یه‌کێتی له‌ نێوان قوماری چاوبه‌ستکردندا

PM:01:08:03/09/2023 ‌
یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان له‌ دۆخێکدا ده‌ستی داوه‌ته‌ هه‌ندێ جمووجووڵ که‌ زه‌نگی کاتی هه‌ڵبژاردن لێ دراوه‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژ و چرکه‌ به‌ چرکه‌ به‌ره‌و ساته‌ چاره‌نووسسازه‌که‌ ده‌ڕوات، وا لێی ده‌ترسێت و کرداره‌ پێشوه‌خته‌کانی چه‌ندان ده‌لاله‌تی نه‌رێنییان پێیه‌ که‌ لێره‌دا هه‌ندێکیان باس ده‌که‌ین. 

یه‌کێتی نیشتمانی دوای دابڕانی ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا و دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌ره‌تای نسکۆ و شکستی گوتار و پرۆژه‌ی ده‌ست پێ کرد و به‌ نه‌خۆشکه‌وتن و مه‌رگی ڕه‌وانشاد مام جه‌لال، ڕێکه‌وتنی ستراتیجیش له‌ کرداردا به‌ ته‌واوه‌تی له‌گۆڕ نرا و هه‌م گۆڕان به‌ره‌و داڕمانێکی کوشنده‌ ڕۆشت و هه‌میش نیشانه‌کانی پووکانه‌وه‌ی ناوه‌کیی یه‌کێتی زیاتر و زیاتر ده‌رکه‌وت و تا ئێسته‌یش‌ ئێمه‌ ده‌یبینین. 

ئه‌گه‌رچی گۆڕان وه‌ک سه‌ره‌تای قه‌یرانێکی سیاسی و ڕێکخراوه‌یی و هه‌روه‌ها ئایدۆلۆجیی بوو بۆ یه‌کێتی، به‌ڵام ئه‌م لاواز و کزبوون و به ‌جۆرێک ناهومێدبوونه‌ی خواستی گۆڕانخوازان له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وز و پشتکردنه‌ بزووتنەوەكە له‌لایه‌ن ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که‌ ماندووبووبوون له‌ پرۆژه‌ یان پرۆژه‌ شکستخواردووه‌کانی یه‌کێتی، به‌ مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت هێزه‌کان یان ئه‌و تاقم و توێژه‌ی‌ هێشتا ترووسکه‌یه‌کی هیوای بۆ گۆڕان هه‌یه‌، دێنه‌وه‌ به‌ره‌و ڕووی یه‌کێتی و سووسه‌ هیوایه‌کی بۆی هه‌یه‌، نه‌خێر ئه‌و لایه‌نه‌ یان ئه‌و توێژانه‌ ده‌بن به‌ توێژی زیز و په‌راوێزکه‌وته‌، ئه‌مه‌یش کاره‌ساتێکه‌ که‌ هه‌م به‌ر یه‌کێتی که‌وتووه‌ و هه‌میش به‌ر کۆمه‌ڵگەی ڕه‌خنه‌گر و گۆڕانخواز له‌ زۆنی سه‌وز، که‌ به‌هۆی یه‌کێتییه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌. 

ئه‌م دۆخه‌ هه‌ر لێره‌وه‌ نه‌وه‌ستایه‌وه‌ و پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و پلان خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبه‌ر که‌ له‌لایه‌ن تاقمێک له‌ سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتییه‌وه‌ واژوو کرابوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ خیانه‌ت له‌ مێژوودا تۆمار کرا و بۆ لایه‌نگرانی کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنی له‌لایه‌ن بکه‌رانییه‌وه‌ له‌ بواری خۆشگوزه‌رانی و چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌ داراییه‌کان پێ بوو، به‌ڵام هیچیان نه‌هاتنه‌ دی و هه‌رچییه‌کیان کرد، دۆخی خه‌ڵکیان خراپ و خراپتر کرد. 

