشتن بۆ ئامێزی به‌غدا و ملکه‌چینوانده‌ له‌ هه‌مه‌به‌ریدا. 

ئه‌مه‌م بۆیه‌ باس کرد تا تێبگه‌ین و بیر له‌و واقیعه‌ فه‌لسه‌فییه‌ هیگڵییه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ ئاکار و هه‌ڵسوکەو‌ت و چالاکیی مرۆڤ، به‌ گشتی چ له‌ پانتایی سیاسه‌ت یاخۆ هه‌ر پانتاییه‌کی دیکه‌ی بووندا بێت، دیارده‌یه‌کی مێژووکرده‌. واته‌ ئێمه‌ له‌ناو مێژوودا ده‌بین به‌وه‌ی كە ئێسته‌ هه‌ین! خۆشخزمه‌تی و ملکه‌چییه‌کانی یه‌کێتیی نوێ هه‌ر له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ تا پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق، به‌و شێوه‌ شۆڤینییه‌ تا ئاستێک که‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستانیشی هێنایه‌ ده‌نگ، وای کردووه‌ هه‌ر که‌س و ناکه‌سێک دانیشێت له‌ ڕێگه‌ی تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی یان قسه‌ی حه‌له‌قومە‌له‌قی ڕۆژنامه‌‌وانی و سه‌رشاشه‌کان یاخۆ ماڵپه‌ڕێکی دیاریکراو به‌ ئه‌جێندایه‌کی تایبه‌ته‌وه،‌ هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر مافه‌کان و هێز و قه‌واره‌ی سیاسی و مافه‌ سەروەری و دارایی و ده‌ستوورییه‌کانی کوردستان، به‌ بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌‌ خۆیان له‌ چ زۆنگاو و زه‌لکاوێکه‌وه‌ هه‌ڵتۆقیوون. 

نموونه‌ی هه‌ره‌ تازه‌ی ئه‌م دۆخه،‌ تویته‌که‌ی ڕه‌یان که‌لدانی سه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌ی بابلیۆن‌ و که‌سایه‌تییه‌کی تا بڵێی شۆڤێنی و چه‌په‌ڵ و بووده‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام چونكە له‌ملاوه‌ له‌ هاوڕێکانی سلێمانی و بافڵ دڵنیایه،‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و شایسته‌ داراییه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. ئه‌گه‌ر ئه‌م پشت تێکردنه‌ی ئه‌مانه‌ نه‌بوایە، ده‌بوو ره‌یان کلدانی ته‌مبێ بکرێت و به‌ ملکه‌چییه‌وه‌ ڕه‌شۆکێشی بکه‌ی بۆ نوگره‌سه‌لمان و بیابانه‌کانی عێراق، تا بزانێت هاونیشتمانییه‌ پێشووه‌کانی و هاوڕه‌گه‌زه‌ شۆڤێنییه‌کانی چییان کردووه‌ و به‌ بیری بهێنینه‌وه‌ که‌ چ شه‌کرێک نابێت بشکێنێ.

به‌ڵام کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌یان ئه‌مانه‌ باش ده‌زانێت و بۆی گرینگ نییه‌! تۆی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێتی چۆن له‌ به‌ر شکۆی خوێن و گیانی ئه‌نفالکراو و دایکانی ئه‌نفال که‌ زیاتر له‌ 35 ساڵە چاوه‌ڕوانن، ملکه‌چی وه‌ها گوتار و بێڕێزییه‌ک ده‌بیت و ڕه‌شۆی هێزێک ده‌خه‌یته‌ ملی خۆت که‌ به‌ره‌و هیچ له‌وه‌ڕگایه‌ک جگه‌ له‌ بیابان و لم، په‌لکێشت ناکات؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ ڕاستیدا له‌و مێژووه‌دا که‌ له‌ ڕێگه‌ی گۆرانییه‌ سیاسییه‌که‌ی مامۆستا زیره‌که‌وه‌ خستمه‌ ڕوو، ده‌درێته‌وه‌. 

به‌ڕای من، ده‌بێت تیمێکی تایبه‌تی دادوه‌ریی کورد له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بێنه‌ سه‌ر خه‌ت و ڕه‌یان کلدانی نه‌ک ته‌نیا له‌به‌ر زێده‌ڕۆیی و دژوه‌ستانه‌وه‌ له‌ هه‌مبه‌ر ماف و شایسته ‌داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و قووتی خه‌ڵکدا، به‌ڵکوو له‌به‌ر ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی شۆڤێنیی دژی مافی دایکان و ئه‌ندامی ده‌یان هه‌زار ماڵباتی شه‌هید و ئه‌نفال که‌ وڵات و هاوزمان و ئاڵا و نه‌ته‌وه‌که‌ی ئه‌و جێبه‌جێیان کردووە، دادگایی بکرێت. 
کلدانی ده‌بێت له‌ به‌رده‌م دادگای ئه‌نفال و دایکانی ئه‌نفالدا دادگایی بکرێت و بڕیاری قورسی به‌سه‌ردا بسه‌پێت، ئه‌وکات ڕه‌نگه‌ کاک بافڵ پارێزه‌رێک بگرێت و له‌ داداگای فیدراڵیی داوای جێبه‌جێکردنی ڕاست و دروستی یاسا له‌ دۆسیه‌ی هاوڕێکه‌یدا بکات! ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ سه‌تان ساڵه‌ کورد به‌ ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێێنێت و ده‌یان 16ی ئۆکتۆبه‌ر و 66ی له‌ پشته‌وه‌ لێدراوه‌ و ئێسته‌یش خوێنی لێ دەچۆڕێت و حه‌سه‌ن زیره‌ک 50 ساڵ پێش ئێسته‌ بۆی تۆمار کردووین.