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانه‌یش وا به‌ بیانووی دوورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ له‌ ماڵی کورد (که‌رکووک و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان)، ددانێکی پاساوئامیز ده‌نێن به‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، ده‌زانن ئه‌مه‌ خیانه‌ت بووه،‌ به‌ڵام هه‌ر ئه‌و هیوا ناته‌ندروست و نوقسانه‌یان هه‌بوو که‌ له‌ پشتی ئه‌م خیانه‌ته‌وه‌ لانیکه‌م هه‌ندێک ده‌سکه‌وتی حزبی یان دارایی مسۆگه‌ر بێت، به‌ڵام جگه‌ له‌ چه‌ند مه‌دح و سه‌نایه‌کی تێپه‌ڕی باوکانه‌ له‌لایه‌ن عه‌بادی و مالیکییه‌وه‌ بۆ بکه‌رانی ئه‌و ناپاکییه،‌ هیچێکیان ده‌سنەکه‌وت، بۆ پڕکردنه‌وه‌ و داپۆشینی ئه‌م عه‌یبه‌ و که‌تنه‌ گه‌وره‌ لێبوورده‌هه‌ڵنه‌گره‌ مێژووییه‌، دنیایه‌ک شه‌ڕی میدیایی و ئیدارییان کرد، وه‌زیره‌کانی یه‌کێتی له‌ کابینه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌سروور بارزانی له‌ سه‌خترین سات و دژوارترین قه‌یراندا کشانه‌وه‌، به‌و مه‌به‌سته‌ی بڵێن ئه‌وان سه‌ربه‌خۆن و هه‌رچییه‌ک له‌ قه‌یران و کێشه‌ هه‌بێت، لێی به‌رپرسیار نین، له‌ حاڵێکدا ڕووداو و کرده‌وەکانی دواتر ده‌ریخست، چ لایه‌نێک په‌رۆشی خه‌م و خه‌ونه‌کانی کوردستانه‌.

یه‌کێتی هه‌ر به‌مه‌یشەوە نه‌وه‌ستا، پاش شکسته‌ دۆمینه‌ییه‌کانی له‌ یاسای تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی عێراقدا، ده‌ستی له‌گه‌ڵ نه‌یارانی کورد و میلیشیاکان تێکه‌ڵ کرد و گورزێکی دیکه‌ی له‌ حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی کوردی و کوردستان وه‌شاند، پێویسته‌ له‌مه‌ ورد ببینه‌وه‌ که‌ هه‌موو ئه‌م هه‌ڵه‌ و ناپاکییه‌ زنجیره‌ییه، یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌، له‌ ئه‌نجامی پێداگریی و ده‌مارگرژییه‌کی هەرزەكارانە و کاڵفامانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ یه‌کێتی جیاوازه‌ و پلانی خۆی هه‌یه،‌ له‌ حاڵێکدا ئێسته‌یش و تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یش قه‌یرانه‌کانی یه‌کێتی ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر ده‌ته‌قنه‌وه‌ و هه‌ر جاره‌و په‌نا ده‌باته‌ به‌ر هه‌ندێ تاکتیکی له‌کارکه‌وتوو و سواو که‌ پێش ئه‌وه‌ی پلانی خۆی بێت، نه‌خشەڕێی پلانگێڕانه‌ی به‌ناو هاوپه‌یمانه‌ دژه‌ کوردستانییه‌کانین!

لە دوا كارەساتیشیدا و بۆ خزمەتی میلیشیاكان، جوامێری گەنجانی كورد نادیدە دەگرن كە بە خوێن و غیرەتی خۆیان، عێراقیان ناچار كرد رێگەی هەولێر-كەركووك بكاتەوە و عەرەبە میلیشیاكان لە خێوەتەكانیان دەربكەن، هاتووی لە بەیاننامە فەرمییەكاندا ناڕاستەوخۆ شەرعیەت بە شەهیدكردنی ڕۆڵەكانی كورد دەدەی و دەڵێی، ئەمانە بۆ كردنەوەی بارەگایەك ئاژاوە دەنێنەوە و پێكەوەژیان تێكدەدەن! ئەمە كارەسات نەبێ ئەی چییە؟ تۆ بە هەموو تواناتەوە لە كەركووكی و رابەری خیانتەكارانیشت كردووە بە بەرپرسی یەكەمت لە شارەكەدا، ناوێرێ یەك قسە لە بەرژەوەندی كورد بكات و رێگەی كاسبی و ژیانی خەڵك گیراوە، ئەو پێیخۆشە، چون بۆ نەگەڕانەوەی پارتییە، ئینجا دێی میدیاكانت هان داوە هیچ بڵاونەكەوەنەوە لەبارەی ئەو قارەمانییەی كوڕانی كوردەوە، لە بەیاننامەیشدا هانی عێراق دەدەی سەركوتیان بكات، دەبێت باش لەوەیش تێبگەی كە كورد بە جوانی لەوە تێدەگات كە ئێوە پێوەندییەكتان بە بابەتی نەتەوەییەوە نەماوە.

هه‌موو ئه‌م هه‌وڵ و هه‌ڵانه‌ی یه‌کێتی ته‌نیا زه‌ره‌ر و خه‌ساری به‌ر کوردستان و هاووڵاتیانی هه‌رێم و به‌تایبه‌تی شاری سلێمانی و ده‌ڤه‌ری سه‌وز خست و ئه‌و به‌ڵێنه‌ کرداریانه‌ی خه‌ڵکی پێ ده‌خافڵاند، نه‌ک ته‌نیا هیچیان نه‌هاتوونه‌ته‌ دی، به‌ڵکوو پرسیاری گه‌وره‌ی دروست کردووه‌ له ناو بەرپرسانی باڵای یه‌کێتیشدا. مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت، مام جه‌لال ته‌نانه‌ت یه‌کجار له‌ ژیانیشیدا باس و ته‌نانه‌ت ئاماژه‌یه‌کی کورتیشی به‌وه‌ نه‌کردووه‌ که‌ کوڕه‌کان و بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات به‌شدار بن و ئاوا هێز و ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ و قۆرخ بکه‌ن! جیاواز له‌م قسه‌یه‌ی مه‌لا به‌ختیار، هه‌ر تێڕوانینی مام جه‌لالیش به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو که‌ که‌سانێکی بێ ئه‌زموون و بێ پێشینه‌ له‌ پڕێکدا ببن به‌ سه‌رۆکی داوده‌زگایه‌ک که‌ هه‌زاران شه‌هیدی داوه‌ و هه‌زاران خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه‌.

ئێسته‌ یه‌کێتی له‌ جووڵه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵبژاردندا ده‌نگۆی دوورخستننەوەی سیما شۆڕشگێڕ و دێرینه‌کانی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ پێش هه‌ر شتێک، ته‌واوکردنی ئه‌و پاكتاو/ته‌سفیه‌ و کووده‌تایه‌یه‌ که‌ دوای مه‌رگی مام جه‌لال له‌ ڕێگه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه‌ ده‌ست پێ کرا و دۆزی کوردیان نغرۆی قه‌یرانی زیاتر کرد! 

ساڵانێکه‌ ده‌وترێت بۆ سیماکانی ناو یه‌کێتی و به‌ڕێوه‌به‌رانیان ناگۆڕێن؟ ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕه‌خنه‌ له‌ جێی خۆیدا بوو، به‌ڵام دیاره‌ گۆڕینی سیماکان به‌ر له‌وه‌ی هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی و پێشکه‌وتنخوازانه‌ بێت، کرده‌یه‌کی سه‌ربازیی و کوده‌تایی بوو که‌ زیاتر له‌ ڕێگه‌ی ترساندن و تۆقاندن و به‌ جلی به‌ڵه‌ک و نمایشی سه‌ربازییه‌وه‌، هاته‌ ئاراوه‌ و سه‌ره‌تا له‌ برایانی شێخ جه‌نگییه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد. ئه‌وانه‌ی ئاڵاهه‌ڵگری حه‌شدی شه‌عبی و ڕاده‌ستکردنی که‌رکووک بوون له‌ میدیاکاندا! خۆیان به‌ جارێک که‌وتنه‌ داوی ئه‌و تۆره‌وه‌ که‌ له‌ چنین و پانکردنه‌وه‌یدا به‌شدار بوون! 

دوای هه‌موو ئه‌م شکسته‌ پێشوه‌ختانه‌ که‌ چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی داکۆکیکاری خۆیشیانی به‌دی نه‌هێناوه‌ و له‌ کرداردا ته‌نیا وه‌ک هێزێکی بچووکی مافیایی و بازرگان جووڵاونه‌ته‌وه،‌ ئێسته‌ ده‌یانه‌وێت له‌ که‌رکووک به‌ خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵک و چاوبه‌ست و قومار، ناوبانگی خۆیان تۆزێک بژێننه‌وه‌ و به‌ره‌و پیری هه‌ڵبژاردن بڕۆن، ئێوە لە ڕێبازە شۆڕشگێڕی و كوردایەتییەكە لاتان داوە، هەڵبژاردن ناتوانێ هیچتان بۆ بكات، خۆ لە خولی پێشوودا عێراق و ئاغاكانتان ئەوەندە ساختەكارییان بۆ كردن، لە حەویجەیش یەكەم بوون! بەڵام بەهایەكی نییە و خۆیشتان ئەوە بەدی دەكەن، چونكە لەناو خەڵكدا پێگەتان لەناو كورد و خەڵكی خۆتاندا نەماوە و رۆژانەیش ئەم شەرمەزارییە ڕووبەڕووتان دەبێتەوە، بۆیە تاكە ڕێگە ئەگەر وزەی باشتان بۆ نیشتمان تێدا ماوە، گەڕانەوەیە بۆ كوردایەتیی.